سەرمایەداری کورد، فاروق مەلا مستەفا، من ئیستاش هەر خۆم بە چەپ دەزانم و شانازی بەچەپ بوونمەوە دەکەم ... گۆران هەلەبجەیی

کاک فاروقی مەلامستەفا سەرمایەدارێکی کوردە، چەقی زۆربەی کارە و پرۆژەکانی باژێڕی سلێمانیە، هەوڵیداوە ئیشەکانی لە ڕووی چلۆنایەتیەوە جیاوازبێت لە پرۆژەکانی سەرمایەدارەکانی دیکە. وەک کەسێکی دیارو خاوەن کەسایەتی لە دەڤەرەکدا زوومی میدیاکانی لەسەرە، ئیدی چ وەک رەخنە و دژایەتی یا وەک ستایش و دەستخۆشی. لەم دیمانیەدا کاک فاروق بەرسیڤی ئەو پرسانە دەداتەوە کە پەیوستن بە سەردەمی کاری سیاسی، سەرتای دەستپێکردنی بازرگانی و بەردەوام بوون لەو بوارەدا، هاوکات ئاست و چۆنیەتی ئەنجامدانی پرۆژەکان تا گەشتن بەم دۆخەی ئێستا .

پ/ بەڕێزت لە ڕابردوودا کەسێکی سیاسی بوویت و لەرێزی پارتێکی چەپی عیراقیدا کارت کردووە، ئەو گۆڕانکاریە کووتووپرە چی بوو کە لە ژیاندتا ڕوویداو لە کەسێکی سیاسیەوە بوویتە کەسێکی بازرگان؟

و/ من ئیستاش هەر خۆم بە کەسێکی چەپ دەزانم، ئەو ڕێکخراوەی کارم تێدا دەکرد حیزبی شیوعی عیراقی[ قیادە مەرکەزی] بوو. ئەو حیزبە بە فەرمی حەل نەکراوە، ئێمە قیادەکانی ئەو ڕێکخراوە پەیوەندی تووندووتۆڵمان لەگەڵ یەکتر ماوە، بیرورا دەگۆڕینەوە سەبارەت بە ڕووداوەکان، بەڵام شیوازی کارکردنمان گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، ئەویش بە هۆی ئەو گۆرانکاریانەی بەسەر جیهان و ناوچەکەدا هاتوون. دەمێک شکستی شۆڕشی کورد لە 75 دا ڕوویدا ئیمەشی گرتەوە، شکەستەکە زۆر گەورە بوو، چونکە ئیمەش بەشێک بووین لە شۆڕش. بەڵام بیروباوەڕ هەردەمێنێت. لەسالی 2003 دا قیادە مەرکەزی رۆژنامەیەکی دەرکرد بە ناوی[الغد]ەوە. ئەو ڕۆژنامەیە. . . .

گۆران/ ببورە پێت دەبڕم بەر لەوەی باسی ئەو ڕۆژنامەیە بکەیت با زیاتر تیشک بخەینە سەر کاری بازرگانیت لە دوای نسکۆوە، چونکە وەک دەزانرێت بەڕیزت لە سالانی 80 کانەوە خەریکی کاری بازرگانیت ئەمە چۆن بوو. ؟

و/ڕاستە من دوای نسکۆی 75 گەڕامەوە بۆ ناو شار وە زۆرێک لەوانەی شاخ گەرانەوە سەر کارەکانیان، منیش لە بانقێکدا پلەی بەڕیوەبەرم هەبوو، بەلام نەگەرامەوە سەر کارەکەم بەڵکو دەستم کرد بە کاسپی کە لە فرۆشتنی چەو و لمەوە دەستم پێکرد. بەم شیوەیە بەردەوام بووم تا بە هاوکاری برادەرێکی خۆم کە ئەویش لە قیادە مەرکەزی بوو، وە ئێستاش برادەرێکی خۆشەویستمە، وەک چۆن من ئێستا هاوکاری خەڵک دەکەم ئەویش هاوکاری کردم، گارگەیەکی بلۆکی 14000 دینارم دانا. ئەمە ساڵی 76-77 بوو . پاشان لە بەغداد کەسارەیەکم بە 1000 دینار کڕی ئەو کەسارەیە پارەی باشی پەیدا کرد، مانگی نیوان 1000 -1500 دینارم دەست دەکەوت، جا ئەو مەبلەغەش لەو زەمانەدا شتێکی گەورە بوو. ئیدی بە تێپەڕ بوونی کات، کارەکانم گەشەی کرد.

خۆت دەزانیت هەر کارێک بۆ بەردەوام بوون جا لە بواری بازارگانیدا بێت یا لە هەر بوارێکی دیکەدا، زیرەکی تیدا بەکار بهێنرێت گەشە دەکات. لەو کاتەدا بەهۆی ئەو فشارو چەوساندنەوە گەورەی لە سەرمان بوو لە لایەن حیزبی بەعسەوە، هەروەها کاریگەریەکانی شکستییەکەی شۆرشی کورد لە 74 دا، ئەمانە وایان لە حیزبەکەمان کرد چالاکی سیاسیمان کەم بێتەوە، بەو هۆیەشەوە من زیاتر سەرقالی کاری بازارگانی بووم، بەلام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمە ئەو کادیرە کۆنانە پەیوەندی بەردەواممان لە گەڵ یەکتر هەیە. ئێمە وەک قیادە مەرکزی ئامانجی سەرەکیمان گرتنی دەسەلات بوو ئەویش لە دوو ڕێگەوە، ڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەری وەک ئەوەی 1967 وخەباتی چەکداری، کە چەقی ئەو جۆرە تێکۆشانەمان زەلکاوەکانی باشوور بوو، کە هاوڕی خالد ئەحمەد زەکی سەرکردایەتی دەکرد. بەلام لە دوای 2013 خەباتی چەکداری لە عیراقدا باوی نەماو و لە جیهانیشدا گۆرانکاری بەسەردا هات. هۆکاری ئەمەش هێرشی بەرەی ئیمپریالیزم و شکستی بلۆکی سۆشیالستی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی چەپەکانی جیهاندا بوو، کە کۆمەڵێک شتی نوێ هاتە پێشەوە. ئەمانە هەمووی وایانکرد من زیاتر لەودەمەدا بچمە نێو دونیای کار کردنەوە و لە بازرگانیدا خۆم ببینمەوە.

پ/ پاش ئەم ڕوونکردنەوی بەڕێزت دەتوانم بڵێم کاک فاروق بە یەکجاری ماڵئاویی لە جیهانی سیاسەت کردووە یا تەنها دابران لە ژیانی حیزبایەتی ڕوویداوە؟

و/ من هەرگیز ماڵئاوایی لە سیاسەت ناکەم وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، تایستاش پەیوەنیم باشە لە گەڵ هاوڕیکانم

گۆران مەبەستم لایەنە ڕێخراویەکەیە .

و/ راستە ئەو ڕیکخراوە بوونی نەماوە، بەلام جۆرێک لە ڕێکخستنی شەخسی لە نیو ئەو هاورێ کۆنانەدا هەیە، هەندێک لەو هاوڕییانە بەنیازبوون ڕێکخراوێک درووست بکەن، خۆگەر ئەوە روویبدایە من پاڵپشتیانم دەکرد. مرۆڤ دەتوانێت سیاسی بێت و لە حیزبێکی سیاسیدا کار نەکات، من خۆم هەر بەچەپ دەزانم و شانازیشی بە چەپبوونمەوە دەکەم.

پ/ دەمێک دەستت بە کاری بازرگانی کرد بیرت لەوە نەدەکردەوە شکست بهێنیت، بەو پێیەی کە پێشتر ئەزموونت لەو بوارەدا نەبووەو تەنها بە سیاسەتەوە خەریک بوویت؟

و/ من نامەوێت مەدحی خۆم بکەم بەڵام لە ژیانمد لە هیچ شتێک نەترساوم، من دەمێک لە حیزبدا کارم دەکرد و لەو دۆخە سیاسیەی تیدا دەژیاین هەموو چرکەیەک ڕووبەرووی مەرگ و چەندین مەترسی دەبوومەوە . لەم منداڵێشدا هەر ترسم نەبووە و واخۆم دەبینی کە گیانێکی مجازەفەم تیدا هەیە . هەر ئەو مجازەفەیش منی بەرو رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕبرد کە بەردەوام لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بووین لە گەڵ دەزگاکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا.

پ/ پەشیمان نیت لەوەی تەمەنێکی زۆرت بۆ سیاسەت تەرخان کردوە، یا ڕۆژێک بەخەیاڵتا نەهاتووە بڵێت خۆزگە ئەو تەمەنەی لە سیاسەتدا بەسەرم برد بۆ کاری بازرگانی بەکارم بهێنایە؟

و/ باشتێکت بۆ بگێڕمەوە، چەندڕۆژێک لەمەوبەر لە گەڵ چەند برادەرێکی کۆنی شوعیدا دانیشتبووین باسی هەندێک شتی رابردووم کرد، وتیان تۆ چۆن ئەمانەت لەبیر ماوە؟ ئەم ناوانە ئەم کۆبوونەوەیە ئەم جێگایانە ئەم مناقەشاتانە. لە وەڵامدا وتم من ئیستاس لە گەڵ ئەو بیرەوەریاندا دەژیم و جوانترین و سەربەزترین و نەبەردترین رۆژانی ژیانم بوون.

 ئیستا من دەستم کردووە بە نوسینی بیرەوەریەکانم، کە بێگومان ڕابردووی سیاسم بەشیکی گرنگی ئەو بیرەوەریانەم پێک دەهێنن، واتە من هەرگیز لە ڕابردووم پەشیام نیم و بەردەوام حزوریان هەیە لام. وە گەورەترین سەربەرزیم لە ژیاندا ئەو دەمەیە نەک ئیستا. بەنسبەت ئیستاشەوە خۆشحاڵم کە کارێک ئەنجام دەدەم سودی بۆ خەڵک و نیشتمانەکەم هەیە، . بەڕێزێکی وەک حەمەی مەلا کەریم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لێیان پرسی بوو رات چیە بەرامبەر بە فاروقی مەلامستەفا کە لە ڕابردوودا شوعیەکی چالاک بووە و ئیستا سەرمایەدارێکی گەورەیە ؟ لەوەڵامدا وتبووی فاروق ئیستا خەریکی بازرگانیە و بەو رێگەوە خزمەتی نیشتمان و کوردستان دەکات.

پ/ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاند باوە کە سەرمایەداران بەشێک لە سەرمایەکانیان تەرخان دەکەن بۆ کاری خێرخوازی وخزمەتگوزاری، وەک هاوکاری هەژاران، کردنەوەی پرۆژەی ڕۆشنبیری و فێرکاری و زۆر کاری دیکە. ئەمەش بەشێکە لە پرەنسیپەکانی سەرمایەدەرای کە لەتەک دەوڵەتدا لەسەری رێکدەکەون، بەمەش بەشداری لە بوژاندنەوە و پێشکەوتنی ژێرخانی ئابووری وەڵاتدا دەکەن. ئەم پرسیارەم بۆ یە کرد هەست دەکەم سەرمایەدارانی کورد زۆربەیان هێندەی خەمی پارە کۆکردنەوەیانە، هێندە لە خەمی ئەوەدانین کە ئاور لەو لایەنە بدەنەوە، کە من دەتوانم ناویان بنێم سەرمایەداری ڕەزیل و چرووک.

بەڕێت لەم مەسەلەیدا لە کوێیت وگەر بەشدارت هەیە لە چ بوارێکدا هاوکاریت کردووە؟

و/ کاک گۆرن ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگە، من زۆر حەزدەکەم ئەو پرسیارەم بە بەردەوامی لیبکرێت. سەرەتا گەر ئیشەکانی من بەراورد بکەیت لەگەل ئیشی دەولەمەندەکانی تر کە تەنها بازرگانن جیاوازی زۆر بەدی دەکەیت.

ئەوانە دیارە تەنها پارە کۆدەکەنەوە بەمەش ئامانجیان جیاوازە لەگەل کەسێکی تردا کە بەشدری بکات لە پرۆژە خیرخوازیەکاندا، ئەمەش ئەو مانایە دەدات کە ژیانی خەڵکی لا گرنگەو پەیوەندی لە گەل خەڵکانی دیکەدا بەخۆریکی دیکەیە و پەیوەندیەکۆمەڵایەتیەکان و ڕابردووی خۆی لە بەر چاو دەگرێت.

جا بەنسبەت منەوە گەر بە کوورتی ئاماژە بەو سوودانە بدەم کە لە پرۆژەکانمدا بەرهەم هاتوون زۆرن. بۆنمونە لە هەمووعیراقدا پتر لە 30000کەس بە هۆی منەوە کاردەکەن ئیتر ئەمە لە ئاسیا سێلدا بێت یا لە کارگە چیمەنتۆکاندا بێت یا لە پرۆژەکانی تردا بێت،  ئەمەش یانی گەیاندنی سوود بە30000خێزان . ئەم ژمارەیە مەزەنەیە، لەوانەیە زیاتر بیت یا کەمتر.

جۆری کارەکانیشم گرنگی خۆیان هەیە، بۆ نمونە دەمێک ئاسیا سێلم درووست کرد تەنها خۆم بووم، ئەو دەمە ئابڵوقەی ئابووری لەسەر عیراق و کوردستان هەبوو، ئێمە لە تورکیاوە بە قاچاخ زۆربەی ئامیرەکانمان هێنایە کوردستان بە تایبەتی سلیمانی، جا ئەمە واتە هاتنە ئارای مۆبایل لە ڕووی تەکنەلۆجیاوە گۆرانکاریەکی گەورە بوو لە ژیانی خەڵکدا کە لەو دەمەدا لە ئەوروپاش بەکارهێنانی هێشتا نوێ بوو. جا کەسێک لەم کارانە بزانیت دیارە گرنگی پی دەدات. هەروەها کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە کاتی خۆی بەردەوام پەکی دەکەوت و بەردەوامیش چاکیان دەکردەوە، بەلام هەر لەکار دەکەوت، چونکە کارگەکە زۆر کۆن بوو، لە سالی 1980 دا دروستکرابوو، لەو دەمەدا حکومەتی کوردیش پارەی نەبوو چاکی بکاتەوە، جا من لە موزادەیەکدا داوام کرد بە کرێ بیدەن پێم. ئەو دەمە حکومەتی دکتۆر بەرهەم لە ئارادابوو لە ئیدارەی سلیمانی وابزانم سالی 2004 یا 2005 بوو .

بەرپرسانی حکومەت لێیان پرسیم چی لیدەکەیت؟ لەوەلامدا وتم گەر پێم بدرێت لە گەل کۆمپانیایەکی مسریدا رێککەوتووم نوێی بکەینەوە و پاشان بە وزەیەکی بەرزتر لە ئێستا دەیبەین بەڕێوە.

پ/ بەڵام لەو دەمەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە کۆمپانیایەکی میسری کڕیویەتی وابوو؟

و/ نا شەراکەت بوو ئەوان لە 60% منیش40% چونکە پارەکە هی ئەوان بوو کارکردنیش هی من بوو . لەو کاتەدا هێندە پارم نەبوو بەتەنها خۆم بیبەم بەڕیوە وکەل وپەلی نوێی بۆ بهێنم. ئاکامەکەی وا دەرجوو لە رۆژی 200 تەنەوە ئینتاجی گەشتە 6000-6500 تەن. تا ئیستاس کەمی نەکردووە . ئەمەش بوو هۆی بەکار خستنی چەند هەزار کەسیکی بێکار لەو کارگەیەدا. کە بڕێکیان پێشتر بەبێ کار مووجەیان وەردگرت، چونکە بەرهەم و کار کەم بوو. هەروەها بووە هۆی زۆر بوونی چیمەنتۆ نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە هەمووعێراقدا . پاشان من قەناعەتم بە میسریەکان کرد کە لە بازیانیش کارگەیەکی دیکە درووست بکەین چونکە ئەوەی تاسلوجە سەرکەوتووبوو. ئەوە بوو ئەوەی بازیانیشمان درووست کرد و کەوتە بەرهەم هێنان، بەمەش بوژاندنەوەیەکی بەرچاو لە رووی پیشەسازی و بەکارخستنی خەڵک روویدا .

جا گرنگی ئەم کارانە لەوەدایە لەو کاتەدا کەسانی تر نەیاندەوێرا خۆیان لە قەرەی ئەو جۆرە کارانە بدەن.

من چەند کارگەیەکی دیکەشم هەیە یەکێک لەوانە کارگەی درووستکردنی تاوەری کارەباو مۆبایل و بۆری. هەروەها چەند کارگەیەکی دیکە، کە هەندێکیان تا ئیستاش لە عێراقدا لەو ئاستەدا بوونیان نیە. لە لایەیەکی دیکەوە ئەم کارگانە خەڵکانێکی فێری ئیش و کارێکی نوێ کردووە. یانی ئیمە لەکوردستان تارادەیەک پێمان ناوەتە قۆناغی فیربوونی پیشەی نوێوە کە پێشتر لە کوردستاندا بوونیان نەبووە . بەداخەوە پێشتر لە بێکاریدا زۆرێک لە خەڵک دەبوون بە حیمایە یا ئاسایش یا پۆلیس یاسەرباز . جا ئەمەش وای کردووە کە کرێکاری بەتوانا و خاوەن پیشەی بەرز کەم بێت، وە ئیستا پێویستمان بەو جۆرە خاوەن پیشانە هەیە. هەر ئەمەشە وای کردووە کە هەزارەها کەسی بێگانە لێرە کار بکەن، چونکە خۆمان لەو جۆرە توانایانەمان نیە یا کەمە .

جگە لە مانە من خەریکی دروستکردنی کارگەیەکی شیکردنەوەی پزیشکیم [التحالیل الطبیە] کە بە ئومێدەم چەند مانگێکی دیکە بکەوێتە کار، کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵێکی کارگەی دەمان سازی لە بازیان.

وە خەستەخانەیەکی هاوچەرخ لە قۆناغی تەواو بووندایە بە ئامێری پێشکەوتوو،  گەر کۆتایی هات وادەکات بۆ چارەسەری پزیشکی کەس پێویستی بە سەفەری دەرەوە نەبێت .

دیارە برێک لە پزیشک وکادێرە پسپۆڕو بەتواناکانی ئەو خەستەخانەیە لە ئەورپاوە دەهێنم.

بەنیازم لە ئایندەشدا پرۆژەیەکی گەورە بکەمەوە سەبارەت بە پیروپەککەوتەکان کە هاوکات ناوەندێکی تەندرووستیش لەخۆ دەگرێت، جا ماوەتەوە سەر ئەوەی بۆ ئەو مەبەستە زەویەکەمان پی ببەخشن. گەر ئەمە سەر بگرێت خزمەتێکی گەورە دەبیت بۆ ئەو جۆرە کەسانە

سەبارەت بە هاوکاری خێزان و خوێنکارو ڕیکخراوەکانیش، بەردەوامم لەو بوارەدا، گرۆیی خەڵکانێکی زۆرم کردوە ودەیکەم، بەتایبەت خوێندکارە هەژارەکان تابنتوانن خوێندن تەواو بکەن. هاوکاریەکان زۆرن بوار نیە لێرەدا هەموویان باس بکەم.

پ/ هەندێک جار بڕێک لە میدیاکان بەوجۆرە ناوی بەریزت دەبەن کە تۆ تەنها واجیهەیەکیت بۆ یەکەیتی یا ئیدارەی گشتی، وەلامت چیە بۆ ئەمە؟

پ/ خەڵک ئازادە چی دەڵێت سەبارەت بە خۆم و کارەکانم، من کار تەنها بۆ خۆم دەکەم و واجیهەی هیچ کەس و لایەنێکیش نیم و پارەکشم بەرهەمی جووهد و ماندوو بوونی خۆمە . بەڵام هێندە دەلێم بەو بەڕیزانە با بە بەڵگەوە قسە بکەن نەک لە خۆرا قسە فڕیدەن، چونکە قسەکردن یا تۆمەتبارکردنی خەڵک ئاسانە بەلام بۆسەلماندنی بەڵگەو دۆکۆمەنتی پێویستە.

زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە

سوپاس بۆ تۆش


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر