ئەو یاداشتەی جیهان خوێندیەوە . . . گۆران هەڵەبجەیی

لەسەروبەندی دەسەڵاتی نازیەکان لە ئەڵمانیا، جولەکەکان کەوتنە بەر هیرشی بێبەزەیی  هیتلەریەکان . سەرەتا بە دەرکردنیان لە کار، پاشان دەستگرتن بە سەر سەروت و سامانیانیاندا ئەوجا کۆکردنەوەیان لە گەتۆکاند، لە قۆناغی کۆتایشدا کوشتنیان بە گاز و بە سوتاندن لە فڕەنەکاندا لە کەمپەکانی مەرگدا. ئەم کردەوە دژە مرۆڤایەتیە جولەکەکانی سەرجەم ولاتانی ئەورپای ژیردەستی نازیەکانی گرتەوە . وەک چۆن سەدام ناوی ئەنفالی نابوو لە ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی کورد، هیتلەریش ناوی [چارەسەری کۆتایی] لەو ئۆپەراسیونە نابوو.

یەکێک لەو خێزانانەی کە لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا دەژیان، خێزانی   [فرانک ئۆتتە] بوو .    

دەمێک پلانەکەی هیتلەر کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بە ئومێدی قورتار بوون لە دەستی هیتلەر، ئەم خێزانەش وەک هەزارەها خێزانی دیکەی جولەکە لەسەرەتای سیەکانی سەدەی رابردوودا ئەڵمانیایان جێهێشت . ئەمان ڕویان لە هۆڵەندە کرد و لە ئەمستەردام سەقامگیر بوون، بەلام هەرگیز بە خەیاڵیاندا نەداهات هیتلەر لەوێش دەستی بگات پیان و لە نێویان بەرێت.

لەسەرتای جەنگی جیهانی دووەمدا سوپای هیتلەر زۆربەی ولاتانی ئەورپای داگیر کرد، لە نێویاندا هۆڵەندا.

 لەو ولاتانەش ڕەشبگیری جولەکەکانی دەست پێکردو هەموویانی نارد بۆ کەمپەکانی مەرگ بەتایبەتی ئەوەی پۆلۆنیا کە چەندین ملیۆن جولەکە بوونە کەرەستەی فڕن و ژوورە غازەکان کە لە مندالی شیرەخۆرەوە تا مرۆڤی زۆر بەتەمەنی تێدابوو.

دەمێک خێزانی[فرانک ئۆتتە] ئاگادار کرانەوە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ گواستنەوەیان بۆ کەمپەکانی مەرگ، لێ ئەوان لە بری ئەوە  خۆیان بۆ ژیانێکی نوێ ئامادە کرد، ئەویش ژیانی خۆشاردنەوە بوو.

باش دەیانزانی ڕیگای یەکەم نەگەرانەوەیە بە زیندویەتی، بەلام ڕێژەی مانەوە لە ژیاندا لە هەڵبژاردنی ڕیگای دووەمدا گەر کەمیش بێت باشترە.

بۆ ئەم مەبەستە ئەم خێزانە لە ماڵەکەی خۆیان بەشەو بە نهێنی دەرباز بوون و چونە ئەو بینایەی کە نووسینگەو هاوکات گەنجینەی کۆمپانیاکەیان بوو، کۆمپانایای فرۆشتی کژوگیای سرووشتی.

 ئەم خێزانە لەوێ لە ڕێکەوتی6. 7. 1942 لە نهۆمی سەرەوە لە بەشی پشتەوە کە دۆڵابێکی کتێب ڕیگەی هاتووچۆیان بوو، دەستیان بە ژیانێکی نوێی پڕ مەترسی کرد.

چەند کەسێک یارمەتی ئەم خیزانەیان دەدا و خوردن و پێداویستەیکانی ژیان و هەوالێان بۆ دەهێنان، ئەوانیش بڕێک لە کارمەندەکانی کۆمپانیاکە بوون کە خۆیان خستبووە نێو مەترسیەکی گەورەوە . چونکە هەرکەس جولەکەی حەشار دایە سزاکەی کوشتن بوو.

ئەم خێزانە کچێکی تەمەن نیوان دوانزە بۆ سیانزە ساڵەیان هەبوو بە ناوی ئەننا، کە لەدایبووی12. 6. 1929 بوو، ئەم کیژۆڵەیە زۆر زرنگ و هۆشیار بوو، زۆر حەزی بە خوێندنەوە بوو، هەر لەو تەمەندا ئارەزووی نووسین لای چەکەرەی کردبوو. وەک لە یاداشنامەیەکدا ئاماژەی پیدابوو حەزی دەکرد لە ئایندەدا ببێتە ڕۆژنامەنووس.

بیهێننە بەرچاوی خۆتان خێزانێک لە پانتاییەکی چەند مەتریدا بەبێ بوونی هیچ کەرەستەیەکی کات بەسەربردن، دابران لە ژیان و خۆشیەکانی، لەهەمووی خراپتر بیرکردنەوەی بەردەوام لە ئاشکرابوون و ڕاپێچکردنیان بۆ مەرگ. ئا لەم دۆخەدا چ شتێک هەیە هێز بە مرۆڤ ببەخشێت و گیانی بەرنگاربوونەوەو ئومێدی پێ ببەخشێت؟ ئەننا وەڵامی ئەم پرسیارانەی لە خوێندنەوەو نووسینی بەسەرهاتی ڕۆژانەی ئەو بەندیخانە ناچاریەدا دۆزیەوە.

ئەننای کیژۆڵە ڕۆژانە لە دەفتەرە گچکەکەیدا زۆربەی ڕوداوەکانی ئەو خێزانە و خێزانیکی دیکەی جولەکە کە ببوونە هاوبەشیان لەو حەشارگایەدا یاداشت دەکرد. زۆر جار لە زهنی خۆیدا پالی بە دیوارەکانەوە دەناو لە بارەی خەڵکەکانی نیوشەقامەکان، کوچەو کۆڵان و قوتبخانەو هاوەڵەکانیەوە شتی یاداشت دەکرد. لاپەڕەکانی ئەو کیژۆڵەیە کامیرایەکی ڕاسگۆ و ڕاستەخۆبوون کە گوزارشتیان لە ژیانی پڕ چەرمەسەری ئەو کەسانە دەکرد. لە درزی پەنجەرەیەکی بچوکەوە درەختە مەزنەکەی بەردەم کلیساکەش پانتایەکی زۆری لە یاداشتنامەکەیدا داگیر کردبو، باسی هەڵسوکەوتی باڵندەکانی کردبوو کەچۆن بەسەر چڵەکانەوە دەنیشنەوە، چی دەکەن چۆن دەخوێنن چۆن شەڕە دەنوک دەکەن. بیننی دونیای دەرەوەی ئەننا تەنها لە ڕێگەی ئەو درختە مەزنەوە بوو کە دەبوو ڕۆژانە بەسەری بکاتەوەو لەبارەیوە بنووسێت.

سەرلە بەیانی رۆژی 4. 08. 1944 رۆژێکی شووم بۆ بۆ خێزانەکەی ئەننا، لەو رۆژەدا کاتژمیر هەشت پۆلیسی نهێنی نازیەکان[گستاپۆ] دیان بەسەر مالەکەیانداو هەمویان دەستبەسەر کردن.

ئەمەش دوای هەواڵگیریەک ڕوویدا کەتا ڕۆژی ئەمڕۆش ئەو هەواڵبەرە ئاشکرا نەبوو.

پاش ئەوەی ئەم خێزانە بۆ ماوەی دووساڵ و مانگێک لەو حەشارگایەدا مانەوە، بەرو ئەڵمانیا بەری کران، لەوی لە باژێڕی بێرگن لە کامپێکی مەرگدا نیشتە جێکران.

لەو کەمپە بەهۆی جۆرەها نەخۆشیەوە ڕۆژانە هەزارەهایان لی دەمرد.

دایکی ئەننا لە برساندا کۆچی دوایی کرد، زۆری نەبرد ئەنناو خوشکە گەورەکەی [مەرگۆت] بە نەخۆشی تیفۆید لە سەرتای مارسی 1945 دا گیانیان سپارد.

ئەو کەسانەی هاوکاری ئەو خێزانەیان کردبوو دوانیان خیرا ئازاد کران و دوانیشیان بۆ ماوەی مانگو نیویک بەند کران. هۆکاری نەکووشتنیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جەنگ بەرەو کۆتایی دەرۆشت و ئاکامەکەشی دیاربوو، بۆیە کاربەدەستانی هیتلەر وەک پێشوو دڵسۆزیان نەدەنوان، بەڵکو کەمێک نەرمیان دەردەخست، بەتایبەت بەرامبەر بە غەیرە جولەکە.

[میپ گیس] یەکێک لە هاوکارانی ئەو خیزانە پاش بەربوونی دیتەوە بۆ حەشارگاکەی خێزانەکە لەوێ، چاوی بە یاداشنامەکەی ئەننا دەکەوێت کەهەندێک لە پەڕەکانی لەسەر زەوی کەوتبوون، کۆیان دەکاتەوە و لەگەل هەندێک وێنەی خێزانی لای خۆی هەڵیان دەگرێت، بەو ئومیدەی کە جەنگ کۆتایی هات بیانداتەوە بە ئەننا، بەڵام ئەفسوس ئەننا نەگەڕایەو، لەو خێزانە تەنها باوکیان واتە[فرانک ئۆتە] گەرایەوە کەئەوش لە کەمپێکی دیکە بووە.

 لە هۆڵەندا [107000] جولەکە بران بۆ کەمپەکانی مەرگ لەو ژمارەیە تەنها[5000] یان گەرایەوە. هەر لە هۆڵەندا زۆر خیزانی دیکە وەک خێزانی ئەننا لە حەشارگەدا دەژیان کە ژمارەیان [30000] کەس دەبوو . لەو ژمارەیە هەندێکیان وەک خیزانی فرانک ئاشکرا بوون و زۆریشیان بەخت یاوەریان بوو، پاش کۆتایی جەنگ ژیانێکی نوێیان دەست پێکردەوە.

دەمێک باوکی ئەننا گەڕایەوە [میپ گیس] ئاداشنامەکەی تەسلیم کرد، کە بۆ ئەو زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، بۆ یە بڕیاری دا بە چاپی بگەیەنێت، ئەوەبوو سڵی 1947 بۆ یەک جار بە زمانی هۆلەندی بەچاپ گەیەندرا. وە بۆساڵی 1952 بە ئینگلیزیش کەوتە بازارەوە. بەدوایدا وەرگێڕداریە سەر زۆرترین زمانی جیهانی. وێرای بەچاپ گەیاندن ئەم یاداشتنامەیە کرایە فلیم[کەمن بۆ خۆم فلیمەکەم دیوە]، شانۆگەریی، ئۆپەرا بالێت. ئەو یاداشنامەیە تائەمڕۆش جێی مشتمڕی نووسەران و کەسانی نیو بواری ئەدەبیە، زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشیوازێکی زۆر جوانی ئەدبی نووسراوە کە بووتە مایەی سەرسوڕمانی ئەو جۆرە کەسانە، ئەمەش توانا و بەهەرەی نووسین و داڕشتنی یاداشت لە چوارچێوەی ئەدەبیدا لای ئەو کیژۆڵەیە نیشان دەدات .

لەو دەمەوە واتە لەدوای کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئیستا بەردەوام ڕۆژانە گەشتیاران سەردانی ئەو حەشارگایە دەکەن، کە کراوەتە مۆزەخانە، لەوێدا هەندێک کەلوپولی بەجێماوی خێزانەکەی تیدایە.

دەلێن ساڵانە چەندین ملێۆن کەس سەردانی دەکات، وە بۆ گەشتن بەو ماڵە گەرەکە مرۆڤ بەلای کەمەوە کاتژمیرێک لە سەرەدا چاوەڕێ بکات،

سەرنج/

*شایانی ئاماژەیە ئەو درەختەی ئەننا لە بارەیەوە نووسیویەتی بەر لە چەند ساڵێک دوچاری نەخۆشیەک بوو کە دەبوو ببڕێتەوە، چونکە مەترسی کەوتنی لیدەکرا بەسەر یەکێک لە بیناکاندا، بەڵام نارەزاییەکی زۆر وای لە شارەوانی کرد واز لە بڕینەوەی ئەو درختە ببهێنن و چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، ئەویش دانانی قاڵبێکی کۆنکرێت بە چواردەوریدا، کە بەمەش ترسی کەوتنی نەما.

*ئەم یاداشتنامەیە بریتیە لە نیشاندانی دڕندەیی نازیەکان، هاوکات هەوڵدانە بۆ مانەوە لە ژیاندا بەهەرشیوەیەک بێت.

وەک ئاگاداربم 10 کەس لە ئەنفال ڕزگاریان بووە، چیرۆکی زۆربەیانم خوێندەتەوە کە بەڕیز عارف قوربانی لەگەڵیاندا دواوە. هەر یەکێکیان چیرۆکێکی هێندە غەمناک و پر مەترسی، مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەیدا مچووڕکە بە گیاندا دێت. پرسیار ئەوەیە، ئایا ناکرێت وەزارەتی شەهیدان یا وەزارەتی ڕۆشنبیری،  هەمویان نا تەنها یەکێک لەو چیرۆکانە بکات بە فلیم، بەتایبەتی ئەوەی تەیموری 10 ساڵان، تا ببێتە دۆکۆمەنتێک لەسەر دڕندەیی ڕژێمی سەددام؟ بەلام مەخابن ئەوانەی دەتوانن بەو ئەرکە نەتەوەییە هەستن زۆر زۆر بێباک و کەمتەرخەمن لە ئاست ئەو کارانەدا.

بەڵگەشم بۆ قسەکەم ئەوەیە پاش تێثەڕبوونی ئەم گشت سالە بەسەر ئەنفالدا، گچکەترین هەنگاو لەو بارەوە نەنراوە.

 

 

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر