ئه‌و رۆژه له‌ماڵی هاوڕێیه‌كم دانیشتبووم، بابه‌تی گۆڤارێكی په‌ره‌پێدانی مرۆیی خه‌یاڵی بردبووم. . له‌گه‌ڵ ده‌نگی منداڵێكی رۆح سووك به ئاگاهاتمه‌وه "خاڵه ئه‌توو ده‌نگ به كی ده‌ده‌ی؟"
به‌جددی تووشی شۆك بووم، منداڵێك له ته‌مه‌نی 5 ساڵان له جیاتی باسی تۆم و جێری و سترانه‌كانی كه‌ناڵی پێلستانك و دیمه‌نه خۆشه‌كانی شوان و مه‌ڕه‌كان و كایۆی ژیر بكات، به‌م پاكی و به‌رائه‌تییه‌وه له جیهانی ره‌نگینی خۆی بێبه‌ش كرابێت و به زۆری گه‌وره بكرێت. . به‌راستی جێگای نیگه‌رانییه.
په‌روه‌رده له وڵاتی ئێمه ئه‌وه‌نده دابه‌زیوه ته‌نانه‌ت منداڵانیش كه بناغه‌ی پێكهاتنی كه‌سایه‌تی و دروستبوونی كه‌سانی ته‌ندروستن لێی دابڕاون، سیاسه‌ت له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه هه‌موو شتێكی داگیر كردووه، دونیای منداڵانیش.
به‌تایبه‌ت له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا منداڵان بوونه‌ته وه‌سیله‌ی گه‌یاندنی په‌یام و دیمه‌نی پڕوپاگه‌نده‌كان، ئه‌و رۆژه وێنه‌یه‌كی مناڵێكی ژیكه‌ڵه سه‌رنجی بردبووم، ئاڵای پارتی و یه‌كێتی و گۆڕانی به پاسكیله‌كه‌یدا ده‌شه‌كایه‌وه، ئاخر ئه‌و نازانێت نێوانی ئه‌و چه‌ند ره‌نگانه له‌م رۆژانه چه‌نده دوورن له یه‌كه‌وه له رووی ناوه‌ڕۆك و ئایدۆلۆژیا و بانگه‌شه‌دا، به‌ڵام ئه‌و منداڵه به‌ناخی پاكی خۆیه‌وه لێكی نزیك كردبوونه‌وه. !
مه‌حموودی موعه‌ززه‌می ده‌ڵێت: منداڵه‌كانتان به‌ر له‌وه‌ی له قسه‌كانتان فێربن، له ره‌فتاره‌كانتان فێرده‌بن و گۆش ده‌كرێن. هه‌ر كه‌سێكیش كارێك بكات له‌به‌ر چاوی منداڵه‌كه‌ی، به‌هه‌مان شێوه منداڵه‌كه بی ئه‌وه‌ی نێوه‌رۆكی كاره‌كه بزانێت ده‌یكاته بنه‌ما بۆ ژیان و بیری ناچێته‌وه، ئه‌و كاریگه‌رییه هه‌میشه له هه‌گبه‌یدا ده‌مێنێته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و شیكردنه‌وه ده‌روونییه‌دا دیمه‌نی ئه‌و منداڵه‌م هاته‌وه‌یاد كه له‌به‌رده‌ممدا هاواری كرد كاتێك كۆنتڕۆڵی تیڤییه‌كه‌م به‌ده‌سته‌وه‌بوو و خه‌ریكی گۆڕینی كه‌ناڵه به هاتو هاواره‌كانی خۆمان بووم له‌گه‌ڵ ره‌مبه ره‌مب و هۆڕنی بانگه‌شه‌كه‌ران له تیڤییه‌كه‌دا گووتی: "ئه‌دی ئه‌توو نه‌تگۆت من (. . . . ) ـم، ئه‌دی ئێستا له‌به‌ر چی ئه‌یخه‌یته سه‌ر ئه‌و ره‌نگانه؟". دواتری خۆی لاداو به نیگه‌رانییه‌وه گووتی: "ئه‌توو هه‌ر ئه‌وانه بكه‌وه منیش هه‌ر كوردستان‌م".
كه‌مێك سه‌یری نێوچه‌وانیم كرد و له دڵی خۆمه‌وه گووتم: سیاسه‌ت له وڵاتی ئێمه چۆن ژیانی منداڵان ئاڵۆز ده‌كات، ئه‌ها ئه‌وه نییه سیاسه‌ت هاتووه‌ته شوێنی فیلمه كارتۆنییه‌كان و له‌جیاتی به بزێوی و هاروهاجی مشك و پشیله خه‌نده‌یان بكه‌وێته سه‌ر لێوان، ئێستا به ره‌نگ و ئاڵا‌و به‌زم و ره‌زمی بانگه‌شه‌و شه‌ڕه په‌ڕۆ ئه‌وانی گه‌وره كردووه.
نازانم بۆچی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌دا سه‌رنجم هه‌ر له‌سه‌ر دونیای منداڵانه، ئاخر هه‌ر ئۆتۆمبێلێك ده‌بینم چه‌ند منداڵێك له جامه‌كه‌وه خۆیان هێناوه‌ته ده‌ر و ئاڵایان به‌ده‌سته‌وه‌یه، جۆره رقێكیان خستوونه‌ته ناو دڵ به‌رانبه‌ر ره‌نگه‌كانی تر، كڵاوی یه‌كتری له‌سه‌ر ناكه‌ن، تی‌شێرتی جیاواز ناپۆشن، وێنه له‌گه‌ڵ به‌رپرسی سیاسی ده‌گرن و له فه‌یسبووك به شانازیشه‌وه بڵاو ده‌كرێنه‌وه. . ئاخر رۆئیای منداڵ و هزری به‌رپرسی سیاسی چۆن یه‌كده‌گرنه‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی شتگه‌لێك نه‌مابێت به‌ناوی ئومێد.
شه‌وێك له‌به‌رده‌م باره‌گایه‌كی حزبی راوه‌ستابووم، پیاوێكی پیر له‌به‌ر كادیرێكی هین ده‌پاڕایه‌وه كه دوو له منداڵه‌كانی له ئێواره‌وه بۆ تی‌شێرت و كڵاوی ئه‌و حزبه ده‌گرین، كادیره‌كه‌ش به شانازییه‌وه به‌سته‌یه‌كی پێدا، شه‌وێكیش له‌گه‌ڵ شاباش و ده‌نگه ده‌نگی تیپی موزیك و شاهی و گۆڤه‌ند له ماڵ ده‌رچووم، ته‌ح چیم بینی. . هه‌ڵپه‌ڕكێیه‌ك نه سه‌ری دیار بوو نه بن، گه‌نجان له‌نێوه‌ڕاستی شاهییه‌كه له‌سه‌ر په‌نجه‌یان خولیان ده‌خواره‌وه، منداڵان له‌نێو به‌زمی خۆیاندا بوون، منیش كه منداڵێكم له‌گه‌ڵ بوو له‌به‌ر بچوكی دیمه‌نی شاهییه‌كه‌و فڕفڕۆكه‌ی په‌ڕۆیه‌كان كه‌سه‌كانی نێو به‌زمه‌كه‌ی نه‌ده‌بینین، منیش خستمه باوه‌شه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یرێكی بكات و دڵی ئاو بخواته‌وه، دیقه‌تم دابوو هه‌ر سه‌ری ده‌هێناو ده‌برد، ده‌تگووت شتێكی ون كردووه، دواتر به گوێی چرپاندم "كانی بووك؟".
kerimsmko@yahoo. com
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
