• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

ژارگۆن 19 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 19 July 2013

زانینى نەگۆڕ و جەهلى نەگۆڕ یەک شتن. ... نیفەرى

(بە بڕواى من) ئیشکالى دەقى یەکەم و دەقى دووەم، دەقى نووسەر و دووبارە بەرهەمهێنانەوەى لەلایەن خوێنەرەوە، راستى و جیاوازییەکانى راڤەکردن. . کۆمەڵێ ئیشکالى میتۆدین، بەڵام (داهێنان و خوێندنەوەى داهێنەرانە) هیچ کاتێک لە سنورى دیاریکراوى (میتۆد و ناسنامە و پێناسە)دا کورت ناکرێتەوە، هیچ کاتێک لە فەزا و زەمەنێکى دیاریکراودا قەتیس نابێ!! بە کورتى چەمکى داهێنان بە چەمکى ئازادییەوە بەندە.

بە دیوەکەى دیکە دەشێ ئیشکالى زمانى یەکەم و زمانى دووەم . . وەک داهێنان، خۆى لە ئیشکالى تێگەیشتن و جیهانبینى جیاوازدا بنوێنێ، بەڵام بەو مانایەى کە ئازادییەکانى خوێندنەوە و بڕوابوون بە توانا لەبننەهاتووەکانى مرۆڤ، فەزاکانى بنەخشێنێ، بێ ئەوەى (بڕوابوون) وەک دوا (تێگەیشتن) دەربکەوێت، چونکە وەک گوتمان بڕوابوون هەمیشە فەرامۆشکردنى دیوە نەزانراوەکەى زانینە!

لێرەوە دەمەوێ قسەکانم هەر تەنها بەر خوێنەرى کەم توانا و بە توانا، واقیعى و خەیاڵکراو. . نەکەوێ، بەڵکو پەنجەرەیەک بێ بەسەر تێگەیشتن و فیکر و جیهانبینى، بەو مانایەش ئەوە تەنها خوێنەرى بێ توانا نەبوو، وێنەى (دانەر/نووسەر)ى لە رێگاى پیرۆزى دەقەوە نیگا دەکرد؟! کە هەندێجار ئەو وێناکردنە تەواو پێچەوانەى واقیع دەهاتەوە، بەڵکو پەیوەندى و خوێندنەوەیەک بوو پەیوەست بە داخران و بێدەنگییەوە. . کاتێ (بەلزاک) دەیگوت زۆر لە خوێنەران پێیانوایە نووسەر هەستى خۆى لە رێگاى هەستى کاراکتەرەکانیەوە دەردەبڕێت، بە تایبەتى کاتێک راناوى قسەکەر بەکار دەهێنێ، یان کاتێ (ئەلبیر کامۆ) بە کەسێکى ماندوو لە رووى جەستەییەوە و لە رووى فیکرییەوە شێواو دێتە بەر چاو. . هەموو ئەوانە تەنها پەیوەندى بە خوێنەرى کەم تواناوە نییە، بەڵکو بە تێگەیشتن و شێوە بیرکردنەوەیەکەوە دەلکێ، کە بڕواى بە (سێنترالیرالیەت) و (پیرۆزى) و (داخران) هەیە؟

دەمەوێ بڵێم هەتا دوێنێ خوێندنەوە وەک کردەیەکى بێدەنگ و بەرکەوتنى بوون تەماشا دەکرا، بە شێوەیەکى زۆر کەم نەبێ، هیچ پڕشنگ و نووسراوێکى لە دواى خۆیدا بە جێ نەدەهێشت، خوێندنەوە کارى کەسە تەنیا و گۆشەگیرەکان بوو، کارى کەسانێکى فەرامۆشکراو و نەناسراو! بەڵام ئەمڕۆ لە نێوان دەنگ و بێدەنگى، لە نێوان نووسەر وەک سێنتەر و خوێنەر وەک پەراوێز. . فیکرى پۆست مۆدێرنە هەموو ئەو بێدەنگى و دوورەپەرێزییە و بەرکەوتنە ناوەکییەى هەڵوەشاندەوە و وەک عەدەم سەیرى دەکات! فیکرى پۆست مۆدێرنە هەموو ژیانى خستە بەر رۆناکى جۆراوجۆرەوە، هانى ئەویدیکەى بێدەنگیدا، بە ئاشکرا قسەى خۆى بکات. فیکرى پۆست مۆدێرنە زەبرێکى کوشندەى لە منگەمنگ و پەنادان و وسبەلێکراو و چەپێنراوەکان وەشاند، وەک (هایدگەر) دەڵێ: باوەڕى بە شتێک نییە کە نەبێتە ئامرازێکى بە سود بۆ ژیان. . هەر بەو ریتمە پرۆسەى خوێندنەوەى بە مانا کۆنەکەى و چەمکى خوێنەرى وەک گۆشەگیر، خستە بارى بەشدار بوونەوە!!

کەواتە ئەوەى ئەمڕۆ وەک قەیرانى خوێندنەوە و کەمى خوێنەر سەیر دەکرێ، جگە لە دەستکاریکردنى پەیوەندییەکان و تێگەیشتنەکان، پەردە هەڵدانەوەشە لەسەر بێدەنگى و وسبەلێکراو و چەپێنراوەکان. . وەک چۆن بە دیوەکەى دیکەش ئەو پرس و ئیقاعەى ئەمڕۆ خۆى لە چەمکى دەنگدانەوە و روناکیدا هەڵدەگرێتەوە، جگە لە فەراهەمکردنى فەزا و ناوکۆییەک بۆ کۆنتاککردن و گفتوگۆ و دانوستان. . دروستکردنى فەوزا و عەدەمیەت و پشێویشە، بەڵام ئەوەى دوایى لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دیکە دەگۆڕێ، لە ئاستێکى تێگەیشتن و کرانەوە بۆ ئاستێکى دیکە، جیاواز دەکەوێتەوە!

بەمجۆرە ئەمڕۆ، خوێنەر تەنها کەسێکى بێدەنگ و دابڕاو و گۆشەگیر نییە، خوێندنەوە تەنها منگەمنگ نییە، بەڵکو وەڵامدانەوە و کەشفکردن و راڤەکردنە. . . ئەمڕۆ خوێندنەوە لە چەمکى بەشداریکردن و خوێنەر وەک داهێنەرى دەقێکى دیکە دەردەکەوێ، ئەمڕۆ خوێنەر، نووسەرە، چێژەکانى خوێندنەوە بە تەنها بۆخۆى پەنا نادات، بەڵکو هەڵیدەداتە فەزا هاوبەش و ئازاد و جیاوازەکانەوە. .

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن 18. . . عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 12 July 2013

مرۆڤ هەمیشە بۆ دوا وەڵام دەگەڕێت

چەمکی خوێندنەوە و هەموو ئەو ناونان و پۆلینکردنانەی رەخنەگرانی ئەدەبی بۆ خوێنەران. . کۆی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە جیاوازانەی بە پێی شەپۆل و رێباز و قوتابخانە ئەدەبییەکان بە ئەنجام گەیەنراوە، جا چ قسەکردن بێ لەسەر خوێنەری (حەقیقی) یان (گریمانەکراو)، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گومرایی و بەدحاڵبوون بەدەر نییە؟! چونکە هەموو ئەوانە بە گشتی رۆڵ و وەزیفەی خوێنەر لە بەشداریکردنی دەقی ئیبداعیدا لە رووییەک لە رووەکان ئیفلیج دەکەن! لەو خاڵەوە ئەگەر قسە لەو کۆمەڵە خوێنەرە بکەین، کە لە تیشکۆی دەق کۆ دەبنەوە و لە رێگای پەرچەکردارە هاوبەشەکانیانەوە حەقیقەتێکی (شێوازگەری) دەسەپێنن، ئەو خوێنەرەی (ریفاتێر) بە گۆچانی کەشفکەری مانا شاراوەکانی دەق ناوی دەبات، یان خوێنەری (بەتوانا، باڵاتر، نموونەیی، ناوەکی، نیازخواز. . ) ئەو کۆمەڵە خوێنەرەی کۆدەکانی دەق لە راستەوە بۆ چەپ و لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی دەکەنەوە، ئەوانەی بە داهێنەری دەق و مانای دەق، یان بە ئامرازی بەرجەستەکردنی خرۆشێنەرەکانی دەق و هەڵوەشێنەری رێگا ئەدەبیەکان ناویان دەرکردووە. . دەبینین هەموو ئەوانە بە ئاڕاستەی ناونان و ئاماژە بۆ کردن و سنورەکانیانەوە بەندن. . . بەڵام دەشێ هەموو ئەو خۆنواندنانە تەنها روویەک لە رووەکانی خوێندنەوە بێ و چەندین رووی دیکەی جیاوازیش فەرامۆش کرا بێ. .

رەنگە بابەتی شیکردنەوەی شێواز (وەک ریفاتێر ناوی دەبات) : وەهمێک بێ، دەق بیخاتە مێشکی خوێنەرانیەوە، راستە ئەو وەهمە خەیاڵێکی پەتی لە پشتەوە نییە، بەڵام وێناکردنێکی بێ بەرانبەریش نییە، چونکە ئەو وەهمە بە بونیادی دەق و ئەفسانەی نەوەکان، یان چین و توێژی کۆمەڵایەتی (خوێنەرانەوە) بەندە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەشێ پرسە جیاوازەکانی خوێندنەوە تەنها لە چەند خاڵ و سنورێکدا کورت بکەینەوە؟ بە دیوەکەی دیکەش ئایا ئیشکالیەتی خوێنەری هەواڵدەر، پەیپێبەر، شارەزا، راهێنراو، نموونەیی. . . و هەموو ئەو ناوزەد کردنانە دەلالەت لە خوێنەرێکی (هەجین) ناکات، خوێنەرێک کە توانای خۆی لە دەست بەسەر داگرتنی زمانی دەقدا هەڵدەگرێتەوە، دەلالەت لە عەقڵی خوێنەرانێک ناکات، کە وەک کۆگای هەموو وەڵامدانەوە شاراوەکان خۆی دەنوێنێ؟! راستە خوێنەری ریفاتێری هەم مانای دەق بەرهەم دەهێنێ و هەم دەق بونیاد دەنێتەوە. بەڵام بۆ نموونە خوێنەری نیازخواز یان مەبەستداری (فیش) خوێنەرێکی زێتر بۆگێڕەوەیە. . لێرە پرسیار لە (فیش) ئەوەیە: ئایا خوێنەری سەردەمێکی دیکەی جیاواز هەمان ئەو مانایە دەرک دەکات، لە کاتێکدا ئەو دەقە وەک ریتم و پرس ئاڕاستەی سەردەمی ئەو نەکراوە؟

رەخنەگری بە ناوبانگی قوتابخانەی کۆنستانس (ئایزەر) لە نێوان ئیشکالیەتی (خوێنەری بە توانا، نیازخواز، ناوەکی) دا دەڵێ: راستە هەر یەک لەو ناونان و گریمانە جیاوازانە، دواجار بەرەو چارەسەر و ئامانجی جۆراوجۆرمان دەکەنەوە. . بۆ نموونە خوێنەری بە توانا یان جیاکار. . چەمکێکی ئەزموونگەرییانە دەنوێنێ و جەخت لە سەلماندنی (حەقیقەتی شێوازگەری) دەکاتەوە. . بە دیوەکەی دیکەش چڕی ئەو پەیامانەش دەسەلمێنێ، کە دەق لە خۆیدا هەڵیگرتووە. . و خوێنەری نیازخواز تەعبیر لە وێناکردنێکی مێژووییانەی جەماوەری خوێنەران دەکاتەوە. . (مەبەست لە جەماوەر، کۆی ئەو خوێنەرانە دەگرێتەوە، کە دانەر لە رێگای دەقەکانی خۆیەوە کەشفیان دەکات، یان وەک ئامانجی خۆی سەیریان دەکات) و لە کتێبە بەناوبانگەکەی (کردەی خوێندنەوە، ل39) دا دەڵێ: بەڵام خوێنەران سەرەرای جیاوازی مەبەستەکانیان، خەسڵەتێکی هاوبەش بەیەکەوە کۆیان دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە خوێندنەوە وەک هۆکاری باڵابوون سەیر دەکەن! ئەگەر (کردەی خوێندنەوە) هۆکاری باڵابوون بێ، کەواتە با خوێنەران ئازاد بکەین و گوێ لە بوونی ئارەزوومەندانەیان بگرین، بێ هیچ دیاریکردنێکی پێشوەختانە، یان هەڵوێستی مێژوویانە، ئازادبوونیش ئەو کاتە مومکینە، کە بتوانین بچینە دەرەوە و دەست لەو قەناعەتە هەڵگرین، کە لە ناوەوە داگیری کردووین!

دواجار لەبارەی خوێنەری ناوەکی کە ئەو ناونانە بۆ خودی ئایزەر دەگەڕێتەوە دەڵێ، خوێنەری ناوەکی پێکهاتەیەکی دەقگەراییە و بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە خوێنەری حەقیقییەوە نییە. بەڵام خوێنەری حەقیقی هەر جۆرێک و هەر چۆنێ بێت، هەمیشە پشت بە رۆڵێکی تایبەت دەبەستێت، ئەو رۆڵە تایبەتیەش خوێنەری ناوەکی دروستی دەکات. دەتوانم بڵێم ئەو قسەیە دوو تێگەیشتن لەخۆ دەگرێ: یەکەمیان، رۆڵی خوێنەر وەک بونیادی دەق. دووەم، رۆڵی خوێنەر وەک کردەیەکی ئاوێتە. یەکەمیان، پەیوەندی بە جیهانبینی دانەرەوە دەکات، لەو جیهانبینیە دیاریکراوەوە رێگا بە خوێنەر دەدرێ مەبەست و وێناکردنەکانی خۆی دابمەزرێنی. دووەم، قسە لە جیهانبینیەک دەکرێ، کە بەرە بەرە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی دەق و خوێنەر کۆ دەبێتەوە، هەر لەو خاڵەشەوە پرۆسەی خوێندنەوە، پێدراوەکان بونیاد دەنێتەوە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن 17 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 26 June 2013

خوێندنەوە بە ماناى رووکردنە (ئاسمان) و پشت کردنە (زەوى) نییە

رۆلان بارت (خوێندنەوەیەک) کە تێکەڵبوونە لەگەڵ دەق و خۆشى وەرگرتنە لە دەق، لەگەڵ (رەخنەیەک) کە گوتارێکى هاوسەنگ لەگەڵ دەق دەسازێنێ، یان بە ئامانجى هەڵسەنگاندنى دەق کار دەکا، لە یەکتر جیا دەکاتەوە! بەڵام نەک بەو مانایەى کە خوێندنەوە بخاتە پەراوێزەوە و رەخنە وەک سێنتەر سەیر بکات، بەڵکو بەو مەبەستەى کە رەخنە خۆى لە خوێندنەوە، یان رستێک ستراتیژ و قسە لەسەر کردنى میتۆدى و رەوانبێژیدا هەڵدەگرێتەوە. (خوێندنەوەى رەخنەیى) لە رێگاى ستراتیژى دیاریکراوەوە تەعبیر لە خۆى دەکات، یان تەعبیر لە خۆى ناکات، بەڵکو هەوڵدەدات شتێکى دیکە جگە لە خۆى (لە رێى خوێندنەوە) بە دەست بهێنێ! (دەقى رەخنەیى) دەتوانێ تەعبیر لە هێلى نێوان (وەسف) و (ئیبداع) بکات، دەتوانێ لە زمانى دووەمەوە بەرەو زمانى یەکەم هەنگاو بنێ و لەوێشەوە خۆى وەک (رووداوى مێژووى ئەدەبى) بنوێنێ، بە هەمان ئەندازەش وەک (کارێکى هونەرى) لە مێژووى رەخنەدا دەربکەوێ، هەر لەوێشەوە دەقى رەخنەیى هەنگاو بەرەو بازنەکانى ئیبداع دەنێت.

کەواتە لە نێوان نووسین و خوێندنەوە، پەیوەندییەک بە ناوى ناردن و پێشوازیکردن، یان بەرهەمهێنان و ئیستهلاککردن، بوونى نییە. لە ئاسۆى خوێندنەوەى (بارت)یدا خوێندنەوەکان و تەئویلەکان سنورى دیاریکراو ناس ناکەن، دەق هەمیشە بە کراوەیى دەمێنێتەوە، چونکە خوێندنەوەکان بە فرەیى و جولەى جۆراوجۆر و کرانەوەى دال و مەدلولەوە بەندن، هەموو ئەوانەش بە ئاستى جیاوازەوە دەکەونە دووتوێى گەمەکانى خوێندنەوەوە. دواجار بارت دەیەوێ بڵێ ئەو پەیوەندییە ئیرۆسیەى نێوان دەق خوێنەر، پەیوەندییەکە لەسەر کێشکردن و خۆدانەدەستى (سێکسى) ئارەزوومەندانە دەوەستێ، نەک کارلێکردن و بەرهەمهێنان.

لێرە لە کۆى قسە کردنەکانم لە بارەى چەمکى (خوێنەر و خوێندنەوە)، (دەق و خوێنەر) رەنگە کۆمەڵێ بەیەکداچوونى فرە رەهەند هەڵگرینەوە: بەیەکداچوونى ناونانەکان، بەیەکداچوونى نێوان بۆگێڕەوەى ناوەکى و بۆگێرەوەى دەرەکى، خوێنەر و قسە بۆکەر، گوێگر و خوێنەرى حەقیقى یان کردەیى Virtuel. . وەک چۆن دەشێ بەیەکداچوونێکى دیکە لەو پرسیارەى "جۆناسان کولەر Jonathan Culler" هەڵگرێتەوە، کاتێک دەپرسێ: لە نێوان ئەوەى لە دەقدا دەخوێنرێتەوە و ئەوەى لە رێى دەقەوە دەخوێنرێتەوە، جیاوازى چییە؟.

 بەگشتى کۆى ئەو لەیەکچوون و بەنێویەکداچوونانە دەکەونە نێوان دوو میتۆد و دوو شێوە لە بیرکردنەوە و پەیوەندیکردنى جیاواز، بیرکردنەوەیەکیان سەر بە سیمیۆلۆژیایەو ئەویدیکەیان سەر بە هیرمینۆتیکا، پەیوەندییەکیان بە مۆدێرنەوە دەلکێ، ئەویدى بە پۆست مۆدێرنەوە! وەک چۆن بەشێکى دیکەى ئەو ئیشکالیەتانە بە خوێنەرى حەقیقى ( کردەیى) و خوێنەرى خەیاڵکراو (واتە کۆى ئەو خوێنەرانەى کە دانەر لە مێشکى خۆى دروستیان دەکات) بەندە. جیاوازییەکى گەورەش لە نێوان (دانەرى کردەیى) و (خوێنەرى کردەیى) و کۆى ئەو دانەر و نووسەرانەى، کە خوێنەران لە مێشکى خۆیان وێناى دەکەن، دەبنینرێت. لەلایەکى دیکە ئایا وەڵامدانەوە بۆخۆى مانایە، یان مانا دەبێ کەشف بکرێ؟ ئایا خوێنەرى دەقى ئەدەبى دەقێکى دیکە دروست دەکاتەوە، یان مانایەکى دیکەى پێدەبەخشێ؟ لە بارەى دیاریکردنى (بۆگێڕەوە) و جیاکردنەوەى لە خوێنەر "جیرالد پرێنس Gerald Prince" دەڵێ: خوێنەرى دەقى خەیاڵى هەرگیز نابێ وەک بۆگێڕەوە بیر لە خۆى بکاتەوە، چونکە خوێنەر حەقیقییە و بۆگێڕەوە خەیاڵکراوە. بەڵام ئەگەر خوێنەرێک بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لە بۆگێڕەوە بچێ، بێگومان ئەو لێکچوونە هیچ رێسایەک بەرێوەى نابات، بەڵکو هەمیشە بە لاوەکى تەماشا دەکرێت. لە لایەکى دیکە بەر لەوەى قسەکانى "جاپ لنتفلتJaap Lintvelt " لە بارەى ئیشکالیەتى دووەم وەرگرین، دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، کە لە سیستمى هیرمینۆتیکى (لنتفلت)دا خوێنەرى کردەیى یەکسانە بە خوێنەرى ناوەکى ئایزەرەوە، نەک خوێنەرى حەقیقى؟! ئایزەر خوێنەرى ناوەکى بەو خوێنەرە گریمانکراوە دادەنێت، کە دانەر لەکاتى نووسنى دەق شاردوویەتیەوە. . یان خوێنەرێکە بەپێى ئاراستەکانى دەق دەجولێتەوە! هەر چۆنێ بێ (لنتفلت) بۆ دیاریکردنى ئیشکالیەتى دووەم دەڵێ، دانەرى واقیعى و خوێنەرى واقیعى لە دەرەوەى دەق بوونیان هەیە، بەڵام دانەرى کردەیى و خوێنەرى کردەیى دەکەونە نێو کارى ئەدەبییەوە، بێ ئەوەى بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەستنیشان بکرێن، چونکە هەمیشە (بە شێوەیەکى راستەوخۆ، یان راشکاوانە) تەعبیر لە خۆیان دەکەن. دانەرى کردەیى نوێنەرایەتى مانا قوڵەکانى کارى ئەدەبى دەکات، لە کاتێکدا خوێنەرى کردەیى وەک وێنەى بۆنێردراو لە کارى ئەدەبیدا کار دەکات، بە دیوەکەى دیکەش وەک وێنەى وەرگرى نموونەیى لە دووتوێى خوێندنەوەیەکى کردەیدا دەتوانێ مانا ناوەکییەکان بەدى بهێنێ!


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن 14 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 31 May 2013

خوێنەرى هەواڵگەیەن/پەیامبەر

ئەو خوێنەرە تاڕادەیەک لە چەمکى "ستانلى فیش Stanley Fish" بۆ خوێنەر، جێبەجێ دەبێ. ئەدەب لاى ستانلى فیش زمانە، زمانێکە لە رێى تێڕوانینى کەسێتى خۆمانەوە لێیتێدەگەین، ئەو تێڕوانینەش ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە بڕیارمانداوە لە رێگاى هوشیارى خودى خۆمانەوە لەو سامانە بڕوانین، کە هەمیشە زمان هەیەتى. . بێگومان سامانى پەیامە زمانەوانیەکەش لاى فیش لە پێناو ناوەڕۆکە مرۆیى و ئاکارە مرۆییەکەیدایە، و هەرگیز بە بنەما ئامادە و سەپاو و جێگیرەکانى دەقەوە بەند نییە، بەڵکو ئەوە مرۆڤە تواناى داهێنانى خۆى لە دەست نادات و لە هەموو ساتەکانى خوێندنەوەدا داهێنان بە ئەنجام دەگەیەنێت!؟ لاى ستانلى فیش زانیارى خودى خوێنەر پانتاییەکى گەورەى هەیە، بەڵام (بڕوابوون) فەرامۆشکردنى دیوە نەزانراوەکەى زانیینە، واتە وەک چۆن خاڵى سەپاو بوونى نییە، خاڵى کۆتایى سەپاویش بوونى نییە، بەو مانایەش ئەزموونى خوێنەران کە دەکەوێتە دەرەوەى چوارچێوە دیاریکراوەکانەوە، دەبێتە خاڵى دەستپێک.

 ستانلى فیش نەک هەر بە دامەزرێنەرى رەخنەى هاتنە وەڵامى خوێنەر دادەنرێت، بەڵکو ئەو پێیوایە هاتنەو وەڵامى خوێنەر بۆ (مانا) نییە، بەڵکو خودى هاتنە وەڵامەکە بۆ خۆى مانا دروست دەکات. خوێنەر لاى ئەو کارى بە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەوە نییە، کە دەق بە جێیهێشتوون، وەک ئایزەر بیرى لێدەکاتەوە. هاوشێوەى خوێنەرەکەى (ریفاتێر)یش نییە، چونکە خوێنەرى ریفاتێرى بە پێوەرى هەڵسەنگاندنى دەلالەتە شیعرییەکانى ناو دەق دادەنرێت، بەڵکو خوێنەرەکەى فیش سەرچاوەى هەموو دەلالەتە بە دەستهاتووەکانە، چونکە ئەو شوێنەى ماناى لێپێکدێت، یان پێکنایەت بە تەنها مێشکى خوێنەرە، نەوەک لاپەڕەى چاپکراو. . بەو مانایەش ئەو چالاکیانەى خوێنەر بە ئەنجامیان دەگەیەنێت، هەر تەنها بریتى نییە، لە تەکنیکێکى رووت، بەڵکو بە جەوهەرى پرۆسەى شیکردنەوە و کارى رەخنەیى دادەنرێت، بە دیوەکەى دیکە پرۆسەى شیکردنەوە و رەخنە لە لاى خوێنەرەوە دەست پێدەکات، هەر لاى ئەویش کۆتایى دێت.

 خوێنەرى هەواڵگەیەن/پەیامبەر لە خوێنەرى شارەزا نزیکە، واتە نە خوێنەرى خەیاڵییە و نە خوێنەرى راستەقینەیە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، خوێنەرێکى کردەییە، لە رێگاى شارەزایى خۆیەوە پەیامى دەق دەگەیەنێت. واتە هەر تەنها بایەخ بە ناوەندکارى پەرچەکردارەکانى خوێندنەوە نادات، بەڵکو بایەخ بە چارەسەرى دەقیش دەدات. ئەو خوێنەرە دەکەوێتە ژێر کاریگەرى دەق و پەیامى دەق، لەوێوە کە ئەو رستەیە چى دەکات؟ ئەو پرسیارە نوێیەى فیش لە ئەو رستەیەى چى دەکات؟ دەشێ وەک جۆرێک لە گومانکردن لە دەق تەماشاى بکەین، بەو مانایەى ئایا دەق جەستەیەکى سەربەخۆیە؟. ئەو شێوەیە لە گومان دواجار بەرەو ئەوەمان دەبات، کە ئەوە خوێنەرە دەق بە ماناوە پەیوەست دەکات. کەواتە لە رووداوى ئەو رستەیە چى دەکات، لە رێگاى بەشدارى خوێنەرەوە شتێک دەگوزەرێ، ئەو شتەى کە دەگوزەرێ و دەبێتە (مانا) بوونى دەق بەرجەستە دەکات، لەو تێکەڵبوونەدا، واتە لە دروستبوونى دەق لە رێگاى ئەزموونى خوێندنەوە، مانا دەگات. لەبەر ئەوەى ئەزموونى خوێندنەوە شتێکى ئامادە نییە و هەمیشە لە ئەنجامى بەدواداچوونى زانیارى کەڵەکەکراوەوە دروست دەبێت، بۆیە ناشێ هیچ خوێندنەوەیەک بە دوا خوێندنەوە و دوا ماناى دەق بژمێرین، بەدیوەکەى دیکەش هیچ دەقێک بە دەقێکى کامل و تەواو لە قەڵەم نادرێت، بەڵکو هەمیشە لە خوێندنەوەیەکەوە بۆ خوێندنەوەیەکى دیکە دووبارە دروست دەبێتەوە. کەواتە ئەوە خوێنەرە دەقى ئەدەبى دروست دەکات. بۆیە خوێنەر پێویستى بە هەندێ مەرج هەیە:

 یەکەم: ئەو کەسە دەبێ بە باشى بەو زمانە بدوێ کە دەقى پێنووسراوە.

 دووەم: پێویستە خاوەن توانایەکى بەرفرەوانى مەعریفى بێ (واتە شارەزاى سیستمى زمانەوانى و ماناى زاراوەکان و هەروەها لهجەکان-dialect بێ. . . ) بۆ ئەوەى ئەرکى تێگەیشتن بەباشى وازى بکات.

سێیەم: پێویستە توانایەکى بەهێزى ئەدەبى هەبێ. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئەزموونێکى قوڵى لە خوێندنەوەدا بە دەست هێناوە.

کەواتە خوێنەرى پەیامبەر هەر تەنها خوێنەرێکى رووت نییە، وەک چۆن هەر تەنها خوێنەرێکى حەقیقى نییە، بەڵکو خوێنەرێکى شارەزا و هەجینە، لە توانایدایە بێتە خوێنەرێکى نموونەیى، چونکە ئەزموونێکى قوڵى خوێندنەوەى هەیە، بە جۆرێک دەتوانێـت شۆڕبێتەوە بۆ ناو تایبەتمەندییەکانى گوتار و جیاوازییەکانیان هەڵگرێتەوە، بەو مانایەش خوێنەرێکى کردەییە، واتە منم و تۆى، ئەو (منە) خوێنەرێکى حەقیقیە، کە هەموو کارێک دەکات تا بە تواناى خۆى ببێتە هەواڵدەرى خۆى. ئەو خوێنەرە وەک رابەرێکى خودگەرا ئامانجى گەیاندنى هەواڵە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن 13 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 25 May 2013

خوێنەرى جیاکار، یان باڵاترین خوێنەر

لەلایەن رەخنەگرى فەرەنسى/ئەمریکى"میکائیل ریفاتێر Michel Riffaterre" دەستنیشان کراوە، ئەو خوێنەرە خوێنەرێکى ئەبستراکتى گریمانەکراوە، هەوڵدەدات شێوازگەرى زانستیانە لە میانى زانستى زمانەوانى-وەسفى-بونیادگەرى بدۆزێتەوە، شێوازگەرییەک، کە بێتە مەیدانى نێوان خوێنەرى مامناوەندى و باڵاترین (superior) خوێنەر! خوێنەرى یەکەم قووڵ نییە و رووکارئامێزە، بەڵام دووەمیان قووڵ و پێشکەوتووە، لە رێگاى شارەزایى و مەعریفە بەرفرەوانەکەیەوە ناوەندێک لە نێوان خۆى و دەق هەڵدەبژێرێ، هەر لە هەڵبژاردنى ئەو ناوەندەوە وەک باڵاترین خوێنەر (الاعڤم او الاعلى)، دەردەکەوێت.

باڵاترین خوێنەر، خوێنەرێکە لە دووتوێى پێکهاتەى زانستى و شانەى دەق، (دووانەى هاودژ) دەدۆزێتەوە، لە رێگاى ئەو دۆزینەوەیەش ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە لەلایەن توێژەرێکى شێوازگەرى شیبکرێنەوە (لێرەدا وەک دەبینین هێزى شاراوەى رەگەزەکان لە دەقدا دەستەبەر ناکرێت، بەڵکو لە رێگاى خوێنەرەوە دێتە دەست) هەر لەو خاڵەشەوە خوێنەرى ریفاتێرى خۆى لە چاودێریکردنى ئەو (رووداوە شێوازگەری)یانەدا هەڵدەگرێتەوە، کە دواتر دەیانخاتە بەر شیکردنەوە، بەڵام ئەو خوێنەرە هەر چەندە زێتر بە (ئەدەبییەتى دەق)ەوە سەرسام بێ، ئەوەندە شێوازى ئەو دەقە بە دەوڵەمەندتر دادەنێت، بە دیوەکەى دیکە هەر ئەو دووانە هاودژەى کە کەشفى دەکات، وەک مەرجى بەها، بەهاى دەق دەستنیشانى دەکات، بەڵام ئایا مەرجى بەهاى دەق پێوانەیە، پێوانە چییە؟

 پێوانە ئەو رستە دەرەکیەى پێکهاتەى دەقە، کە دەکەوێتە دەرەوەى دانەر یان نووسەرەوە. بەڵام ئایا دەشێ بتوانین لە خوێندنەوەى هەموو ئەو دەقانەى، کە پێشتر خوێندوومانەتەوە (بە باش و خراپ) خۆمان رزگار بکەین، یان یادەوەریمان پاک بکەینەوە، بە مانایەکى دیکە ئایا دواجار هەموو ئەوانە نین، کە چێژى ئەدەبیمان لەلا دەسازێنن؟!

ریفاتێر تەواوى لایەنە مێژوویى-مرۆیى-کۆمەڵایەتیەکان، لەو خوێنەرە دەکاتەوە و تەنها بە پەرچەکردارە خرۆشێنەرەکانى دەبەستێتەوە، کەواتە کاتێک خوێنەر لە کۆى ئەو باگکراوەند و پێشینە سەرچاوەییانە رزگارى دەبێ، ئەوە دەقیش لە دەرەوەى هەموو ئەو سەرچاوانەوە تەماشا دەکات، ئیتر لەو رووتکردنەوەیەدا، (چێژى خوێنەر) بە وەڵامدانەوەى خرۆشانەکانەوە بەند دەبێت و پشت بە سەرسامبوون و ئاگاییەوە دەبەستێت، خوێندنەوەش لاى ئەو بوونێکە لە چاوەڕوانیەکى بێ کۆتاییدایە، لە پێناو چاودێریکردنى شێوازەکان و جێگیرکردنیان.

 باڵاترین خوێنەرى ریفاتێرى لە کۆمەڵێک خوێنەر پێکهاتووە: خوێنەرى (شارەزا) و (هەواڵدەر) و (راهێنراو) و (نموونەیى). . .، کە شێواز دەیانخرۆشێنێ، شێوازیش بە توانستى ئەدەبییەوە بەندە، هاتنە وەڵامى ئەو خوێنەرانەش بە پێى توانستى ئەدەبى، یان رووداوە شێوازییەکانەوە دەردەکەوێت، هەر خۆشیان دەبنە شیکەرەوەى شێوازەکان. بە مانایەکى دیکە خوێنەرى (ریفاتێرى) لە پەرچەکردارى هەموو ئەو خوێنەرانەى ناومان بردن، پێکدێت. یان دوا پڕشنگى فۆڕمەلەکردنى هەموو ئەو خوێنەرانە، دەکەوێتە سەر خوێنەرى (جیاکار/ باڵاتر)ەوە.

 بەمجۆرە خوێنەرى جیاکار/باڵاتر کۆمەڵێک بناسن، کە هەمیشە دەگەنە خاڵە چڕ و ئاڵۆز و شاراوەکانى دەق، پاشان لە رێگاى ئاوێتەبوونیان و رەنگدانەوەیان لەنێو دەقدا حەقیقەتێکى شێوازگەرى، یان بەهاى ئەدەبى دادەمەزرێنن!! ئەو وەسفەش بۆ ئەو خوێنەرانە دەگەڕێتەوە، کە خاوەن توانا و شارەزایى و ئەزموونن.

 خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) بە گۆچانى پیرۆز دەچوێنرێ، کە (چڕى مانا شیاوەکان) و (کۆدەکان)ى نێو دەق کەشف دەکات، ئەو خوێنەرانە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە واقیعى شێوازگەرى لە کۆنتێکستى دەقدا لە رێگاى ئەوانەوە دەردەکەوێت، ئاماژە بەو چڕییەى نێو رێچکە نێردراوەکەى دەق دەدەن، ئەو چڕییەى، کە لە رێگاى بەریەککەوتنى دەقئاوێزانى بەرجەستە دەبێ و شوێنگەى خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) دیارى دەکات. حەقیقەتى شێوازگەرییانەى خوێنەرى (جیاکار/باڵاتر) تەنها لە رێگاى (خودى دەرککەر)ەوە جیا دەکرێـتەوە، فۆڕمەلەکردنى بەریەککەوتنەکانى نێو دەق وەک کاریگەرییەک دەردەکەوێ، کە ناکرێ تاقى بکرێتەوە، تەنها لەلاى خوێنەرێک لە خوێنەرانەوە نەبێ. بەمجۆرە وەک لاى ریفاتێر دەردەکەوێ، دیاردەى ئەدەبى هەر تەنها دەق ناگرێتەوە وەک لاى بونیادگەرەکان جەختى لێدەکرایەوە، بەڵکو هەموو ئەو خوێندنەوانەش دەگرێتەوە، کە دەق لە رێگایانەوە هەناسە دەدات، بەو مانایەش شێوازگەرى هەر تەنها بەهۆى دانەر و ئامرازى زمانەوانییەوە دیارى ناکرێ، بەڵکو خوێنەرانیش تێیدا بەشدارن.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. ژارگۆن 12 ...عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
  2. ژارگۆن 11...عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
  3. ژارگۆن 9 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
  4. ژارگۆن ٨ ...عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Page 2 of 3

  • 1
  • 2
  • 3
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 444 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە