ژارگۆن 12 ...عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
خوێنه‌ری ناوه‌كی/شاراوه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی كاری ئه‌ده‌بی له نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ق و خوێنه‌ر خۆی هه‌ڵده‌گرێته‌وه، بۆیه ئه‌ركی خوێنه‌ر ئه‌ركێكی كاتی نییه، به‌ڵكو ئه‌ركێكی جه‌شتالتیانه‌یه و به كۆی كاره ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كه‌وه به‌نده، واته له گشته‌وه ده‌ستپێده‌كات و پاشان شۆڕ ده‌بێته‌وه بۆ ناو ورده‌كارییه‌كانه‌وه.ئه‌ركێكی دیكه‌ی خوێنه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌زموونه، واته ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌كراوی پێش خوێندنه‌وه، چونكه له رێگای ئه‌و ئه‌زموونه‌وه ده‌توانی رۆڵ و بوونی هوشیارانه‌ی خۆی له ده‌قدا پراكتیزه بكات.
چه‌مكی خوێنه‌ری شاراوه، یان ناوه‌كی به‌پێی ره‌خنه‌گرانی هاتنه وه‌ڵامی خوێنه‌ر، له‌وانه ئایزه‌ر به‌و خوێنه‌ره گریمانكراوه ده‌گوترێت، كه دانه‌ر له‌كاتی نووسنی ده‌ق شاردوویه‌تیه‌وه (به ئاگاییه‌وه بی یان بی ئاگا) به‌و مانایه‌ش بوونێكی ماددی نییه، به‌ڵكو له كۆمه‌ڵێك ره‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی و كلتوری و هونه‌ری پێكهاتووه، دانه‌ر له كاتی نووسینی ده‌ق وێنه‌یه‌ك له شێوه‌ی خۆی دروست ده‌كات و وێنه‌یه‌كی دیكه‌ش له شێوه‌ی خوێنه‌رانی، دانه‌ر خوێنه‌رێكی ته‌واو دروست ده‌كات وه‌ك چۆن دووباره خۆی له‌نێو ده‌ق دروست ده‌كاته‌وه.
ئایزه‌ر چه‌مكی خوێنه‌ری شاراوه له چه‌مكی (نووسه‌ری شاراوه-ی واین بۆس Wayne Both ) وه‌رگرتووه، نووسه‌ری شاراوه لای (واین بۆس) بوونێكی ماددی نییه، به‌ڵكو وێناكردنێكه خوێنه‌ر له مێشكی خۆیدا دروستی ده‌كاته‌وه، كاتێك كتێبێك یان نووسینی نووسه‌رێك له نووسه‌ران ده‌خوێنێته‌وه.به‌ڵام خوێنه‌ری شاراوه یان ناوه‌كی وه‌ك چه‌مك ئه‌سڵی ئه‌و خوێنه‌ره‌یه، كه ده‌كه‌وێته نێو بونیادی ده‌قه‌وه، ئه‌گه‌رچی ناشی له‌گه‌ڵ هیچ خوێنه‌رێك وه‌ك یه‌ك بێته‌وه، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی جێگیری به خوێنه‌ری حه‌قیقییه‌وه هه‌یه، تا ئه‌و سنوره‌ی، كه ناكری خوێنه‌ری شاراوه به‌بی ئاماده‌گی خوێنه‌ری حه‌قیقی و پێشكه‌وتنه مێژوویی هونه‌رییه‌كانی وێنا بكرێت.هه‌ر به پێی ئه‌و بنه‌ما هونه‌رییانه‌شه‌وه خودی خوێنه‌ری حه‌قیقی ده‌گۆڕی بۆ خوێنه‌ری ناوه‌كی.خوێنه‌ری ناوه‌كی، شاراوه هه‌ڵگری وه‌زیفه‌یه‌كی زیندووه، خوێندنه‌وه جۆراوجۆره‌كان له رێگای كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندییه‌وه له‌یه‌ك نزیك ده‌كاته‌وه، واته هاوپه‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان دروست ده‌كات و به‌راوردی نێوانیان ده‌كات و بۆ شیكردنه‌وه ئاماده‌یان ده‌كات، لێره‌دا خوێنه‌ری ناوه‌كی وه‌ك بونیادی ده‌ق و وه‌ك كرده‌ی بونیادنان رۆڵ ده‌گێڕی.
وه‌ك بونیادی ده‌ق، ده‌شی گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین، كه هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی به رێگایه‌ك له رێگاكان هه‌ڵگری دنیابینییه‌كه، كه دانه‌ر پێشه‌وایی ده‌كات (هه‌ڵبه‌ته ئه‌و رۆڵه هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ندی به دانه‌ره‌وه نییه) ، كاری ئه‌ده‌بیش هه‌ر ته‌نها پارچه‌یه‌كی رووتی دنیای پێدراوه‌كان نییه، به‌ڵكو ده‌ق له رێگای ئه‌و ئامرازانه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر ده‌ستی، پێشه‌وایی دنیایه‌كی تایبه‌ت به خۆی ده‌كات.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنیای ده‌ق به نسبه‌ت خوێنه‌ره شیاوه‌كان پله‌ی گۆڕاوی هه‌یه (ئه‌و پله گۆڕاوانه به نسبه‌ت هه‌ر خوێنه‌رێك جیدییه‌تی خۆی هه‌یه) بۆیه له‌سه‌ر خوێنه‌ران پێویسته بۆچوونی نوێی خۆیان له‌و هه‌له‌دا دیاری بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و باره ناشی له خودی ده‌قدا ئاماده‌یی هه‌بی، چونكه گۆشه‌یه‌كه بۆ بینینی دنیای وه‌ك یه‌ك.نابی خوێنه‌ر به‌شێك بی له‌و دنیایه.به‌ڵكو وه‌ك كرده‌ی بونیادنان پێویسته خوێنه‌ر له‌و دنیایه بكه‌وێته نێو رووداوه‌وه، واته دووباره به‌شداری بونیادنانی ئه‌و دنیایه بكاته‌وه، به‌و مانایه‌ی كه ده‌ق وه‌ك رووداو له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر به‌رجه‌سته بی و خوێنه‌ر له رێگای ئه‌و رووداوه ته‌ماشای بۆ شتانێك دامه‌زرێنی، كه شاراوه‌ن و له رێگای خوێندنه‌وه‌وه كه‌شف ده‌كرێن.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێویسته ئه‌و تێڕوانینه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بی، هاوگونجانی له‌نێوان هه‌موو خوێنه‌ره جۆراوجۆره‌كان دابمه‌زرێنی.
كه‌واته خوێنه‌ری ناوه‌كی وجودێكی حه‌قیقی نییه، به‌ڵكو وجودی له به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵێك بۆچوونی نێو (ده‌قی خه‌یاڵی خۆی) دایه، له‌وێوه هه‌وڵده‌دا بگاته خه‌یاڵی ده‌ق، به‌مجۆره خوێنه‌ری ناوه‌كی له ده‌قدا خودی خۆی تۆمار ده‌كات.كه‌واته خوێنه‌ری ناوه‌كی رۆڵێكه له ده‌قدا جێبه‌جی ده‌بی و هه‌موو خوێنه‌رێكیش ته‌حه‌مولی ده‌كات.لێره‌دا خوێنه‌ری ناوه‌كی ده‌بێته خاڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كاری ئه‌ده‌بی و بونیادی مانا له رێگای كرده‌ی تێگه‌یشتنه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كات.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
\
