مرۆڤ هەمیشە بۆ دوا وەڵام دەگەڕێت
چەمکی خوێندنەوە و هەموو ئەو ناونان و پۆلینکردنانەی رەخنەگرانی ئەدەبی بۆ خوێنەران. . کۆی ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنە جیاوازانەی بە پێی شەپۆل و رێباز و قوتابخانە ئەدەبییەکان بە ئەنجام گەیەنراوە، جا چ قسەکردن بێ لەسەر خوێنەری (حەقیقی) یان (گریمانەکراو)، بە جۆرێک لە جۆرەکان لە گومرایی و بەدحاڵبوون بەدەر نییە؟! چونکە هەموو ئەوانە بە گشتی رۆڵ و وەزیفەی خوێنەر لە بەشداریکردنی دەقی ئیبداعیدا لە رووییەک لە رووەکان ئیفلیج دەکەن! لەو خاڵەوە ئەگەر قسە لەو کۆمەڵە خوێنەرە بکەین، کە لە تیشکۆی دەق کۆ دەبنەوە و لە رێگای پەرچەکردارە هاوبەشەکانیانەوە حەقیقەتێکی (شێوازگەری) دەسەپێنن، ئەو خوێنەرەی (ریفاتێر) بە گۆچانی کەشفکەری مانا شاراوەکانی دەق ناوی دەبات، یان خوێنەری (بەتوانا، باڵاتر، نموونەیی، ناوەکی، نیازخواز. . ) ئەو کۆمەڵە خوێنەرەی کۆدەکانی دەق لە راستەوە بۆ چەپ و لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی دەکەنەوە، ئەوانەی بە داهێنەری دەق و مانای دەق، یان بە ئامرازی بەرجەستەکردنی خرۆشێنەرەکانی دەق و هەڵوەشێنەری رێگا ئەدەبیەکان ناویان دەرکردووە. . دەبینین هەموو ئەوانە بە ئاڕاستەی ناونان و ئاماژە بۆ کردن و سنورەکانیانەوە بەندن. . . بەڵام دەشێ هەموو ئەو خۆنواندنانە تەنها روویەک لە رووەکانی خوێندنەوە بێ و چەندین رووی دیکەی جیاوازیش فەرامۆش کرا بێ. .
رەنگە بابەتی شیکردنەوەی شێواز (وەک ریفاتێر ناوی دەبات) : وەهمێک بێ، دەق بیخاتە مێشکی خوێنەرانیەوە، راستە ئەو وەهمە خەیاڵێکی پەتی لە پشتەوە نییە، بەڵام وێناکردنێکی بێ بەرانبەریش نییە، چونکە ئەو وەهمە بە بونیادی دەق و ئەفسانەی نەوەکان، یان چین و توێژی کۆمەڵایەتی (خوێنەرانەوە) بەندە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەشێ پرسە جیاوازەکانی خوێندنەوە تەنها لە چەند خاڵ و سنورێکدا کورت بکەینەوە؟ بە دیوەکەی دیکەش ئایا ئیشکالیەتی خوێنەری هەواڵدەر، پەیپێبەر، شارەزا، راهێنراو، نموونەیی. . . و هەموو ئەو ناوزەد کردنانە دەلالەت لە خوێنەرێکی (هەجین) ناکات، خوێنەرێک کە توانای خۆی لە دەست بەسەر داگرتنی زمانی دەقدا هەڵدەگرێتەوە، دەلالەت لە عەقڵی خوێنەرانێک ناکات، کە وەک کۆگای هەموو وەڵامدانەوە شاراوەکان خۆی دەنوێنێ؟! راستە خوێنەری ریفاتێری هەم مانای دەق بەرهەم دەهێنێ و هەم دەق بونیاد دەنێتەوە. بەڵام بۆ نموونە خوێنەری نیازخواز یان مەبەستداری (فیش) خوێنەرێکی زێتر بۆگێڕەوەیە. . لێرە پرسیار لە (فیش) ئەوەیە: ئایا خوێنەری سەردەمێکی دیکەی جیاواز هەمان ئەو مانایە دەرک دەکات، لە کاتێکدا ئەو دەقە وەک ریتم و پرس ئاڕاستەی سەردەمی ئەو نەکراوە؟
رەخنەگری بە ناوبانگی قوتابخانەی کۆنستانس (ئایزەر) لە نێوان ئیشکالیەتی (خوێنەری بە توانا، نیازخواز، ناوەکی) دا دەڵێ: راستە هەر یەک لەو ناونان و گریمانە جیاوازانە، دواجار بەرەو چارەسەر و ئامانجی جۆراوجۆرمان دەکەنەوە. . بۆ نموونە خوێنەری بە توانا یان جیاکار. . چەمکێکی ئەزموونگەرییانە دەنوێنێ و جەخت لە سەلماندنی (حەقیقەتی شێوازگەری) دەکاتەوە. . بە دیوەکەی دیکەش چڕی ئەو پەیامانەش دەسەلمێنێ، کە دەق لە خۆیدا هەڵیگرتووە. . و خوێنەری نیازخواز تەعبیر لە وێناکردنێکی مێژووییانەی جەماوەری خوێنەران دەکاتەوە. . (مەبەست لە جەماوەر، کۆی ئەو خوێنەرانە دەگرێتەوە، کە دانەر لە رێگای دەقەکانی خۆیەوە کەشفیان دەکات، یان وەک ئامانجی خۆی سەیریان دەکات) و لە کتێبە بەناوبانگەکەی (کردەی خوێندنەوە، ل39) دا دەڵێ: بەڵام خوێنەران سەرەرای جیاوازی مەبەستەکانیان، خەسڵەتێکی هاوبەش بەیەکەوە کۆیان دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە، کە خوێندنەوە وەک هۆکاری باڵابوون سەیر دەکەن! ئەگەر (کردەی خوێندنەوە) هۆکاری باڵابوون بێ، کەواتە با خوێنەران ئازاد بکەین و گوێ لە بوونی ئارەزوومەندانەیان بگرین، بێ هیچ دیاریکردنێکی پێشوەختانە، یان هەڵوێستی مێژوویانە، ئازادبوونیش ئەو کاتە مومکینە، کە بتوانین بچینە دەرەوە و دەست لەو قەناعەتە هەڵگرین، کە لە ناوەوە داگیری کردووین!
دواجار لەبارەی خوێنەری ناوەکی کە ئەو ناونانە بۆ خودی ئایزەر دەگەڕێتەوە دەڵێ، خوێنەری ناوەکی پێکهاتەیەکی دەقگەراییە و بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە خوێنەری حەقیقییەوە نییە. بەڵام خوێنەری حەقیقی هەر جۆرێک و هەر چۆنێ بێت، هەمیشە پشت بە رۆڵێکی تایبەت دەبەستێت، ئەو رۆڵە تایبەتیەش خوێنەری ناوەکی دروستی دەکات. دەتوانم بڵێم ئەو قسەیە دوو تێگەیشتن لەخۆ دەگرێ: یەکەمیان، رۆڵی خوێنەر وەک بونیادی دەق. دووەم، رۆڵی خوێنەر وەک کردەیەکی ئاوێتە. یەکەمیان، پەیوەندی بە جیهانبینی دانەرەوە دەکات، لەو جیهانبینیە دیاریکراوەوە رێگا بە خوێنەر دەدرێ مەبەست و وێناکردنەکانی خۆی دابمەزرێنی. دووەم، قسە لە جیهانبینیەک دەکرێ، کە بەرە بەرە لە خاڵی بەیەکگەیشتنی دەق و خوێنەر کۆ دەبێتەوە، هەر لەو خاڵەشەوە پرۆسەی خوێندنەوە، پێدراوەکان بونیاد دەنێتەوە.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
