خوێندنەوە بە ماناى رووکردنە (ئاسمان) و پشت کردنە (زەوى) نییە
رۆلان بارت (خوێندنەوەیەک) کە تێکەڵبوونە لەگەڵ دەق و خۆشى وەرگرتنە لە دەق، لەگەڵ (رەخنەیەک) کە گوتارێکى هاوسەنگ لەگەڵ دەق دەسازێنێ، یان بە ئامانجى هەڵسەنگاندنى دەق کار دەکا، لە یەکتر جیا دەکاتەوە! بەڵام نەک بەو مانایەى کە خوێندنەوە بخاتە پەراوێزەوە و رەخنە وەک سێنتەر سەیر بکات، بەڵکو بەو مەبەستەى کە رەخنە خۆى لە خوێندنەوە، یان رستێک ستراتیژ و قسە لەسەر کردنى میتۆدى و رەوانبێژیدا هەڵدەگرێتەوە. (خوێندنەوەى رەخنەیى) لە رێگاى ستراتیژى دیاریکراوەوە تەعبیر لە خۆى دەکات، یان تەعبیر لە خۆى ناکات، بەڵکو هەوڵدەدات شتێکى دیکە جگە لە خۆى (لە رێى خوێندنەوە) بە دەست بهێنێ! (دەقى رەخنەیى) دەتوانێ تەعبیر لە هێلى نێوان (وەسف) و (ئیبداع) بکات، دەتوانێ لە زمانى دووەمەوە بەرەو زمانى یەکەم هەنگاو بنێ و لەوێشەوە خۆى وەک (رووداوى مێژووى ئەدەبى) بنوێنێ، بە هەمان ئەندازەش وەک (کارێکى هونەرى) لە مێژووى رەخنەدا دەربکەوێ، هەر لەوێشەوە دەقى رەخنەیى هەنگاو بەرەو بازنەکانى ئیبداع دەنێت.
کەواتە لە نێوان نووسین و خوێندنەوە، پەیوەندییەک بە ناوى ناردن و پێشوازیکردن، یان بەرهەمهێنان و ئیستهلاککردن، بوونى نییە. لە ئاسۆى خوێندنەوەى (بارت)یدا خوێندنەوەکان و تەئویلەکان سنورى دیاریکراو ناس ناکەن، دەق هەمیشە بە کراوەیى دەمێنێتەوە، چونکە خوێندنەوەکان بە فرەیى و جولەى جۆراوجۆر و کرانەوەى دال و مەدلولەوە بەندن، هەموو ئەوانەش بە ئاستى جیاوازەوە دەکەونە دووتوێى گەمەکانى خوێندنەوەوە. دواجار بارت دەیەوێ بڵێ ئەو پەیوەندییە ئیرۆسیەى نێوان دەق خوێنەر، پەیوەندییەکە لەسەر کێشکردن و خۆدانەدەستى (سێکسى) ئارەزوومەندانە دەوەستێ، نەک کارلێکردن و بەرهەمهێنان.
لێرە لە کۆى قسە کردنەکانم لە بارەى چەمکى (خوێنەر و خوێندنەوە)، (دەق و خوێنەر) رەنگە کۆمەڵێ بەیەکداچوونى فرە رەهەند هەڵگرینەوە: بەیەکداچوونى ناونانەکان، بەیەکداچوونى نێوان بۆگێڕەوەى ناوەکى و بۆگێرەوەى دەرەکى، خوێنەر و قسە بۆکەر، گوێگر و خوێنەرى حەقیقى یان کردەیى Virtuel. . وەک چۆن دەشێ بەیەکداچوونێکى دیکە لەو پرسیارەى "جۆناسان کولەر Jonathan Culler" هەڵگرێتەوە، کاتێک دەپرسێ: لە نێوان ئەوەى لە دەقدا دەخوێنرێتەوە و ئەوەى لە رێى دەقەوە دەخوێنرێتەوە، جیاوازى چییە؟.
بەگشتى کۆى ئەو لەیەکچوون و بەنێویەکداچوونانە دەکەونە نێوان دوو میتۆد و دوو شێوە لە بیرکردنەوە و پەیوەندیکردنى جیاواز، بیرکردنەوەیەکیان سەر بە سیمیۆلۆژیایەو ئەویدیکەیان سەر بە هیرمینۆتیکا، پەیوەندییەکیان بە مۆدێرنەوە دەلکێ، ئەویدى بە پۆست مۆدێرنەوە! وەک چۆن بەشێکى دیکەى ئەو ئیشکالیەتانە بە خوێنەرى حەقیقى ( کردەیى) و خوێنەرى خەیاڵکراو (واتە کۆى ئەو خوێنەرانەى کە دانەر لە مێشکى خۆى دروستیان دەکات) بەندە. جیاوازییەکى گەورەش لە نێوان (دانەرى کردەیى) و (خوێنەرى کردەیى) و کۆى ئەو دانەر و نووسەرانەى، کە خوێنەران لە مێشکى خۆیان وێناى دەکەن، دەبنینرێت. لەلایەکى دیکە ئایا وەڵامدانەوە بۆخۆى مانایە، یان مانا دەبێ کەشف بکرێ؟ ئایا خوێنەرى دەقى ئەدەبى دەقێکى دیکە دروست دەکاتەوە، یان مانایەکى دیکەى پێدەبەخشێ؟ لە بارەى دیاریکردنى (بۆگێڕەوە) و جیاکردنەوەى لە خوێنەر "جیرالد پرێنس Gerald Prince" دەڵێ: خوێنەرى دەقى خەیاڵى هەرگیز نابێ وەک بۆگێڕەوە بیر لە خۆى بکاتەوە، چونکە خوێنەر حەقیقییە و بۆگێڕەوە خەیاڵکراوە. بەڵام ئەگەر خوێنەرێک بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لە بۆگێڕەوە بچێ، بێگومان ئەو لێکچوونە هیچ رێسایەک بەرێوەى نابات، بەڵکو هەمیشە بە لاوەکى تەماشا دەکرێت. لە لایەکى دیکە بەر لەوەى قسەکانى "جاپ لنتفلتJaap Lintvelt " لە بارەى ئیشکالیەتى دووەم وەرگرین، دەبێ ئاماژە بەوە بکەین، کە لە سیستمى هیرمینۆتیکى (لنتفلت)دا خوێنەرى کردەیى یەکسانە بە خوێنەرى ناوەکى ئایزەرەوە، نەک خوێنەرى حەقیقى؟! ئایزەر خوێنەرى ناوەکى بەو خوێنەرە گریمانکراوە دادەنێت، کە دانەر لەکاتى نووسنى دەق شاردوویەتیەوە. . یان خوێنەرێکە بەپێى ئاراستەکانى دەق دەجولێتەوە! هەر چۆنێ بێ (لنتفلت) بۆ دیاریکردنى ئیشکالیەتى دووەم دەڵێ، دانەرى واقیعى و خوێنەرى واقیعى لە دەرەوەى دەق بوونیان هەیە، بەڵام دانەرى کردەیى و خوێنەرى کردەیى دەکەونە نێو کارى ئەدەبییەوە، بێ ئەوەى بە شێوەیەکى راستەوخۆ دەستنیشان بکرێن، چونکە هەمیشە (بە شێوەیەکى راستەوخۆ، یان راشکاوانە) تەعبیر لە خۆیان دەکەن. دانەرى کردەیى نوێنەرایەتى مانا قوڵەکانى کارى ئەدەبى دەکات، لە کاتێکدا خوێنەرى کردەیى وەک وێنەى بۆنێردراو لە کارى ئەدەبیدا کار دەکات، بە دیوەکەى دیکەش وەک وێنەى وەرگرى نموونەیى لە دووتوێى خوێندنەوەیەکى کردەیدا دەتوانێ مانا ناوەکییەکان بەدى بهێنێ!
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
