پۆشین نەبا کێ دەیزانى رووتى چییە
(کاروان کاکەسوور-رۆمانى مامزێر)
دەق و گەمە
(گەمەکردن) فەرامۆشکردنى نیگەرانى و ئەزموونکردنى خاوبوونەوەیە (خاوبوونەوەى خود)، چونکە گەمە ناخى گەمەکەر بەدەست دەهێنێ، بارى شانى سوک دەکات! لە گەمەدا گەمەکەر ئەزموونى وجودییانەى خۆى لە (ناوەندێکى سەربەخۆ)دا جێگیر دەکات، هەر لەوێشەوە دەکەوێتە بەرانبەر نیگەرانیە حەقیقیەکەى بوون! کەواتە گەمە بۆخۆى حەقیقەتێکى بەرجەستەیە، نەک هێز. هەموو یارییەکیش ئەرکى خۆى بەسەر یاریکەرانیدا دەسەپێنێ، بەڵام یارى ئامانجى دیارى نییە، بەڵکو ئەوەى لە یاریدا جێگاى بایەخە رێکخستنى جولە و پەیوەندى و پێکهینانى یارییە. . لەسەر ئەو بنەمایە یارى بونیادە. (بۆ زێتر شارەزایى بڕوانە، حەقیقەت و میتۆد، گادامێر، چ2007، ل178، 183).
لە دەقى یارییدا یاریزان، هونەرمەند، شاعیر، شانۆکار. . . دیار نییە، بەڵکو ئەوەى دیارە ئەو بەرهەم (ناوەندە سەربەخۆیەیە) کە هونەرمەند، شاعیر، شانۆکار. . . لەمیانییەوە حەقیقەتى بوونى خۆى وەک پێدراوێکى جێگیر دەنوێنێ. کاتێ منداڵ یارى دەکات، راستە لاسایى دەکاتەوە و ئەو فۆرمە جێگیر دەکات، کە دەیزانێ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا جەخت لە (بوون)ى خۆى دەکاتەوە، واتە حەقیقەتى بوونى خۆى دەردەخات. لێرە لە سەر بنەماى حەقیقەتى بوون (گادامێر فەیلەسوفى ئەڵمانى 1900-2002) خودى گەمەکردن لە کارى ئەدەبى نزیک دەکاتەوە. بەڵام گەمەکردن هەر تەنها چالاکییەکى داهێنەرانە نییە بۆ چێژ و خۆشى، بەڵکو یارى کردن جۆرێک لە جیدییەت دەنوێنێ! واتە ئەگەر یەکێک لە بەشداربووانى یارى ئەو جیدییەتەى فەرامۆش کرد، ئەوە یارییەکە تێکدەچێت. . بەو مانایەش گەمە دینامیکیى سەربەخۆ و ئامانجى سەربەخۆى هەیە، جیا لە هۆشیارى بەشداربووان! گەمە بابەتێک نییە روو بە رووى خودى یاریزانان بکرێتەوە، هەر وەک چۆن ناکەوێتە ژێر رکێفى زاتیەتى یاریزانەوە. یاریزان ئەو یارییە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت بەشدارى تێدا بکات، بەڵام کاتێک دەچێتە گەمەکەوە ئیتر دەکەوێتە ژێر یاسا و رێسا ناوەکییەکانى گەمەى ناوبراوەوە، لێرەدا گەمە دەبێتە حاکم بە سەر گەمەکەرانەوە و هەموو جولەکانى یاریزانان ئاراستە دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەى دەکەوێتە بەر چاوى وەرگر و بینەران، زاتیەتى یاریزانان و بینەران تێدەپەڕێنێت، رۆحییەتى گەمە زاڵ دەبێت! رۆڵى یاریزانانیش دەبێـتە رۆڵێکى پەراوێزیى و تەنها لە هەڵبژاردنى جۆرى گەمەکەدا نەبێ دەرناکەوێ.
بەڵام دەبێ بزانین کە دەق وەک بەرهەم، گەمەکردن نییە بە زمان، بەڵکو گەمەکردنە لەگەڵ زمان! جیاوازى نێوان لۆجیکى گەمەکردن بە زمان و گەمەکردن لەگەڵ زمان، ئەوەیە: یەکەمیان زمان تەنها وەک وەسیلەیەک بەکار دەهێنێت، بەڵام دووەم زمان ئەزموون دەکات (ئەزموونکردنى زمان دروستکردنى کۆمەڵێک پەیوەندى نوێیە، لە نێوان وشە و وشە، وشە و بۆزیادکراوەکانى و خزینەکانى. . )، لە میانى گەمەکردن لەگەڵ زمان و ئەزموونکردنى زمان (دەق/کار) وەک بەرهەمى ئەو ناوەندە دێتە دنیاوە. دەمەوێ بڵێم ئەدەب لە دانوستاندنى زمان/ نووسەر (نووسەر وەک ئەزمونکار) دەق/کار، بەرهەم دەهێنێ، هەر لە رێگاى دانوستاندنەوەش چێژى ئەدەبى و لەوێشەوە بەخششەکانى (بوون) یان (داهێنان) دەردەکەوێت. بە گشتى دەتوانین بڵێین ئەوەى لە ئەدەب و هونەردا سیاسەتى (بەکارهێنان) و (یاریکردن لەگەڵ زمان) تێکەڵ بە یەکتر دەکات، کەمخوێنى رۆشنبیرییە و گوزارشت لەو ئاگاییە ساویلکەیە دەکات، کە پێیوایە (داهێنان) جگە لە بەکارهێنانى تێکدەرانەى زمان شتێکى دیکە نییە.
بە کورتى گەمە وەک بەرهەم، یان ناوەند لە رێگاى (دۆزینەوە و ئیبداع)ەوە لە فۆرمێکدا دەردەکەوێت، کە هونەرمەند لەمیانیدا دەتوانێت ئەزموونى وجودییانەى خۆى بەرەو پێدراوێکى جێگیر بەرێت، پێدراوێک کە بشێ لەلایەن وەرگرەوە دووبارە بەرهەم بهێنرێتەوە، بەڵام پێویستە وەرگر هوشیارییەکى واى هەبێت پێش رووداوى بینین بکەوێت. دەمانەوێت بڵێین رۆڵى داهێنەر لە کارى ئەدەبى و هونەریدا وەک رۆڵى یاریزانە لە گەمەکردندا. داهێنەر هەوڵدەدات ئەزموونى وجودییانەى خۆى فۆرمەلە بکات، بەڵام ئەو ئەزموونە لە دروست بوونیدا لە زاتیەتى داهێنەر جیا دەبێتەوە و دەگۆڕێت و دەبێتە ناوەندێکى دینامیکى، رێسا و یاساى ناوەکى خۆى پیادە دەکات. . هەر لەوێشەوە شیاوى بەشداریکردن و گۆڕین و گواستنەوە دەبێت.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
