• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا

(پیاوێکى تێکشکاو) لە نێوان هونەرى گێڕانەوە و هەڵبژاردنى گۆشەنیگاوە .. عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 21 December 2013

"لەم وڵاتە وێرانەدا، ئەوەى دز بێت، ژیانى پارێزراوە، ئەوەى گەندەڵ و بەرتیلخۆر بێت، دەستخۆشى لێدەکرێت، ئەوەى پاک و شەریف بێت، هەڕەشەى لێدەکرێت و سووکایەتیى پێدەکرێت" ل204.

(تاهیر بن جەللون) شاعیر و رۆماننووس و چیرۆکنووس لە 1ى دیسمبەرى 1944 لە شارى (فاس) لە دایکبووە، سەر بە نەوەى دووەمى نووسەرانى مەغریبیە، ئەو نووسەرانەى کە بە زمانى فەرەنسى دەنووسن، تاهیر بن جەللون ناوبانگێکى زۆرى لە بڵاوکردنەوەى رۆمانى (شەوى قەدر) بە دەست هێنا و خەڵاتى (گۆنگۆر)ى فەرەنسى بۆ ئەو رۆمانە وەرگرتووە. رەخنەگران پێیانوایە بن جەللون زۆرتر هەوادارى ئەدەبى رۆژءاوایە و هەمیشە لە کارەکانیدا هەوڵدەدات وڵاتى مەغریب لە شێوەى وڵاتێکى فۆلکلۆرى نیشانى رۆژئاءاو و بە تایبەتى فەرەنسییەکان بدات، هەمیشە خۆى وەک نووسەرێکى فەرەنسى لە قەڵەم دەدات. .

رۆمانى (پیاوێکى تێکشکاو) ى تاهیر بن جەللون لە لایەن وەرگێرى بە توانا و سەلیقە (ئازاد بەرزنجى) بە زمانێکى جوان و پاراو و رەوان، بە بەراوردکردن لەگەڵ سێ دەق: دوو تەرجەمەى فارسى و یەک تەرجەمەى عەرەبى، کراوە بە زمانى کوردى. رۆمانى پیاوێکى تێکشکاو لە ساڵى 1994دا خەڵاتى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستى بە دەستهێناوە. تاهیر بن جەللون لە بارەى ئەو رۆمانەوە دەڵێت بیرۆکەى ئەو رۆمانەم لە رۆمانى (گەندەڵى) نووسەرى ئەندۆنیزى (پیرامۆدیا ئاناتا تویر)ەوە وەرگرتووە. بە کورتى من لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵدەدەم پرسیارێک بوڕوژێنین، کە هەم نووسەرى دەق و هەم وەرگێرى دەق ناتوانین پشتگوێى بخەن، ئەویش ئەوەیە: لە دەقدا زمان چۆن بە خوێنەر، یان بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت؟!

رۆمانى پیاوێکى تێکشکاو باس لە فەرمانبەرێک دەکات، کە لە نێو سیستمێکى گەندەڵدا دەیەوێت جیاوازى و پاکى خۆى بپارێزێت! (موراد) پاڵەوانى رۆمانەکە جگە لەوەى دایکێکى پیرى نەخۆشى دوورە دەستى هەیە، لە ماڵە کۆن و داڕزیوەکەى باوانى لە سەرمان هەڵدەلەرزى، کچێکیشى هەیە هەر لە منداڵییەوە بە دەست نەخۆشى (هەناسە تەنگى)یەوە دەناڵێنێ و تەواوى خێزانەکەیشى وەکو زۆربەى زۆرى خەڵکى مەغریب بە دەست هەژارى و نەبوونییەوە دادوبێدادییانە:- من بە درێژایى ژیانم کەسێکى شارستانى بووم، بەڵام هەژار بووم. نەمتوانیوە بارى ژیانم باشتر بکەم. . . پیاوێکى تێکشکاو ل162. . .

موراد ئەگەرچى لە رێگاى بڕوانامەکەیەوە کە لە (وڵاتى فەرەنسا) بە دەستى هێناوە، شوێنێکى حەساس و باشى لە فەرمانگەیەکى میریدا هەیە و دەتوانێ بە واژۆیەک مامەڵەکان بڕوێنێ و لە برى ئەو واژۆیەش بە هەزاران دینار و دۆلار وەک رەشوە وەربگرێت. بەڵام دەیەوێ بە سەربەرزى و ویژدانێکى ئاسودەوە ژیانى ئاسایى خۆى بژى و جیاواز بێ، لە هەموو ئەوانەى بە مەسەلەى گەندەڵى و بەرتیلەوە گلاون، بێ ئەوەى زیان بە کەس بگەیەنێت. . چونکە لاى ئەو: پارە سیمبولێکە و هیچى تر، بەڵام لێرە خەڵکى زۆر دەبەنگانە خۆیان بە پارەوە بادەدەن و پۆزى پێوە لێ دەدەن. پیاوێکى تێکشکاو ل194. هەڵبەتە دەوروبەرەکەى (حاجى حەمید و ئەوانیدیکە، کە گوایە شانازى بە ئایین و دابونەریت و ئەخلاقى کۆمەڵایەتى. . دەکەن) بە هیچ شێوەیەک ئەو جیاوازییان قبوڵ نییە، هەموو هەوڵێک دەدەن، بۆ ئەوەى (موراد)یش وەک خۆیان تێوەبگلێنن، ئیتر لە سیستمێکى گەندەڵدا ژیان بۆ کەسێکى جیاواز هەمیشە لە قەیرانێکەوە بەرەو قەریرانێکى دیکە دەچێت، بۆیە تەواوى ژیانى دەبێتە شلەژان و نیگەرانى و خەونى ناخۆش و مۆتەکە و ئیتر رۆحى لەو وڵاتە وێرانەدا هەلا هەلا دەبێت. . . نووسەر دەیەوێ بەو شێوازەى خۆى پێمان بڵێ لە هیچ سیستمێکى دنیادا نییە، گەندەڵیى سەروەر بێ و کەسى پاک و بە توانا و شایستە. . شوێنى بڕیار و هەستدارى بە دەستەوە بێت؟! سیستمى گەندەڵ کەسى پاک و جیاواز، بە هەر نرخێ بێت دەخاتە ناوەوە خۆیەوە و بێرێزى دەکات و پاشان ونى دەکات، نەک هەر هێندە بەڵکو واى لێدەکات تەواوى ژیانى بە ئازارى ویژدانەوە بتلێیتەوە!

 تاهیر بن جەللون یەکێکە لەو رۆماننووسە بە توانایانەى، کە زۆر جوان دەتوانێ لە رێگاى شێواز و گێڕانەوەى (هەڵقوڵاو)ەوە خوێنەران بە ئاستە جیاوازەکانەوە بەرەو خوێندنەوە رابکێشێت! مەبەستم لە گێڕانەوەى هەڵقوڵاو، یان (داڕژانى نووسین) وروژاندنى هەوەسى زمانە، (بەڵام لە پشت ئەو داڕژان و بزواندنە دەبێ باکگراوەندێکى مەعریفى قوڵ بوونى هەبێت) هەر بەو مانایەش تاهیر بن جەللون لە رێگاى داڕژانەوە قسان بە زمان دەکات، لەوێشەوە هەوڵدەدا مێشکى خوێنەران بە مانا پڕ بکاتەوە، پڕکردنەوەى مێشک بە مانا ئامانجى قسەکردنە، ئەوەش سروشتى خودى زمانە، چونکە هەمیشە ئەوەى عاشقى زمانە دنیاى زمان تووشى هەوەس دەکات، درووستکردنى ئەو (پانتاییە لە گێڕانەوە)، خوێنەر دەخاتە سەر ئامادەباشییەک بۆ بەشداریکردن، نەک هەر هێندە بەڵکو خوێنەر دەخاتە سەر ئەوەى کە هەمیشە خۆى تێکەڵ بە نووسەر و پاڵەوان و کاراکتەرەکان بکات. من لەگەڵ ئەو بۆچوونەى "شوبهاوەر"دام کە دەڵێت ((ژیان و خەون لاپەڕەى یەک کتێبن. ئەگەر بە شێوەیەکى رێکخراو و بە پێى ژمارەى لاپەڕەکانى کتێبەکە بیخوێنیتەوە، ئەوا دەبێتە ژیان. خۆ ئەگەر بە شێوەیەکى نا رێکیش بیخوێنیتەوە، ئەوە دەبێتە خەون)) پیاوێکى تێکشکاو ل214

 ئەگەر شێواز راستەوخۆ پەیوەندى بە شێوەى گێڕانەوەوە و تێزى زمان قسان دەکاتدا هەبێت، ئەوە بێگومان بەو مانایە نییە، کە گێڕانەوە بونیادێکى پەیکەرئامێزى هەیە و لە برى (ناسنامە) و (زەمەن) دەردەکەوێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە پرۆسیسەکردنى گێڕانەوە دەکەوێتە دووتوێى ئەو ماوە شاراوەیەى کە لە نێوان (خود) و (دنیاى دەرەوە) دایە. . کاتێک چاوێک رووداوێک دەبینێت یان ئاشناى دەبێت، دەبێتە گێڕەڕەوەى ئەو رووداوە، بۆ ئەوەى چاوە بێئاگاکانى دیکەى لێ بە ئاگا بهێنێتەوە، ئەوەش واتە ئاشنابوونى خود لەگەڵ دنیاى شتەکان و دیاردەکان لە رێگاى پرۆسەى خەڵقکردنى ماناو دەلالەتەکانى ئەو دیاردانە و بردنیان بۆ بوارى ئاگایى فەردى و پاشان ئاگایى دەستەجەمعییەوە. هەر لە رێگاى ئەو چالاکییەشەوە خودگەرایى پراکتیزە دەبێت و خودى گێڕەڕەوە لە میانى زەمەنى گێڕانەوەدا خۆى دەدۆزێتەوە.

بە دیوەکەى دیکەش لە بیرمان نەچێت خودى کێشکردنى خوێنەر لەسەر بنەما هونەرى گێڕانەوە لەو رۆمانەدا پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە (هەڵبژاردنى گۆشەنیگا)وە هەیە! هەڵبەتە یەکێک لە رەگەزە سەرەکیەکانى هونەرى گێڕانەوە لەو رۆمانەدا پەیوەندى بە دۆزینەوەى گۆشەنیگا حەساسەکانەوە دەکات، هەر لەوێشەوە خوێنەر دەخاتە سەر ئەوەى لە لە ترۆپکى خوێندنەوە و چێژى خوێندنەوە و شوێنە حەساسەکانى خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا بڵێ هەم! یان لە شوێنى وێناکردنى پاڵەوانەوە هەوڵى بەشدارى چالاکانە خۆى لەو داهێنانەدا بنوێنێ؟! گۆشەگیرى جۆرێکى تووندە لە خۆپەرستى، پەناگەیەکە بۆ ئەو کەسانەى هەست دەکەن، لە جموجوولى ژیان دوورن. پیاوێکى تێکشکاو ل218.

بە کورتى دەمەوێ بڵێم لەو رۆمانەدا هەڵبژاردنى (گۆشەنیگا) و (دارژانى زمان لە گێڕانەوەدا) وا دەکات، خودى خوێنەر تێکەڵ بە خودى کاراکتەر بێت و بکەوێتە دووتوێى بارودۆخەکانى ژیانییەوە و ئەو پرسیارە بەرجەستە بکات، کە پاڵەوان لە ناوەوەى خۆى پێوەى دەتلێتەوە، یان بیرى لێدەکاتەوە: من چى دەکەم ئەگەر لە شوێنى ئەو بم؟ من چى دەکەم ئەگەر لە سیستمێکى وا گەندەڵدا بژیم؟

لە دەقدا زمان چۆن بە واقیعەوە پەیوەست دەبێت؟ وەڵامى ئەو پرسیارە ئەوە نییە، کە لە رێگاى نواندنەوە بە ئەنجام دەگات، بەڵکو ئەوەیە کە زمان بە هۆى ماناوە بە واقیعەوە دەلکێ، ئەو پەیوەستبوونەش (عەقڵى نیازخواز) بەسەر (دەنگ و ئاماژە)دا دەیسەپێنێ. هەر لە سەر ئەو بنەمایەش مانا شێوەیەکى نیازئامێزى هەڵێنجراوە،  ئەوە ئەو خاڵەیە کە گێڕانەوەى هەڵقوڵاو یان دڕژانى زمان بەخۆوە دەبەستێتەوە، بە مانایەکى دیکە کۆدى تێگەیشتنى مانا ئەوەیە، کە نیازخوازى ئەسڵى، یان ناوەکى لە فیکرى قسەکەردا بۆ وشە و ئاماژە و رەمز بگۆڕێت.

کەواتە وەک چۆن دەشێ (بۆگێڕەوە)ى نووسەر یان (وەرگێر- واتە بۆگێڕەوە لە زمانێکى دیکە) نیازى خۆى لە قسەکردن لەسەر گەندەڵیدا هەبێت، لەپاڵ ئەوەشدا دەشێ ئەو نیازە تەقلیدییەش بەکار بهێنێ، کە لە بارەى چەمکى گەندەڵییەوە لە خودى ئەو (کۆمەڵگا)یەدا هەیە، کە نیازى یەکەم بەرهەم دەهێنێت؟! دەمەوێ بڵێم چەمکى گەندەڵى لەو رۆمانەدا تەنها لە رێى نووسینەوە و لە رێى وەرگێڕانى بۆ زمانى کوردى تێر نابێت، بەڵکو بە گشتى رەنگدانەوەى گەندەڵى لە کۆمەڵگا و لە نێو سیستمى دەسەڵاتدا، مەرجى تێر بوونى خۆى دەدۆزێتەوە. . لێرەدا دەکەوینە نێوان دوو مەرجى تێربوون:- یەکەم مەرجى تێربوونى گوتراوە، ئەوەى رۆماننوس دەینووسێتەوە. دووەم مەرجى تێربوونى دەنگ و ئاماژەیە، واتە دەنگدانەوەى گوتراو لە نێو کۆمەڵگا و سیستمدا. بەو مانایەش گوتراوى واتادار ئەوەیە کە مەرجى تێربوون بەسەر مەرجى تێربووندا بسەپێنێت.

کەواتە نیازى مانا بە گشتى ئەوەیە کە مەرجى تێربوون (کۆمەڵگا/سیستم) بەسەر مەرجى تێربوونى یەکەم (رۆمان/وەرگێرانى) دەسەپێنێت، سەرەڕاى ئەوەش دەیەوێت پەیوەندى لەگەڵ گوێگران درووست بکات، ئەوەش بە نیازى پەیوەندیگرتن، یان گەیشتن ناو دەنرێت، ئەو نیازەش لەسەر تێگەیشتن راست دەبێتەوە، نیازى تێگەیشتن نیازى مانایە، ئەوەیە کە گوێگر لە ماناى نیازم بگات، نیازى تێگەیشتن وەک چۆن دەکەوێتە فرە جۆرى لە کردەى قسەکردندا، بە هەمان شێوە دەکەوێتە سەر رێساى پێکهاتن و رەمزگەرایى. . ئەگەر فرە جۆرى قسەکردن پەیوەندى بە سەلماندن و خاڵى ئاڕاستەکردن و ئیلتیزام و تەعبیرکردن و راشکاوییەوە هەبێت، ئەوە رێساى پێکهاتن و رەمزگەرایى پەیوەندى بە بارودۆخ و دامەزراوەکان و بوونى کارى (هەبوون) لە زماندا هەیە، کە دەلالەت لە زەمەن دەکات، .

دواجار دەمەوێ بڵێم ئەوەى ئەو رۆمانە وەک هەبووییەکى مانادار لە نێو کتێبخانەى کوردى و لە نێو خوێنەرى کوردى بەرجەستە دەکات، هەر تەنها تواناکانى (نووسەر) نییە، بەڵکو هەڵبژاردنى (وەرگێر)یش رۆڵى بنەڕەتى دەبینێ و بەشدارى خۆى لەو (داهێنان)ەدا رادەگەیەنێت!! وەک چۆن رۆمانى (پیاوێکى تێکشکاو) بە هەموو ماناکانییەوە خەسڵەتێکى قێزەونى کۆمەڵگا و سیستمێکمان نیشان دەدات، لەو خاَلەشەوە پێمان دەڵێت گەندەڵى تواناى لە دایکبوونى بێ کۆتایى خۆى، هەمیشە لە سیستمێکى گەندەڵدا نوێ دەکاتەوە.

سەرچاوەکان:

 - تاهیر بن جەللون، پیاوێکى تێکشکاو، رۆمان، و:ئازاد بەرزنجى، زنجیرە کتێبى دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، زنجیرە: 695، سلێمانى 2013.

 - بول ریکور، فلسەفە الارادە، الانسان الخگاء، ترجمە: عدنان نجیب الدین، دار البیچاء- المغرب، گ1 2003، مقدمە.

 - جون سیرل، العقل و اللغە و الواقع (الفلسفە فی العالم الواقعی) ترجمە: سعید الغانمی، الدار العربیە للعلوم-منشورات الاختلاف، الجزائر، ڤ1 2006. ل205.

 - ه. س. پ. ل212، 218، 219، 222، 225.

ژارگۆن 16 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 06 December 2013

ئەدەبى کلاسیک/ ئەدەبى نەفرەتلێکراو

(1)

(رێباز، المنهج، میتۆد) کۆمەڵێک پرنسیب و بیروڕاى هارمۆنى پێکەوە هەڵکردووى بیریارێک، یان فەیلەسوفێک، یان قوتابخانەیەکە لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ گەیشتن بە ئەنجامى خوازراو..بەڵام ئەوەى رێبازى ئەدەبى لە ئەوانیدیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ناشێ داهێنەرانى ئەدەبى لە چوارچێوەیەکى دیاریکراودا قەتیس بکەین، چونکە ئەدەب وەک داهێنان هەمیشە خۆى بە سەر رێبازە ئەدەبییە باوەکاندا دەسەپێنێت و پانتاییەکانیان بەرفرەوان دەکات و دەرگاکانیان بەرەو زیندەگى دەکاتەوە، بەو مانایەش رێبازى ئەدەبى ئەو کاتە دەبێتە جێگاى گفتوگۆ و دانوستاندنى فرە رەهەند و بە سوود، کە بشێ لە بەرژەوەندى پێکهاتە هونەرییەکاندا خۆى بنوێنێ، بە دیوەکەى دیکەشی دەمەوێ بڵێم هەموو رێبازێکى داهێنەرانە تواناى ئیزافەکردن و نوێکردنەوەى هەیە، هەر تەنها لە سنورى دووبارەکردنەوە و لاسایکردنەوەدا گیر ناخوات.

 رێبازى کلاسیک classicisme وەک یەکەمین رێبازى ئەدەبى، بە شێوەیەکى گشتى پشت بە کەلەپورى ئەدەبى و هونەرى (رۆمانى و گریکى) کۆن دەبەستێت، ئەو رێبازە بۆ سەدەى شانزەهەم دەگەڕێتەوە و دواى بزوتنەوەى زانستى و رێنیسانسى ئەدەبى ساڵانى (1515ز-1610ز) لە ئەوروپا برەوى سەندووە.هەندێ لە رەخنەگران بنچینە هونەرییەکانى ئەو ئەدەبە لە دراما و تراجیدیادا دەبیننەوە، بۆیە یاسا و رێسا و خەسڵەتەکانى بە (ئەرستۆ 384-322) یۆنانى و قەسیدەکەى شاعیرى رۆمانى (هۆراس) دەبەستنەوە.بێگومان کلاسیک بە زۆر مانا بە کار هاتووە، وەکو ئەدەبى کۆن، ئەدەبى خوێندەوارى بەرز، ئەدەبێک داهێنانى تێدا بێت، ئەدەبێک بێتە هۆى لاسایى کردنەوە، ئەدەبێک بێتە قوتابخانە..بەو مانایەش زاراوەى کلاسیک زاراوەیەکى کراوەیە، نووسەرى لاتینى (ئۆلۆس گیلیۆس) یەکەم کەس بوو، کە لە سەدەى دووەمى زایینى ئەو زاراوەیەى بە دژى ئەدەبى (شەعبى/ ئەدەبى زارەکى) بە کار هێناوە..لێرەوە رەنگە بتوانین بڵێین ئەدەبى کلاسیک سەرەڕاى بڵاوبوونەوەى وەک ئەدەبێکى بە (ساڵاچوو) کەچى ناشێ لە کات و شوێنى دیاریکراو و کۆمەڵێک تایبەتمەندى دیاریکراو بەندى بکەین، چونکە بەشێکى زۆرى ئەدەبى کلاسیک هەموو ئەو بەرهەمە ئیبداعى و جوانانە دەگرێتەوە، کە وێڕاى ئەوەى ساڵانێکى درێژیان بەسەردا تێپەڕیووە، کەچى ئێستایشى لەگەڵدا بێت خوێنەرانێکى زۆریان لە دەورى خۆیان کۆ کردۆتەوە.بەڵام لەبەر ئەوەى ئەدەبى کلاسیک دژ بە ئەدەبى شەعبى هاتۆتە ناوەوە، یان لەبەر ئەوەى دژ بە سیستم و ئاکار و نۆرم و پێوانە باوەکان کارى کردووە، بۆیە جوانى ئەو ئەدەبە بە چینى باڵا و ئەرستۆکراتەوە لکێنراوە!

ئەرستۆ عەقڵ وەک بنەما و پێوانەى فەلسەفەى جوانیى ئەدەب بەرجەستە دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە ئەوە عەقڵ و رۆشنبیرییە، پەیامى کۆمەڵایەتى ئەدیب و شاعیر دیارى دەکات و خۆشى و سوود یەک دەخات، هەر بەو مانایەش ئەرستۆ پێیوایە ئەدەب بۆ هەمووان نییە، بەڵکو بۆ دەستەیەکى دیاریکراوى رۆشنبیرە، تەنها ئەو دەستەیەیە لە هونەر و جوانى شیعر دەگەن، لەو خاڵەوە رەخنەگران، ئەدەبى کلاسیک بە دژى ئەدەبى شەعبى ناو دەبەن.بایەخى ئەو خاڵەش راستەوخۆ پەیوەستە بە گرنگیدانى ئەرستۆ بە فۆرم و شێواز لە لایەک و روونى و جوانى و گوزارشتکردن لەلایەکى دیکەوە..جگە لەوەش هەمیشە ئەرستۆ جەختى لە سوودى ئەدەب و هونەر کردۆتەوە، سوودى ئەدەب و هونەریش لاى ئەرستۆ ئەوەیە، کە چێژ و خۆشیمان پێببەخشێت! بە بڕواى ئەرستۆ هەموو ئەوانەش لە رێگاى فێربوون و پیشەکارییەوە دێتە دى، فێربوون و پیشەکاریش پشت بە ئیلهام و بەهرە دەبەستێت.

 بە کورتى دەتوانین بڵێین ئەدەبى کلاسیک، لە دید و تێڕوانینى ئەدەبى گریکییەوە هەڵقوڵاوە، بە دژى ئەدەبى شەعبى و کۆى وێناکردن و دابونەریت و ئاکارە باوەکان دەوەستێ و بە دەستەیەکى دیاریکراوە دەلکێت..وەک دەزانین ئەدەبى یۆنانى بە هەموو ژانرەکانییەوە هەر لە رەخنەى ئەدەبى و ئەفسانەوە تا دەگاتە شیعر و شانۆوە بە (پەیگانیزم) بتپەرستییەوە بەندە، کەواتە ئەدەبى کلاسیک سەر بە پەیگانیزمى یونانییە، دواتر رۆمانییەکان دێن و هەموو ئەو بەها ئەدەبییانە لە یۆنانییەکانەوە وەردەگرن.دەمەوێ لە کۆى ئەو قسانەوە بڵێم ئەرستۆ وەک چۆن بە دامەزرێنەرى بنەماکانى تیۆرى ژانرە ئەدەبیەکان ناسراوە، بە هەمان شێوە بە دامەزرێنەرى ئەدەبى کلاسیکیش دەژمێردرێت، بە دیوەکەى دیکەش ئەدەبى کلاسیک لەبەر ئەوەى بە ئەدەبى چین و دەستەیەک دادەنرێت، کە دژى کۆ و دابونەریت و نۆرمە باوەکان وەستاوە، بۆیە دەشێ وەک ئەدەبێکى نەفرەتلێکراو تەماشاى بکەین.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن 15 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 29 November 2013

هایپەر تێکست Hypertexte

دەشێ بەشێکى زۆرى سەدەى بیستەم کە بە سەدەى دەق ناو دەبرێت، لە ژێر چەمکێکى فرە لایەنتر بە ناوى "کارلێکردنى دەقى" یان "دەقئاوێزانى"دا کۆ بکەینەوە، بەڵام دواى کۆمەڵێک هەوڵى جیاواز لە بوارەکانى تەکنۆلۆژیا و سیبرنتیکا (Cybernetics) و فرە میدیایى (Multimédia) و ناوەندە چالاکەکانى دیکە (cmc) و داهێنانە خەیاڵى و فۆرمە بینراوەکانى دیکەى مرۆڤایەتى و تەئویلە جیاوازەکان. . چەمکێکى نوێ بە ناوى (هایپەر تێکست: النێ المترابگ)، یان دەقى (دیجیتاڵى). . هاتە ناوەوە. هایپەر تێکست ئەو داهێنانە ئاوێتەیەیە، کە لە رێگاى کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەوە فەزایەکى گەورە لە زانیارى و خەیاڵ و بینراو بەرجەستە دەکات.

ئەگەرچى (هایپەر تێکست) هەڵگرى بونیادێکى کلاسیکیانەیە، بەڵام بەدیوەکەى دیکە بونیادێکى ئیبداعى سیستماتیزەکراوە و زانیارییە جێگیرەکانى دەق لە ئاستێکى بەرزى ئەدەبى و ئیستێتیکى لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە ((software پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەش دەشێ بڵێین (وێب-web) لە سەر ئاستى گەردوون (هایپەر تێکست)ە. بەڵام لە بەرانبەر تەئویلکردنى هایپەر تێکست دەبێ خوێنەر یان وەرگر خاوەنى میمێکسێکى (Memex) بەرفرەوان بێت، یان بە مانایەکى دیکە بۆ تێگەیشتن لە هایپەر تێکست لە لایەک پێویستە کراوە بین و لەلایەکى دیکە خاوەن میمۆرییەکى بەرفرەوان بین. کەواتە هایپەر تێکست داهێنانێکى بەرفرەوان و ئاوێتەخواز و کراوەیە، لە سەر ئاستى خەیاڵ هیچ سنوردانانێک بە رەوا نابینێ، وەک چۆن لە سەر ئاستى کەڵەکەکردنى زانیارى، دووچارى نێودژى و لەناوچوون نابێتەوە.

وەک دەزانین پێشتر پێکهاتەى تیۆرى دەق لە سەر سێ لایەن وەستا بوو: نوسەر، دەق، خوێنەر. بەڵام هایپەر تێکست فرە لایەنە و دەکەوێتە سەر: داهێنەر، هایپەر تێکست، کۆمپیوتەر، وەرگر. لە هایپەر تێکستدا کۆمپیوتەر ئامادەیەکى بنەڕەتى هەیە و شوێنگەیەکى جەوهەرى لە هاوسەنگکردنى بەرهەم و وەرگر وازى دەکات، تا ئەو سنورەى کە بەبێ ئەو مەحاڵە بتوانین قسە لە هایپەر تێکست بکەین، چونکە وەک چۆن ئامرازى بەرهەمهێنانە، لە هەمان کاتیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە خوێنەر. لێرەدا کۆمپیوتەر هەر تەنها دەرکەوتنى شێوازێکى نوێى ئیبداعى نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنى جۆرێکى نوێى پسپۆریشە کە بە هۆکارەکانى وەڵامدانەوە ناو دەبرێت.

دەمەوێ بڵێم ئامرازى کۆمپیوتەر دەقێکى دیجیتالى بەرهەمهێناوە، بەڵام دەقى دیحیتاڵى لەخۆوە دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمى بەرەوپێشچوونى عەقڵى ئەلکترۆنى و فرە میدیاییە، بەو مانایەش بۆ گفتوگۆکردن لە دەقى دیجیتاڵى ناشێ بە مانا تەقلیدییکە قسە لە نوسەر بکەین، بەڵکو دەبێ لە چەمکى داهێنەر بگەین، یان لەو هێزە کراوەیە بگەین، کە لە رێگاى پرۆگرامەکانى عەقڵى ئەلکترۆنییەوە دەتوانێ سەرەڕاى زیادکردنى وێنە و ئایکۆن و هێلکارى، بە ئارەزووى خۆى دەستکارى دەق و پاش وپێشخستن و رەشکردنەوەى دەق بکات. لە دەرئەنجامى هەموو ئەوانەشەوە وەک گوتمان بە شێوەیەکى دیکەى پێکهاتەى دەق دەگەین، کە لە داهێنەر، کۆمپیوتەر، ئەدەبى ئاوێتەیى (interactional) پێکهاتووە. بەو مانایەش وەک چۆن دەق بەبێ خوێنەر بوونى نییە، قسەکردنیش لە هایپەر تێکست بەبێ بیرکردنەوە لە کۆمپیوتەر شکست دەهێنێ، واتە بەبێ بەرجەستە کردنى فۆرمەکانى تەعبیرکردن و فۆرمەکانى کۆمینیکەیشن (Communiction) هەرگیز بەیەکگەیشتن (continuity) دروست نابێت، کەواتە دەشێ کۆمپیوتەر بە ئامرازە ئینتەرئەکتیڤەکان (interactive) ناو بەرین.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ژارگۆن ١٤ ... عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 23 November 2013

له‌و رۆژه‌وه‌ رۆیشتووه‌ تۆراوه‌ دڵی من

هه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌ڕێم بی سه‌ر و شوێن ماوه‌ دڵی من

ئاخۆ به‌ چ شاخێكه‌وه‌ گیرساوه‌ دڵی من؟!

یاخۆ به‌ چ داخێكه‌وه‌ سووتاوه‌ دڵی من؟!

بێخود

ره‌گه‌زی مێینه‌ی وشه‌

جوانی وێنه‌ی شیعری

له‌ كاری هونه‌رییدا ریتم ده‌كه‌وێته‌ پێش وشه‌وه‌، ریتم هێزی بنه‌ڕه‌تی شیعر و وزه‌ی كێشكردنی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، خودی ئه‌و وێناكردنه‌ له‌ سرووشت و ژیانی ده‌روونی وه‌رگیراوه‌، بۆ نموونه‌ (فۆلكلۆر ستایشی ریتمه‌كان ده‌خاته‌ پێش وشه‌ و ناوه‌ڕۆك) . . فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی"هیگل" پێیوایه‌ ره‌گه‌زی یه‌كه‌می هه‌موو هونه‌رێك ریتمی مۆزیكییه‌.

به‌كارهێنانی (وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ی رووت) ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكانی سیستمی زمان بی گیان و رۆح بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌كه‌وتۆته‌ نێو نوێبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانه‌ به‌رده‌وامه‌كانی زمانه‌وه‌! (فردینان دو سوسێرFerdinand de Saussure 1857-1913) ده‌ڵێت: زمان (Langue) سیستمێكه‌ یان تۆڕێكه‌ له‌ ئاماژه‌ و رێسایه‌ك (grammar) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانین زمانی شیعری ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكان و (بیرهێنانه‌وه‌) و (خه‌یاڵ) به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ یاسا و رێساكانی زمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویستی داهێنه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌دا خه‌ونی نوێبوونه‌وه‌ی زمان و ته‌جاوزكردن و تێكشكانی یاسا و رێسا باوه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی داهێنه‌ردایه‌.

 له‌ شیعردا (وشه‌) هه‌م یاده‌وه‌ری (memory) ده‌وڕوژێنی و بوار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازاد خۆش ده‌كات، هه‌م ته‌جاوزی واقیع ده‌كات و به‌ره‌و داهاتوو ده‌چی؟! به‌ڵام وشه‌ كاتێك رۆڵی یاده‌وه‌ری ده‌بینی، كه‌ سیستمی زمان له‌ دووتوێی خۆیدا (مێی) بكات و ته‌واوی خه‌سڵه‌ته‌كانی مێینه‌یی، واته‌ ریتمی مێینه‌ی به‌ هه‌موو ماناكانه‌وه‌ پێببه‌خشێت، نه‌ك هه‌ر هێنده‌ به‌ڵكو ئه‌خلاق و شێوه‌ی مێیانه‌شی پێببه‌خشێت. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌شدا (وشه‌ كاتێك وه‌ك مێیه‌ك) ته‌جاوزی باو ده‌كات و ئازادی خۆی پراكتیزه‌ ده‌كات كه‌ خه‌یاڵی ئازاد رابه‌رایه‌تی بكات!

ده‌ق ده‌كه‌وێته‌ نێو سیستمی زمانه‌وه‌. وشه‌ له‌نێو سیستمی زمان بڕوابوون به‌خۆی له‌ ده‌ستده‌دا و ئه‌خلاقی وشه‌ له‌نێو سیستمی زمان سه‌ره‌وژێر ده‌بێت. به‌و مانایه‌ وشه‌ هه‌میشه‌ له‌ ده‌قدا وه‌ك ره‌گه‌ز مێیه‌. . ئه‌وه‌ ده‌قه‌!! كه‌واته‌ وشه‌ له‌ ده‌قدا به‌ته‌واوی ده‌كه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی فاشیانه‌ی زمانه‌وه‌، ئیتر له‌وێوه‌ داهێنان له‌نێو زیندانی زمان (جێگیر/دیل) ده‌بێت، ئه‌و جێگیربوونه‌ له‌ نێو ده‌قدا (به‌بیرهێنانه‌وه‌) رابه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌و مانایه‌ش هه‌موو به‌بیرهێنانه‌وه‌ییه‌ك جۆرێكه‌ له‌ جێگیر بوون، هه‌موو جێگیربوونێكیش جۆرێكه‌ له‌ دیلبوون؟! به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر (دیل/جێگیربوونی به‌بیرهێنانه‌وه‌) خه‌یاڵ و به‌كارهێنانی تایبه‌تییانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان هه‌یه‌، به‌ مانایه‌كی دیكه‌ چه‌مكی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاسا و رێساكانی زمان به‌رده‌وام وه‌ستاوه‌. چه‌مكی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ به‌رده‌وام ته‌جاوزی واقیعی زمان ده‌كات و به‌ هۆی خه‌یاڵه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو ده‌نی، ئه‌و به‌كارهێنانه‌ (یاسا و رێساكان ته‌جاوز ده‌كات) ده‌سه‌ڵاتێكی فیكری و ئیستێتیكی هه‌یه‌، ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌یه‌. لێره‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێین داهێنان هه‌میشه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ زمان و له‌سه‌ر دوالیزمیه‌تی دووباره‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ی به‌رده‌وام راده‌بێته‌وه‌، یان له‌ پله‌ی سفری نووسین وه‌ستاوه‌، به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ زمان له‌ داهێناندا له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كی بی كۆتایی له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دال ده‌ژیت!! به‌ كورتی هه‌میشه‌ زمانی شیعری ئه‌و زمانه‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵ رابه‌رایه‌تی ده‌كات، به‌بیرهێنانه‌وه‌ جێگیری ده‌كات!! بۆیه‌ هه‌میشه‌ پێویسته‌ بڕوامان به‌ پله‌ی سفری نووسین هه‌بێت.

 كه‌واته‌ داهێنان به‌رهه‌می هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌، هه‌میشه‌ داهێنان به‌رهه‌می ئه‌وه‌ی كه‌ رابردوومان بیر ده‌خاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌و داهاتوومان ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی داهێنان هه‌ر ته‌نها به‌ داهێنه‌ره‌وه‌ به‌ند نییه‌، به‌ڵكو له‌ به‌شداری ئه‌ویدیكه‌ی (خوێنه‌ر/وه‌رگر) ه‌وه‌ به‌ ئاكام ده‌گات. ده‌سه‌ڵاتی داهێنان راسته‌وخۆ له‌ به‌شداری خوێنه‌ری هوشیار و ئاسته‌ به‌رزه‌كانی خوێندنه‌وه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵی. داهێنان بی به‌شداری خوێنه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر بوونی ده‌كه‌وێته‌ له‌رزه‌وه‌. به‌ دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش داهێنان له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌و ره‌خنه‌وه‌ سنووره‌كانی دیاری ناكرێت، به‌ڵكو سنووره‌كانی به‌رفره‌وانتر و ئازادتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سرووشتی مێینه‌ی وشه‌، كه‌ جوله‌ی خۆی له‌میانی جوله‌ی فیكر و ئیستێتیكاوه‌، سه‌ركێشانه‌ راده‌گه‌یه‌نێت.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

حەمە عەباس لە نێوان شیعر و سێبەردا ... عەبدوڵموتەڵیب عەبدوڵڵا

عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا 15 November 2013

لەبەر چریكەی جەنگی بێدەنگی كۆترەكان

خۆمان ڕووت ڕووت دەكەینەوە

رووت ڕووت و قووت

هه‌قیقه‌ت بە ڕووتییەوە جوانە

'ئێمە لە زەمەنێكدا دەژین كە بە مانا "پرۆست"ـییەكەی ون بووە. ئێمە لە چاوەڕوانی زەمەنێكداین كە بە مانا "بیكت"ـیەكەی قابیلی چاوەڕوانی نییە"، هەڵبەتە بەشێكی بەرفرەوان لە هێزی ئەو دوو ڕستەیە، دەشێ لەوێوە لە خەیاڵ و شیعرەوە نزیك بێتەوە، كە دەكەوێتە دەرەوەی ئه‌قڵ و واقیعی باو، دەكەوێتە بێدەنگی و بۆشاییەوە، بێگومان لەو دیو ئه‌قڵ و واقیع، گوتارێك بۆ هه‌قیقه‌تبوونی نییە، جگە لە زمانی خەیاڵ و زمانی جوانی نەبێت، لە هەر كوێ، ئەو دیوو واقیع ئامادە بێت، خەیاڵیش ئامادەیە، لە هەر كوێ بێدەنگی و بۆشایی ئامادە بێت شیعر و جوانی ئامادەیە. كەواتە ئەگەر خەیاڵ لە واقیع جیاواز بێت و شیعریش لە ڕێگای ئەو جیاوازییەوە، لە ڕێگای بێدەنگی و بۆشاییەوە پەیوەندی بە خەیاڵەوە بكات، ئەوە دەتوانین بڵێین هەرچەندە ماوەی نێوان نوسەری ئەدەبی و خەیاڵ كەمتر بێتەوە، ئەوەندە ڕووبەری داهێنان بەرفرەوانتر دەبێت. وەك دیارە ئەو هەڵگرتنەوەیە ڕاستەوخۆ لە دەستەواژە بەناوبانگەكەی (نیفەری)ـیەوە وەرگیراوە كە دەڵێت: تا مەودای ڕوانین بەرفرەوانتر بێت، ڕووبەری گوزارشت، بەرتەسك دەبێتەوە.

 

كۆمەڵە شیعری (سێبەری خۆتم لێ حەرام مەكە)یه‌که‌ی (حەمە عەباس) كە لە (63) ناونیشانی شیعری پێك هاتووە، لە ڕووی ئاماژه‌ (دەلالەت)ەوە باسی هەست و سۆزی یاخییه‌ک دەكات، بەڵام یاخیبوونێك كە زێتر خۆی لە (ئاشكراكردنی) شتە ماددی و مەعنەوییەكاندا دەبینێتەوە، نەك لە (بەرجەستەكردنی) دەنگە دەنگێك، كە هەمیشە لە ماناكانەوە خۆی (بەرجەستە) دەكات و دەسەڵاتی خۆی لە مانا زاڵەكانەوە دەنوێنێ! یاخیبوونێك، كە لە ڕێگای نووسینەوەی سێبەری بێدەنگی خۆی هەڵدەگرێتەوە، نەك لە ڕێگای ئەو دەسەڵات و فەزا داخراوەی كە ماددیەتی دەنگە دەنگ بۆخۆی دەیسازێنێت! ڕاستە گەلێكجار سێبەر و بێدەنگی، سێبەر و خەیاڵ دەبێتە كۆیلەی دەنگ، بەڵام نووسینەوەی سێبەر و بێدەنگییەكیش هەیە، كە ڕووخسارە مەزنەكەی خۆی لە نێرگزییەتە كراوەكەیدا هەڵدەگرێتەوە، ئەو سێبەر و بێدەنگییە، ئەو خەیاڵە ئەگەرچی لە بەرامبەر دەنگ و ماددیەتی دەنگ، كە دیار و كەشفكراوە، پێویستی بە دۆزینه‌وه‌ هەیە، بەڵام هەمیشە لە ناوەوە و لە خوێندنەوەی داهێنەرانەدا دەبێتە شوێنی وڕووژان. دەمەوێت بڵێم (حەمە عەباس) هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕێگای نووسینەوەی سێبەر و بێدەنگی، لە ڕێگای سێبەر و خەیاڵ، پارێزگاری لە خۆی بكات! بەڵام ڕەنگە پرسیاری سەرەكی خوێنەر ڕاستەوخۆ بكەوێتە نێوان شیعرییەت و ئاگاییەوە، یان بە مانایەكی دیكە ئەوە بێت: ئایا لە (نووسینەوەی سێبەر و بێدەنگی/ سێبەر و خەیاڵ) خود هەمیشە ئامادەیە/ گوتن هەمیشە ڕووداوە؟!

 

بە بڕوای من ئەگەر (خۆیه‌کی ئامادە) لە نووسینەوەی سێبەر و بێدەنگیدا توانای بەرهەمهێنانی ئاگاییی هەبێ، ئەوە، ئەو ئاگاییە لە ساتەوەختی خوێندنەوەدا بە نێوماندا درێژ دەبێتەوە و خۆی زیاد لە ڕوویەك (دەروونی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، تیۆلۆژی و هتد) دەنەخشێنێت. بەڵام ئەگەر (خۆیه‌کی ئامادە)، وزەی بەرهەمهێنانی شیعرییەتی لە خۆدا هەڵگرتبێ، ئەوە وەك جۆرێك لە خۆڕووتكردنەوە بەرجەستە دەبێت، شیعریش ناكەوێتە دەرەوەی خۆڕووتكردنەوەوە.

 

كەواتە نووسینەوەی سێبەر و بێدەنگی هەمیشە لە دووتوێی خۆیدا ناکۆکییه‌کی داپۆشراوی هەڵگرتووە. بۆیە وەك ڕووداو، هەمیشە كراوە و چالاکه‌ و نكۆڵی لە هەمووان دەكات، بەڵام وەك ئاگایی دەشێ نكۆڵیلێكراو بێت! که‌واته‌ نووسینەوەی سێبەر و خەیاڵ نكۆڵیكردنە لەو دەم قەڵەباڵغییەی كە لە تۆتۆلۆژیی دەنگەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر لەوێیشەوە تۆتۆلۆژیای دەسەڵاتی ماددیانەی دەنگ پێمان ده‌ڵێت:

 

ــ ئەوەی كە دەگوترێت، گرنگ نییە، ئەوەی كە دەشێ بگوترێت و (دەسەڵات) بە هەموو ماناكانیەوە ده‌یقرتێنێت (سانسۆری دەكات)، ئەو، گرینگە! هەر لەوێیشەوە هیراركیەتی سێبەر و بێدەنگی، هیراركیەتی سێبەر و خەیاڵ، دەسەڵاتی ڕەهای دەنگ و دەنگدانەوە دەبڕێت و جیاوازییەكانی خۆی وەك (ڕووداو) دادەمەزرێنێت.

 

بەڵام شیعر هەر نووسینەوەی ڕووداو و بەرجەستەكردنی ئاگایی نییە، بەڵكو جگە لەوەیش گفتوگۆی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤ و دنیا و سەردەمەكەی خۆی،

دانوستاندنی شاعیر لەگەڵ بێهودەیی. من لە خوێندنەوەی ئەو كۆمەڵەشیعرەدا هەوڵ دەدەم هێڵێك بە ژێر (دانوستانی شاعیر و بێهودەیی)ـدا بهێنم، چونكە بە بڕوای من ئەوەی لە كۆی ئەو كۆمەڵەشیعرەدا دەبینرێت، زێتر دانوستاندنی شاعیر و بێهودەییە، ئەو دانوستانه‌یش لە كۆمەڵە شیعری (سێبەری خۆتم لێ حەرام مەكە) لە دوو تەوەرەدا خۆی دەبینێتەوە، یان بە مانایەكی دیكە دەشێ بڵێین ئەو كۆمەڵەشیعرە لەسەر دوو بنەما وەستاوە: یەكەمیان، لە كۆی ئەو شیعرانەدا دەبینرێت، كە تێیدا شێوازی گوتن كاڵ دەكەوێتەوە و یەكیەتیی بابەت ور‌ووژێنەر خۆی دەنوێنێ، ئەوانەیش زۆربەی شیعرەكانی كۆمەڵەی یەكەم لە شیعری یەكەم ل3 هەتا شیعری كۆتایی ل167 دەگرێتەوە، جگە لە چەند چامه‌ (قەسیدە)یەكی جیاواز نەبێ لەوانیش: پەراوێزەكانی شەڕ، ڕەنگی ئێوارە، سێو، هەڵەبجە، ئێرە باشترین جێگایە بۆ چاوەڕوانی. بەڵام لە تەوەرەی دووەمیاندا، دەبینین شێواز توندە و زۆرترین پانتاییش بە یەكیەتیی بابەت دراوە! ئەو قسەیەمان كۆی ئەو شیعرانە دەگرێتەوە (زمان، ئاسمان، مرۆڤ، گۆرانییەكیش بۆ مردن) كە لە ل169ـه‌وه‌ دەست پێ دەكات، تا شیعری مۆری و مەرجان ل 194 درێژ دەبێتەوە.

 

بەڵام ئەگەر لە زۆربەی زۆری كۆمەڵە شیعری (سێبەری خۆتم لێ حەرام مەكە) كاڵی شێواز و یەكیەتیی بابەتی ورووژاو خوێنەر بخاتە سەر جۆرێك لە ئاراستەكردن و تێڕامان، ئەوە لە (زمان، ئاسمان، مرۆڤ، گۆرانییەكیش بۆ مردن) توندی شێواز و بەرفرەوانی بابەت، خوێنەر دوچاری نائارامی و پووچی دەكات، لە یەكەمدا چەمكی یاخیبوون خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە و نكۆڵیكردندا هەڵدەگرێتەوە، بەڵام لە دووەمیاندا شاعیر ڕایدەگەیەنێت ئیتر ئەوە دنیایە، نائومێدی كردووە. بە مانایەكی دیكە ئەگەر لە كۆی شیعرەكانی (سێبەری خۆتم لێ حەرام مەكە)دا خوێنەر بكەوێتە دووتوێی هەست و سۆز و یادەوەری، ئەوە لە بەشی (زمان، ئاسمان، مرۆڤ، گۆرانیەكیش بۆ مردن) دەكەوینە دنیای مرۆڤە بێ یادەوەرییەكان؟!

مرۆڤ هەندێجار جوانە

وەك ڕووبار و

پەڕەسێلكە و

بەهەشت

هەندێجاریش. نا

من هەمیشە لە كەمیندام

من ڕاوچیم

من. . !

بە كورتی (حەمە عەباس)ی شاعیر بەبێ هیچ چوارچێوەیەك ئەزموونی تاكەكەسی خۆی دەنووسێتەوە و هەنگاو بەرەو بیرۆكەكانی دەنێت و لە ژێر سێبەری وشەكان و لە نێو خەیاڵدا دەیەوێ پشوو بدات و دنیای خەون و یادەوەرییەكانی بە ئەوی دیكەی خوێنەر ڕابگەیێنێت.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

  1. ژارگۆن 10 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
  2. ژارگۆن 8 ... عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
  3. چه‌مكی "بونیادی شاراوه‌"ی نه‌جات حه‌مید ..له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی فینۆمینۆلۆجیانه‌دا ...عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
  4. ژارگۆن ٢٢ ... عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Page 1 of 3

  • 1
  • 2
  • 3
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 382 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە