سەقفی ئازادی ...سەباح تاهير
ئێمە لەکوردستان سەدان ساڵە کوشتەی دەستی سەرکوتکردنین لەلایەن داگیرکەرانی ووڵاتەکەمان، سەدان پیلان و رەفتاری فاشییانەیان دژ بە ئێمە بەڕێوەبردوە بۆ ئەوەی لە ئازادیەکان بێبەشمان بکەن.سەرشۆڕو ملکەچمان کەن لەبەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەرانەو دڕندانەیان.لەپێناوی ئازادی میللەتی کورد سەدان هەزار قوربانی داوەو دەیدات، سەدەی بیست و یەکە هێشتا کوردانی رۆژهەڵات لە پێناو ئازادی بەداروەدەکرێن، لە باکور بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا شەڕی کورد دەکرێت لە رۆژئاوا دوای دەیان سا ڵ لە حاشاکردن لەبوون، ئێستا رۆژانە لە پیلانگێڕی دان بۆ بیانوو هێنانەوە بۆ کوشت و بڕیان، لەئارامترین شوێنی دونیا کە ئەوروپایە بۆ کورد ئارام نییە، ببینە چەندین سەرکردە لەوێدا تیرۆرکران قاسملۆ، شەرەفکەنی، ساکینەو هاوڕێکانی...هتد.
لە هەرێمی کوردستان دوای قوربانیدانێکی بێوێنە لەمێژوو، بەشێکی لە ڕێگای راپەڕینێکی جەماوەری لە راپەڕینە شکۆدارەکەی بەهاری ١٩٩١ ئازادکراو دەسەڵاتێکی خۆماڵی تێدا زیاتر لەدوو دەیە دەستبەکاربوە، بەشەکەی تریش هەرچەندە دەسەڵاتی بەغدا بەسەریدا زاڵ نەبوە بەهۆی بوونی هێزی پێشمەرگە لەم ناوچانەو بارودۆخی شڕی دەسەڵاتی بەغدا لەدوای نیسانی٢٠٠٣ەوە، سەرەڕای ئەوەش بەدەیان پیلانی جۆراوجۆر، کورد تیرۆر دەکرێت ناچار بەراگواستن دەکرێت لەسەر زێدی خۆی هەمان سیاسەتی رابردووە بەڵام بەبەرگێکیتر هەمان ئامانجە بەناوێکیتر کە قڕکردن و داگیرکردنی خاکی کوردستانە.
لەهەرێمی کوردستان لەبەر ئەم هەموو هۆکارانە، دەبێت لەئازادی گەلەکەمان نەترسین بەڵکو هەرچی ئازادی هەیە بۆ گەلەکەمان فەراهەمی بکەین.سەقفی ئازادی تا ئەو رادەیە بێت تاکی کوردی پێویست بە سەرنزمکردن نەکات، تاکو کەسێکی ئازاد بەرهەم بێت، چونکە لەکاتێکدا ئەگەر سەقفی ئازادی لە هەرێمدا بای ئەوەندە نەبێت تاک بەسەربەستی مامەڵە بکات یا بەواتایەکیتر پێویست بە نوشتانەوەو ملکەچکردن بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەوەی جارێک فێری خۆنوشتاندنەوەو ملشۆڕکردن بێت قابیلی ئەوەیە جارێکیتر وجارێکیتر هەمان ملکەچی دوبارە بکاتەوە.
ئێمە ئەزمونمان زۆرە لەو بارەوە سەیرکەن ئەوانەی لەسەردەمی بەعس ملکەچ و سەرشۆڕی دەستی رژێم بوون هەمیشە ئەوانە ئامادەییان تێدایە خزمەت بەدەسەڵاتی بێگانە بکەن .بۆیە سیاسەتی ملکەچی پێکردن سیاسەتی دوژمن و داگیرکەرانە نەک دەسەڵاتی خۆماڵی.لەبەر ئەوە دەبێت هیچ جورە ئازادییەک لەلایەن دەسەڵاتی خۆماڵی بەزیادەڕۆیی دانەنرێت.سەرجەم حیزبە سیاسیەکان بەدەسەڵات و ئۆپزیسیۆنەوە کار لەسەر تەواوی پرنسیپەکانی دیموکراسی بکەن.سەردەمی کاریزما بەسەرچوو، قائیدی زەروورە باوی نەما، جگەلەوەی مێژوو سەلماندی بە ئەزمونەکانی ناوچەکەشمانەوە کە چەندین ساڵە بەبیانووی قائیدی زەروورە، حوکمڕانی ووڵاتەکانیان دەکرد، ئەوەتا دەرکەوت جگە لەدرۆیەکی شاخدارو دەسەڵاتێکی گەندەڵ هیچیتر نەبوون.
بۆیە دەبێت لەووڵات هەزاران ئەلتەرناتیف هەبێت بۆ سەرۆکایەتی ووڵات.لەناو حیزب هەرچی ئەندامی حیزب هەیە پاڵێوراو بێت بۆ سەرکردایەتی و سەرۆکی حزب.ئای کە سوکایەتیەکی گەورەیە بڵێیت لە ووڵاتێک تەنها کەسێک دەتوانێت ووڵات بەڕێوە ببات یاخود حزبێک .ئەوە سوکایەتیە بەمیللەت سوکایەتییە بەئەندامانی حزب بەر لەوانیتر.دەباشە ئەگەر چارەنووسی میللەتێک بەند بێت بەتاقە کەسێک کێ دەتوانێت گەرەنتی پاراستنی ژیانی بکات لەنێو ئەو هەموو دوژمن و ناحەزەی ریز دەکرێت، گریمان لەدوژمن پارێزرا هەمووشمان بووین بەقەلغان بۆ پاراستنی، ئەی بۆ مردن و تەمەن چی...
راستیەک هەیە دەبێت سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە بیزانێت، جا ئەو تاکە ئینتمای بۆ حزبێکی ئۆپزیسیۆن بێت یا بۆ حزبێکی لەدەسەڵات تەنانەت بێلایەنەکانیش، هەر حزبێک لەناو خودی خۆیدا باوەڕی بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات نەبێت، گومانی تێدانییە باوەڕی بەدەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات نابێت.هەر بانگەشەیەکی لەمجۆرەش تەنها کەباس لەدیموکراسی وعەدالەت و شتی لەو بابەتە بکات رووکەش و چاوبەستەکیە، چونکە ئەو خۆی پێناسەی خۆی بەیانکردوە.جگە لەخۆی کەمامۆستاو باوک وسەرکردەیە ئەوانیتر بەنەزان و گومانلێکراوو ...هتد دەزانێت
گومانی تێدایە نییە بگاتە دەسەڵات هەمان رەفتار دوبارە دەکاتەوە، ئەو جگە لەم سیناریۆیە هیچیتر نازانێت و باوەڕی بەهیچیتر نییە، چونکە ئەو گومانی لەهەموو شتێک و هەموو کەسێکە جگە لەخۆی...
سەباح تاهير
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
