ئاکەپە، قەندیل ئاشت ناکاتەوه ...‌سەباح تاھیر

ئاکەپە، قەندیل ئاشت   ناکاتەوه ...‌سەباح تاھیر

‌ھێشتا زووە باس لەگۆڕانی گوتاری تورکیا بکرێت دەربارەی مەسەلەی کورد.ئەوەی لە تورکیا روودەدات وەرچەرخانە لە فۆرمی نەتەوەیی تۆرانی یە بۆ فۆرمێکی دیکە یان راستر گەڕانەوە بۆ فۆرمە کۆنەکەی خەلافەی عوسمانی، واتە ئاکەپە دەتوانرێت ناوبنرێن بە عوسمانیە تازەکان. ‌ئاکەپە کارێکی تری ماوە کەدەیەوێت بیکات لە تورکیا ئەویش گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی تورکیایە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لەبەرژەوەندی سەرۆکەکەی، ئەردۆگان. ‌بۆ ئەمەش پێویستی بەھێورکردنەوەیەک ھەیە لەگەڵ کوردەکان، زێدەڕۆیی دەکەین ئەگەر بڵێین ئەردۆگان تەنھا لەبەرئەوەی پێویستی بەدەنگی ئەندام پەرلەمانە کوردەکانە بۆیە، بابەتی ئیمڕالی ھێناوەتە سەر شانۆی سیاسی.نەخێر، بەڵکو ھاوکێشە سیاسیە تازەکانی ناوچەکەو، بەتایبەتی بارودۆخی سوریا مەترسی جیدی بۆسەر تورکیا دروستکردوە، بەدوور نازانرێت سوریا و ھاوپەیمانەکانی یاری بەکارتی کوردی بکەن، بگرە رەنگە ئەم کارتە لە تاکتیکیەوە بگۆڕێت بۆ ستراتیژ، چونکە گۆڕانی ھاوکێشەکە بەروخانی سوریا زۆر قوڕس دەکەوێت لەسەر رووسیا، چین، ئێران بەتایبەتی بۆ ئێران و روسیا، لەبەر ھێندێ پەکەکە تاقە چەکی بەھێزی ئەم بەرەیەیە بۆ گوشار خستنە سەر تورکیاو ھاوپەیمانەکانی یان دروستکردنەوەی ھاوکێشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان.کشانەوەی ھێزەکانی سوریا لە ھەندێک ناوچەی کوردستانی رۆژئاوا، ھەر تەنھا لەبەر ھۆکاری لاوازی سوپای سووری نەبوو یاخود فشاری خەڵک، بەڵکو بەشێکی بۆ نیشاندانی ئەو کارتە بوو لەلایەن بەشارو بەعس، بەڵێ وروژاندنی سوننە لەدژی دیمەشق بەرامبەرەکەی وروژاندنی کارتی کوردە کە تورکیا ھەستیارییەکی زۆری ھەیە بەرامبەر ئەم دۆسیەیە، بەھۆی بوونی رێژەیەکی زۆری کورد لە خوارووی رۆژھەڵاتی تورکیا واتە باکووری کوردستان.کەناوچەیەکی ستراتیژی ژیارییە بەنسبەت تورکیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و دونیای عەرەبی.تورکیا نەیشاردۆتەوەو ناشیشارێتەوە تاوەکو ئێستا دژی ھەر قەوارەیەکی کوردییە لەھەر شوێنێک تا ڕادەی ئەوەی ھەندێک سیاسی تورک دەڵێن تەنانەت ئەگەر لەسەر مانگیش بێت ئەم قەوارەیە.
‌بۆیە دەکرێت ئەم پێدراوانەی لەئیمڕالی ھاتۆتە ئارا ھەر بەشێک بێت لەو گەمەیە نێوخۆییەی تورکیا کەئاکەپە دەیکات، وە وەکو تورکیا دەیکەن لەناوچەکە.

‌ئەردۆگان لەدوا لێدوانی دا دوبارەی کردەوە کە رێگا نادەن باکورێکیتری کوردەکان بێتە ئاراوە لە شێوەی عێراق.لەمەشدا ھەم مەبەستی لە سوریا بوو کە کوردەکان بەنیازن کوردستانی رۆژئاوا وەک ھەرێمێک بناسێنن کە ئێستابەشی زۆری ئازادکراوە، ھەم پەیامێکیشە بۆ کوردانی باکوری کوردستان کەبیر لەشتی لەمجۆرە نەکەنەوە.ئاشکراشی دەکات کە تورکیاو میسرو سعودیە کۆکن لەسەر دروست نەبوونی پێشھاتێکی لەمجۆرە؟.
‌ئاکەپە دەیھەوێت کۆتایی بە گوتاری نەتەوەیی تورکی بێنێت لەجێی ئەم گوتارە گوتارێکی ئایینی جێگیر بکات، بەڵام ئەم گوتارە ھیچ لەدەستکەوتەکانی نەتەوەیی تورک کەمنەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا کۆتایی بەگوتاری نەتەوەیی کوردی بێنێت.
‌واتە ئاکەپە دەیھەوێت ھەم تا مەسەلە ناوخۆییەکانی تورکیا لەگۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی وە ھەموارکردنی دەستوور لەتورکیا ئەم بەرەیە ھێور کاتەوە ھەم ئەم بەڕەیەش لەبن پێی بەرەی رووسی ئێرانی سووری دەربێنێت، ھیچ نەبێت تاوەکو دوای رووخانی بەشار ئەسەد.کەواتە ئاکەپە قەندیل ئاشت ناکاتەوە، بەڵکو ئەوەی روودەدات تەنھا بەشێکە لەیارییەکان، بەڵام ئەوەش ئەوە ناگەیەنێت کە رووداوەکان بەرەو ئاقارێک بڕۆن خواردنەوەی پیاڵە ژەھرەکە ساناتر بێت لەچەشنی ژەھرەکەی ئیمام خومەینی کەناچار بوو شەڕ لەگەڵ سەدام و عێراق رابگرێت لە کۆتایی ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو....

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر