سەبارەت بەکورد و ئیسرائیل؟ ...‌سەباح تاھیر

سەبارەت بەکورد و ئیسرائیل؟ ...‌سەباح تاھیر

‌بۆچی کورد دژایەتی جولەکە (یەھودیەکان) ناکات بۆچی داوای سڕینەوەی دەوڵەتی ئیسرائیلی ناکات، کورد پێوەندی ھەیە لەگەڵ ئیسرائیل.ئەمە ئەو پرسیارانەیە ھەمیشە رووبەڕووی کورد دەکرێتەوە یا ڕاسترە بڵێین کوردی پێ تۆمەتبار دەکرێت؟ زۆرجاریش بۆ ئیحراجکردنی سیاسەتمەدارانی کورد ئەو پرسیارانە لە پرێس کۆنفرانسەکان رووبەڕوویان دەکرێتەوە.

‌جگە لەوەش بۆ ھاندانی بیری شۆڤینی عەرەبی و قین دژ بەکورد ئەم باسە دەوروژێنرێت.ئایا رەوایە عەرەب، تورک، فارس داوای سڕینەوەی ئیسرائیل بکات.ئەو پرسیارە بۆخۆیان جێدێلین، بەڵام بۆ کورد، کاتی ئەوە ھاتوە راشکاوانە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، لە جیاتی ئیحراجبوونی خۆی بەرامبەرەکانی ئیحراج بکات.

‌ئەوانەی گوایە رقیان لە ئیسرائیلە، ھۆکارەکەی بۆ داگیرکاری ئیسرائیل بۆ خاکی عەرەبی دەگێڕنەوە یاخود بەووتەی خۆیان بۆ ئەو قەسابخانانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ عەرەبەکانی ئەنجامداوە.سەبراو شاتیلاو غەزە بەنمونە دێننەوە، کەس نییە کوشتن و داگیرکاری بەڕەوا بزانێت، بەتایبەتی کورد کە قوربانی یەکەمە لەسەر گۆی زەوی.بەڵام ئەگەر کورد لەبری ئەو شتانە ڕق لە ئیسرائیلیەکان ھەڵگرێت لەپای داگیرکاری دەوڵەتی ئیسرائیل رەتکاتەوە، بەر لەھەموو شتێک دەبێت، رق لە قەسابەکانی دژ بەخۆی و داگیرکەرانی خاکەکەی بکاتەوە؛ ئایا ئەومافە بەکورد رادەبینن.

‌کورد ئەگەر ئەو رقەی ھەبێت ئەگەر ئەو گیانە تۆڵەی ھەبێت، دەبێت بەو نەتەوانەی ھەڵڕێژێت کە بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ قەتلوعامی کردوە.کام تاوان لە مێژووی مرۆڤایەتی دڵڕەقانەتر بوە لە ئەنفال و زیندەبەچاڵکردنی ھەشت ھەزار بارزانی و کۆکوژی و دەربەدەرکردنی کوردانی فەیلی؟ کام تاوان ھێندەی کیمیابارانی میللەتێکی ژێردەستە ھۆڤیانەترە.ئەرێ بۆمبارانکردنی ئۆردوگای زێوەی ئاوارەکانی کورد و کوشتنی ئەو ھەموو ژن و مناڵە ئاوارەیە چ جیاوازییەکی لەگەڵ سەبراو شاتیلا ھەیە.ئەرێ چ سیاسەتێک ھێندەی تەعریب و تەتریک و تەفریس دڕندانە بوە، نەتەوەیەک لە شوۆنێک بەجنۆکە ناوی ببرێت لە شوێنێکیتر تورکی شاخی نازنم چی لەجێگایەکیتر و لە سادەترین ماف بێبەشبکرێت کە مافی ژیانە تەنھا لەبەرئەوەی کوردە.ئەوە چ یاسایەکی ئاسمانی و زەمینی ئەو تاوانە قبوڵ دەکات؟.

‌بۆیە ئەو سەردەمە بەسەر چوو کورد بەو پرسیارانە ئیحراج بکرێت بەتایبەتی سیاسەتمەداران، راشکاوانە با وەڵام بدەنەوە ئەگەر قەرار بێت نەتەوەیەک یاخود ئاینێک رەتبکرێتەوە لەبری ئەو تاوانانەی سیستەمی سیاسی ووڵاتێک ئەنجامی دەدات.ئەوە کورد دەبێت بەر لەھەموو کەسێک عەرەب و تورک و فارس رەتبکاتەوە یاخود ئیسلام.بەڵام کورد ھەرگیز شوناسی نەتەوەیی یان ئاینی تەنانەت مەزھەبی، بەھیچ یەکێک لەدوژمنەکانی نەداوە تا بۆ دوژمنی ئەوانیتر بدات و رەتیانبکاتەوە.ئەگەر ئەوەشی بکردایە، ئێستا دەرفەتی ئەو ژیان و دانیشتنانە نەدەبو تا گلەیی یاخود ھەڕەشەمان لێبکەن، گوایە تاوانمان کردوە، چونکە ئیسرائیل و یەھوود رەتناکەینەوە.

‌بۆیە حەقە سیاسەتمەدارانمان لەھەر شوێنێک ئەوە بە گوێی شۆڤینزمەکان بچرپێنن، ئەگەر قەرار بێت کورد نەتەوەیەک یاخود ئاینێک رەتکاتەوە لەبری تاوانێک، ئەوا بەر لەھەر کەسێک ئەوان رەتدەکاتەوە، چونکە تاوانەکانی ئەوان دژ بەکورد سەرجەم پێوەرەکانی تێپەڕاندوە.ھەر بۆیە نە جولەکە نە ئاینەکەی لای کورد رەتکراوە نیە، لەبری تاوانی سیاسەتێک دەوڵەتێک دەینوێنێت...


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر