ئێران.. ستراتیژیی ناوەندەکانی شۆڕش ... عەبدولڕەحمان گەورکی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ لە ئێران، کە لە ٧ی بەفرانبارەوە و بە کۆبوونەوەی دووکانداران لە تاران دەستی پێکرد، بە خێرایی زیاتر لە ٣٠ پارێزگا و سەدان شار بڵاوبووەوە، یەکێک لە خوێناویترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەی دەستنیشان کرد. ژمارەی شەهیدان، کە بە پێی راپۆرتە باوەڕپێکراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا هەزاران کەسی تێپەڕاندووە و هەندێک سەرچاوەی سەربەخۆش ئاماژە بە زیاتری دەکەن، بەر لە هەر شتێک، رادەی دڕندەیی رژێمی دەسەڵاتدار نیشان دەدات. ئەم ئامارانە نەک هەر ئاماژەن بۆ قووڵایی قەیرانەکە، بەڵکو هەڵگری مژدەی شکستی کۆتایی دیکتاتۆرییەتە لە بەرامبەر ئیرادەی یەکگرتووی گەلدا.

وێنە و ڤیدیۆ دزەپێکراوەکانی (کەهریزەک)ی تاران، سەرەڕای بڕینی بەربڵاوی هێڵی ئینتەرنێت و سەپاندنی تاریکایی، دیمەنی ترسناکیان ئاشکرا کردووە. کۆریدۆرە سارد و تەڕ و تاریکەکان، تەرمی خوێناوی لە حەوشەدا، تەرمی خوێناوی لەناو کیسە رەشەکاندا، باوک و دایکان و خزم و کەسوکاری شەهیدان، کە لە ناو تەرمەکاندا و لە شۆک و خەمدا بەدوای ئازیزانەکانیاندا دەگەڕێن. کەهریزەک لەمڕۆدا مانایەکی دیکەی وەرگرتووە. هێمای تاوانی رێکخراو لە دژی مرۆڤایەتی، کە رژێمی ئێران هەوڵی ناشتنی ناسنامەی پێشێلکراوی قوربانییەکان دەدات. بەڵام حەقیقەت رێگەی خۆی دەکاتەوە. خوێنی شەهیدان لە ناو خاکدا نامێنێتەوە، بەڵکو لە هۆشیاری و ئیرادەی گەلدا رەگ داکوتێت.

خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، ئەم کارەساتەی بە "تاوانێکی گەورە دژ بە مرۆڤایەتی" وەسف کرد و جەختی لەسەر پێویستی یاسایی و مێژوویی راوەدوونانی فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەم کۆمەڵکوژییە کردەوە. بە دڵنیاییەوە تاوانباری سەرەکی ئەم تاوانە، (عەلی خامنەیی) و دوای ئەویش دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵاتە. لە روانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، کۆمەڵکوژکردنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی بە تێپەڕبوونی کات ناسڕدرێتەوە. پابەندبوونی موقاومەتی ئێران، بۆ دادگاییکردنی تاوانباران، سەرووتر لە دروشمێکی سیاسی؛ هەوڵێکە بۆ ساڕێژکردنی ویژدانی زامداری گەلی ئێران و جیهان. ئەوانەی ئێرانیان بەجێهێشتووە و ئێستا لە تاڕاوگەن، دەگێڕنەوە: گەلێکی وەزاڵەهاتوو، بەبێ گوێدانە تەمەن، رەگەز، نەتەوە، بوێرانە و خۆنەویستانە لە پێناو ئازادیدا راوەستاون. ئەم تاوانە بێ وەڵام نامێنێتەوە. رۆژێک دێت کە "دادپەروەری" بەسەر تاوانەکەدا زاڵ دەبێت و فەرماندەران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەدرێنە دادگا.

ڕاپەڕینی گەل

ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، گرێدان و تێکەڵبوونی (نان) و (ئازادی) بوو. دوو ساڵە شەڕفرۆشتنەکانی رژێم، دابەزینی توندی بەهای ریاڵ، هەڵاوسانی بەربڵاو و لەسێدارەدانی لانیکەم هەزاران کەس لە ساڵانی رابردوو، کۆمەڵگای گەیاندووەتە لێواری تەقینەوە. خامنەیی بە داخستنی شارەکان و بڕینی هێڵی ئینتەرنێت و سەپاندنی تاریکایی و کوشتنی بەکۆمەڵ، هەوڵیدا بڵێسەی ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، بەڵام شکستی هێنا. راپەڕین لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێکرد، لە رۆژی دووەمدا زانکۆکان پەیوەست بوون و رۆژانی دواتر شارەکان یەک لە دوای یەک رژانە سەر شەقامەکان. ناڕەزایەتییەکە بوو بە رادیکاڵ. خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و راپەڕین، چەکیان هەڵگرت و لە هەندێک ناوچەدا بەشێوەیەکی کاتی شەقامەکانیان کۆنترۆڵکرد.

لە بەرامبەردا رژیم هێڵی ئینتەرنێتی بڕی و خاڵە سەرەکییەکانی داخست و کوشتنەکەی رێکخست. ژمارەی شەهیدان و دەیان هەزار دەستبەسەرکراو، قووڵایی ترسی رژێم لە راپەڕینی گەل نیشان دەدات. بەڵام ئەم ئامارانە نیشانەی لاوازیین نەک بەهێزبوونی دەسەڵات. ئەوەی دەترسێت دەسەڵات و رێبەرەکەیەتی، کە بەم شێوەیە خەڵک کۆمەڵکوژ دەکەن. بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن هەر بۆ گەلە. لە نێو راپەڕینکاراندا ژمارەیەک لایەنگری موجاهیدینی خەلق هەن. واتە تاکە هێزێک کە لەم راپەڕینە جەماوەرییەدا ئامادەیی کارای هەیە. بێگومان ئامارە راستەقینەکان زۆر لەوانەزیاترن کە راگەیەندراون.

دوا هەنگاو بەرەو راپەڕین

ڕێبەرایەتی موقاومەتی ئێران، بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)، لە مێژە رایگەیاندبوو کە ئێران لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانەی “دواهەنگاو بەرەو راپەڕین”دایە. لە ٧ی بەفرانباری ئەمساڵدا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی تاران دەنگی پێی راپەڕین بیسترا. گەنجەکان لە پێشەنگدا بوون. ناوەندە حکومییەکانیان کردە ئامانج و کرێگرتەکانی رژێمیان دایە بەر هێرش و بوێری ئەوان، وایکرد جیهان سەرسام بێت پێیان. گومانی تێدا نییە ئەوانەی نەیانبینیوە یان سەرسام نەبوون بەو ئازایەتیە، لە ریزی هەڵەی مێژوودا وەستاون.

رەوەندی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە لەگەڵ راپەڕیندا هاودەنگ بوون. پشتیوانیکردنەکان هەر زوو بوو بە جیهانی. ئەم راپەڕینە بەردەوامە و دەنگی گەلی ئێرانیش گەیشتە گوێی جیهان. دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە قۆناغی کۆتاییدایە. گەلێکی رێکخراو، کە چڕن لەسەر “ڕووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی” و “بێ ترسن لە شکست و بێهیوایی”، دیواری ترسیان شکاندووە. ئەوان بڕیاریان داوە هەرگیز نەگەڕێنەوە دواوە و ئێرانێکی دیموکراتیک و دادپەروەر و ئازاد، لەو ماتەمینەی گەورەیەدا بنیات بنێن.

بێگومان سەرکەوتن هەر بۆ گەلە. خوێنی هەزاران شەهید، تۆوی ئازادی چاندووە و رژێمی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. کۆمەڵگای جیهانی دەبێ ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتییە و شەرمەزار بکات. دیکتاتۆرییەت لە ئێران کۆتایی دێت. ئەمەش سەرەتای سەردەمی ئازادییە لە ئێراندا.

وشەی کۆتایی

ئێران سەروەت و سامانی گەلەکەیەتی. دیکتاتۆرەکان یەک لە دوای یەک لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە دەڕووخێندرێن. مێعمار و سەرکردەی راستەقینەی خەڵکە ئێران هەر ئەو کەسەیە کە (گواستنەوە لە "ئەشرەف"ەوە بۆ زیندانی لیبێرتی)ی (لە عێراق)ی، بە "پردێک بەرەو ئێران" ناوزەد کرد و "ناوەندەکانی شۆڕشی"ی بە ستراتیژیی دیاری کرد. ئێران رزگار دەکریت و زۆری نەماوە

بابەتی زیاتری نووسەر