ئێران.. چارەسەر شەڕی دەرەکی نییە! ... عەبدولڕەحمان گەورکی،

 

چاوخشاندنێک بەسەر شکستی “سازان و شەڕی دەرەکی بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتۆریی ئێران”

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی رژێمی ئێران بەردەوامە. خەڵکی ئێران کێشەی زۆریان لەگەڵ ئەو رژێمە هەیە. بۆ نموونە لەسەر "ئازادی"، کە داواکاریی سەرەکیی خەڵکەکەیە. ئەوان دەیانەوێت دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن. بەڵام (شەڕی دەرەکی) یان (سازان) لەگەڵ ئەم رژێمە ناتوانێ و نەیتوانیوە رژێمی ئێران بگۆڕێت. سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، هەرچەندە لە سەرەتاوە کۆتایی هاتبوو، بەڵام ئێستا دوای چەندین ساڵ بە تەواوی کۆتایی هاتووە. لە شەڕی ١٢ رۆژە و شەڕی ئەم دواییەدا دەبوا شەڕی دەرەکی لەگەڵ رژێمیش کۆتایی پێهاتبا و بزماری کۆتایی لە تابووتەکەی درابا! بەڵام چارەسەرێکی دیکە هەبووە و هەیە کە جیهان تا ئێستا پشتگوێی خستووە. ئەو چارەسەرە بۆچی و چییە؟

وڵاتانی گەورەی جیهان هەریەکەیان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان "سازان" یان "جەنگ" دەستپێدەکەن یان کۆتایی پێدەهێنن. ئێستا درێژەدان بە شەڕ و سازان لەگەڵ رژێمی ئێران، بە هەر هۆکارێک بێت، پووچەڵە و خەڵکی ئێران باجەکەی دەدات. دژە ژەهری فاشیزمی مەزهەبی لە ئێران، رووخاندنی رژێمە بە راپەڕین و بەرخۆدانی رێکخراو لە لایەن خەڵک و بەرخۆدانی ئێرانەوە.

خانمی رەجەوی چەندین جار رایگەیاندووە کە "بە ناوی ئاشتی و بەناوی ئازادییەوە داوا لە جیهان دەکەم دان بە تاکە رێگاچارەی قەیرانە سەختەکەی ئێراندا بنێن، ئەم چارەسەرە رووخاندنی رژیمە لەسەر دەستی موقاومەت و راپەڕینی رێکخراو و سوپای ئازادی." پرسیاری ئێستا ئەوەیە بۆچی دۆخەکە گەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا؟ وە چ رێگەچارەیەک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە؟

رژیمی ئێران ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بە رێبازێکی دیموکراسیدا هەنگاوی بنایە بە خێرایی دەسەڵاتی لەدەست دەدا. بۆیە ستراتیژی رژیم هەر لە سەرەتاوە شەڕ بەرانبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە. شەڕ بەرانبەر بە خەڵک، چ لە ناو ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران. ئەشکەنجە و ئێعدام و کۆمەڵکوژی و کوشتن لە ناوخۆی ئێران و تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانیتر، بەتایبەت پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی. چونکە ئەم رژێمە هەوڵی داوە ئەوانیتر بە بارمتە بگرێت.

سازان لەگەڵ رژێمی ئێران

هەر لەسەرەتاوە بەرخۆدان لە بەرامبەر ئەم رژێمەدا هەبووە، کە ئەمەش رێگر بووە لە بەرانبەر پێشکەوتنی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران لە بوارە جیاوازەکاندا. بیهێنینە بەرچاو کە ئێران و جیهان لە کوێدا دەبوون ئەگەر ئەم بەرخۆدانە نەبووایە. ئەم موقاومەتە هەمیشە پلانە شەڕخوازەکانی رژیمی ئاشکرا کردووە. هەر بۆیە موقاومەتی خەڵکی ئێران دژە رێژیمە، بە واتایەکیتر، ئەڵتەرناتیڤی وەها رژێمێکە. بێ هۆ نییە کە ئەم رژێمە بە موقاومەتی خەڵکی ئێران گەمارۆ دراوە و ئەم موقاومەتەش بڕیاری داوە کۆتایی بەو رژێمە بهێنێت.

لەم پێوەندییەدا خانمی مریەم رەجەوی لەمدواییانەدا وتی: "ئێمە بۆ ماوەی چوار دەیە چەندین جار پلانی شەڕخوازی و تیرۆریستیی رێژیممان ئاشکرا کرد، چەندین جار بەرنامە ئەتۆمییە نهێنییەکەی ئەم رژێمەمان بۆ ماوەی سێ دەیە خستووەتە بەرچاوی جیهان، بەڵام لە جیاتی گرنگیدان بەم هۆشدارییانە، دەوڵەتانی رۆژئاوا پەنایان بردووەەت بۆ سازان لەگەڵ ئەم رژێمە. هەربۆیە لە کردەدا، ئەم دەوڵەتانە یارمەتیدەری رژێم بوون. ناوەرۆکی سەرەکیی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتانی رۆژئاوا، رێگریکردن بووە بەرانبەر بە گۆڕینی ئەم رژێمە و هەروەها هاوکاریکردنی رژێم لە سەرکوتکردنی بەرخۆدان. لە راستیدا سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، یەکێک بووە لە هۆکارە هەرە گرینگەکانی مانەوەی ئەم رژێمە و دەربازبوونی لە رووخاندن".

شەڕی دەرەکی

وەک لە ساڵانی 2025 و 2026 دەرکەوت، بۆردومان و شەڕی دەرەکی چارەسەری کێشەی ئێران نییە. ئەوانە رێگای دابینکردنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا نین، هەروەها رێگای کۆتاییهێنان بەو مەترسییە نین کە ئەم رژێمە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروستی کردووە. چارەسەر بەردەستە. رووخاندنی رژێمی ئێران، بە راپەڕینێکی جەماوەری و بەرخۆدانی رێکخراو دەکرێت. موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە پێویستیان بە پارە و چەک و بوونی هێزی دەرەکی نییە لەسەر خاکی ئێران. ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران کە لە ساڵی 1981 لە تاران دامەزرا و هاوپەیمانیەتێکە بە ئاڕاستەی جۆراوجۆری سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی، خوازیاری دانپێدانانە لە لایەن دەوڵەتانەوە. ئەم ئەنجومەنە، بۆ گواستنەوەی سەروەری بۆ خەڵکی ئێران و دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک "حکومەتی کاتی" راگەیاندووە.

داواکاریی سەرەکیی خەڵک و موقاومەتی ئێران

خەڵکی ئێران خەباتی نەکردووە لە دژی دیکتاتۆرییەت کە پاش نیو سەدە بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەتێکیتر. ژنانی ئێران خوازیاری یەکسانبوونن. نەتەوەی ژێردەستی وەک کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکمان، خوازیاری مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن. ئێران ماڵ و موڵکی خەڵکی ئێرانە نەک رژێمە دیکتاتۆر و وابەستەکان. ئەوان خوازیاری ئازادین و دەیانەوێت خۆیان چارەنووسی خۆیان بە دەستەوە بگرن. ئەم مافە دەبێت بۆ ئەوان بە رەسمی بناسرێت. خەڵکی ئێران مافی خۆیانە دەسەڵاتی وڵاتەکەیانیان بەدەست بێت و خاوەن هەڵبژاردنی ئازاد بن.

هەربۆیە خەڵکی ئێران داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بە مافی موقاومەتی ئەواندا بنێت. لەبری قبوڵکردنی رژێمی دیکتاتۆریی ئێران، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نوێنەری راستەقینەی خەڵکی ئێران لە خۆ بگرێت. باڵیۆزخانەکان رژیم دابخەن. خەڵکی ئێران نایەوێت وڵاتانی دەرەکی دەستوەردان لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەواندا بکەن.

بابەتی زیاتری نووسەر