داستانی عەشق و سۆزو زام … پیشکەشە بە شەماڵی برام ... پشکۆ ئەمین

 

بیست وشەش ساڵ لە مەوبەر لەم رۆژەدا دڵێکی گەورە لە لێدان کەوت ،

دڵی هاوبیرێک هاوڕێیەک برایەک ،کە نزیکەی 40 ساڵ هاورێ و برا بووین ،میژویەکی دورودریژی پرلە هەورازو نشێومان پێکەوە بریبوو ،

ئەو دڵە گەورەیە ، دڵی هاوڕێ و براو هاوبیری ئازیزم شەماڵ عەزیزی عەبدورەحمان بوو ،

شەماڵ پیاوێکی کورد پەرەوەرو راستگۆ و شارەزابوو ، سەری لە هەموو شتێک دەردەکرد ،هاوڕیی رۆژی تەنگانە بوو ،

شەماڵ هەڵگری بیری کوردایەتی تفەنگ لە شان بوو ،

لە خیزانەکەیەوە پەیامەکەی خانی و حاجی و سێ کۆڵەکەکەی ئاهورا کە( وتەی جوان و بیری جوان و کرداری جوان) بوو بووە خۆراکی بیرو مێشک و هزریی ، ئەو خۆراکانە کردبوویانە رێبوارێک وعاشقێکی سەرهەڵگرتوی نەتەوەیانەی کاژیک و پاسۆک ،

شەماڵ مامە خەمەی خەمەکان بوو ، خەمەکانیش وەک و بولبول لە ناو مێشک و لەناو دڵ ولە سەر شانی شەماڵ هێلانەیان داکوتا بوو ،سەروو شانیان تەواو قورسکرد بوو،

نە دەیتوانی خەم داگرێت ، دڵیشی نە دەهات خەم دەربکات، بۆیە بە دەم هاوارەوە خەمەکانی دەلاواند ، بەڵی شەماڵ خەملاوێن بوو ،

هەربۆیە هەر جاریک کە دەم دووان ،

دەیوت وەرە نەتەوەکەت داگیرکراوبێت دابەشکرابێت بچەوسێتەوە، ئەنفال بکرێت لە شەردابێت خۆشت لە ناو خۆتا لە شەرو ئاژاوەدابیت !

دەیوت خاکت داگیرکراوبیت دابەشکرابێت ، سوتماک بکرێت ، بە خاکی داگیرکەران بناسرێت لەم دیو عیراق لەو دیو ئیران لە سەرەوە تورکیاو لە رۆژئاوا سوریا، پارچەی پێنجەمی خاکەکەت نەویرێت نە باسی بکەیت نە ناوی ببەیت ،

شەماڵ هەمیشە بە ورەیەکی بەرزەوە دەیوت ، ئەوە قەدەری نەتەوەکەمانە وچارمان نیە ،دەبێت لە بەردەمیدا وەک پیرەمەگرون بە پێوە بوەستین و خۆراگربین تا سەردەکەوین، ئێمە هەرسەردەکەوین ،

مژێکی لەجگەرەکەی دەداو دەیووت ، نەهامەتی کێشەکە لەوەدایە ئێمە لە باتی خەمەکانمان سوک کەین بارەکەی سەر شانمان قورسترکردوە ژیان وگوزەرانمان خراپتر کردوە ،

داگیرکەر ئەنفالمان دەکات کیمیایمان پیا دەکات زیندانی و هەڵواسین بەشمانە ،نیمچە دەسەڵاتێکمان هەیە کە چی کردومانەتە دوان ،

نەهامەتیەکان خۆیان زۆر زۆرن خۆمان لەباتی سوکیان کەین کۆمەڵێک نەهامەتی و بارگرانیترمان خستۆتە سەرشانی خەڵکەمان ،

ئەو دەیووت رۆژێک دێت، ئەم نەهامەتی و بارگرانیە ، وا قورس دەکەین کە خەڵکەکە لە ژێریدا زیاتر بناڵێنێن و نەفرەت لە خۆمانبکەن !

ئەو هاوبیرەم زامێکی گڕگرتوی پێدەشت و بنار بوو ، دووژمنی سەرسەختی زامە قوڵەکەی کورد کوژی بوو ، ئەو هەمیشە نەفرەتی لێدەکرد !

خاوەنی هزرێکی وردو بیرکردنەوەیەکی کوردانەو ئاوەزێکی جوان و پربوو

خۆی شەماڵ بوو، کەچی وەک با، فووی لە پشکۆکانی ناوکوانوەکەی کوردایەتی دەکرد ،

چاوی لە ئاسمان بریبوو لە چاوەروانی هەڵاتنی هەتاوی سەربەخۆیدا بوو ،

ئەم زام و خەون و خەمانەی شەماڵ ، بوونە بە شێک لە داستانی عەشق و سۆزو زام ، تا هێدی هێدی لە ناو سەریا بونە ناڵەو گرمەو بورکان و تەقینەوە ،

لە رۆژیکی وەک ئەمرۆدا 26 ساڵ پێش، پاش ئەوەی مانگێک شەری ژیان و مەرگی لە گەڵ فشاری خوێنی مێشکا کرد ،

بۆ دواجار لەم رۆژەدا خەم وعەشق وسۆزو زام بۆ یەکجاری چاوەکانی شەماڵی مامە خەمەو هاوڕی و هاوبیرو برامی داخست وماڵ ئاوای لە ژیان و لە هەموان کرد !

منیش لەم رۆژەدا لەم یادەدا دەڵێم ، هاوبیرەکەم کاکە شەماڵ ، بیرت دەکەم داستانی عەشق و سۆزو زام … پیشکەشە بە شەماڵی براو هاوبیر دەکەم

بابەتی زیاتری نووسەر