
بادیۆ له شاری (ریبات) ی وڵاتی (مه‌غریب) ی عه‌ره‌بی له ساڵی 1937 له دایكبووه، چل ساڵه كار له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌كات و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می چاپكراوی به كتێبخانه‌ی فه‌ره‌نسی به‌خشیوه، له‌وانه‌ش: تیۆری خودگه‌رایی (1982) بوون و رووداو (1988) لۆژیكی دنیا (2006) مانای ساركۆزی، ئاكار: كۆمه‌ڵێك وتار له‌باره‌ی شه‌ڕه‌وه. . . ئێستا له پاریس ئوستازی فه‌لسه‌فه‌یه.
ئالان بادیۆ به چه‌پ ده‌ژمێردرێت و یه‌كێكه له هاوسۆز و به‌شداریكه‌رانی رووداوی مانگرتنی قوتابیانی 1968ی فه‌ره‌نسا و وه‌ك فیكر ره‌گێكی ئاڵتۆسێری هه‌یه و دواتر به فیكره‌كانی ژاك لاكانه‌وه كاریگه‌ر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ دلۆز و لیوتار رووبه‌رووی گفتوگۆییه‌كی فیكری تووند ده‌بێته‌وه و ئه‌وان به به‌كارهێنه‌ری نادروستانه‌ی فیكری ئاڵتۆسێر داده‌نێت. . . كتێبی (بوون و رووداو) وه‌ك به‌خششێكی سه‌ره‌كی فیكری ئه‌و ته‌ماشا ده‌كرێت. له باره‌ی دادپه‌روه‌رییه‌وه ده‌ڵێت: دادپه‌روه‌ری هه‌ر ته‌نها ونبوونی نادادپه‌روه‌رییه، چونكه نادادپه‌روه‌ری ئاشكرا و روونه، به‌ڵام دادپه‌ره‌وه‌ری ته‌مومژاوییه. بادیۆ (هه‌تا هه‌تایی) و (فره‌یی) وه‌ك دوو بنه‌مای ره‌وای بوون ده‌بینێت. فره‌یی كه به شێوه‌یه‌كی بێكۆتایی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و دابه‌ش ده‌بێت، به‌ره‌و بۆشایی ده‌بێته‌وه، به مانایه‌كی دیكه فره‌یی دروست نابێت ته‌نها له رێگای بۆشاییه‌وه نه‌بێت. . . پێیوایه ئه‌و تێزه‌ی ئه‌و، واته (بێكۆتایی بوون) دووچاری دوو هه‌ڵه ده‌بێته‌وه، یه‌كه‌میان راڤه‌كردنی ئایینییه، كه پێیانوایه ئه‌و بێكۆتاییه ده‌لاله‌ت له خودا ده‌كات و هه‌موو شته‌كان به خوداوه ده‌به‌ستنه‌وه. هه‌ڵه‌ی دووه‌میان بێكۆتایی بوون وه‌ك فه‌وزایه‌كی دڵخۆشكه‌ر و ته‌مومژاویی ده‌بینێت. ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌ی دۆلۆز و رۆمانسییهكانه.
جگه له‌وه به‌رده‌وام خه‌ریكبوونی به چه‌مكی (حه‌قیقه‌ت) وای كردووه، وه‌ك هه‌ر یه‌ك له ئه‌فلاتوون، سپینۆزا، لیبنتز، قسه‌ی له‌باره‌وه بكرێت. بادیۆ جه‌وهه‌ری حه‌قیقه‌تی مرۆیی به چوار هێل به‌ستۆته‌وه، چوار تۆڕ له كتوپڕیی و داهێنان، چوار رێباز: (سیاسه‌ت) و (خۆشه‌ویستی) و (هونه‌ر) و (زانست) . لای ئالان بادیۆ حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه، كه كۆتاییه‌كی دیاریكراو بوونی نییه، هه‌ر چۆنی بێت، ده‌شی ئه‌و رێگایه دیاری بكه‌ین، كه رووداو بۆ خودی تاك ده‌یخاته روو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماناكانی حه‌قیقه‌ت به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه، بۆیه ئێمه‌ش تێیدا ده‌ژین. له ستایشی خۆشه‌ویستیدا، دار التنویر، 2014، ترجمه: غاده الحلوانی، ل24.
له ستایشی خۆشه‌ویستیدا
بادیۆ ده‌ڵێت كاتێك (نیكۆلاس ترۆنگ Nicolas Truong) پێشنیاری گفتوگۆیه‌كی له‌باره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه بۆ كردم، راسته‌وخۆ رازی بووم و دڵخۆش بووم به‌وه‌ی كه ئه‌و رۆڵی گفتوگۆكار و منیش رۆڵی فه‌یله‌سوفی خۆشه‌ویستی ته‌مومژاوی ببینم، به‌یه‌كه‌وه كارمان كرد و به‌بی دوودڵی ده‌ڵێم سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌مان به ده‌ست هێنا. كتێبی له ستایشی خۆشه‌ویستیدا به‌رئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیه‌یه و وه‌ك ئه‌فلاتوون ئه‌وه دووباره ده‌كاته‌وه كه "هه‌ر كه‌سێك خۆشه‌ویستی وه‌ك خاڵی سه‌ره‌تایی نه‌بینی، به هیچ شێوه‌یه‌ك نازانی فه‌لسه‌فه چییه" كتێبی له ستایشی خۆشه‌ویستیدا توانای بادیۆی فه‌یله‌سوف به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی نیكۆلاس ترۆنگی حه‌كیم و فه‌یله‌سوف نیشان ده‌دات. . .
كتێبی له ستایشی خۆشه‌ویستیدا له شه‌ش به‌ش و پێشه‌كییه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له فیكری بادیۆ، پێكهاتووه، له به‌شی (خۆشه‌ویستی له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه)، (نیكۆلاس ترۆنگ) ده‌ڵێت با له كتێبه‌كه‌ت "مانای ساركۆزی" قسه له رسته‌ی "ده‌بی خۆشه‌ویستی له نوێوه دابهێنینه‌وه" بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بی به‌و په‌ڕی ساده‌ییه‌وه به‌رگری لێبكه‌ین، چونكه له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌ر هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌وێت، تۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه چۆن ده‌بینی؟ به رای تۆ هاوسه‌رگیری سونه‌تی رێك‌وپێك، دووچاری ده‌ردی ئه‌و سه‌ده‌مه نه‌بۆته‌وه؟ ئایا ئه‌و ریكلامه‌ی پێگه‌ی ئه‌لكترۆنی "میتیك-Meetic" بۆ رێكخستنی ژووانی ئه‌ویندارانه ده‌یكات، چه‌ند كاریگه‌ری هه‌یه. . . بادیۆ له گفتوگۆدا ده‌ڵێت: ئه‌وه وایكردووه به قوڵی بیر بكه‌مه‌وه، یه‌كه‌مجار ئه‌و ریكلامه گۆریِنی ناونیشانی شانۆنامه‌كه‌ی مارفیۆیه (گه‌مه‌ی خۆشه‌ویستی و شانس) و ده‌ڵێن "خۆشه‌ویستی به‌ده‌ست یێنه، بی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێی رێكه‌وت بكه‌یت" پاشان ده‌ڵێت: "ده‌توانین ئه‌وینداری بكه‌ین، بی ئه‌وه‌ی ئه‌ویندار بین" یان "ده‌توانین به ته‌واوی ئه‌ویندار بین، بی ئه‌وه‌ی ئازار بچێژین"، "راهێنانكردن له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی". . . هه‌موو ئه‌و بانگه‌شانه‌ی پێگه‌ی ئه‌لكترۆنی میتیك وه‌ك بره‌ودان به چه‌مكی دڵنیابوون له "خۆشه‌ویستی" پێچه‌وانه كراونه‌ته‌وه. . . خۆشه‌ویستی وه‌ك بڕوا رووبه‌رووی هه‌موو ترسێك ده‌بێته‌وه، ئه‌و ریكلامه‌ی پێگه‌ی میتیك پرۆپاگندهكانی سوپای ئه‌مریكایی و (كۆلن پاول-ی وه‌زیری به‌رگری) بیر ده‌خاته‌وه كاتێك بۆ بۆمبی "زیره‌ك" و ئه‌و شه‌ڕانه بانگه‌شه‌ی ده‌كرد، كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر (سفر مردن) و ده‌سته‌واژه‌ی "سفر كوشتار" ده‌كرده‌وه.
نیكۆلاس ترۆنگ ده‌پرسی پێتوایه په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان "سفر كوژراو" و ئه‌وینداری بی ترس هه‌بێت؟ ئایا ئه‌و تێزه‌ی كۆمه‌ڵناسی پۆڵه‌ندی زیگۆمۆند باومان "هیچ ئیلتیزامم به‌رانبه‌ر تۆ نییه" كه سه‌رمایه‌داران به‌رانبه‌ر كرێكارانی (كاتی) به‌كاری ده‌هێنن (ئه‌وانه‌ی بیمه‌ی كاریان پێنه‌دراوه/كاری فه‌رمییان نییه) و ئه‌وه‌ی به ناوی (ئه‌وینداریی ئازادانه) ی سه‌رده‌می به‌كاربردنی خۆشه‌ویستی دلبه‌ر ده‌یڵێت "من پابه‌ند نیم" چۆن ده‌بینی؟ بادیۆ ده‌ڵێت له نێوان "سفر كوژراو" له جه‌نگ و "سفری ترس" له خۆشه‌ویستیدا هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ سودفه بوونی نییه. . . هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كه‌می خۆشه‌ویستی ده‌توانم به هه‌ڕه‌شه‌ی دڵنیاكردنه‌وه ناو به‌رم. راسته "سفری ترس" هه‌موو هه‌ڕه‌مه‌كی بوون و سودفه‌یه‌ك ته‌جاوز ده‌كات و رێكه‌وتنی پێشوه‌خته ده‌چه‌سپێنی. . . به‌ڵام هیچ شاعیرییه‌تی تێدا نییه! دووه‌م ئه‌وه‌ی له پێگه‌ی میتیك رووبه‌رووی خۆشه‌ویستی ده‌بێته‌وه نكۆڵیكردنه له بایه‌خی خۆشه‌ویستی، ئه‌وه‌ش له رێگای ئه‌و فیكره‌یه‌ی كه ده‌ڵێت عاشقاتی ته‌نها گۆڕینی چێژه، نه‌ك ئه‌زموونی قوڵ یان ره‌سه‌ن. پرۆپاگندهكانی پێگه‌ی میتیك وه‌ك پرۆپاگنده‌ی سوپا ئیمپریالییهكانه و ته‌نها ئازار به ئه‌ویدیكه ده‌گه‌یه‌نێت. له به‌رانبه‌ری "سفر كوژراو" دنیایه‌ك ئه‌فغانی و فه‌له‌ستینی و. . . ده‌پێكرێن. "خۆشه‌ویستی بی ترس" یاسا‌و رێسای دڵنیاكه‌ره‌وه به‌رێوه‌ی ده‌بات و پێویستی به هێزی پۆلیس و چاودێری ده‌روونی و سوپا و بیمه. . . هه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌وانیدیكه ترسه! ده‌توانم بڵێم خۆشه‌ویستی دوو دوژمنی هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌و دڵنیاكردنه‌وه‌یه‌ی كه پۆلیس دابینی ده‌كات و دووه‌میان سنوردانانه بۆ ئه‌و چێژ و خۆشییه‌ی كه به شوێنه‌وه به‌نده.
له به‌شی دووه‌م (فه‌یله‌سوفان و خۆشه‌ویستی) نیكۆلاس ترۆنگ ده‌ڵێت "ده‌بی خۆشه‌ویستی له نوێوه دابهێنینه‌وه"ت له رامبۆی شاعیر وه‌رگرتووه، تۆ بۆ خۆشه‌ویستی زۆر پشت به شاعیر و نووسه‌ران ده‌به‌ستی، ئه‌ی له باره‌ی فه‌یله‌سوفان چی؟ بادیۆ ده‌ڵێت له راستیدا په‌یوه‌ندی ئه‌وان به خۆشه‌ویستییه‌وه ئاڵۆزه. . . له كتێبی فه‌لسه‌فه و خۆشه‌ویستی له سوكراته‌وه تا سیمۆن دوبۆڤوار) ی نووسه‌ران ئۆدی لانسلین و ماری لیمۆنییهدا باس له دوو تێروِانین ده‌كرێت، یه‌كێك دژه خۆشه‌ویستییه و شوبنهاوه‌ر دژ به ئافره‌تان تێیدا به‌ناوبانگه. . . به‌ڵام ئاراسته‌ی دووه‌م حاڵه‌تی كیركیگارد ده‌بینین! كیركیگارد پێیوایه ئه‌وه (منایه‌تی چێژه) كه‌سه‌كان به‌رێوه ده‌بات، نموونه‌شی دۆن ژوان له ئۆپێرای مۆزارتدا. كیركیگارد بۆ خۆی په‌یوه‌ندییه‌كی دوورودرێژی ئه‌وینداری له‌گه‌ڵ "ریگینا"ی لاو هه‌بوو.
له فه‌لسه‌فدا تێروانینێك هه‌یه پێیوایه خۆشه‌ویستی به شێوه‌یه‌كی سروشتی سێكس كردنه، ئه‌ویدیكه پێیوایه ستایشكردنه. كاتێك كیركیگارد له ئاستی جوانیدا ده‌مێنێته‌وه و ناتوانی په‌ی به هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌رێت، ئه‌وه ده‌بێته هۆی لێكجیابوونه‌وه‌یان! كه‌واته خۆشه‌ویستی له ئاستی یه‌كه‌مدا شه‌یدابوونه و له ئاستی دووه‌مدا په‌یمانه، و به‌ره‌و ئاستی سێیه‌م ده‌بێته‌وه كه هاوسه‌رگیرییه. . . به‌ڵام له بۆچوونی من خۆشه‌ویستی تریاكه، بڕوابوونه، حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی له سودهفهبوونیدایه. خۆشه‌ویستی به‌ره‌و فیكرهیهكمان ده‌بات، كه پێیوایه ناتوانین دنیا ئه‌زموون بكه‌ین، ته‌نها له دیدی جیاوازه‌وه نه‌بێت، خۆشه‌ویستی جیاوازی به‌رجه‌سته ده‌كات.
نیكۆلاس ترۆنگ ده‌ڵێت (ژاك لاكان) گه‌وره‌ترین تیۆریزه‌كاری خۆشه‌ویستی ده‌چێته نێو ناوكۆییه‌ك كه ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندی سێكسی بوونی نییه" ئه‌وه مانای چییه؟ بادیۆ: ئه‌و گریمانه‌یه‌ی ژاك لاكان ده‌ڵێت هه‌موو كه‌سێك له میانی سێكس كردن‌دا تا پله‌یه‌كی گه‌وره ده‌چێته‌وه نێو خۆی، ئه‌گه‌ر ئه‌و وه‌سفه وابێت، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه جه‌سته‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌بێته ناوه‌ندیار بۆ ئه‌ویدیكه، به‌ڵام دواجاریش چێژ هه‌میشه چێژی تۆیه. سێكس كردن یه‌كمان ناخات، به‌ڵكو لێكمان جیا ده‌كاته‌وه. چێژ به‌ره‌و دوورت ده‌بات، دوور زۆر دوور له ئه‌ویدیكه. ئه‌وه‌ی به‌یه‌كمان ده‌به‌ستێته‌وه خه‌یاڵه، بۆیه شتێك نییه به ناوی په‌یوه‌ندی سێكسی، وه‌ك (لاكان) قسه‌ی لێده‌كات. خۆشه‌ویستی بۆشایی په‌یوه‌ندی سێكسی پڕ ده‌كاته‌وه، به شێوه‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆشایی غه‌ریزه‌ی سێكسی پڕ ده‌كاته‌وه، چونكه دواجار سێكس كردن به‌ره‌و جۆرێك له بۆشاییمان ده‌بات، بۆیه ده‌كه‌وینه جێبه‌جێكردنی یاسای دووباره‌كردنه‌وه.
ئایا به‌راستی فه‌لسه‌فه تێگه‌یشتنی دژ به‌یه‌كی به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویستی هه‌یه؟ بادیۆ ده‌ڵێت من ده‌توانم سی تێگه‌یشتنی سه‌ره‌كی له‌یه‌كتر جیا بكه‌مه‌وه: تێگه‌یشتنی رۆمانسیانه كه پشت به نه‌شوه ده‌به‌ستێت. تێگه‌یشتنی پێگه‌ی ئه‌لكترۆنی میتیك، كه له دیدی بازرگانی و یاساییه‌وه ته‌ماشای خۆشه‌ویستی ده‌كات. به‌ڵام بۆچوونی من ئه‌وه‌یه كه خۆشه‌ویستی بونیادنانی ئازادییه. ئه‌گه‌ر بپرسی كام ئازادی؟ ئه‌وه ده‌ڵێم ئازادی له خاڵێكی ته‌واو دیاریكراودا: دیتنی دنیا به دووان. دیتنی دنیا به تیڕوانینی جیاوازی دووان.
له به‌شی (بونیادنانی خۆشه‌ویستی) نیكۆلاس ترۆنگ ده‌ڵێت به‌ڵی تۆ رامبۆت بیر خستینه‌وه به‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌بی له نوێوه دابهێنرێته‌وه، به‌ڵام به‌رای تۆ له كوێوه ده‌ست پێبكه‌ین؟ بادیۆ ده‌ڵێت پرسی خۆشه‌ویستی له دوو خاڵدا هاوگونجاو دێته‌وه، یه‌كه‌م له لێكجیابوونه‌وه‌ی جیاوازی جۆری، كاتێك خۆشه‌ویستی به به‌شداری دوو كه‌سی جیاواز دێته ئاراوه، ئه‌وه ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر دوو ساته‌وه‌ختی ته‌ئویلی جیاواز، نموونه‌ی رۆمیۆجولێت. . . هه‌ڵبه‌ته خۆشه‌ویستیش له بنه‌ڕه‌تدا دووانه‌یه. خاڵی دووه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به دیاریكراوی له‌سه‌ر (لێكجیابوونه‌وه) دروست ده‌بێت، كاتی دوو كه‌س دێنه سه‌ر شانۆ دنیا به شێوه‌ی دووانه‌ی نوی تاقی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش به " به‌یه‌كگه‌یشتن" ناو ده‌به‌ن. به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو كه‌سی جیاواز بۆخۆی رووداوه "موفاجه‌ئه‌ی خۆشه‌ویستی"یه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و رووداوه ده‌شی خۆشه‌ویستی گه‌شه بكات، ئه‌وه‌ش بونیادنانی خۆشه‌ویستییه.
راسته خۆشه‌ویستی له ژووان و به‌یه‌كگه‌یشتندا فۆرمێك له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام تۆ بۆچی (توانه‌وه) له خۆشه‌ویستیدا ره‌تده‌كه‌یته‌وه؟ من ره‌تیده‌كه‌مه‌وه چونكه تێگه‌یشتنه رۆمانسییهیهكان خۆشه‌ویستی ئیستهلاك ده‌كه‌ن (به‌كار ده‌به‌ن)، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌یخه‌نه ده‌ره‌وه‌ی دنیای واقیعه‌وه، رۆمانسییه‌كان خۆشه‌ویستی له یه‌ك دیمه‌ندا ده‌بینن، نه‌ك بونیادنانی دیمه‌نێك له دوو لاوه، ئه‌وه‌ش ناو ده‌نێن توانه‌وه؟!
به‌ڵام ئایا سروشتی ئه‌و بونیادنانه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت، چۆنه؟ بادیۆ ده‌ڵێت: چیرۆكێكی بێده‌نگه. . . من ناڵێم دنیای خێزان به‌شێك نییه له خۆشه‌ویستی، به‌ڵام ئه‌وه تهفسیرێكی زۆر شێوازگیرانه و رووكارئامێزانهیه و ناشی خۆشه‌ویستی له خێزاندا كورت بكه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وی قسه‌ی لێبكه‌م به‌رده‌وامبوونی خۆشه‌ویستییه! مه‌به‌ستم له به‌رده‌وامی بێكۆتایی بوون نییه، به‌ڵكو داهێنانی رێگایه‌كی نوێیه بۆ به‌رده‌وامبوون له ژیان، تێگه‌یشتنێكی دیكه‌ی زه‌مه‌نه، خۆشه‌ویستی ئاره‌زووكردنی به‌رده‌وامییه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی نادیار-خۆشه‌ویستی- دووباره داهێنانه‌وه‌ی ژیانه، داهێنانی خۆشه‌ویستی له نوێوه، واته دووباره داهێنانه‌وه‌ی ژیان له نوێوه.
نیكۆلاس ترۆنگی حه‌كیم ده‌پرسی له كتێبه‌كه‌ت (هه‌لومه‌رجه‌كان) له كۆمه‌ڵێك فیكره‌ی چه‌سپاو له باره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه، ده‌خه‌یته ژێر پرسیاره‌وه، به تایبه‌تی ئه‌وه فیكره‌یه‌ی ده‌ڵێت خۆشه‌ویستی وه‌همه، یان خۆشه‌ویستی رووییه‌كی رازاوه‌یه و حه‌قیقه‌تی سێكسی دهرئهنجامیهتی، یان خۆشه‌ویستی له بنه‌ڕه‌تدا ئاره‌زووه و له سێكسدا بێ‌دار ده‌بێته‌وه. . . بادیۆ ده‌ڵێت هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه سه‌ر به ره‌وشتن و به رێبازی گومانكارانهوه به‌ندن. ئه‌و رێبازه پێیوایه ئه‌گه‌ر شتێك له خۆشه‌ویستیدا هه‌بێت ئه‌وه ئاره‌زووه، به‌پێی ئه‌و دیده خه‌یاڵ خۆشه‌ویستی بونیادی ده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی سێكسی به توێكڵی ده‌ره‌كی بشارێته‌وه! ئه‌و فیكره‌یه مێژووییه‌كی دوور و درێژی هه‌یه و هه‌مووان والێده‌كات گومان له خۆشه‌ویستی بكه‌ن. ئه‌و دیده سه‌ر به زمانی دڵنیابوونه‌وه‌یه، چونكه پێمان ده‌ڵێت گوی بگرن ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی سێكس ده‌كه‌ن، بڕۆن سێكس بكه‌ن، پێویست ناكات بكه‌ونه داوی خۆشه‌ویستییه‌وه. به‌ڵام خۆشه‌ویستی له‌وه گه‌وره‌تره ته‌نها به وشه بیخه‌ینه روو. . .
له به‌شی (حه‌قیقه‌تی خۆشه‌ویستی) به بادیۆ ده‌ڵێت تۆ باسی ئه‌فلاتوون و په‌یوه‌ندی تایبه‌تی نێوان دوو خۆشه‌ویستت كرد، به‌ڵام چۆن باسی حه‌قیقه‌تی خۆشه‌ویستی ده‌كه‌یت؟ بادیۆ ده‌ڵێت خۆشه‌ویستی به جۆرێكی دیاریكراوی حه‌قیقه‌ت په‌یوه‌سته، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ش زۆر به ساده‌یی حه‌قیقه‌تی دووانه، حه‌قیقه‌تی جیاوازییه، به بڕوای من خۆشه‌ویستی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن -دیمه‌نێك له دوو لاوه- ئه‌وه شاره‌زاییه! به‌و مانایه خۆشه‌ویستی دژ به نكۆڵیكردنهكان ده‌وه‌ستی و به‌رده‌وامی ده‌نوێنی و شاره‌زایی ته‌واوی دنیایه، خۆشه‌ویستی له جیاوازییه‌وه خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێت، حه‌قیقه‌تێكی نوێیه به‌رانبه‌ر جیاوازی.
با بڵێین خۆشه‌ویستی دیمه‌نێكه له دوو لاوه، ئایا بوونی منداڵ ئه‌و دیمه‌نه ناكاته سییانه؟ بادیۆ: ئه‌و پرسیاره گرنگ و قوڵه، به‌ڵام بوونی منداڵ گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ تاكبوون، ئامانجی خۆشه‌ویستی له دایكبوونی منداڵه و ده‌لاله‌ت له تاكبوون ده‌كات، پاشان منداڵ به‌شێكه له فه‌زای خۆشه‌ویستی، ده‌بی جارێكی دیكه له نوێوه یارییه‌كه به هه‌مان رێگا دووباره بكه‌ینه‌وه. خۆشه‌ویستی ده‌بی به‌رده‌وام نوی بكرێته‌وه.
له به‌شی (سیاسه‌ت و خۆشه‌ویستی) نیكۆلاس ترۆنگی حه‌كیم ده‌ڵێت بۆ ده‌بی سیاسه‌ت دایكی خۆشه‌ویستی بێت. ئایا چونكه رووداو و ریكلام و وه‌لایه؟ بادیۆ ده‌ڵێت له‌رووی تیۆرییه‌وه سیاسه‌ت جێبه‌جێكردنی حه‌قیقه‌ته، به‌ڵام جێبه‌جێكردنێك كه هه‌مووان ده‌گرێته‌وه. واته كرده‌ی سیاسی حه‌قیقه‌تێك ئه‌زموون ده‌كات، به ئه‌ندازه‌ی به‌خششی هه‌مووان. به‌ڵام ئایا سیاسه‌ت ده‌توانی دادپه‌روه‌ری به‌جی بهێنی؟ ده‌توانی گونجاو و نه‌گونجاو به‌یه‌كه‌وه كۆ بكاته‌وه؟ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ش ده‌توانین خێزان به ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌ت به حاڵه‌تی خۆشه‌ویستی بچوێنین، بۆ نموونه كاتێك به‌شداری له بزاڤێكی سیاسیی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌دا ده‌كه‌یت، گرژبوونهوهیهك له نێوان پرسی (ئه‌ندازه‌ی كۆ ده‌بی چه‌ند بێت) و پرسی (هێزی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات) تاقی ده‌كه‌یته‌وه. . . له ده‌رئه‌نجامدا ده‌گه‌یته ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت خه‌ریكه خیانه‌تی سیاسی ده‌كات. ئایا دڵنیایی خێزانیش خه‌ریكی خیانه‌تكردن نییه له خۆشه‌ویستی؟ ئێمه ده‌بی ئه‌و پرسیاره بخه‌ینه‌روو. به بڕوای من خێزان له خاڵێكه‌وه به‌ره‌و خاڵێكی دیكه و له بڕیارێكه‌وه به‌ره‌و بڕیارێكی دیكه. . . هه‌نگاو ده‌نێت، خاڵی پێشنیاركردنی سێكس، منداڵ، سه‌فه‌ر، كار. . . . هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ش ره‌گه‌زی بانگه‌شه‌كردنی خۆشه‌ویستین، وه‌ك چۆن سیاسه‌ت خاڵه‌كانی له هێزی ده‌وڵه‌ت و به‌ره‌كانی سیاسه‌ت و یاساكان و پۆلیس. . . ده‌بینێته‌وه، ناشی ته‌نها ده‌وڵه‌ت له تێڕوانینی سیاسی كراوه‌ی شۆڕشگێرانه‌دا كورت بكه‌ینه‌وه و دادپه‌روه‌ری بخنكێنین. دواجار ده‌بی خاڵ خاڵ قسه‌یان له باره‌وه بكه‌ین، نابێت تاقیكردنه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجامه‌كان تێكه‌ڵ بكه‌ین. وابزانم ناتوانین به‌بی ده‌وڵه‌ت له سیاسه‌ت بگه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه، كه هێز ئامانجه، به‌ڵكو ئامانج كه‌شف كردنی " ئه‌ندازه‌ی به‌خششی هه‌مووانه "، نه‌ك خودی هێز. وه‌ك چۆن له خۆشه‌ویستیدا دنیا له دیدی جیاوازه‌وه تاقی ده‌كه‌ینه‌وه، له خۆشه‌ویستیدا ئامانج كه‌شف كردنی جیاوازییه. . .
لاكان نیگاری (سیاسه‌تی هاوڕێتی) كێشاوه، تۆ بۆچی ناتوانی (سیاسه‌تی خۆشه‌ویستی) وێنا بكه‌یت؟ بادیۆ ده‌ڵێت: ناشی خۆشه‌ویستی و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ به یه‌كتر بكه‌ین، چونكه ده‌كه‌وینه بی ماناییه‌وه. له سیاسه‌تدا كه‌سانێك یه‌كتریان خۆش ناوێت، كه‌چی به‌یه‌كه‌وه سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ( (ئه‌و قسه‌یه‌ی بادیۆ قسه‌یه‌كی دریدام بیر ده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێت: له ناو ئه‌وه‌ی پێیدهگوتری واقیع هه‌میشه كۆمه‌ڵێك ناكۆكی هه‌یه، كه توانای ئاوێته‌بوونیان نییه، كه‌چی پێكه‌وه‌ش هه‌ن، ئه‌گه‌رچی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌رانبه‌ره‌كه‌ی خۆی نهری ده‌كاته‌وه) ) به‌ڵام خۆشه‌ویستی وا نییه، یان هه‌یه یان نییه. له سیاسه‌تدا دوژمنكاری هه‌یه، به‌ڵام له خۆشه‌ویستیدا ته‌گه‌ره هه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشه‌ویستی ده‌كری جه‌نگ بێت. . . هه‌ڵبه‌ته خۆشه‌ویستیش وه‌ك هه‌موو جێبه‌جێكردنه حه‌قیقییه‌كانی دیكه، هه‌ر به ئاشتی كۆتایی نایه‌ت، به‌یه‌كداچوونی تووندیش به‌خۆوه ده‌بینێت، ئه‌زموونێكی پڕ ژانوژواره، خه‌ڵكانێك به هۆی خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌تلێنه‌وه، خۆیان ده‌كوژن، ده‌مرن، خۆشه‌ویستی به‌پێی پێوانه‌كانی زۆر له سیاسه‌تی شۆڕشگێرانه بی ئازارتر نییه، خۆشه‌ویستی یاسای خۆی هه‌یه و له ناوه‌وه پڕه له نێودژی و تووندوتیژی، به‌ڵام له سیاسه‌تدا له‌گه‌ڵ دوژمن رووبه‌روو ده‌بیته‌وه، به‌ڵام له خۆشه‌ویستیدا ده‌كه‌ویته به‌رانبه‌ر پرسیارێكی درامی، خۆشه‌ویستی درامای ناخه، درامای ناوه‌وه‌یه! له خۆشه‌ویستیدا ناكه‌ویته به‌رانبه‌ر هیچ دو‌ژمنێك، به‌ڵكو ده‌كه‌ویته نێو ململانێی جیاوازییه‌وه. . . ده‌بی به ته‌واوی سیاسه‌ت له خۆشه‌ویستی بكه‌ینه‌وه، چونكه خۆشه‌ویستی سه‌ركێشییه‌كی تاكانه‌یه و سیاسه‌ت ده‌سته‌جه‌معییه. خۆشه‌ویستی له رێگای تاكه‌وه به دوای حه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت، سیاسه‌ت له رێگای ده‌سته‌جه‌معییه‌وه. . . خۆشه‌ویستی به‌هاكه‌ی له ناوه‌وه‌ی خۆیدایه، به‌های سیاسه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدایه. . .
له به‌شی (خۆشه‌ویستی و هونه‌ر) دا نیكۆلاس ترۆنگ ده‌ڵێت: ئه‌ندری بریتۆن گوتی سه‌ده‌ی بیسته‌م، خۆشه‌ویستی وه‌ك خوازه‌ی حه‌قیقه‌ت چه‌سپاند، به‌ڵام هه‌ر بریتۆن بوو گوتی ساده‌ترین ده‌سته‌واژه له هونه‌ردا خۆشه‌ویستییه؟ بادیۆ: ئێمه قسه‌مان له رامبۆ كرد، نوێكردنه‌وه به نسبه‌ت سوریالییه‌كان بزاڤێكی هونه‌ری و بوونگه‌رایی و سیاسییه و قابیلی هه‌ڵوه‌شانه‌وه نییه. هونه‌ر به خاڵێكی زۆر به‌هێزه‌وه به‌نده، ئه‌ویش به‌جێهێنانی دادپه‌روه‌ری رووداوه. له سیاسه‌تدا مێژوو به رێكخستنی رووداو هه‌ڵده‌سێت، هه‌ڵبه‌ته دوای روودانی. . . به‌ڵام له هونه‌ردا دووباره رووداو له لێوردبوونه‌وه و دنیای خه‌یاڵه‌وه بونیاد ده‌نرێته‌وه. بریتۆن له‌و دیده‌وه قسه له (په‌یوه‌ندی هونه‌ر) به خۆشه‌ویستییه‌وه ده‌كات، چونكه خۆشه‌ویستی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه رووداو تێیدا "بوون" ده‌بڕێت. ئه‌وه لێكدانه‌وه‌ی "شه‌یداییه" شه‌یدایی بۆ هیچ یاسایه‌ك كورت ناكرێته‌وه، هیچ یاسایه‌كی نییه. زۆرجاران قسه له لایه‌نه ناكۆمهڵایهتییهكهی خۆشه‌ویستی ده‌كرێت "عاشقان له دنیادا تاك و ته‌نیان" ته‌نیا ئه‌وانن خاوه‌نی جیاوازیین، له رێگای جیاوازییه‌وه دنیا تاقی ده‌كه‌نه‌وه. خۆشه‌ویستی شه‌یدابوونه له‌و خاڵه‌وه سوریالییه‌كان شۆڕشی شیعری‌یان له زماندا راگه‌یاند و سووربوون له‌سه‌ر شۆڕشی شیعریی له بووندا. . .
دواجار هونه‌ری شانۆ هه‌میشه جه‌خت له خۆشه‌ویستی ده‌كاته‌وه، خۆشه‌ویستی وه‌ك ئامرازێك بۆ یاخیبوونی چینی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی: خۆشه‌ویستی له شانۆدا تراجیدیا و ره‌تكردنه‌وه و تووڕه‌ییه. بادیۆ وه‌ك دواین فه‌لسه‌فه‌كاری نه‌وه‌ی شۆڕشی 1968ی فه‌ره‌نسای رۆشنگه‌ر و شۆڕش و ئازادییه‌كان، پێیوایه خۆشه‌ویستی داهێنانی دووباره‌ی ژیانه، ئێمه له خۆشه‌ویستیدا بڕوا به جیاوازی ده‌كه‌ین، ئێمه گومان له خۆشه‌ویستی ناكه‌ین. به كورتی ئالان بادیۆ له‌و گفتوگۆیه‌دا پێمان ده‌ڵێت له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ كرده‌یه‌ك بی بیركردنه‌وه بوونی نییه، كرده هه‌رگیز مرۆڤ رزگار ناكات! ئه‌وه خۆشه‌ویستییه مرۆڤ رزگار ده‌كات. . . به‌ر له‌وه‌ی فیكر بچێته قۆناغی كرده ده‌بی سه‌ره‌تا تێبگه‌ین، كه چۆن و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و فیكره دروست بووه؟! له رووی زانستییه‌وه فیكر یان بیركردنه‌وه ده‌رئه‌نجامی وه‌ڵامێكی ده‌ماری یان ده‌روونییه، فیكر وه‌ڵامی ده‌ستبه‌جێی هه‌ستیاره‌كان بۆ هه‌ستێكی گه‌ڵاڵه‌كراو و دیاریكراو، یان وه‌ڵامی بیره‌وه‌ری ده‌داته‌وه، به مانایه‌كی دیكه وه‌ڵامی هه‌ست و نه‌سته كهڵهكهكراوهكانی ده‌روونه بۆ بیره‌وه‌ری، به‌و مانایه‌ش ره‌وتی بیركردنه‌وه وه‌ڵامه به بیره‌وه‌ری، واته فیكر له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌یادهێنانه‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ست دروست ده‌بێت، هه‌موو بیرهوهرییهكیش له رێگای ئه‌زموونێكه‌وه ره‌وتی فیكری به‌جی ده‌هێنی. . . دواجار كرده ئاكامی بیركردنه‌وه‌یه، ئاكامی ئه‌زموونه، ئاكامی بیره‌وه‌رییه. . . ته‌نها خۆشه‌ویستی نه‌بی، خۆشه‌ویستی كرده‌یه‌كه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی فیكری و ئه‌زموون و بیره‌وه‌رییه‌وه! خۆشه‌ویستی ئه‌زموون نییه، خۆشه‌ویستی بیره‌وه‌ری نییه، خۆشه‌ویستی فیكر نییه، خۆشه‌ویستی ته‌نها له كاتی عاشقبووندا هه‌یه، خۆشه‌ویستی له خود سه‌رچاوه ناگرێت، خود خۆشه‌ویستی ناناسێت، ئه‌كاته‌ی كه خۆشه‌ویستی هه‌یه، خود بوونی نییه، خود به ئه‌زموونه‌وه به‌نده، خۆشه‌ویستی ته‌نها له كاتی عاشقبووندا ده‌بی به فیكر، بۆیه له كلتوری كوردیدا ده‌ڵێن عاشق كوێره. . . كه‌واته خۆشه‌ویستی ئه‌زموون نییه، خۆشه‌ویستی كتوپڕییه! كاتێك خۆشه‌ویستی هه‌بی كرده هه‌یه، خۆشه‌ویستی ئاكامی كاری بیركردنه‌وه نییه، چونكه بیركردنه‌وه به پرۆسه‌یه‌كدا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام خۆشه‌ویستی هه‌یه، خۆشه‌ویستی ئه‌زموون نییه، پرۆسه‌ی ئه‌زموون و بیركردنه‌وه هه‌نگاو هه‌نگاوه و خۆشه‌ویستی ساته‌وه‌ختییه. مرۆڤ ته‌نها به كرده‌ی خۆشه‌ویستی رزگاری ده‌بێت، ژیان شانۆی خۆشه‌ویستییه.