هاوارێک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ...م.عه‌ونی خۆشناو

 هێشتا زامه‌کانی هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفالی وڵات ساڕێژ نه‌بوون، زامێکی تر له‌ دڵی نیشتمان سه‌رهه‌ڵده‌دات، هه‌مان ڕه‌گه‌ز هه‌مان ئایدیاو هه‌مان باوه‌ڕ له‌ ژێر ناو و په‌رده‌یه‌کی تر مه‌رگه‌سات ڕوو له‌ ڕۆژئاوای کوردستان ده‌کات، ئه‌و ڕه‌شه‌کوژی و کۆمه‌ڵکوژیه‌ی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، دۆزه‌خێکی سه‌رڕووی زه‌مینه‌ و تاوانێکه‌ هه‌رگیز له‌ هزر و هۆشی نه‌ته‌وه‌ی کورد ون نابێت، کوشتنی منداڵی بچووک ئه‌گه‌ر ته‌نها هۆکاری کوردبوون نه‌بێ گوناهی چیه‌؟! به‌و شێوه‌ دڕندانه‌یه‌ کۆکوژ بکرێت، ئه‌و کاره‌ قێزه‌ون و دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ به‌ ناوی ئایین ده‌کرێت ..ئه‌رێ گه‌لۆ له‌ کوێن کۆمه‌ڵی وڵاتانی ئیسلامی؟! له‌ کوێن حزب و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کان؟ له‌ کوێن زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام؟ بۆچی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سته‌مکاری و تاوانه‌ گه‌وره‌ و قێزه‌ونه‌ی دژ به‌ گه‌لی کورد له‌ رۆژئاوای کوردستان ده‌نگ هه‌ڵنابڕن؟! بۆچی هاوپیشه‌کانتان ڕیسواو شه‌رمه‌زار ناکه‌ن که‌ گه‌نج و لاوی کورد به‌ ناوی جیهاد فریو ده‌ده‌ن؟ یاخود ده‌نگ و ڕه‌نگ و فرمێسکی ئێوه‌ ته‌نها بۆ مورسییه‌کانه‌!! زۆرمان پێ سه‌یره‌ چه‌ته‌کانی سه‌ر به ‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق و بیلادی شام و به‌ره‌ی نه‌سرا به‌ ناوی خواپه‌رستی و ئاینزایی و ئیسلامگه‌رایی ڕق و کینه‌و داخی ده‌روونی ڕه‌ش و ناپاک و گڵاویان به‌رامبه‌ر کوردی مرۆڤدۆست و موسلمان داده‌ڕێژن، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئێمه‌ کێین؟ ئایا نازانن مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی جوان و دیارییه‌کی خواییه‌ بۆ سه‌ر ڕووی زه‌مین، کام ئایین فه‌رمانی کردووه‌ مرۆڤه‌کان یه‌کتر بکوژن؟ بۆیه‌ به‌و کرده‌وه‌یه‌ قێزه‌ون و چه‌په‌ڵه‌ و دژ به‌ به‌های مرۆڤایه‌تی هیچ نرخێک بۆ ئایین و خواپه‌رستی دانانێن.ئێوه‌ منداڵ سه‌ر ده‌بڕن!! دیل ده‌کوژن ..ئێوه‌ ده‌ستدرێژی ده‌که‌نه‌ سه‌ر ژنان و کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ژنه‌کانی کورد بۆ خۆتان حه‌لال ده‌که‌ن و سه‌روه‌ت و سامانیان به‌ تالان ده‌به‌ن و ده‌دزن، دڵتان ڕه‌قه‌ وه‌ک به‌رد، ئێمه‌ی کورد هه‌موو کار و کرده‌وه‌ خراپ و ئه‌هریمه‌نیه‌کانتان که‌ ئێوه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئێمه‌ ڕیسواو شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ین، ئێوه‌ هه‌رچه‌ند دڕنده‌بن، ئێمه‌ زیاتر پارێزگاری له‌ خاک و گه‌ل و نیشتمانمان ده‌که‌ین، چونکه‌ گیانبه‌ختکردن له‌ پێناوی نیشتمان پیشه‌ی ئێمه‌یه‌و له‌ بیروباوه‌ڕماندایه‌، ئێمه‌ وه‌ک ئێوه‌ نین، ئێمه‌ مرۆڤدۆستین، خواپه‌رستین تۆوی عه‌شق و ئه‌وین دلۆڤانی ده‌چێنین، ڕێز له‌ ئایدیاو که‌لتور و شارستانیه‌تی جیهان ده‌گرین، ئێوه‌ خراپه‌کاری ده‌که‌ن، ڕه‌شه‌کوژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، تۆوی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و نه‌داری ده‌ڕوێنن!! کێ به‌رپرسه‌ له‌و نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختیه‌؟ کام ئایین و ئایدیاو باوه‌ڕ فه‌رمانتان پێ ده‌کات بکوژن و ببڕن و تالانکه‌ن و هه‌موو شتێک وێران و خاپوور و تێکبده‌ن؟ ده‌تانه‌وێ به‌ ڕێگای له‌شکرکێشی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی تر له‌ پارچه‌یه‌کی تری دڵی نیشتمان به‌رپا بکه‌ن، یاخود شاڵاوێکی تری ئه‌نفال له‌ خاکی پیرۆزی نیشتمان ئه‌نجام بده‌ن،  دایکان و خوشکانمان ڕه‌شپۆش و کچه‌کانمان هه‌رزان فرۆش بکه‌ن، کۆتایی به‌ کرده‌وه‌ تاوانکاریه‌کانتان بهێنن، ئێمه‌ گه‌لێکی به‌خشنده‌ین و خانه‌دان و ڕه‌سه‌نی ئه‌و هه‌رێمه‌ین، له‌هه‌ر شوێنێ ژیابین تۆوی دۆستایه‌تی و مرۆڤدۆستی و برایه‌تیمان چاندووه‌، ئێوه‌ش له‌هه‌ر شوێنێ ئارامی هه‌بێ ناتوانن تیایدا بژین و تێکیده‌ده‌ن، ژیان هه‌بی ده‌یوه‌ستێنن، ئاوه‌دانی و پێشکه‌وتن هه‌بێ وێرانی ده‌که‌ن!!

 یه‌کگرتنی ئه‌و چه‌ته‌ ئیسلامگه‌رانه‌ دژ به‌ براکانمان له‌ ڕۆژئاوا هه‌نگاوێکه‌، بۆ کاری تێکده‌رانه‌ و کۆمه‌ڵکوژیه‌ له‌ هه‌رێمی کوردان، سیاسه‌تی نکۆلی و پاکتاوی نه‌ژادیه‌ له‌و ده‌ڤه‌ره‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌ هۆی زه‌برو زه‌نگ هه‌وڵی په‌راوێز خستنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌ده‌ن له‌و ده‌ڤه‌ره‌‌، ئێمه‌ی کوردستانیان پێویستیمان به‌ هاوکاری و ته‌بایی و یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتی هه‌یه‌، تاکو به‌و یه‌کهه‌ڵوێستیه‌ ده‌نگی ناڕه‌زاییمان له‌ دژی دیکتاتۆری داگیرکاری و کۆمه‌لکوژی به‌رز که‌ینه‌وه‌، به ‌شێوازێکی مه‌ده‌نییانه‌ و خه‌باتێکی هاوچه‌رخیانه‌ پشتیوانی له‌ هاونیشتمانه‌کانمان له ڕۆژئاوای‌ کوردستان بکه‌ین، تاکی کورد له‌ ڕۆژئاوای کوردستان له‌ دۆخێکی سه‌خت و دژوار و هه‌ستیاردان و به‌ دڵه‌ڕاوکێ ژیان ده‌گوزه‌رێنن، کاری هه‌نووکه‌ییمان پێویستیمان به‌ خۆسازدان و خۆڕێکخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موومان وێرای ئایدیای جیاواز و بیرکردنه‌وه‌ی جیاوازو تێڕوانینی جیاواز له‌ بارودۆخه‌کان، به‌ڵام ئامانجێکی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، پێویسته‌ پشت و په‌نای یه‌کبین و گیانی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رخۆدان له‌ نێوماندا په‌ره‌ پێبده‌ین، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ بزانین هێشتا ڕێگای تێکۆشان و به‌رخودان سه‌خت و ئاڵۆزه‌، زۆرمان ماوه‌ سه‌رجه‌م مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین، هاوده‌نگی و پشتیوانیمان له‌ هاونیشتمانانی ڕۆژئاوای وڵات له‌به‌ر خاتری پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان نیه‌، به‌ڵکو په‌رۆشیمانه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و خاکی کوردان، هێشتا ئایدیای توانه‌وه ‌و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێو هزر و ئه‌ندێشه‌ی ئاخونده‌کان و داگیرکه‌رانی کوردستان ته‌راتێن ده‌کات، داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ش و هه‌وای ئارامی ڕۆژئاوای کوردستان و گه‌شه‌کردن و ئاوه‌دانی و ئارامی باشووری کوردستانیان پێ قبول ناکرێت، بۆیه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و به ‌شێوازێ لێدوانی بێ بنه‌ماو ئاگرینی و شه‌ڕانگێزی له‌ میدیاکان له‌ دژی کورد ده‌ده‌ن و تاوناتاوێ له‌ هه‌وڵی ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی نانه‌وه ‌و تێکدانی ڕه‌وشی ئاسایشی ناوچه‌که‌دان ..

 له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کوردستانیانی تاراوگه‌ کاراکته‌رێکی کاراو زیندوو دانه‌بڕاوی ئه‌و واقیعه‌ی کوردستانین، ئه‌رکی سه‌رشانمانه‌ له‌ پرۆسه‌ی گۆڕانکاری و کوده‌تا دژ به‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، ڕۆڵی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ی خۆمان ببینین، له‌ زووترین کاتدا ئاماده‌کاری بۆ پێشهاته‌کان بکه‌ین و له‌ هه‌موو وڵاته‌کاندا له‌ ژێر چه‌تری ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خۆمان ساز و ئاماده‌ که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاتی پێویستدا له‌ هه‌مبه‌ر ده‌ستدرێژی چه‌ته‌ ئیسلامگه‌ره‌کان و ئاغاکانیان ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستین، له ‌سه‌رجه‌م پایته‌خته‌کانی وڵاتانی جیهان و له‌به‌رده‌م شوێنه‌ فه‌رمییه‌کان و نووسینگه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و په‌رله‌مانی ئه‌وروپی و به ‌شێوازێکی شارستانیانه‌ گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان ئه‌نجام بده‌ین و بیکه‌ینه‌ مه‌یدانی چاڵاکی مه‌ده‌نی و خۆپیشاندان و مانگرتن و که‌مپین ڕابگه‌یێنین بۆ پشتیوانی له‌ هاونیشتمانه‌کانمان له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان، په‌یامی هاوده‌نگی و هاوسۆزی و هاوکاری و هاوهه‌ڵوێستیان پێڕابگه‌یێنین، بلێین ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ گیان به‌رگری له‌ خاک و نیشتمان بکه‌ن، ئێمه‌ش له‌ تاراوگه‌ به‌ هۆی گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و چاڵاکی مه‌ده‌نی و دیبڵۆماسی، په‌یامی ئاشتی و ته‌بایی و یه‌کڕیزی و پێکه‌وه‌ژیان ده‌ده‌ین به‌ گوێچکه‌ی مرۆڤدۆستانی جیهان، به‌و شێوازه‌ ده‌توانین ببینه‌ قه‌ڵغانێکی پۆڵایین بۆ کورد و کوردستان ..

 هیواخوازین کوردستانیانی تاراوگه‌ به‌گشتی و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردستانیه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چالاکوانانی سیاسی و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤدۆستی، پشتیوانی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان بکه‌ن و داوا له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم بکه‌ین ده‌روازه‌ی سنوور به‌ ڕووی هاونیشتمانه‌کانمان واڵا بکات، وه‌ ئه‌و جاش و به‌کرێگیراوانه‌ ریسواو شه‌رمه‌زار بکه‌ن، چونکه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌تیبه‌یه‌کی به‌ کرێگیراوی کورد له‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ به‌شدارن!! به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌م په‌یامه‌ بڕوانن و کاری جدی له‌سه‌ر بکه‌ن، له ‌پێناوی پاراستنی خاک و گه‌ل و نیشتیمان..

 

م.عه‌ونی خۆشناو

هۆڵه‌ندا / لاهای

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر