یه‌کێتی ڕێبازی ڕوون و ئامانجی ڕه‌وا. . . م. عه‌ونی خۆشناو

ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتی ڕێبازێکی ڕوون و ئامانجێکی ڕه‌واو ڕۆژێکی گه‌شه‌ له‌ ئاسمانی بێ گه‌ردی کوردایه‌تی، ڕۆژێکی مێژوویی و پڕشنگدار و مه‌زن، وه‌رچه‌رخانێکی نوێ و داهێنه‌رانه‌ له‌ شێوازی خه‌بات، له‌ کاروانی پڕ شکۆی یه‌کێتیدا له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ چه‌ندان جار کۆسپ و ته‌گه‌ره‌و ئاسته‌نگ و قه‌یران هاتۆته‌ ڕێڕه‌وی خه‌بات توشی هه‌ڵکشان و دابه‌زان هاتووه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵ و کۆششی دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتیمان، به‌ بڕوای پۆڵاینی ڕێکخستنه‌کان، به‌ ووره‌ی به‌رزی خۆڕاگری زیندانه‌ سیاسی یه‌کان، به‌ ماندوونه‌ناسی و شه‌ونخونی و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌کان، به‌ ڕێنمایی و ڕابه‌رایه‌تیکردنی حه‌کیمانه‌ی سه‌رۆک مام جه‌لال، یه‌کێتی نسکۆی گۆڕی به‌ جۆشدانه‌وه‌ی خه‌بات، جیابوونه‌وه‌ به‌ هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌هێزبوون، قه‌یران به‌ سه‌رکه‌وتن، له‌ جاران به‌هێزترو به‌گورترو به‌ باوه‌ڕتر له‌ مه‌یدانی تێکۆشان، بۆ به‌دیهێنانی ئامانج و ئاواتی گه‌له‌که‌مان له‌ پێناوی ئاشتی و ئازادی ودیموکراسی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و مافی چاره‌نوس و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی کوردستان، له‌ سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی خه‌بات و به‌رخودان دابووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ یه‌کێتی له‌ دیرۆکی هاوچه‌رخی گه‌له‌که‌ماندا لای کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ پارسه‌نگی دیموکراسی و چرای گه‌شی کوردایه‌تی دێته‌ ئه‌ژمارکردن، بۆیه‌ گرنگه‌ یادی38 ساڵه‌ی یه‌کێتی بکه‌ینه‌ وێستگه‌یه‌ک و وه‌رچه‌رخانێک بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ به‌رۆکی حزبی گرتووه‌، ئه‌رکمانه‌ دروشم و ووته‌ به‌نرخه‌کانی جه‌نابی مام جه‌لال وه‌ک خۆی جێ به‌جێ بکه‌ین، که‌ ده‌فه‌رموێ سه‌روه‌ریمان و بوونمان و گه‌شه‌کردنمان به‌نده‌ به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان، بۆیه هه‌میشه‌ باس له‌سازان و پێکه‌وه‌کارکردن و ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه‌له‌خۆگرتن و گوێگرتن و په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌ ده‌کات، چونکه‌ به‌ڕێزیان باش ده‌زانێت به‌ ته‌نیا گوڵیک باخی کوردستان بۆنخۆش و ڕازاوه‌ نابێت. .

 یه‌کێتی و سازان

له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌کێتی ده‌ستپێشخه‌رو پێشه‌نگ و داهێنه‌ربووه‌ له‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا، تێگه‌یشتنی هه‌م بۆ فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کی و هه‌م بۆ ڕۆڵی کوردستانیان جیاواز بووه‌ له‌ تێگه‌یشتن و دونیابینی هێزه‌کانی دی، ئێستا کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ یه‌کێتی به‌ به‌رنامه‌یه‌کی گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ ناوه‌ندگیری نێوان هێزه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتی بکات، له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک و سازان له‌ سه‌ر پرسه‌ ڕه‌هه‌نده‌ نیشتیمانیه‌کان بکرێت، دوور له‌ مناوه‌ڕه‌ی سیاسی و گه‌له‌کۆمه‌کی و نادیده‌گرتنی هێزو لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کان، له‌ پێناوی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌ سیاسی و یاسایه‌کان، پێویستیمان به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، تاکو هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و قه‌یرانی سیاسی نه‌چێت، چونکه‌ یه‌کێتی له‌گه‌ل ئه‌وه‌ نی یه‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ ئاڵۆزو دژ به‌یه‌ک بێ، که‌ ده‌رفه‌تی پێکه‌وه‌ دیالۆگکردن و له‌یه‌کترگه‌یشتن و سازان نه‌مێنێ، بۆیه‌ تاکو زووه‌ هه‌نگاو هه‌ڵێنێ بۆ سازانی نێشتیمانی. . .

 یه‌کێتی و داهێنان. . .

یه‌کێتی هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌رو ڕچه‌شکێن بووه‌، به‌ زۆر قۆناغ گوزه‌ری کردووه‌، چۆن له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕه‌شی نوێ به‌ بیری نوێ و ڕێبازێکی هاوچه‌رخانه‌ی نوێ کۆڕی خه‌باتی جۆشدایه‌وه‌ و کاریگه‌ر بوو، له‌سه‌ر گۆڕانکاری له میتۆد و‌ شێوازی خه‌بات و به‌رنگاری و به‌رخودان و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌ل و نیشتیمان، ئه‌مڕۆش له‌م یاده‌ پڕ شکۆیه‌دا داهێنانێکی نوێ به‌ میتۆدێکی نوێگه‌ری، به‌ گوێره‌ی پێوه‌رو بنه‌ماکانی حزبه‌ سۆسیال دیموکراته‌کان گونجاوو هاوته‌ریب وهاو ده‌نگ بێت له‌گه‌ل که‌شی سیاسی کوردستان، چونکه‌ ئێستا کاروانی خه‌بات له‌ وێستگه‌یه‌کی گرنگ و پڕهه‌ستیار گوزه‌ر ده‌کات، شمشێرێکی دوو سه‌ره‌ له‌ڕێگاماندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی شایسته‌ به‌کاری نه‌هێنین، جارێکی تر جه‌سته‌مان زامدار ده‌که‌ین، بۆیه‌ پێویستیمان به‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کڕه‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی و یه‌کیتی کوردان هه‌یه‌، پێویستیمان به‌ سازانی نیشتیمانی هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کان به‌ تایبه‌تی پرسی ڕه‌شنوسی ده‌ستوور، خه‌ریکه‌ نێو ماڵی کورد هه‌راسان ده‌کات، تا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ پارێزگاری له‌ ده‌ستکه‌وته‌کان و ئه‌زموونه‌که‌مان بکه‌ین و زیاترو زیاتر له‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دابین و گرنگی به‌ ئازادی و ئازادی ڕاده‌ربڕین و مێرگی دیموکراسی سه‌وزتربکه‌ین و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێو هه‌موو چین و توێژه‌کان هاوسه‌نگ بکه‌ین و ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی گه‌شه‌ی پێبده‌ین، به‌م میتۆده‌ ده‌توانین خزمه‌تێکی گه‌وره‌و به‌ گه‌ل و نیشتیمان و داهێنانێکی نوێگه‌رانه‌ له‌ شێوازی خه‌بات ئه‌نجام بده‌ین. .

 

 یه‌کێتی و ئاینده‌

 لای هه‌موومان ئاشکراو ڕوونه‌ یه‌کێتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ هێزێکی پێشه‌نگ بووه‌ له‌ جۆری خه‌بات و کۆڵنه‌دان، کۆله‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کییه‌ له‌ بڕیاره‌ هه‌ستیارو نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نوسسازه‌کان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ دانانی به‌رنامه‌و پلانه‌ بۆ ئاینده‌یه‌کی گه‌ش، بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخه‌کانه‌، کارکردنه‌ له‌سه‌ربنه‌ماکانی ده‌وڵه‌ت بوون، گرنگیدانه‌ به‌ یه‌کڕیزی و ته‌بایی و هاوکاری نێوانمان بۆ پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کان، له‌ پێناوی دابینکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش ئه‌رکمانه‌ هه‌رسێ یه‌کێتی یه‌که‌ یه‌کێتی ناو یه‌کێتی، یه‌کێتی ڕیزه‌کانی گه‌ل، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان وه‌ک سۆمای چاومان بپارێزین،  بۆ دابینکردنی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌وه‌کان و داهاتووی گه‌له‌که‌مان، ئه‌رکمانه‌ به‌ به‌رنامه‌ گرنگی به‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێرکردن بده‌ن، گرنگی به‌ پێگه‌یاندنی خولی کادیران بده‌ن به‌شێوازێکی زانستیانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پێویسته‌ هه‌زاران لاوی کورد ئه‌کادیمیانه و به‌ شێوازێکی زانستیانه‌‌ له‌ بواری سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و سه‌رکردایه‌تی په‌روه‌رده‌ و گۆشبکرێن و سوود له‌ ووزه‌ توانای خوێندکاران و لاوانی کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات وه‌ربگیرێت، وه‌هه‌روه‌ها کوردستانیانی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات گرنیگیان پێبدرێت و هانبدرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو پارته‌ سیاسی یه‌کانی ووڵاتی خانه‌خۆ کاری ڕێکخراوه‌یی بکه‌ن و سوود له‌ شاره‌زایی و توانایی ئه‌وان وه‌ربگیرێت و له‌ هه‌مانکاتیشدا ببنه‌ ده‌نگێکی گوێ لێگیراو له‌و وولاتانه‌دا، وه‌ ئه‌وه‌ی زۆر پێویست و گرنگه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ پاراستنی شوناس و ئایدیای یه‌کێتی یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازتر له‌وانی تر کاری ڕێکخراوه‌یی ئه‌نجام بده‌ین، له‌ پێناوی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ کورد و یه‌کێتی به‌ گوێره‌ی قۆناغ و پێداویسته‌کانی سه‌رده‌م له‌ تازه‌گه‌ری و نوێبوونه‌وه‌ پێشه‌نگی خه‌بات بین، هه‌روه‌ها سوود له‌ ئایدیاو خه‌رمانی خه‌باتی مام جه‌لال ببینین، چونکه‌ مرۆڤێک ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن و به‌خشنده‌و میهره‌بان و خه‌باتگێرو به‌ ئه‌زموون و لێزان بێت، ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بیرمه‌ندان و شاره‌زایان بیر له‌ نوسینی داهێنانێکی نوێی هاوچه‌رخ بکه‌نه‌وه‌، که‌ تایبه‌ت بێت به‌ ئایدیایه‌کی نوێ سوود له‌ ئه‌زموونی 65 ساڵه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وامی مام جه‌لال وه‌ربگیرێت، ده‌رباره‌ی ووڵاتپارێزی و دادپه‌روه‌ری و مرۆڤدۆستی و ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان، چونکه‌ له‌ سایه‌ی سیاسه‌ته‌ حه‌کیمانه‌که‌ی مامی گه‌وره‌و به‌ڕێزماندا کوردستان به‌ره‌و که‌ناری ئارامی و ئۆقره‌یی و سه‌قامگیری و گۆشگوزه‌رانی و ئاوه‌دانی ده‌چێت. .

 

 یه‌کێتی و قوربانیدان

 یه‌کیتی له‌ مێژووی دامه‌زراندنیه‌وه‌ قوربانیه‌کی زۆری داوه‌، له‌ قۆناغی به‌رنگاری و به‌دیهێنانی ده‌ستکه‌وته‌کان، شه‌هیدانی یه‌کێتی ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئاسمانی کوردایه‌تین، که‌ له‌ شه‌وه‌ زه‌نگی نائومێدیدا ڕێگای رزگاری و ئازادی و سه‌رفیرازی کوردستان و چرای گه‌شی کوردایه‌تیان ڕۆشنکرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌رکمانه‌ هه‌یشه‌ له‌ یادو بۆنه‌کاندا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ به‌رده‌م گڵکۆی ئه‌و نه‌مرانه‌ دانه‌وێنین و به‌ڵێن و وه‌فا دووپاتکه‌ینه‌وه‌ درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه‌ پیرۆزه‌کانیان بین، سڵاوو دروود بۆ گیانی پاکیان بنێرین و گرنگی به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان بده‌ین، چونکه‌ ئه‌وان ئه‌و نه‌مرانه‌ن که‌ گیانی خۆیان کرده‌ قوربانی له‌ پێناوی کوردستانێکی ئازاد و ئاوه‌دان، بۆیه‌ یه‌کێتی ئه‌رکییه‌تی وه‌ک باوکێکی میهره‌بان ده‌ستی میهره‌بانی به‌سه‌ری خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بێنێت و خۆشگوزه‌رانیان بکات و پێداویسته‌کانی ژیانیان بۆ دابین بکات، هه‌روه‌ها ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ ماندونه‌ناسه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌کان و زیندانی یه‌ سیاسی یه‌ خۆڕاگره‌کان و ڕێکخستنه‌ دێرینه‌کانی ڕێ نیشانده‌ری خه‌بات و جوتیارانی لادێ ئه‌وانه‌ی نانی ده‌می منداڵه‌کانیان ده‌کرده‌ خۆراکی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وانه‌ خه‌باتکارو ئه‌کته‌ری شانۆی رۆژه‌ سه‌خته‌کانی خه‌باتن، ئاوردانه‌وه‌یه‌ له‌وانه‌ ئاوردانه‌وه‌یه‌ له‌ خانووه‌ قوڕه‌کان، ئه‌و به‌ڵێنه‌ له‌ گوفتاره‌وه‌ ببێت به‌ کردار. .

 له‌ کۆتاییدا به‌ پێویستی ده‌زانین پیرۆزبایی خۆمان بکه‌ینه‌ چه‌پکه‌ گوڵێکی قه‌شه‌نگ له‌ باخچه‌ رازاوه‌کانی کوردستان گوڵبژێر بکه‌ین و پێشکه‌ش به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و خه‌باتگێری بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و سه‌رجه‌م کادیرو ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرو ته‌واوی کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان بکه‌ین، هیوای باشتربوونی ته‌ندروستی مام جه‌لال و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کۆڕی خه‌بات، ئاواته‌ خوازین یادی 38 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ببێته‌ هه‌وێنی برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان، بیکه‌ینه‌ وه‌رچه‌رخانێکی نوینبوونه‌وه‌ له‌سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کان و سزادانی خراپه‌کاران. .

 

 م. عه‌ونی خۆشناو

 هؤله‌ندا / لاهای

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.