مامۆستای ئێمەوە دروستکردنی ڕا ...بڵند نەورەس

کۆڵەکەیەکی سەرەکی دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤ، بوونی ( ڕا )یە، ڕای کەسی بۆ خزمەتی گشتی.

ڕا دەرهاویشتەی ئاستی تاکە لەسەر ئەو بابەتانەی لە کۆمەڵگادا ڕووئەدەن یان تاک ئەیخاتە بەر دیدی کۆمەڵگا بە پشتبەستن بە پاشخانێکی ڕۆشنبیری و مەودایەکی هزری کار لەسەر کراو.

مامۆستای زانکۆ بە نمونە:

لە وڵاتی مصر، ئەوانەی مامۆستای زانکۆن هەمان ئەو کەسانەن کە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاو بناغەن بۆ دام و دەزگاکانی دەوڵەت بێ جیاوازی.

لێرە پرۆسەی پەروەردەی تاک لە خویندنەوە دەست پیدەکات، بە ئاستێکە کە لە تاقیکردنەوەی قوتابیانی زانکۆدا مەرجە قوتابیان ئەو پرسیارە وڵام بدەنەوە کە تیایدا دەبێت ڕای خۆیان بڵێن لەسەر بابەتە دیاریکراوە، لە قۆناغی ماستەریش مەرجە بەشێک تەرخان بکرێت بۆ رای توێژەر لەسەر تۆێژینەوە یان نامەی ماستەرەکەی .

لە پاڵ ئەمەدا زۆرێک لە مامۆستاکان خۆیان نووسەری ئەو پەرتوکانەن کە وەک پرۆگرامی خوێندن (منهج دراسی)، دانراوە بۆ خوێندنی ساڵانەی قوتابیان.

جگە لەمەش هیچ خاوەن هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایەکیان نابینیت زیاد لە ٥ پەرتووکی نەبێت.

هەڕچی جومگەی گرنگی وڵاتیش هەیە بەشێکی گرنگی یان مامۆستای زانکۆ تیایدا ئەندامە، یان ڕاوێژکاری دەزگاکەیە، یان پرسی جدیان پێدەکرێت لە کاتی پیویستداو ڕاکانیان بە هەند وەردەگیرێت و کاری لەسەر دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی ساڵانە چەندین توێژینەوە ئەنووسن و لە پێشبرکێی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکانیاندان لە رۆژنامە زانستییە بڕواپێکراوە جیهانیەکان وەک - جۆڕناڵ...

پێگە کۆمەڵایەتێکانیشیان وەک فەیسبوک و تویتەر، پڕاوپڕە لە ڕای تایبەتیان لەسەر هەر پرسێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و - ووتە گرنگەکانی خۆیان و تۆێژینەوەکانیان و پەرتوکەکانیان و خستنەڕووی رێگەچارەو چارەسەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاسایی بۆ پرسە ناوخۆییەکان.

هەفتانەش تازەترین زانیاری و توێژینەوەی زانستی جیهانی بەردەست دەخەن و کورتکراوەکانی و سەرچاوەکانی ئەدەن بە قوتابیان لەو بوارەی لێی ئەخوێنن، واتە هاوشانی سەردەم ئەڕۆن.

جگە لەوەی خاوەنی کەسایەتی بەهێز و پێگەی کۆمەڵایەتی گرنگ و هەڵسوکەوتی شایستەن بە پێگەکەیان.

من لێرەدا نامەوێت بەراوەرد بکەم بە مامۆستای ئیرەو مامۆستای خۆمان، ئەو بەراوەردە بۆ ئێوەو خۆتان هەڵیسەنگێنن ...بەڵام تەنها ئەوەندە دەڵێم لای خۆمان قوتابی گەر رای خۆی بدات تەنانەت لە ماستەریشدا زۆر ئاساییە مامۆستاکە پیی بڵێت:

*( تۆ چیت تا ڕات هەبێت ...! )

 لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکانیشدا زۆر بەرچاوە مامۆستاکانی ئێمە خەریکی چین، کە زۆر بەسانایی ڕەنگە بڵێن ئەمە ژیانی تایبەتی خۆمانە ...منیش ئەڵێم نەخێر ئەوە کەسایەتی تۆیە بۆ منی خوێنەر...!

-------------------

* راستیەکەو ڕویداوەو قوتابی و مامۆستاکەش ناسراون لام.

- ئەم نوسینە ئەنجامی بەدواداچوونی زیاتر لە یەک مانگە.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.