لە ئەسکەندەریەوە ...بڵند نەورەس

بەر لە هەر نوسینێک بە گرنگی ئەزانم مافی ئەو ناوە بەم کە کردومە بە ناونیشانی بابەتەکانم ئەویش ئەسکەندەریەیە، چونکە ئەسکەندەریە بۆ من ژیانێکی نوێ و ئەزمونیکی گرنگە.

ئەسکەندەریە یان بووکی دەریای سپی ناوڕاست دووهەم شاری گەورەی میسرە دوای قاهیرە، ئەکەوێتە قەراغی دەریای سپی ناوڕاست بە درێژایی ٧٠ کم، ئەم شارە لە لایەن ئەسکەندەری گەورە (ئەسکەندەری مەقدۆنی) دروستکراوە ساڵی ٣٣٢ پێش میلاد.دانیشتوانی ئەسکەندەریە بە پیی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٦ نزیکەی ٤١٢٣٨٦٩ کەسن، کە ٢١٠٦٣٥٠ پیاون و ٢٠١٧٥١٩ ئافرەتن

ئەسکەندەریە لە سەدەی چوار - ناوی ( راکتۆس ) یان ( راقودە ) بووە کە ئەوکات وەک دێیەکی پچوک وابووە بەڵام پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەبوو .

یەکێک لە سیما میژوویە دیارەکانی ئەسکەندەرییە منارەی ئەسکەندەریەیە کە بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی دنیا هەژمار دەکرا لەبەر بەرزیەکەی کە ٣٥م بووە، تا ئەو کاتەی زەمین لەرزەی ساڵی ١٣٠٧ روخاندی، هەروەها خاوەنی گەورەترین کتێبخانەیە لە رۆژهەڵاتدا بە ناوی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە کە ٨ ملیۆن کتێب لە خۆدەگرێت، لە پاڵ ئەمانەشدا چەندین شوێن و شوینەواری مێژویی لەخۆدەگرێت وەک ( عمود سامورای - شانۆی رۆمانی - قەڵای قایتبای - گۆرستانی مستەفا کامیلی شوینەواری - گۆڕستانی ئەنفۆشی شوێنەواری - مۆزەخانەی یۆنانی - مۆزەخانەی نیشتیمانی - مۆزەخانەی خشڵ و زێری مەلیکی ).لەگەڵ چەندین کۆشک و باخ و چێشتخانەو سینەماو شانۆو بازاڕو کافتریا ...

 

دەریاش جوانترین سیمای بەخشیوە بە ئەسکەندەریە کە بە درێژایی رێگای ئەمسەر بۆ ئەوسەری شار دەریا هاوشانتە کە کەنارەکانی تەنراون بە شوێنی حەوانەوەو شوێنی کات بەسەر بردن لەوبەریشیەوە رازاوەتەوە بە هوتێل و باڵەخانەو کافتریا و چێشتخانەو بازاری جۆراوجۆر، بەردەوام هەست بە ژیان ئەکەیت بە بوونی شنەو دەنگ و رەنگی دەریا کە بەردەوام خۆی ئەکێشێت بە کەنارەکاندا، زستانان سەرمایەکی تەڕی هەیەو هاوینانیش شێیەکی گەرم، ساڵانە نزیکەی ٩-١٠ ملیۆن گەشتیار دێنە میسر بۆ گەشتکردن بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ لە ٣٣% کەمی کردووە بە هۆی شۆڕشەوە.

زۆرترین دەستکەوتی ئابووری میسر لەسەر کەرتی گەشتوگۆزارییە کە داهاتەکەی لە داهاتی هەموو کەرتەکانی تر زیاترە ساڵانە.

 

خەڵکی ئەسکەندەرییە خەڵکێکی سادەن بەڵام ژیانیان خۆش ئەوێت و خۆش ئەژین و میوان دۆست و یارمەتیدەرن و دەنگ گەورەن و ئەسمەرو شان پانن زۆربەیان دەم و چاویان درێژە و باڵایان بەرزە، زۆربەیان موسوڵمانن و نزیکەی ٨٠ مزگەوتی لێیە، بەشێکیشیان مەسیحین و بەشێکیشیان جولەکەبوون بەڵام بە درێژایی مێژوو رۆشتوون لە ئەسکەندەریە تایبەت لە سەردەمی جمال عبد الناسر .

 

ئەسکەندەریە بە گەورەترین شاری پیشەسازی دادەنرێت لە وڵاتی میسردا چونکە ٤٠% داهاتی پیشەسازی میسری لێبەرهەم دەهێنرێت کە پێکدێن لە : چەرم – چیمەنتۆ - بەنزین – کەلوپەلی کارەبایی – پەینی کیمیاوی .

لە پاڵ کەرتی پیشەسازیدا شاریکی گرنگە بۆ کشتوکاڵ و زیاتر بە گەنم و تەماتە ناسراوە و ٣١٨ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە کە نیوەی چێنراوە بە بەروبومی کشتوکاڵی جۆراوجۆر.

بەروبوومی ماسی ناسراوترین کەرتی ئەسکەندەریەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و لەسەر ئاستی هەناردەکردنیش بۆ دەرەوەی میسر، کە تەنها لە ساڵی ٢٠٠٧ بری ١٨٣٢٧ هەزار تەن ماسی جۆراوجۆری هەناردەی دەرەوە کردووە .

 

لایەنی زانستی و هونەری /

لایەنی زانست و خوێندن زۆر گرنگی پێدەدرێت، یەکەم قوتابخانە لە ئەسکەندەریە ئەگەرێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە کە سەرەتا فەرەنسیەکان دایانمەزراندووەو تا ئێستاش لە هەندێکی خوێندن تیایدا هەر بە فەرەنسییە، ئەسکەندەریە ە ئێستادا ١٧٦٦ قوتابخانەی تێدایە .

هەروەها دووهەم کۆنترین زانکۆی میسر زانکۆی ئەسکەندەریەیە لە ئەسکەندەریەیە کە زانکۆیەکی حکومیە لەسەر سیستەمی میسری و کۆلێژی ئەندازیاری ئەم زانکۆیە یەکێکە لە گرنگترین کۆلێژەکانی ئەندازیاری لە سەر ئاستی جیهان، هەروەها ( الاکادیمیە العربیە للعلوم والتکنلوجیا والنقل البحری )، هەروەها زانکۆی سانجۆز ی فەرەنسی، زانکۆی فاروس، زانکۆی بەیروتی عەرەبی، زانکۆی کینج مریوط،

لایەنی هوونەری پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە تایبەت دوای ئەوەی ئەسکەندەریە هەڵبژێردرا بە پایتەختی رۆشنبیری ئیسلامی ساڵی ٢٠٠٨، هەروەها ساڵانە چەندین کەرنەڤاڵی تێدا بەڕێوەدەچێت وەک ( ڤیستیڤاڵی ئەسکەندەریە بۆ فیلمی نێودەوڵەتی )، (ڤیستیڤاڵی ئەسکەندەریە بۆ رۆشنبیری جیهانی)، (ڤیستیڤاڵی مۆسیقای عەرەبی لە ئەسکەندەریە)، هەروەها کتێبخانەی ئەسکەندەریە ساڵانەو لە بۆنە جیا جیاکاندا جۆرەها پێشەنگاو کەرنەڤاڵ و ڤیستیڤاڵ و مەراسیمی جۆراوجۆر ساز دەکات وەک پێشەنگای مێژووی چاپ لە میسر.

چەندین فیلمیش لەسەر کراوەکە باس لە شاری ئەسکەندەریە ئەکات لەوانەش: ( رصیف نمرە خمسە – حمیدو – میرامار – البنات والصیف – الثلاثە یشتغلونها – السمان والخریف – اسکندریە لیە – موعد علی عشاء – اسکندریە نیورک – صایع بحر – ملاکی اسکندریە – رسائل بحر).

 

چەند کەسایەتیەکی ناسراوی ئەسکەندەریە /

- تۆفیق حەکیم : نوسەر و بیرمەندی میسری

- سید درویش : ئاوازدانەر و مۆسیقی کە توانی مۆسیقای میسر تازەبکاتەوە

- عمر شریف : ئەکتەری جیهانی

- عبد لطیف ابو هیف : یەکەمی جیهان بۆ ٥ جار لە مەلەوانیدا

- کلیۆپاترای حەوتەم : مەلیکی میسر

- محمود عبد العزیز : ئەکتەر

- یوسف شاهین : دەرهێنەر

- هند رستم : ئەکتەر و شاجوان

- عمرو خالد : بانگەشەکەری ئیسلامی ناسراو

- محمد کامل عمرو : وەزیری دەرەوەی میسر

- - - - - - - - -

الفاروق عمر، تأليف محمد حسين هيكل.

السكان والموارد والأنشطة الاقتصادية، موقع الإسكندرية

دليل السنيمات بالإسكندرية، موقع الإسكندرية

موقع الهيئة المصرية للاستعلامات المصرية، تعداد سكان مصر لعام 2006 تاريخ الوصول 9 يوليو 2008

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.