داهێنان، بریتییە لەوەی کە تۆ ئەیبینیت و خەڵکی تر نایبینێت، یان کارێک ئەنجام بدەیت پێشتر کەس ئەنجامی نەدابێت ...لە قورئانی پیرۆزیشدا بەم شێوەیە ئاماژەی پیکراوە : ( بدیع السماوات و الارض ).
لەپاڵ ئەم پێناسانەدا داهێنان یان کەسی داهێنەر دەبێت پابەندبێت بە کۆمەڵێک مەرج و بنەما و گریمانەی زانستی کە مەرجە بۆ هەڵسەنگاندنی داهێنانەکەی و دەبێت پۆڵێنێکی بابەتیش بکرێت بۆ توخم و جۆری داهێنانەکەی و رێژەی داهێنانەکەی دیاری بکرێت کە ئایا داهێنانی تازەیە یان پەرە دانە بە داهێنانێکی پێشتر ...
وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی ٦٩٠ داهێنەری کوردی بڵاوکردۆتەوە بێ ئەوەی ئاماژە بە داهێنانەکانیان بدات، بۆیە ئەبێت ئاماژەش بە داهێنانەکانیان بدات، چونکە داهێنان پرۆسەیەکی زانستی تەواوە، لە هەر بوارێکدا بێت، هێندەش راگوزەر نییە وەک ئەوان لێی تێگەیشتوون .
هەرێمێکی وەک هەرێمی کوردستان تەنها لە بواری نووسین و هوونەر و رۆژنامەوانیدا ٦٩٠ داهێنەری هەبیت، ئاخۆ لە بواری ووزە و پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا چەند داهێنەرمان هەبێت ...؟!
قسەم لەسەر ناوی هیچ بەرێزێک نییە کە ناوی هاتووە لەو لیستەدا، بەڵام قسەم لەسەر ئەو عەقڵەیە کە وەزارەتی خستۆتە ئەم هەڵە زەقە ئابڕوبەرانەیەوە کە لە ئەنجامدا قسە کردنە لەسەر خودی وەزارەت، چونکە رازیبوون، بە هەڵەو بیرۆکەی هەڵە و ئەنجامی هەڵە .
ئەپرسم لە کوێی دنیادا هەبووە یان هەیە کەسێک داهێنەر بێت و بچێت فۆرمێک پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی بڵێت من داهێنەرم و لیژنەیەکیش هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و هاوشانی ٦٨٩ کەسی تر ناوی دەربچێت وەک داهێنەر ...باشە چۆن جیاکاری کرا لە نێوان داهێنانی ئەم لەگەڵ داهێنانی ئەو ...؟!!!
باشە وەزارەت ئاگای لە پێشبرکیی داهێنانی جیهانی هەیە، یان ئاگای لە ڤیستیڤاڵی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ هەیە، یان ئاگای لە پەرتوکی گینس هەیە...؟!
لەسەر چ بنەمایەک لە یەک بواردا بە سەدان کەستان کردووە بە داهینەر، ئەگەر وایەو داهێنەرن فەرموون داهێنانەکانیانمان بۆ بڵاوبکەنەوە ؟
ئەم کارەی وەزارەت کردی سەلمێنەری بیتوانایی و نەشارەزایی و بێ ئەزموونی و نەبوونی هەڵسەنگاندن و لیپێچینەوەیە ...بە دیوێکی تریشدا مایەی پیکەنین و ئاخ هەڵکێشانە بۆ ئاستی بەرێوەبردن و جیبەجێ کردن لە بواری رۆشنبیری و مەعریفی و ( داهێنان )دا لە هەریمی کوردستان ...!
گەر بریاربوو رێز لە کۆمەڵێک کەسی ماندوو یان پیشەگەر بگرن هەریەک لە بوارەکەی خۆیدا، ئەوا دەبوو ناوێکی ترتان لێبنایە نەک داهێنەر ...!
چونکە گەر سبەی کەسێک داهێنانێک بکات و داهێنان بێت بە مانا زانستێەکەی، ئێوە بەم لیستە ٦٩٠ داهێنەرەوە لە شکۆو هەیبەتی داهێنانی ئەو کەسە کەم دەکەنەوە .
# زۆرێک لەو (داهێنەرانە) لە نزیکەوە ئەناسم
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
