ئەو گلەیانەی ڕوبەڕوی مەندێلا ئەبنەوە . . . موحەممەد مەلا مەحمود - لەئەمەریکا.

گەورەترین‌و، بەناوبانگترین سەرکردەی دێموکراسی جیهانی ماڵئاوایی لەدۆستو برادەران‌و، جیهان کرد، ئەو سەرکردەیەی هەموو ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خەباتکردن‌و، تێکۆشان لەپێناوی مرۆڤایەتی‌و، دژایەتیکردنی رەگەزپەرستی لەجیهاندا بەگشتی‌و، لەئەفریقای باشور بەتایبەتی. مەندێلای کۆچکردوو ئەم پیاوە گوندانیەبوو، کەتوانی وڵاتێکی دێموکراسی دروستبکاتن لەکشوەری ئەفریقا، وڵاتێک کە جڵەوی حوکمڕانی بەدەستی ڕەگەزپەرستەکانی سپی پێستدابوو، ئەو ڕەگەزپەرستانەی بەهەموو شێوەیەک ڕەشپێستیان ئەچەوساندنەوە.

هەڵبەتە دروستکردنی وڵاتێک لەم چەشنە بەئاسانی نییە، بەڵکو بەخەباتێکی دورودرێژو نەپساوەو، زیندانیکردنی بڵیمەتێک بۆماوەی ٢٧ساڵ هاتەکایەوه.

لێرەدا من نامەوێ باسی سەرکردەی جیهانی هەمیشە زیندوو( مەندێلا) بکەم. چونکە زۆر باسی کراوەی باسیشی ئەکرێ، ئینجا پێویست ناکات من بەدورودرێژی باسی بکەم، بەڵکو ئەمەوێ ئاماژی بەم ڕەخنانە بکەم کەڕویبەڕوی ئەم پیاوە ئەبنەوە، ئەمەش پەیوەدی بەنەخۆشی ئایدزەوە هەیە.

نەخۆشی ئایدز لەسەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دۆزرایەوە لەوڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵام هەر زوبەزو توانی جێگایەکی بەپیت لەوڵاتە دواکەوتوەکانی وەک: ئەفریقاو، باشوری ئاسیا بدۆزیتەوە، بەتایبەتیش وڵاتی ئەفریقای باشور، ئەم وڵاتەی کەلە ڕێگای نیلسۆن مەندێلا ناوی دەرکردووە، ئەتوانم بڵێم: دانیشتوانی ئەم وڵاتە ڕوشنبیرترن لەزۆر وڵاتانی‌تری کیشوەری ئەفریقا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنەها کەس توشی نەخۆشی ئایدزبون‌و، ملیۆنەها کەسیش بونە قوربانی، بەڵام کاتێک ئەم نەخۆشیە مەندێلا ڕاچلەکاند کەکوڕێکی بەنەخۆشی ئایدز مرد لەساڵی ٢٠٠٥، ئینجا ڕوی لەدانیشتوانانی ئەفریقای باشور کردو، داوای لێکردن کەشەرمیان لانەمینێ بەهۆی توشبونیان بەنەخۆشی ئایدز- چونکە لەسەرەتاوە خەڵک شەرمیان ئەکرد بچنە لای پزشک‌و، نەخۆشیەکەیان لێئاشکرابێ-هەروەها مەندێلا داوای لێکردن کەهیچ ترسیان نەبێ لەم نەخۆشیە کوشندەیە، بەڵام ئایە ئەوە چارەسەربووە بۆئایدزێک هەموو گۆی زەوی هەژاندووە؟

هەڵبەتە مەندێلا نەیتوانی چارەسەرێک بۆئەم نەخۆشیە بدۆزیتەوە، چونکە کەس نییە ترسی نەبێ لەنەخۆشی ئایدز، بەڵام مەندێلا ئامۆژگاری خەڵک ئەکات بۆئەوەی نەترس، ئەبوایە مەندێلا داوای لەنیشتوانانی وڵاتەکەی کردبایە کەواز لەئەنجامدانی سێکسی ناشەرعی بێنن، بۆئەوەی ڕێگا لەبڵابونەوەی ئەم نەخۆشیە بگرن، هەروەها ئەبوایە دەرسی لەوڵاتانی ئیسلامی وەرگرتبایە، کەبۆچی ئەم نەخۆشیە ناتوانێ لەوڵاتانی ئیسلامی پەرەبسێنێ، بەڵکو لەشاری جۆهانسربۆرگ- پایەتەختی وڵاتی ئەفریقای باشور-گەڕەکی موسلمانان جیاوازە لەگەڕەکی مەسیحیەکان، ڕێژەی توشبوانی موسلمانان زۆر کەمترە لەڕێژەی توشبوانی مەسیحیەکان.

بەهەر حاڵ مەندێلا توانی بەهۆی خەبات‌و، کۆڵنەدان ببیتە بەناوبانگترین ئاشتی خواز لەجیهاندا، هەروەها توانی بسەلمێنی بۆئەمریکاو، وڵاتانی ئەوروپی کەمەندێلا ئاشتی خوازە نەک تیرۆریست، چونکە مەندێلا تاساڵی ٢٠٠٨ لە لیستی تیرۆریستان لەلایەن وڵاتی ئەمریکا، بەڵام ئێستا چەندەها بەرپرسی گەورەی ئەمریکاە، جیهان بەشداری رێورەسمی ناشتنی تەرمەکەی ئەکەن، هەڵبەتە ئەمەش سەربەرزیە بۆئەم پیاوە.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.