ڕاپەڕین پێرۆزترین شۆڕشە ...موحەممەد مەلا مەحمود - لەئەمەریکا

ڕاپەڕین پێرۆزترین شۆڕشە ...موحەممەد مەلا مەحمود - لەئەمەریکا

ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ پیرۆزترین خەباتی گەلی کوردە لەدژی ستەمی داگیرکەرانی کوردستان، چونکە ڕاپەڕینێکی جەماوەری‌و، سەرتاسەری بوو لەباشوری کوردستان.راستە شاری رانیە دەروازەی ڕاپەڕین بوو، بەڵام لەماوەیەکی زۆر کەم بڵیسەی توڕەبونی کوڕو کچو، پیاوو ژنانی کورد گەیشتە هەموو شارو، شاروچکەکانی کوردستان، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کەجەماوەر پێهەڵساوە، شتێکیش جەماوەرەری بێ شایەنی ڕێزلێنانە، بەڵام لەهەمانکاتدا نکۆڵیش لەوە ناکرێ کەیەکێتی نیشتیمانی کوردستان بزوێنەری ئەم ڕاپەڕینە بووە.

ئەگەر بێتوو سەنج بدەینە مێژووی هەموو شۆڕشەکانی گەلی کورد، کەلەدژی داگیرکەرانی کوردستان پەرپابوون، جائەم شۆڕشانە لەباشور بێ، یان باکور، یان ڕۆژهەڵات شێوەی ناوچەیی بەخۆوە گرتووە، بۆ نموونە شۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر- ئەتوانم بڵێم- لەپارێزگای سلێمانی سەری هەڵداو، لەوێش تێنەپەڕی.هەرورەها شۆڕشی قازی موحەممەدی پێشەوا- لەگەڵ ئەوەش شۆڕشێکی نەتەوەیی‌و، ڕوشنبیری بوو- بەڵام سەبارەت بەجوگرافا تایبەتبوو بەناوچەی موکریان.هەڵبەتە ڕێزم هەیە بۆ پێشەوای تێکۆشەر، کەبۆ گەلەکەی لەدایکبوو، بۆگەلەکەش چووە پێش پەتی سێدارە.

ئەوشۆڕشەی کەزۆر دور نییە لەئێمە شۆڕشی ئەیلولە بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزانی.بێگومان شۆڕشی ئەیلول سەبارەت بەکوردستانی باشور، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، بەڵام سەبارەت بەجەماوەری گەلی کورد هەموو چین‌وتوێژەکانی کوردستانی لەخۆوە نەگرتبوو، بەڵکو ئەو کوردانەی چەکیان بۆحکومەت هەڵگرتبوو زیاتربوون لەوانەی ببونە پێشمەرگە، خۆناشتوانین ئەوانەی چەکیان بۆحکومەت هەڵگرتووە لەنەتەوەی کورد بیان شۆرینەوە، چونکە هەمیشە ژمارەیان زۆرترن لەوانەی چەکی پێشمەرگایەتی هەڵئەگرن، هەروەها زۆر لەو کوردانەی کەشۆڕشگێڕن ڕۆژێک لەڕۆژان بەپەیوەندیان هەبوە لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی کوردستانیان داگیرکردووە، بەڵام لەراپەڕینی ساڵی ١٩٩١ زۆربەی چین‌و، توێژەکانی گەلی کورد بەشداریان تێداکرد

بەبێ گومان کوردستان بەهەموو پارچەکانیەوە داگیرکراوە لەلایەن تورک، عەڕەب، فارس.داگیرکەرەکانیش بەهێزترن لەگەلی کورد، ئینجا گەلی کوردیش بەدوای دەرفەتێکی گونجاودا دەگەڕێ بۆ ڕاپەڕین، شۆڕش، خەباتی سیاسی، خەباتی سەربازی لەدژی داگیرکەرانی کوردستان، ئەوەش ئەوکاتە ئەبێ کەولاتێک لەوڵاتە داگیرکەرەکان توشی قەیران بێ وەک: وڵاتی ئێران لەسەردەمی شای گۆڕبەگۆڕ چوو لەساڵی ١٩٧٩، یان وڵاتی عێراق لەساڵی ١٩٩١لەدوای جەنگی یەکەمی کەنداو.لەوکاتەی کورد هەستی کرد کەحکومەتی عێراق بەرەو لاوازی ئەڕوا، دەستی کرد بەپلاندانانی راپەڕین.

پیرۆزی راپەرین لەوەدایە کەجەماوەری‌و، سەرتاسەری بوو، یانی هەموو کەسێک بەش بەحاڵی خۆی بەشداری تێدا کردووە، بگرە چەکدارەکانی حکومەتیش(جاش) بەشداریان لەراپەڕین کردووە بەشاهیدی شانە چەکدارەکانی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی لێرە زۆر مەترسیدارە بۆ گەلی کورد، ئایە چۆن راپەڕین بەدڵێکی شۆڕشگێرو پاکو خوێن دەستی پێکرد لەلایەن کوڕو کچانی گەلی کورد، هەر بەپاکو خاوێنی مایەوە؟ یان لەڕێچکەی خۆیان لادا بۆ جەنگی براکوژی‌و، گەندەڵی‌و، دابەشکردنی کوردستان.

موحەممەد مەلا مەحمود/ لەئەمەریکا.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.