گومانی تێدانییە کارەساتی وەک ٣١ ئاب لەنێو گەلی کورد زۆر جار رویانداوە، وەک: جەنگی درێژخایەنی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستانو، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەبەهەزاران کورد بونە قوربانی لەپێناوی هیچ، یان جەنگی پارتی مەسعود لەدژی پارتی قاسملۆ ساڵی ١٩٧٩، یان جەنگی پارتیو یەکێتی، یان پارتی بەتەنیا لەدژی پە کەکە لەساڵانی نۆهەتەکان. لەم جەنگەدا بەقسەی مەسعود لەدژی پەکەکە- ٣٠٠٠ پێشمەرگەی بەکوشتداوە، بەڵام تائێستا ژمارەی کوژراوان دیاری نەکراوە لە جەنگی نێوان پارتی مەسعود بارزانی و، پارتی قاسملۆ.
٣١ ئاب چییە؟
٣١ ئاب مەرج نییە تایبەت بێ بەهێنانی سوپای (صدام حسین) بۆ ڕسواکردنی پیرۆزیەکانی گەلی کورد، بەڵکو هەرکاتێ کوڕانی کورد بکوژرێن، ژنانی کورد بکرێنە بێوەژن، منداڵانی کورد بێباووک بکرێن، دڵودەرونی باوکو دایکانی کورد بسوتێندرێن لەپێناوی هیچ، یان لەپێناوی چەند کەسانێک، یان بنەماڵەیەک بۆماوەیان بەسەرکردەی کورد ٣١ ئابە.
بەڵام ئایە ٣١ ئاب چاوەڕوان ئەکرێ لەسەر دەستی حیزبە کوردیەکان روبداتەوە؟ یان کۆتایی پێهاتوهو، کەوتە نێو لاپەڕەکانی مێژووی گەلی کورد، یان ئەوەی لەمانگی حوزەیران ئەم ساڵ رودا- درێژکردنەوەی دوو ساڵ بۆسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی- بەشێکە لە٣١ ئاب؟
لێرە پێویستە هەڵوێستەیەک بکەین سەبارەت بەرودانی ٣١ ئابی ساڵی ١٩٩٦ کەهەموو پیرۆزیەکانی گەلی کورد کەوتە ژێر تایەی تانکەکانی (صدام حسین)ی کوردکوژ، بەبیروبۆچونی من ئەو روداوە تایبەت نییە بەمەسعود بارزانی و، پارتی دێموکراتی کوردستان، بەڵکو زۆربەی زۆری تێکۆشانی سەرکردەکانی کورد بۆمانەوەی خۆیانە بەسەرکردە، لەبەر ئەم هۆیە گوێ بەپیرۆزیەکانی گەل نادەنو، خەمی کوردو کوردستانیان نییە، کەسێکێش خەمی گەلی خۆی بەلاوە گرنگ نەبێ هەموو ڕێگایەکی ناشەرعی بۆخۆی حەڵاڵ ئەکات( الغایة تبرر الوسیلة).
لە٣١ ئابیش مەترسیدارتر ئەوەیە کەبەبیروبۆچونی ئەندامانی حیزبە کوردیەکان، بەتایبەتیش ئەندامانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار- پارتیو یەکێتی- گەلی کورد، گەلێکی نەزۆکە، یان وەجاغ کوێرە، بەڵگەش لەسەرئەمە، پارتیەکانی ئەڵێن: کەس نییە جێگای مەسعود بگرێتەوە، یەکێتیەکان ئەڵێن: کەسمان نییە جیگای مامە بگرێتەوە. هەڵبەتە گەلێک لەماوەو هەشتا ساڵ، یان حەفتا نەتوانی لەدوو کەس زیاتر بێنێتە جیهان، یانی نەزۆکە، یان وەجاغکوێرە، چونکە ئەبینین لەزۆربەی وڵاتانی جیهان لەچوار ساڵ، یان هەشت ساڵ جارێک سەرۆک ئەگۆڕێ، بۆ نمونە: لەوڵاتی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ تائێستا چەندەها سەرۆک گۆڕاون وەک: خامەنەئی، رەفسەنجانی، خاتەمی، نەژادی، ڕوحانی. هەروەها وڵاتی ئەمەریکا لەهەموو چوار ساڵ، یان هەشت ساڵ جارێک سەرۆک ئەگۆڕێ. ئەم سەرۆکانەش کەس مامو برازاو، خاڵوخوارزا نین، بەڵام لەکوردستان ناگۆڕێ، گریمان گۆڕا، ئەبێ لەباووک بۆکوڕ، نەک بۆبراو برازا.
سستەمی ڕژێمی کوردستان جیاوازی هەیە لەگەڵ هەموو جیهان، جگە لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەڕەبی، چونکە ئەوان ناگٶڕێن، ئێمەش ناگۆڕێن، گرێمان : گۆڕایان، یان ئەوان گۆڕان لەباووک بۆکوڕە، هەروەها ئەمیرەکانی وڵاتانی کەنداو بوینە خاوەنی پارەو کۆشکو تەلار لەماوەیەکی دورودرێژ، بەڵام ئەمیرەکانی کورد لەماوەیەکی کەمدا وەپێش ئەمیرەکانی کەنداو کەوتین بۆپەیداکردنی پارەو کۆشکو تەلار.
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
