ئەوپیاوانەی گونجاونین بۆپرۆسەی هاوسەرگیری ...موحەممەد مەلا مەحمود - لەئەمەریکا

زۆربەی کەس باسی پیاوان ئەکات، کەچۆن بەدوای ئەو جۆرە کچانەدا بگەڕێن، کەگونجاوبن بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، هەڵبەتە پرۆسەی هاوسەرگیری پرۆسەیەکە ژن ومێرد تێیدا هاوبەشەن، کەوایە هەردووک مافی خۆیانە، کەبەدوای کەسێکی گونجاودا بگەڕێ تابیکاتە هاوسەری خۆی، ئینجا لەپیاوان‌و ژنان کەسانێک هەن گونجاونین بۆپڕۆسەی هاوسەرگیری، هەرئەمانەن کەئەبنە هۆی تێکدانی خێزان، ئینجا لە ئایندەیەکی زوو، یان درەنگ.منیش لێرە ئەمەوێ باسی ئەم جۆرە پیاوانە بکەم کەگونجاونین بۆپڕۆسەی هاوسەرگیری.

داخوازیکردن یەکەم هەنگاوە بۆکچان تابەدوای هاوسەرێکی گونجاودا بگەڕێن، بۆئەوەی لەئایندەدا ژیانێکی پڕلە خۆشیو کامەرانی‌دا ببەنە سەر، بەڵام لەهەمانکاتدا سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە لەنێوان ژنوپیاو کارێکی چارەنووسە، یانی زۆرجار لەدەستی پیاو، یان ژن دانییە، بەڵام بەهەرحاڵ پێویستە لەسەر مرۆ ڤ بەڕێگایەکانی راستدا بڕوا تاهاوسەرێکی گونجاو بۆخۆی پەیدا بکات.

باشترین ڕێگا بۆکچان، ئەوەیە کە توێژینەوەیەکی وورد بکەن بۆکەسایەتی هاوسەر لەپێش بڕیاردان، ئەمەش چەند شێوەیەکی هەیە، یەکەم: ئەتوانی پرسیار بکات لەوژنانەی سەرکەوتوبوینە لەپڕۆسەی هاوسەرگیری.دووەم: گویگرتن لەئامۆژگاریەکانی خاوەن ئەزمونەکان لەبواری زانیستی دەرونی.سێیەم:خوێندنەوەی ئەم پەرتوکانەی کەسایەتی مرۆڤەکان شیئەکەنەوە، لەبواری سەرکەوتنیان‌دا بۆپڕۆسەی هاوسەرگیری.

لەم‌بوارە‌دا دکتۆر: جان هیدسۆن مامۆستای زانیستی دەرونی لە‌زانکۆی ئەرەزۆنای ئەمەریکی ئامۆژگاری کچان ئەکات بۆئەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ چوار جۆرە پیاو نەبەستن، ئەمانەش ئەوپیاوانەی لەخوارەوە باسیان لێوەئەکەین.

یەکەمیان: پیاوی بێسەروبەر، ئەوپیاوەی بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی نییه بۆناوماڵ، گوێ بەخاوینی ناوماڵ نادات، کاتێ گەڕاوە ماڵ جلەکانی، پەرتوکەکانی، ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بەناوماڵ بڵاو ئەکاتەوە، ئەمەش کاریگەری خەراب لەسەر دەرونی ژنەکە پەیدائەکات.

دووەم: پیاوی دکتاتۆر، ئەوپیاوەی خۆی بەگەورە ئەزانی‌و، کەسانی‌تریش بەبچوک تەماشا‌ئەکات.ئەم جۆرە پیاوانە گوێ راناگرن بۆبیرو بۆچونی ژن‌و منداڵەکانی، هەروەها ئامادەش نین گفتوگۆ بکەن لەسەر هیچ بیرۆکەیەکی کەسانی‌تر، جالەگەڵ هاوڕێیەکانی‌بێ، یان ژن‌و منداڵەکانی، بەڵکو ئەبێ فەرمانەکانی جێبەجێ بکرێن بەبێ چەندوچون، ئەم جۆرە پیاوانە توشی نەخۆشی ( خۆبە زڵزان) هاتون، ئینجا هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم کەسانە زۆر سەختە.

سێیەم:ئەوپیاوەو تەماشای ژیان ئەکات کەبریتیە لەئیشکردن‌و پارە پەیداکردن، ئەم جۆرە پیاوانە جگە لەئیشکردن گرنگی بەهیچ بوارێکی‌تری ژیان نادەن، بەڵکو کاتێ گەرانەوە مال قسەکردن‌و گفتوگۆیان دەربارەی پارە پەیداکردنە، بگرە ئەم جۆرە پیاوانە بواری خۆشەویستی‌و ئەنجامدانی سیکس لەگەڵ هاوسەرەکەی بەشتێکی بێنرخ دائەنێ، ئەمەش ئەبیتە هۆی ئەوەی ژنەکە چاوی لە خەیانەت‌بێ.

چوارەم:پیاوی بێدەنگ‌و مۆن، پیاوی بێقسە.زۆر جار ئەگوترێ قسەنەکردن زێڕە، بەڵام قسەکردن جێگای خۆی هەیەو، قسەنەکردنیش جێگای خۆی هەیە، پیاوێک هەمیشە بێقسەبێ لەگەڵ ژن‌و منداڵەکانی ئەبیتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزانەکەی، چونکە پیاو ئەبێ وەک مامۆستایەک بێ، کەبتوانی ڕێگای ڕاست‌و خوار نیشانی منداڵەکانی بدات.

جگە لەم ڕەووشتانەی دکتۆر: جان ئاماژەی پێداوە، ڕەووشتی‌تریش هەن کەئەبنە هۆی سەختی ژیان لەپڕۆسەی هاوسەرگیری، وەک : چروک‌و پولەکی، ژیان سەختە لەگەڵ پیاوی پارەپەرست، بەتایبەت ئەگەر دەوڵەمەندیش بێ، چونکە (بخل) نەخۆشیەکی کوشندەیە‌و، چارەسەری ئاسان نییە، هەروەها پیاوی ئەفسانەیی ئەبیتە ڕێگر لەپێناو دروستکردنی خێزانێکی بختەوەر، ئەم پیاوەی بەخەیاڵی خۆی هەڵسوکەوت ئەکات لەگەڵ کەسانی‌تر، نەک بەگوێرەی راستیەکان.

لەوماوە دورودرێژەی کەلەکوردستان دورکەوتومەوە، سەرنجم بۆسێ شتداوە کەبوینە هۆی ڕوخانی خێزان لەنێو ڕەوەندی کوردی لەدرەوەی ووڵات: دکتاتۆریەت لەنێو خێزان، یانی خۆبەزلزانی ژن، یان پیاو.گرنگی دان بەپارە پەیداکردن‌و گوێنەدان بە ژن‌ومنداڵ.خەیانەتکردنی ژن، یان مێرد، خوا بمانپارێزی.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر