• واتساپ و فایبەر
  • 00964770768123
  • kurdistannet@hotmail.com Omar Faris Aziz
  • کوردستان نێت نێتی هەمووانە
Open menu
  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە

دارا ئه‌حمه‌د

سیاسەتبازیی و پرسی کوردان و ئاوارەکانی رۆژئاوا! ... دارا خونچە

دارا ئه‌حمه‌د 25 August 2013

رەوکردنی کوردانی رۆژئاوا وە پێی یاسایە نێودەوڵەتییەکانی پەنابەریی مافەکی زۆر ئاسایی و سەرەتایی خۆیانە چونکە شەڕەکی کاوڵکەرانە و زۆر دڕندانە لەسەر زێدەکەیان دەگوزەرێ و مافی هیچ کەس و وڵاتەکی دراوسێ نییە سنوورەکانیان لەسەر دابخەن و گەمە بە ژیان و چارەنووسیان بکەن. هەروەها هاریکارییکردنی مادیی ئەو خەڵکەش - کە شەڕی نەخوازرایان تووش بووە و بە هۆیەوە سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانیان لە دەست دایە - جا چ ئەوانەی لە نێو زێدی خۆیانن چ ئەوانەی سنوورەکانیان بڕییە و ئاوارەی وڵاتە دراوسێیەکان بوونە ئەرکەکی مرۆیی و رەوشتییە لەسەر شانی هاوڵاتییان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە، هیچ پێویست ناکا هیچ کەس و لایەنەک لافی کوردایەتیی پێوە لێبدا.

 

ئەوەی هەنووکە لە هەرێمی کورستان دەرهەق وە پرسی کوردانی خۆرئاوا و دەرهەق وە ئاوارەکانی سنوورە دەستکردەکەی نێوان باشوور و رۆژائاوای نیشتیمان دەگوزرەێ بازرگانییەکی سیاسەتبازانەی فرە فرە بێزەوەر و نامرۆییانەیە:

 

• (مەسعود بارزانی و پارتی) لە (گرتن و کردنەوەی سنوور وە رووی ئاوارەکان و شێوازی ناردنی کۆمەک و دانی کۆمەک وە ئاوارە دەربازبووەکان) وە هەمانگیی لەگەڵ دەسەڵاتی تورکیای داگیرکەری کوردستان وە پێی نەخشە و پیلانەک کار دەکەن کە بتوانن لە رێی هێندەک حیزبی گچکە و وە ناو حیزبی کوردانی رۆژئاوا - کە بەکرێگیرای خۆیانن - ئاژاوە بنێنەوە و دژ وە (پەیەدە) و دەسەڵاتی هەنووکەی هەرێمی کوردستانی رۆژئاوا کە ناڕاستەوخۆ لە لایەن (پەکەکە)وە بەڕێوەدەبردرێ بوەستنەوە و دەست وەسەر بزاڤ و رابوونی کوردانی رۆژئاوا دابگرن و سیاسەتی فراوانخوازانەی خۆیان جێبەجێ بکەن و بازرگانیی وە ئاوارەکان و پرسی کوردانی رۆژئاوا بکەن!

 

• (گۆڕان) لە پێناو سەرنجڕاکێشانی جەماوەر و خزمەتکردن وە سیاسەتە تاکتیکبازە ساویلەکەییەکانی خۆی و پەیداکردنی زۆرترین دەنگدەر و گەیشتن وە دەسەڵات. . تەنێ وە قسەی بێ کردار تەواو پێچەوانەی مەسعود بارزانی و پارتی دەجوولێتەوە. . جا گرنگ نییە قسە و هەڵسوکەوتەکانی خزمەت وە ئاوارەکان و پرسی کوردان دەکا یان نا بەڵکە گرنگ ئەوەیە پێچەوانەی بەرانبەرەکەی بوەستی و خەڵکی ناڕازیی لە خۆی خڕبکاتەوە!

 

• (یەکێتی) لە رێی خۆنواندنە شانۆگەرییەکانی (کۆسرەت و بەرهەم و عیماد) لە نێو ئاوارەکان و کردنی قسەی گەورە سەبارەت وە پرسی کوردانی رۆژئاوا کە هێندێک جار وە لای پارتی و هێندێک جاریش وە لای (گۆڕان)دا وەردەسووڕێ. . ئەویش دەیەوێ وە پێی سیاسەتە پووچەکانی خۆی وە جۆرەک لە جۆرەکان بازرگانیی وە پرسەکەوە بکا!

 

• (نێچیروان) وەک ئەوەی پارەی حکومەتی وە کرێکاریی خۆی پەیدا کردبی یان وە میراتیی لە بابیەوە بەجێمابێ. . وە ناوی خۆی پارە وەسەر ئاوارەکان و حیزبە بەکرێگیرایەکانی خۆرئاوا - کە لایەنگری پارتی و یەکێتین - دابەش دەکا!

 

• (تەلەفزیۆنە ئاست نزمەکەی زاگرۆس) کە خودی خۆی بە گەندەڵیی و بودجەی دزرای میللەت بەڕێوەدەچی. . کەمپین لۆ خڕکردنەوەی کۆمەک دەکا لۆ ئاوارەکان، بێجگە لەوەی کۆمەکەکە لە لایەن خەڵکەوەیە و تەنانەت چادرەکانیش لە لایەن رێکخراوە نێودەولەتییەکانەوە دابین دەکرێن. . کارگوزاریی و خەرجیی خڕکردنەوەی کۆمەکەکەش لە رێی دەزگە و ئامێر و کارمەندانی حکومەتەوە ئەنجام دەدرێ کە تێکڕای مولکی میللەتە، کەچی خۆی کردیتە خاوەنی کەمپینەکە و وە نەتەوەپەروەریی و نیشتیمانپەروەریی وە خەڵکی دەفرۆشی و هاوکات پاگەندە لۆ سیاسەتە بازرگانییەکەی پارتی و بارزانیش دەکا!

 

• (رێکخراوەکانی وە ناو کۆمەڵگەی مەدەنی) کە زۆربەی هەرە زۆریان سەر وە حیزبەکان و دەسەڵاتدارانەوەن یان هەر راستەوخۆ بەکرێگیرا و کاسەلێسی کەسانی نێو دەسەڵاتن. . ئەوانیش هەر یەکەو وە جۆرەک بازرگانیی بە کێشەکەوە دەکەن کە بتوانن پارووی چەورتری پێ پەیدا بکەن و هاوکات بە کوردایەتییش بە خەڵکی دەفرۆشنەوە!

 

• کەسانەکیش هەن پێیاندەگوترێ (رۆشنبیران و میدیاکارانی ئازاد)، ئەوانە زۆر سەیرن! لە روانگەیەکی هێندە تەسک و کۆن و داڕزای کوردایەتییەکی رەگەزپەرستانە بانگەشە لۆ هەستی نەتەوایەتیی و نیشتیمانی دەکەن سەبارەت بە ئاوارەکان و پرسی کوردانی رۆژئاوا. . لە بیریان چووە هاریکارییکردنی ئاوارەکان - کە لە ترسی لەدەستدانی گیانیان رەویان کردییە - پێش هەر تشتەک ئەرکەکی مرۆیی و رەوشتییە. . تەنانەت هێندێکیان دەیانەوێ وەک چار لایەنە کەوا سۆرەکەی بەر لەشکری داگیرکەری حکومەتی دڕندە و داگیرکەری ئیسلامی ئێران - یەکێتی و پارتی و سۆشیالیست و ئیسلامییەکان - کە پێش کیمیابارانی هەڵەبجە رێیان لە خەڵک گرت شارەکە بەجێبهێڵن و بەو شێوە کارەساتبارە کیمابارانەکە لەنێویبردن. . وە هەمان شێوە سنوور لە کوردانی رۆژئاوا دابخەن. . بیانگە دژەمرۆییەکەشیان ئەوەیە کە گوایە ئەگەر ئەو هەموو کوردە رەو بکەن ئەوە رابوونی کوردانی ئەوێ شکست دەخوا و دوژمنان باڵادەست دەبن لەوێ!!!

 

• لە هەمووشی عەنتیکەتر (مەلایەکان)ن! ئەوانیش وە هۆی ئەو کێشەیەوە بازاڕیان گەرم بووە و بە ناوی دینەوە بەر سەکۆیەکانیان قەڵەباڵغ بووە و سەر تەلەفزیۆن و پانتایی دەزگە میدیاییەکانیان لێ داگیر کردینە و هەر یەکەیان لە بن باڵی حیزبەک و بەرپرسەکەوە ژەهری ئیسلام دەرخواردی خەڵک دەدەن و قسەی عەنتیکە عەنتیکە هەڵدەبزوڕکێنن، لێ هیچیان ئەو ئازایەتییە لەخۆڕانابینن بتوانن ئاماژە بەوە بکەن کە یەکەک لە هۆیە هەرە کاریگەرەکانی ئەوەی کە چەوسانەوەی کوردانی رۆژئاوا و ئەو ئاوارەبوونەی هەنووکەیان لێ وەبەرهەم هاتییە ئیسلام و هاومەزهەبەکانی خۆیانن کە کوردان وە کافر دادەنێن و بەوپەڕی دڕندەیی دژ وە مافە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستان دەجەنگن!

 

بە بێ گومان کەسانەک و حکومەتەک کە سەروەت و سامانی زۆروزەبەندی گەل دەدزن تا ئێستا نەیانتوانیبی یان راستترە بێژین نایانەوێ تەنانەت خزمەتی ئەو هاوڵاتییانە بکەن کە لە بن دەسەڵاتی خۆیاندان و لەوەتەی ئەوان دەسەڵاتدارن بە سەدان هەزار کەس بە هۆی برسیێتیی و بێکاریی و بێ دادیی و نەبوونی ئازادییەکانەوە ئاوارەی وڵاتان بوونە و بە سەتانیان لە رێی هاتونەهاتی سەرسنووران و نێو دەریایان گیانیان لەدەست دا. . ئەگەر هەنووکەش چوونەدەر و وەرگرتنی ئاواران لە وڵاتانی رۆژئاوا ئاسان بی ئەوە زۆربەی هەرە زۆری گەنجان وڵاتەکەیان لۆ چۆل دەکەن، هەر ئەو رەفارانەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ کە بەو جۆر و شێوە و شێوازانەی سەرێ خزمەتی ئاوارەکانی خۆرئاوا بکەن!!!

 

daraehmed@yahoo. com


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

مردییپەرستە ژیاندۆستە رووکەشەکانی میللەتەکەمان! - لە پەیوەست وە مەرگی فەلەکەدین کاکەیی و شێرکۆ بێکەس - ...دارا خونچە

دارا ئه‌حمه‌د 13 August 2013

هەر کەسەکی ناودار کۆچی یەکجاریی دەکا - جا ئەو ناودارییەی وە دزیی و ساختەکاریی و کار و هەڵسوکەوتە دژە مرۆییەکانی یان وە تێکۆشان و داهێنان و کار و هەڵسوکەوتە مرۆپەروەرییەکانی وەدەستهینابی - کۆمەڵە کەس و دەزگە و رێکخراوی گرگن و بێ ئاست - کە لە پێناو خۆدەرخستن و بازاڕگەرمکردنی خۆیان هەموو تشتەکیان لێدەوشێتەوە! - پەیدا دەبن و بێجگە لەوەی چەند رۆژەک وە هاتوهاوارە رووکەش و ساویلکەییەکانیان خەڵک بێزار و هەراسان دەکەن..پارەوپوولەکی یەکجار زۆریش لە داهات و پارووە نانی میللەت لە جەستەی بێ گیان خەرج دەکەن کە هەرگیز خۆیان ئامادە نەبوونە هیچ هاوکارییەک بکەن تەنانەت یەک فلوسی گیرفانی خۆیان بدەنە ئەو کەسە ناودارانە کە لە ژیاندا بوونە تا بیخەنە نێو پڕۆژەیەکی سوودمەند وە قازانجی گشتیی یان هیچ نەبی تا ناچار نەبن لە پێناو بڵاوکردنەوەی هزر و تێڕوانین و بەرهەمەکانیان خۆیان لە لای دەسەڵاتداران و حیزبەکان هەڕاج بکەن.

 

لەوە نادوێین و هیچ کێشەش نییە کە ئەو کەس و دەزگە و رێکخراوە مردییپەرستە ژیاندۆستە رووکەشانە وە هەر جۆرەک کە هەیە پاش مەرگی کەسانی ناوداری خراپ و نەرێنیی وە شانوباڵیاندا هەڵدەدەن و هاتوهاواری خۆیان دەکەن..چونکە ئەوانە بەرژەوەندییەکی خۆپەرستانە و خۆدەرخەرانەیان هەیە و ئەدی لە رۆژانەکی لەو بابەتانە کار و بازاڕی خۆیان گەرم نەکەن کەنگێ بیکەن؟! دواییش خودی ئەو چەشنە کەسە ناودارانەش هەر لە پێناو ئەوە کۆششیان کردییە ناودار ببن تا لە پاش مەرگیان ئەو گەڕەلاوژێ و شینوڕۆڕۆ و واوەیلاێیانەیان لۆ ساز بدەن بەڵکو نەوەکانیان سوودی لێببینن و وەک نەوەی سەرکردە و مەرکردەکان پاشانشینیانە جێیان بگرنەوە!

 

لەو رۆژانەی بەری دوو کەسی ناوداری کورد - فەلەکەدین کاکەیی و شێرکۆ بێکەس - کۆچی یەکجارییان کرد، سەرەتا زۆر پێویستە ئەوە بێژین کە ئەو دوو کەسە وە هۆی ئەوەی دەرفەتکیان لۆ گونجابوو - هاوکات کۆشش و ماندییبوونی خۆشیان لە تەکیدا وەگەڕخستبوو - توانیبوویان لە سەردەمی شاخ سەرەڕای کەموکوڕییەکانیان و خۆگونجاندیان لەگەڵ دوو حیزبی دڕندە و پاشداما و دەسەڵاتپەرستی وەک (پارتی و یەکێتی) وەک دوو کەسی رۆشنگەر هزر و رامانەکانی خۆیان لە کاری سیاسیی و رۆشنبیریی بە پێز خوردبکەنەوە و سوودەک وە میللەتی بندەست و کوردستانی داگیرکرا و فەرهەنگی میللەتەکەی خۆیان بگەیەنن، دیارە زۆر کەسی دیکە* لەو سەردەم وە هەمان شێوەی ئەوان لە نێو خەباتی رزگاریخوازیی میللەتەکەیان خاوەن هەڵوێست و تێکۆشەر بوونە و لە رووی رۆشنبیرییشەوە کاری داهێنەرانەرانەیان ئەنجام دایە و لە ئەدەبی بەرگرییش جێپەنجەیان دیار بووە و تا سەریش بەرهەمدار بوونە و لە بەرەی گەل و چینە هەژار و نەدارەکان درێژەیان وە هەڵوێست و رەوتی شۆڕشگێڕانە و رۆشنبیریانەی خۆیان دایە، لێ ئەوەی نها لێیاندەدوێین ئەو دوو بەڕێزە ناوبرایەی سەرێیە کە کاروانەکەیان تەنێ تا راپەڕینی ١٩٩١ بڕی کرد و ئیدی لە پاش ئەو قۆناغەیان بێجگە لەوەی بەرهەمەکانیان لە جوینەوەی کارەکانی پێشانیان پتر بترازێ هیچیدیکە نەبوون..تا بن قوڕگیشیان لە گەندەڵیی نوقم ببوون و وەک دوو کۆیلەی زۆر ملکەچ لە راژەی پیلانە سیاسەتبازییە دژە نەتەوەیی و دژە مرۆییەکانی (پارتی و یەکێتی)دا بوون، مێژووش گەواهی ئەوەیە کە بەشەک لە نووسین و هەڵسوکەوتەکانیان هاندەری توندوتیژیی و گەرمکردنی شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوخۆ بوونە و هەر وە پێنووسەکانیشیان ستایشکەری کۆمەڵەک بەرپرس و مەرپرس و چەکداری جەلاد بوونە!

 

هەردووکیان رازیی بوون بەوەی لە رێزی سیاسەتبازان و چەکدارە دەست بە خوونەکان لەسەر لیستی (پارتی و یەکێتی) وەک ئەسپی شەترەنج ببنە وەزیری رۆشنبیریی..کەچی ئەو وەزارەتە وەک هەموو وەزارەت و دامودەزگەکانی دیکە بێجگە لەوەی حیزبیی بوو پڕاوپڕیش بوو لە گەندەڵیی، پێویست ناکا زۆر لە فەلەکەدین کاکەیی بدوێین کە چ رۆڵەکی هەبووە لە نێو دەزگەی راگەیاندنی پارتی و تا چ رادەیەک ملکەچی (دەزگەی سیخوڕیی پاراستن) و بارزانی بنەماڵەکەی بووە، لە کن هەموو کەسەکیش ئاشکرایە شێرکۆ بێکەس گەندەڵترین دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی وە ناوی ''سەردەم'' لەسەر بودجەی دزرای میللەت و لە بن سەرپەرشتیی یەکێتی دامەزراند کە ئەنجامەکەی ئەوە بوو پەرتووکگەلەکی بێ بڕستی یەکجار زۆری ئەو نووسەرانە چاپ و بڵاو ببنەوە کە (یەکێتی و لایەنگرانی یەکێتی و خزم و دۆستانی کەسانی نێو دەزگەکە و ئەو هێڵە) بوون..پەرتووک و بەرهەمی چاک و بە پێزی نووسەرە چاک و بێلایەن و ئازادییخوازەکانیش لەسەر تاخڵچەی ماڵەکانیان تۆزیان لێبنیشی و لە کاتی خۆیان چاپ و بڵاونەکرێنەوە، ئەو بڕوبیانگە لاوازانەی شێرکۆش هەرگیز بە دەردی ناخوا کە گوایە لەبەرئەوەی نەیتوانیبوو چاککاریی لە نێو وەزارەتەکەی بکا دەستبەرداری بووە..چونکە ئەو جۆرە قسانە ئی سیاسییەکی ساویلکەیە و ناکرێ شێرکۆ نەزانی توانایە سیاسییەکەی ئی ئەوە نەبوو کە بتوانی لە نێو گەندەڵیی و دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەک گەندەڵیی لە نێو ببا..بەڵکە مەبەستە سەرکییەکەی ئەو هەر ئەوە بوو یەک دوو ساڵەک خۆی بەو وەزارەتە گەندەڵە با بدا و پاشانیش وازهینانەکەی وەک هەڵوێست وە خەڵکی سادە و ساکار بفرۆشیتەوە، شیرکۆ تەنێ گللەیی و رەخنەیەک کە هەیبوو ئەویش ئەوە بوو کە رێیان نەدایە لە کاتەک و جێیەکی بندەستی ناوچەی سەوز هۆنراوان بخوونتەوە..وا وێدەچی شیرکۆ نەیزانیبی و نەیژنەفتبی (یەکێتی) زۆر جاران و زۆر کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی سەرکوت دەکا و سزایان دەدا و ئەگەر وە پێویستیشی بزانی شاربەدەر و تیرۆریشیان دەکا!

 

لە هەمووشی عەنتیکەتر ئەوەیە کە کەسانەکی بێ زانیاریی لە رووی سیاسییەوە دەبێژن پەیوەستبوونی شێرکۆ وە خۆپیشاندانی بەر دەرکی سەرای سلێمانی هەڵوێستەکی دلێرانە بوو و دەرخەری ئەوەش بوو کە شێرکۆ هەمیشە لە بەرەی گەل دایە.هەرچەندە ئەو هاتوهاوراە خۆپیشاندانی گەل نەبوو بەڵکە ئی (گۆڕان و ئیسلامییەکان) بوو..لێ ئەگەر گریمان خۆپیشاندانی گەلیش بی..خۆ شێرکۆ هەڵسووڕێنەری ئەو خۆپیشاندانە نەبوو بەڵکە لە پاش ئەوەی (دیسان بە مەزەندەی ساویلکانەی سیاسیی خۆی) وایزانی ئیدی گۆڕان دەسەڵات دەگریتە دەست و تا کار لە کار نەترازایە با ئەویش خۆی بگەیەنیتێ! واتە لە پاش خەڵک رۆیشت..مرۆڤی ئازا و ژێهاتیی دەبی لە پێش خەڵک بڕوا نەک لە دوای خەڵک تەنانەت پێویستە ئەو میللەت بخرۆشینی و پێشڕەویی بکا نەک میللەت ئەو وەدووی خۆی بدا، سەرەڕای ئەوەش شێرکۆ بەشداریی لە خۆپیشاندانەکی (کەرت)ەکی حیزبەکەی خۆی - گۆڕانی نەوشێروانی خوونڕێژی پێشانی یەکێتی - کرد نەک خۆپیشاندانی گەل، هەرگیز نەماندیت شێرکۆ لە ساڵی ١٩٩١وە تا کۆچکردنی یەکجاریی رۆژەک لە رۆژان بەشداریی لە خۆپیشاندانەکی ناحیزبیی و سەر وە چین و توێژە هەژار و کرێکارییەکانی گەل بکا.

 

فرە فرە ئاساییە هاوڕێیان و خۆشەویستانی فەلەکەدین و شێرکۆ لە پاش مەرگیان - کە هیچ مرۆڤدۆستەک حەز وە مەرگیان ناکا - کۆڕ و کۆمبوون و ئاهەنگی شایستە وە بۆنەی کۆچی یەکجارییان ساز بدەن، لێ وە هیچ جۆر و شێوەیەک ئاسایی نییە لەو گردبوونەوانەدا تەنێ باسی لایەنە ئەرێنییەکانیان بکرێن و لایەنە نەرێنییەکانیشیان نەک هەر باس نەکرێن بەڵکە بششاردرێنەوە، دیارە ئەو مردییپەرستە ژیاندۆستە رووکەشانەی ئێستا کە ئەسکووی هەموو دیزەیەکن و تەنیا پیشەیان گردبوونەوەی لەو جۆرانەیە هەرگیز ئەوەیان لێناوەشێتەوە چونکە بێجگە لەوەی وەک گۆتمان ئەوان وەدوای کار و بازاڕگەرمکردنی خۆیان و بەرژەوەندییە خۆپەرستیی و خۆدەرخەرەکانیانەوەن، لەبەرئەوەی خۆشیان زۆربەیان کاری نەرێنیی و گەندەڵیی جۆراوجۆری وەک ئی فەلەکەدین و شێرکۆ و کەسانی لەو بابەتانە و بگرە پتریش لەوانیان هەیە نایانەوێ باسکردنی هەردوو لایەنی ئەرێنیی و نەرێنیی لە پاش مەرگی هەر کەسەک ببیتە نەریت و ئەوانیش لە پاش مەرگیان تووشی ریسوایی ببن!

 

ئەفسووس کە تا هەنووکە نێوەندی رۆشنبیرییمان هێندە بێ ئاست و شێوا و شەپرزەیە..مردییپەرستان دەرفەت نادەن ئەو کەسە ناودارانەی کۆچی یەکجاریی دەکەن کتومت وەک خۆیان و وە هەموو کار و هەڵسوکەوتە ئەرێنیی و نەرێنییەکانیانەوە باس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەنجام بدرێن و هەر زۆر وە ئاسانیی لە نێو هاتوهاواری بازاڕییانەیان دەنگە راستگۆ و دڵسۆز و سەرناسەکان دەخنکێنن، لێ هومێدیش هەیە لەنەوپاش هزر و هەڵوێستی نوێ چەکەرە بکەن و هووردە هووردە کەسانەکی خەمخۆریی مێژووی فەرهەنگی نەتەوە و سەرلەبەری مرۆڤەکان پەیدا ببن و هەرگیز وە زوڕنای زڕی هەلپەرستە ژیاندۆستە رووکەشەکان هەڵنەپەڕن و بکارن چاونەترسانە وە چاک بێژن چاک و وە خراویش بێژن خراو.

___________________________

* کە دەبێژین (زۆر کەسی دیکە) مەبەستمان لەو کەسانەیە کە لە نێو ئەو خەڵکە کەمەی نێو بزاڤی بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعسییەکان هەبوون، کە بە داخەوە زۆربەی زۆری ئەو خەڵکە کەمە تێکۆشەر و بەرانگژبووەوە لە پاش راپەڕینی ١٩٩١ هەر بە هۆی بێ هەڵوێستیی و گەندەڵیی دەیان کەسی وەک فەلەکەدین و شێرکۆ نەیانتوانی لە نێو دامودەزگە و دامەزراوەکان بە پێی خواست و ئامانجەکانی گەل کار بکەن و پەراگەندە ببن، ئیدی دامودەزگە و دامەزراوکانیان لەو زۆرینەیەی میللەت پڕ کردەوە کە لە سەردەمی رژێم (بەعیسی و چەکداری بەکرێگیرا و و لایەنگری دەسەڵات) بوون یان بێلایەن بوون و کلکیان لە قوونی خۆیان نابووەوە و بە خەڵکی وەک مەیان - کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەرانگژی رژێم ببووینەوە - دەگۆت (شێت و سەرلێشێوا و ئەشقیا)!

 

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئەو زیندانەی ناویان لێنایە نیشتیمان! ... دارا خونچە

دارا ئه‌حمه‌د 04 August 2013

ئەز تا سەر هێسک دژ وە چەوسانەوەی چینایەتیی و هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکم. . کەواتە نەک هەر ناتانم لە بەرانبەر ئەو (چەوسێنەرە نیشتیمانییانە!) بێدەنگ بم کە تەنێ لەسەر ئەوەی وە زمانی داکم دەئاخڤم و لە پنتەکی ئەو جیهانە چاوانم پشکفتییە دەمچەوسێنننەوە. . بەڵکە گیانیشم لە پێناویدا دەبەخشم.

 

ئاشتیی و ئازادیی و رزگاریی و سەربەخۆیی و یەکسانیی و ئاسوودەیی و دەستەواژەی دیکەی لەو بابەتانە هێندە خۆش و چەور و خز و شیرین و بە چێژن نەک هەر کەسانی زمانلووس بەڵکە هەر کەسەک کە تەنێ زمانی لە دەو دایە دەتانی بە سووک و ئاسانیی گۆیان بکا!

 

لێ لەوانەش هاسانتر گۆکردنی دەستەواژەی نیشتیمانە، ئەوە هیچ کە کەسانی نەتەوەپەرست و نیشتیمانپەرست و خاکپەرست و ئاڵاپەرست و مرۆگەلی عەنتیکەی لەو بابەتانە - کە هەر هەموویان لە ناوی بێ نێوەرۆک پتر بترازێ هیچیدیکە نین - لە رێی کۆمەڵەک یاسا و رێسا و دابونەریتی جوداکارانەی رەگەزپەرستیی ئەو گۆی زەوییەیان وە کۆمەڵەک سنووری دەستکرد پارچە پارچە کردییە. . هەر کەسەکیش بە ئاستەم پابەندی گفتار و رەفتارە بەرزە مرۆییەکان بی ئەوە بە بەکرێگرا و سیخوڕ و دەستی دەرکیی ناوزەدیان دکەن. . هاوکات نیشتیمان هێندە پیرۆز نیشان دەدەن کە لەکنیان ئاساییە ملیۆنان هەژار و کاگەری لە پێناودا بکوژرێ، تەنانەت کەسانەکی زۆریش هەن کە وە کۆمۆنیست و چەپ خۆیان ناوزەد دەکەن وە هەمان تلیاکی نیشتیمان سەرمەستن. . هەر کە دەشڕشێنەوە دەبێژن ''شام شەکرە. . وڵات شیرینترە!''!

 

لەوەتەی هەردوو دەستەواژەی (نەتەوە و نیشتیمان) پەیدا بوونە تەنێ یەک توێژی فرە فرە کەم کە قامچی وەدەستی چینە چەوسێنەرەکانی نێو دەسەڵاتن لەو دوو دەستەواژەیە سوودمەندن. . زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەش کە وە تۆبزیی ناوی نەتەوە و نیشتیمانەکیان وەسەر دادەبڕێ لەوپەڕی هەژاریی و بێ مافیی و بێ ئازادییدا دەژین!

 

ئەز نیوەی تەمەنم لە سەردەمی بەعسییە نیشتیمانییەکاندا گوزەراند. . پێیانگۆتم ئەتوو نابی ژیانت هەبی چونکە لە نیشتیمانی مەدا دەژی، بەرانگژیان بوومە! تا خاکی بن پێیانم بە خوونی خۆم سۆر هەڵنەگەڕاند رەویان نەکرد، هەر کە نۆرەی پارتی و یەکێتییە نیشتیمانییەکان و جڕوجانەوەرە ئیسلامییەکانیش هات. . بە بێ ئەوەی داوای هیچ قەرەبوویەک بکەم چەک و رێکخرابوونم و هزر و سیاسەتەکانیانم رادەستی خۆیان کردەوە و ویستم وەک کەسەکی ئازاد و تێکۆشەری نێو ژیانەکی مرۆڤپەروەرانە و پێشڤەڕۆیانە بژیم. . کەچی پێیانگۆتم:

- ئەگەر دەتەوێ خۆشگوزاران بی. . دەبی لەگەڵ مە بی. . ئەگەر نا ئەوە دەبی مەمرە و مەژی بژی؟

ئەز دووەمم هەڵبژارد.

 

پێیانگۆتم:

- ئەگەر دەتەوێ دەنگ و رەنگی خۆت هەبی. . دەبی ئاوێتەی دەنگ و رەنگی مە بی. . ئەگەر نا سەرکوتت دەکەین؟

ئەز دووەمم هەڵبژارد.

 

پێیانگۆتم:

- لە هەر شار و جێیەک دەتەوێ بژی ئاساییە. . لێ دەبی لە بن فرمان و چاودێریی مەدا بژی. . ئەگەر نا شاربەدەر و تەنانەت وڵاتبەدەریشت دەکەین؟

ئەز دووەمم هەڵبژارد.

 

پێیانگۆتم:

- هەر چ دەبێژی و دەنووسی ئازادی. . لێ باسکردنی دین و دەسەڵات و دابونەریت و پیاوسالاریی و خێلەکیی و بێ یاسایی و هەژاریی و ئازادیی دەربڕین و مافی وەک یەکی نێوان گەلان و نێوان دەڤەرەکان و نێوان ژنان و پیاوان و نێوان تاکەکانی کۆمەڵ بە نەرێنیی بڤەیە. . ئەگەر نا ئەوە بێجگە لەوەی تۆپتۆپانێت پێدەکەین نانبڕا و کارکەناریشت دەکەین. . ئازار و ئەشکەنجەت دەدەین. . زیندانت دەکەین. . ئەگەر پێویستیش بکا وە گوللەیەک ساردت دەکەینەوە؟

ئەز دووەمم هەڵبژارد.

 

هەر بە هەمان شێوەیە چەندین فرمانی نیشتیمانییانەی دیکەی لەو بابەتانەیان پێکردم، لێ ئەز هەر دووەمم هەڵبژارد.

 

سەرەنجام لەو جێیەی کە ناویان لێنابوو ''نیشتیمانی من!!!'' جێم نەبۆوە و ئەگەر جێمنەهێشتبا یان پەڕوباڵیان دەکردم یان ئەوەتە وە گوللەیەک ساردیان دەکردمەوە! لە کاتی بڕینی سنوورە دەستکردەکان؛ ئاخوندە شەهروەندەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران و سکۆلاریستە وەتەنداشە کەمالیستەکانی تورکیا چەندین جار زیندانیان کردم چونکە سنووری نیشتیمانە خۆشەویستەکەیانم بەزاندبوو و زۆر مەترسیدار بووم لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانییان! پاشان نیشتیمانپەروەرانی یۆنانە پەڕپووتەکەی لانکەی شارستانیەت و بەلژیکای مافی مرۆڤ و دیموکراسیی وەخۆیاننەگرتم چونکە دەستی هەرزانی کاریان زۆر بوو، لە کۆتاییدا چونکە نیشتیمانپەروەرە دەسەڵاتدارەکانی بەریتانیا مەگیرانییان وە دەستی هەرزانی کارەوە دەکرد هەر کە لەگەڵ کۆمەڵەک ئاوارەی دیکە پێمان نایە نێو وڵاتە پاشانشینەکەیان کتومت وەک ئەوەی رەوە نێچیرەکیان گرتبی گلیانداینەوە و ئیدی سنوورەکەیان لەسەر داخستین. . ''بەریتانیای مەزن!'' تا ئێستا بە هۆی پێدانی شوناسی نیشتیمانیی و مۆڵەتی کار ملیۆنان دەستی هەرزانی کاریان کڕییە و لە نێو ئەوپەڕی بێ مافیی کرێکاریی وەک ئەسپی بن عارەبانە کاریان پێدەکەن و دەیانچەوسێننەوە. . وەک تاکتیکیش پێنج سەت هەزار دەستی هەرزانی کاریان بێ پێدانی مافی هاوڵاتییبوون راگرتییە تا وە شێوەی رەش و قاوەیی وە هەرزانترین نرخ کاریان پێبکەن! هاوکات بەشێکیش لەو دەستی هەرزانی کارانە دەکەنە سیخوڕ و لە داگیرکردنی نیشتیمانە خۆشەویستەکانی وەک لای خۆمان و دەڤەرەکانی دیکە وەکاریاندەهینن.

 

کاتەک لێرە - لە بەریتانیا - کە خەریکی دەرکردنی گۆڤارەک بووم نیشتیمانپەروەرانی نێو جەرگەی مافی مرۆڤ و دیموکراسیی پێیانگۆتم: ''رێت لێناگرین لەسەر نەرێنییەکانی نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان دەنووسی. . لێ ئەگەر هەر ئەوها بەردەوام بی ئەوە وا دەکەین هەرگیز نەتوانی خەرجیی چاپکردن و بڵاوکردنەوەکەی پەیدا بکەی. . جا ئەوە هەڵوێستمانە تەنانەت لە بەرانبەر هاوڵاتیانی نیشتیمانە مەزن و خۆشەویستەکەی خۆشمان'' سەرەنجام ئەوەی گۆتیان کردیان!

 

ئەز هەڵە نەبووم کە بەرلەوەی ''نیشتیمانە شیرین و زۆر خۆشەویستەکەم!'' بەجێبێلم دەمگۆت: (نیشتیمان لە هەر کات و لە هەر جێیەک بی هەر هەمان زیندانەکەی خۆمانە و تەنێ شێوازیان جودایە''، لێ (نیشتیمان - زیندان)ەکەی لای خۆمان بە بەراورد بە ئی ئێرە فرە فرە تاریکتر و پڕ تەلبەندتر و پاشداماترە. هەر لەبەرئەوەشە کار و خەباتی کوردان فرە سەخت و قورسە چونکە لە لایەک لەبەرئەوەی زیندانەکەمان هێشتا بە تەواویی دروست نەبووە پێویستە دروستی بکەین. . هاوکات لە لایەکی دیکەش لەگەڵ ئەو میللەتانەی کە لەمێژە زیندانەکانیان دامەزراندییە هەموو زیندانەکانی سەر گۆی زەوی بڕووخێنین و یەک زیندانی گەورەی نانیشتیمانیی و جیهانیی دروست بکەین. . ئیدی ئەوجا نۆرەی ئەوە دادێ سەرلەبەری مرۆڤەکان پێکەوە ئەو زیندانە گەورەیە نانیشتیمانیی و جیهانییەش بڕووخێنین و لە شەقەی باڵ بدەین!

 

daraehmed@yahoo. com


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

پڕۆژە زەردەکەی دەستوور و گارەگاری هەردوو لایە نادەستوورییەکە! ... دارا خونچە

دارا ئه‌حمه‌د 19 June 2013

   ئه‌گه‌ر ده‌ستوور و یاساکان یه‌ک جار پێویستبن لۆ رێکخستنی ژیانی خه‌ڵک. . ئه‌وا سه‌د جار پێویستن لۆ به‌رزه‌فتکردنی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران.

هەرچەندە لەوەتەی دەستوور و یاساکان هەن زۆربەی هەرە زۆریان هەر لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە دڕێژراینە و بە رادەکی زۆر کەم لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئازاد و هەژاران و چەوساواندا بوونە. . تا (خاوەندارێتیی تایبەت و زێدەبایی)ش لەنێو نەچن و کۆمەڵەکی ئازاد و یەکسان دانەمەزرێ هەرگیز دەستوور و یاساگەلەک نایەنە ئارا کە ماف و ئازادییەکی وەک یەک و یەکسان لۆ هەر کەس و دەستە و کۆمەڵ و میللەت و تەواوی مرۆڤەکان فەراهەم بکەن، لێ هێشتا هەر هەبوونی دەستوور و یاساکان باشترە لە نەبوونیان. . چونکە بە نەبوونیان - یان بە هەبوونیان و ناسەروەربوونیان کە تەنێ بە شێوەی دەق هەبن و دەرفەتی جێبەجێکردنیان نەدرێ - جگە لە جەنگەڵەکی پڕ لە کارەسات هیچی دیکە دروست نابی. . بە پێچەوانەش بە هەبوونیان هیچ نەبی هێندەک ماف و ئازادیی (لە ژێر گوشاری خەباتی یەکسانییخوازانە و ئازادییخوازانەی زۆرینەی چەوساوەی نێو ئەو سیستەمە چەوسێنەرانە و بە پێیی ئاستی گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵ) لە نێویاندا دەچەسپێن. . پێ بە پێش دەستوور و یاساگەلی ئەرێنییانەتر و مرۆییانەتر جێی خۆیان دەکەنەوە و دەسەڵاتدارانیش ناچار دەبن دانیان پێدا بنێن و دەرفەتی جێبەجێکردنیان بدەن. . تا دەگاتە ئەو رۆژەی کە شۆڕشە جڤاکییە بەرابەرییەکان بە تەواوی ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن. . ئیدی دەستوور و یاساکان لە راژەی تەواوی گەلدا دەبن و جگە لە کارەک کە پاراستنی دەستەکەوتەکانە هیچ کارەکی دیکەیان نامینێ.

هەبوون یان نەبوونی دەستوور پرسەکی یاسایی و دادوەریی کۆمەڵە نەک ململانێی سیاسیی نێوان سەرۆک و مەرۆک و سیاسەتبازان کە هەر یەکەو دەیەوێ بە شێوە و شێوازەک لۆ بەژەوەندییە تەسکە سیاسەتبازییەکانی خۆی بەکاریبهینی، پێداگیریی بە پەلەی پارتی لۆ ئەنجامدانی راپرسیی جەماوەریی لەسەر ئەو پڕۆژە دەستوورەی ئێستا - کە بە شێوەکی گشتیی پڕۆژەکی کۆنەپەرستانە و پڕ لە کەموکوڕیی و نابووتە و بە هیچ شێوەک نە گەل بەشداریی لە داڕشتنی کردییە نە رەنگدانەوەی ئاستی پێشڤەچوون و بارودۆخی گشتیی ئەوڕۆی خەڵکی کوردستانە - تەنێ لۆ ئەوەیە کە دەسەڵاتە زۆروزەبەندە دیکتاتۆرییەکانی سەرۆک بپارێزی و هەڵبژاردنەوەی سێیەم جاری بارزانی مسۆگەر بکا و دین و یاسا و رێسایە کۆنەپەرستییەکانی نێو فەرهەنگی پیاوسالاریی و پاشماوەی شوانکارەیی و دەرەبەگییش لە نێو دەستوورەکەدا بسەپێندرێ. ئەگەر نا بیست و دوو ساڵ گەللەک زۆرە دەسەڵات و سیستەمەک دەستوورەکی نەبی و کێشە و پرسە دادوەرییەکان بە کێهان یاساگەل - یاساگەلی پەرلەمانی کوردستان(دیوەخانی حیزبەکان، دەستوور و یاساگەلی سەردەمی بەعسییەکان، دەستوور و یاساگەلی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتی بەغدای پان ئیسلامیی کۆماری سێدارەی ئێران - لە بەرژەوەندییە دژە مرۆییەکانیدا بێ بەوە چارەسەریان بکا، کەچی ئێستا بە هۆی ململانێیە سیاستەبازییەکانی دەیەوێ بە پەلەپرووزێ راپرسیی جەماوەریی لەسەر پڕۆژە دەستوورەکی ئیسلامیی و دیکتاتۆریی و دژ بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام بدرێ!!!

لایەنی بەرانبەریش [''گۆڕان''ەکەی نەوشێروانی خوونڕێژ و ئیسلامییە پاشدامایەکان و هێندەک هوورتکە لایەن و کەسانی دیکە. . کە ''یەکێتی''ش هەر تێوەگلایە. ] بە بێ ئەوەی یەک تاکە رەخنە و هیچ پێشنیارەکیان لەسەر ئەو هەموو لایە نەرێنییانەی نێو پڕۆژە دەستوورەکە هەبی وەک (ئیسلامییبوونی، دابڕاندنی ناوچە داگیرکرایەکانی کوردستان و ژێرپێنانی ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان، رەگەزپەرستیی کوردیی دژ بە نەتەوەکانی دیکەی کوردستان، پیاوسالاریی و نێرسالاریی و دابونەریتی دڕزا، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، کەڵەگایی حیزب و حیزبایەتیی، زیندییکردنەوەی خانەوادە و خێڵ و هۆز و دەستەگەرایی و تەریقەت و ئەفسوونگەرایی و مەزهەب و دین، ژێرپێنانی ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ بە تایبەتییش ئی چینە کرێکار و نەدارەکان، بەربەرەڵاکردنی ''بازاڕی ئازادی''ی چەوسێنەرانەی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان کە گەندەڵیی بە پۆپە دەگەیەنی و بە پێچەوانەش لەنێوبردنی هەر کەرتەکی گشتیی و هاوبەش کە لە راژەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی کۆمەڵە، دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات و قۆرخکردنی لە لایەن هێندەک کەسی سیاسەتباز و مشەخۆر، . . . هتد) دەیانەوێ پڕۆژە دەستوورەکە دیسان بگەڕێننەوە پەرلەمان (دیوەخانی حیزبەکان) ئەویش تەنیا لە پێناو ئەوەی بتوانن پاوانخوازیی و قۆرخکاریی پارتی و خانەوادەی بارزانی و ''خودی مەسعود بارزانی'' وەک سەرۆکەکی بە تۆبزیی داسەپا کەم بکەنەوە لۆ ئەوەی بگەنە ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و ستەمەکارە یان هیچ نەبی بەشیان تێیدا زۆرتر بی!!!

ئەو رەخنەگرە دەسەڵاتخوازانە پڕسی هەموارکردنەوە و رێکاری داڕشتنی پڕۆژەی دەستووریان وەک گەمەکی سیاسەتبازانە وەرگرتییە و ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە تەنێ ئامانج و ماف و ئازادییەکانی میللەتە! چونکە ئەوانە خۆیان هەر هەموویان (بە خودی گۆڕانەکەی نەوشێروانیشەوە کە پێشتر لە نێو یەکێتیدا بوون) بەشدار بوونە لە داڕشتنی ئەو پڕۆژە دەستوورە زەردە و بنیاتنانی سەرلەبەری ئەو دەسەڵات و سیستەمە ستەمگەر و تۆتالیتارییە. . تا پارتی و بارزانی ئەوانی کارکەنار نەکردبوو و فڕێی نەدابوونە پەراوێز هەر چەپڵەیان لۆ ئەو پڕۆژە دەستوورە و خودی بارزانیش لێدەدا و گێیان لە هیچ کەسەک رانەدەگرت کە رەخنەی هەبوو لەو پڕۆژە دەستوورە یان پێشنیار و پڕۆژەی تازەی هەبوو. . لۆ نموونە من وەک تاکەکی ئەو گەلە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ کۆمەڵەک رەخنە و پڕۆژە دەستوورەکم بە ناوی (پڕۆژه‌یه‌کی پێشنیارکراو بۆ ده‌ستووری کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و سکۆلاریست له‌گه‌ڵ چه‌ند تێبینییه‌کی ره‌خنه‌گرانه له پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان - www. emrro. com/destur. htm) لە شێوەی پەرتووکەک وەک پێشنیار خستە بەردەستی هەر هەموویان. . بەڵام بە بێ گومان کە ئەوان باش بزانن من کۆیلەی هیچ حیزب و لایەنەک نییم و نابم هەرگیز ناتوانن گێ لە رەخنە و پڕۆژەکی لەو بابەتەی من رابگرن کە نێوەڕۆکەکەی تەنێ لە پێناو چەسپاندنی ماف و ئازادییەکانی گەل داڕێژرایە، ئەوان لەوان کاتاندا سەرمەستی دابەشکردنی کێکەکەی دەسەڵات بوون. . هەر دەبی رەخنە و پێشنیاری هەنووکەشیان لۆ هەموارکردنی پڕۆژەی دەستوور تەنێ لە پێناو گەیشتن بەو دەسەڵاتە تا سەر ئێسقان دژە مرۆییە بی کە پارتی و خانەوادەی بارزانی تەنێ لۆ خۆیانیان داگیر کردییە و وەک کۆمەڵە مافیایەک ئیمپراتۆریەتەکی (بازرگانیی نەفت)یان لۆ خۆیان دامەزراندییە.

ئیدی ئەو گارەگارەی هەنووکەی ئەو دوو لایە نادەستوورییە لەسەر ئەو پڕۆژە زەردەی دەستوور هیچ پەیوەندییەکی بە ئامانجەکانی گەل و دابینکردنی ئەو سیستەمەکەوە نییە کە دەستوور و یاساگەلەکی پێشڤەڕۆیانە و مرۆڤپەروەرانە تتێدا سەروەر بن و کوردستان بە بەندەری سەربەخۆیی بگەینی و مرۆڤەکان بتوانن تێیدا وەک مرۆڤ بژین.

١٨


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

یادی (٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی حیزبیی) لە یادی (١١٥ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی)! ... دارا خونچە

دارا ئه‌حمه‌د 24 April 2013

یادی (٢٢ ساڵەی رۆژنامەگەریی حیزبیی) لە یادی (١١٥ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی)! ... دارا خونچە

بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، بیست و دوو ساڵ وەسەر میدیای حیزبیی کورستان رەت دەبی، خەباتی نووسەران و رۆژنامەنووسانی ئازاد لە پێناو ئازادیی رۆژنامەگەریی وەک هەر خەباتەکی دیکەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ئازادییەکان - کە لە بەهاری ١٩٩١ هەموویان پێکەوە بە شێوەی تەقینەوەکی سەراسەریی خۆیان نواند و رژێمی بەعسیی فاشیستیان راماڵی - لە لایەن حیزب و لایەنە خێڵەکیی و میلیشیاییەکانی کوردستانەوە پووچەڵ کرایەوە و مۆدێلی بەحیزبییبوونی میدیای کوردییان وەسەر خەڵکی کوردستان داسەپاند و بە هەزاران کەسیان لەسەر دەربڕینی وشەی ئازاد کارکەنار و نانبڕا و دەربەدەر و زیندان و فەلاقە و گوللەباران و تیرۆر کرد.

 

هەرچەندە هەر لە سەرەتاوە هێندەک دەستپێشخەریی لە پێناو دانانی بەردی بناغەی رۆژنامەگەریی ئازاد ئەنجام دران - کە ''رۆژنامەی ئەمڕۆ'' رۆڵی یەکەمی لەو دەستپێشخەرییە دیت و چەند ژمارەیەکی لە ساڵی ١٩٩٤ و لە هەولێر بە شێوەی ناحیزبیی و ئازادانە دەرکرد - بەڵام ئەو کۆششانە وەک ئەزموونەکی زۆر قورس هەر زوو لە نێو هەژموونی میدیای حیزبیی و لە لایەن حیزبە بە هێزەکانەوە بەوپەڕی توندییەوە دژایەتیی کران، پاشانیش سیاسەتبازان بە هاوکاریی (بە ناو رۆشنبیران)ی سەر بە دەسەڵات و حیزبەکان بۆ ئەوەی بە تەواویی ئەو ئەزموونە پەک بخەن. . جگە لەوەی لە ژێر زەبری پەراوێزخستن و نابڕین و ترس و تۆقاندن بەشەکی زۆریان لە نووسەران و رۆژنامەنووسان کڕی چەند بڵاوکراوەیەکی وەک گوڵان و هاوڵاتی و ئاوێنە و. . . هتدیێشیان بە ناوی میدیای ئازاد و ئەهلیی دەرکرد و تا رادەکی زۆر نووسەران و رۆژنامەنووسان و تەنانەت خوێنەرانیشیان پێ لەخشتە بردن. . ئیدی کە ئەو پیلانە دژ بە ئازادییەیان سەریگرت ئەوە سەردەمانەکە زۆر بە بێ شەرمانە و هەر بە ناوی میدیا ئازاد و سەربەخۆوە چەندین کەناڵی میدییایی حیزبییان (وەک خەندان و هەولێر و رووداو و سبەی و ئەڤڕۆ و ''زاگرۆس'' و ''کەی ئێن ئێن'' و ''سپێدە'' و ''ئێن ئاڕ تی'' و. . . هتد) دامەزراندییە کە سەرلەبەریان لە سەر بودجەی دزیاریی میللەت بەڕێوەدەچن و راستەوخۆش لە لایەن حیزب و لایەنەکانەوە سەرپەشتیی دەکرێن!

 

بیست و دووی نیسانی ٢٠١٣، (١١٥) ساڵ وەسەر یەکەمین رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕی، رۆژنامەکانی کوردستان بە تێکڕای کەناڵە میدیاییەکانی دیکەشەوە لە باری هەنووکەیاندا هێندە حیزبیی و دوور لە راستیین بە هیچ جۆرەک جێگەی بڕوا نین لەکن خوێنەران تەنانەت سیاسەتبازە کۆلەوارەکانیش - کە هەر خۆیان خاوەن و هەڵسوڕێنەری سەرلەبەری کەناڵە میدیاییەکانن - کاتەک ناتوانن دان وە قسەیەکی راست دابنێن دەبێژن: ''ئەوە پڕوپاگەندەی میدیاییە''!!! لەبەرئەوە تا ئەو رۆژنامانە بەو جۆرەن. . زۆر باشترە لە یادی هەر ساڵەکی رۆژنامەگەریی کوردیدا ببێژین: (رۆژنامەگەریی کوردی کە بەو شێوەیە تەنیا لە بەرژەوەندیی تەسکی دەسەڵاتداران و حیزبەکان کار دەکەن؛ با بیگۆڕین و بیکەنە ''یادی رۆژنامەگەریی حیزبیی'')!

 

٢١\٤\٢٠١٣ - لەندەن

dxunce@yahoo. co. uk


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

  1. ئاڵوودەبوون وە مەم!* ...دارا خونچە
  2. ئەمەریکا و ئەوروپا گەمژەترین و دڕندەترینیانن لە بەرانبەر دۆزی نەتەوەیی کوردان!...دارا ئەحمەد
  3. گەل لە نێوان دەسەڵاتی ناڕەوا و بەرهەلستکاری ساختە....دارا ئەحمەد
  4. زۆر گوڵ هەن لە نێو بەردەلانان دەڕوێن، لێ زۆربەیان تا سەر خۆڕاناگرن و دەوەرن! ..- لە پەیوەست بە خامۆشبوونی رۆشنبیرە تێکۆشەرەکان - ...دارا ئەحمەد

Page 2 of 2

  • 1
  • 2
© kurdistan Net 2026

میوانی سەرخەت

We have 444 guests and no members online

  • گەڕان
  • العربیة
  • گۆشه‌کان
    • ڕاپۆرت
    • به‌دواداچوون
    • ئه‌ده‌ب و هونده‌ر
    • دیمانـــــــــه‌
    • پارت و ڕێکخراوه‌کان
    • هه‌واڵ
    • کاریکاتێر
    • کامپین
    • پرسه‌کان
    • هه‌مه‌ڕه‌نگ
    • بابه‌تی به‌رجه‌سته‌کراو
    • هۆنراوە
    • تەواوی بابەتەکانی ٢٠١٣
  • په‌یوه‌ندی
  • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کان
    • نووسه‌ری دیکه‌
  • ژنە نووسەرەکان
  • ماڵەوە