
وڵات لە کاتی قەیرانی قووڵدا، پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە عەقڵیەتی بەڕێوەبردن و فەلسەفەی دەسەڵاتدا هەیە. مێژووی نوێی جیهان دەیسەلمێنێت کاتێک سیستمە سیاسییەکان لە چارەسەری تەنگژەکاندا بنبەست دەبن، پەنابردن بۆ مۆدێلە تەکنۆکراتییەکان دەبێتە بژاردەی ناچارەی سەرەکی. ساڵی ٢٠١٥، کاتێک فینلەندا لە لێواری داڕمانێکی ئابووریدا بوو، متمانەی بە عەقڵیەتی کارگێڕیی "یوها سیپیلا" بەخشی؛ بازرگانێک کە توانی دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی بەرهەمهێن و وەبەرهێن بەڕێوەببات. ئەمڕۆ ڕاسپاردنی عەلی زەیدی، عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی هاوشێوە؛ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لەڕێگەی عەقڵیەتی "بزنس" و کارگێڕیی هاوچەرخەوە.
کارگێڕی لەبری ململانێی سیاسی
سپاردنی دەسەڵات بە کەسایەتییەک کە لە کەرتی تایبەتەوە هاتووە، مۆدێلێکی تاقیکراوەی جیهانییە. ئەم مۆدێلە جەخت لە گۆڕینی فەلسەفەی دەسەڵات دەکاتەوە؛ واتە گۆڕینی دروشمە سیاسییە ناڕوونەکان بۆ "داتا و ئەنجامی ورد". بۆ نموونە، مایکل بلومبێرگ لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٢–٢٠١٣) بە عەقڵیەتی "بەڕێوەبەری جێبەجێکار" (CEO) توانی شاری نیویۆرک ڕێکبخاتەوە و لە قەیران ڕزگاری بدات. هەروەها ماوریسیۆ ماکری لە ئەرجەنتین، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا (٢٠١٥–٢٠١٩)، بە پشتبەستن بە ئەزموونی سەرکەوتووی لە بەڕێوەبردنی یانەی "بۆکا جۆنیۆرز" و چەندین کۆمپانیای زەبەلاح، توانی متمانەی بازاڕە جیهانییەکان بۆ ئابووری وڵاتەکەی بگێڕێتەوە. لێرەدا دەوڵەت وەک "پڕۆژەیەکی بەرهەمهێن" دەبینرێت نەک وەک "سەنگەری ململانێ"، و سەرکەوتنی حکومەتیش تەنیا بە "بەرهەمی واقیعی" دەپێورێت.
نزار ئامێدی و هاوسەنگیی سیاسی
بوونی کەسایەتیی وەک نزار ئامێدی لەم هاوکێشەیەدا، ڕەهەندێکی تەکنۆکراتی و ئارام بە کابینەکە دەبەخشێت. بەهۆی ئەوەی ئامێدی دوور بووە لە ململانێ خوێناوییەکانی ڕابردوو و شەڕی ناوخۆ، دەکرێت وەک "پردی متمانە" لە نێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵ ببینێت. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لە بازنەی ململانێی حیزبییەوە بگوێزرێنەوە بۆ بازنەی لێک تێگەیشتنی کارگێڕی و دیپلۆماسییەتی هاوچەرخ.
تەحەدییە گەورەکە: گرێکوێرەی ستراتیژی لەگەڵ پارتی
بەڵام ڕێگەی ئەم کابینەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک "مەحاڵ" دەبێتەوە. گەورەترین ئاستەنگ، مامەڵەکردنە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان؛ حیزبێک کە مێژووەکەی بە "جەختکردنەوە لەسەر بنەما ستراتیژییەکانی" دەناسرێتەوە. لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە تا سەردەمی سوودانی، هیچ سەرکردەیەکی عێراق نەبووە بتوانێت هاوکێشەیەکی کۆتایی و جێگیر لەگەڵ ئەم حیزبە بدۆزێتەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ هێزێک کە دەیان ساڵە لەسەر بنەماکانی سازش ناکات، دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ هەر عەقڵیەتی کارگێڕی کە بیەوێت تەنیا بە زمانی شەفافییەت و بەرژەوەندیی ئابووریی ڕەها کار بکات.
عەقڵیەتی کار یان بازنەی داخراوی قەیران
سەرکەوتنی عەلی زەیدی لە گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکاندا، بەستراوەتەوە بە ئیرادەی حیزبەکان بۆ کشانەوە لە دەستێوەردان و ڕەخساندنی فەزا بۆ "عەقڵیەتی کار". هاوشان لەگەڵ پێگەی هاوسەنگخوازانەی نزار ئامێدی، ئەمە دەرفەتێکی مێژوویی و دەگمەنە بۆ گۆڕینی فەلسەفەی دەوڵەت لە "کۆمپانیاکەی حیزب"ەوە بۆ دەوڵەتێکی "خزمەتگوزار و بەرهەمهێن". ئەگەر ئەم مۆدێلە نوێیەش نەتوانێت ئەو گرێ مێژووییانە و قەیرانە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنێت، ئەوا دووبارەبوونەوەی شکەستەکان وەک هەمیشە تەنیا بژاردەی بەردەممان دەبێت.