
لە مێژووی سیاسیی گەلاندا، سەرکردە مەزنەکان ئەوانەن کە دەزانن کەی و لە چ ساتەوەختێکدا پێش ئەوەی مێژوو لێیان بێزار بێت، یاریگای سیاسەت چۆڵ بکەن. سەرکردایەتی ڕێک وەک یاریزانی تۆپی پێ وایە؛ ئەگەر لە لوتکەی تواناکانتدا واز نەهێنیت و پێداگری لەسەر مانەوەی بێ بڕست بکەیت، جەماوەر لە جیاتی چەپڵەڕێزان، بە فیکەی ناڕەزایەتی بەرەو ژووری جلگۆڕینت بەڕێ دەکەن.
مێژووی هاوچەرخ پڕە لە وانە؛ فیدڵ کاسترۆ پێش ئەوەی مەرگ بیبات، وازی لە دەسەڵات هێنا چونکە دەیزانی مانەوەی بەو پەککەوتەیی و پیرییەوە، شکۆی شۆڕشەکەی لەکەدار دەکات. ئەم ڕاستییە بۆ سەرکردایەتیی کوردیش بەهەمان شێوەیە؛ نەک تەنها حەمەی حاجی مەحمود، بەڵکو تەنانەت کەسایەتییەکی وەک مەسعود بارزانیش کاتی ئەوەیان هاتووە ماڵاوایی بکەن و مەیدانەکە بۆ نەوەی نوێ چۆڵ بکەن. بارزانی کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بە شانازییەوە دەڵێت "دەنگی تەقەی فیشەک لام وەک مۆسیقا وایە"، ئەمە کارەساتێکی گەورەی فیکری و مرۆییە؛ چونکە لە جیاتی ئەوەی باسی ئاشتی و ئاوەدانی بکات، هێشتا لە عەقڵییەتی شەڕ و خوێنڕشتندا ماوەتەوە.
ململانێی خوێن و کورسی
حەمەی حاجی مەحمود کە لە پاشخانێکی خێزانیی پڕ لە پشێوییەوە هاتووە و دایکی چەند شووی کردووە، نەیتوانیوە لە ژیانی تایبەتیدا ببێتە مۆدێلێکی پێشکەوتوو. کاتێک سەرکردەیەک لەسەر کورسیی حزب و دابەشکردنی زەویوزار، فیشەک ئاراستەی براکەی (عەبدوڵای حاجی مەحمود) دەکات و بە شانازییەوە لە میدیاکاندا دەڵێت "لەسەر حزبایەتی فیشەکم پێوە ناوە"، ئیتر دروشمی "سۆسیالیزم" و "یەکسانی" دەبێتە نوکتەیەکی تاڵ. پیاوێک کە بۆ براکەی خۆی بەزەیی نەبێت، چۆن دەتوانێت خەمخۆری گەلێک بێت؟
پۆپۆلیزمی "خەیار" و بێ ڕێزی بە زمان
ئەوەی لە حەمەی حاجی مەحمود دەبینرێت، پاشەکشەیەکی ترسناکە لە فیکرەوە بۆ پۆپۆلیزمێکی هەرزان. سەیرتر لەوە ئەوەیە کە ئەو چەند کتێبێکی نووسیوە و تیایاندا بە شانازییەوە باسی "فەردە خەیار" خواردن دەکات، وەک ئەوەی ئەمە دەستکەوتێکی سیاسی بێت! ئەگەر لە حەمە بپرسیت "پێناسەی سۆسیالیست بکە"، نەک هەر نازانێت، بەڵکو هیچ پەیوەندییەکی بەو جیهانبینینەوە نییە. کارەساتە گەورەکە لێرەدایە؛ کاتێک دەست دەبات بۆ نووسین، بە تەواوی ڕێز لە زمانی کوردی ناگرێت، لە کتێبەکانیدا بە هیچ شێوەیەک خاڵ، فەریزە، نیشانەی پرسیار یان پیتەکان بە دروستی بەکارناهێنێت و نووسینەکانی بە ڕادەیەک پشێون کە ئاستی ڕۆشنبیریی ئەو بە ڕوونی دەردەخات. ئاستی سیاسەتی هێندە دابەزاندووە کە تەلەفزیۆنەکان تەنها بۆ گاڵتەپێکردن لێدوانی لێ وەردەگرن، چونکە دەزانن قسەکانی تەنها دەبنە مایەی پێکەنین.
بازرگانیی زەوی لەژێر ناوی حزبدا
شانازیکردن بە خاوەندارێتی "٥٠٠ دۆنم زەوی" لە لایەن سکرتێری حزبێکەوە کە دەبێت دژی دەرەبەگایەتی بێت، گەورەترین شکستی فیکرییە. حزب لای ئەو بووەتە "دوکانێکی بازرگانی" و "خێزانی" کە تێیدا یاسا بوونی نییە و تەنها ویستی شەخسیی "ئاغا" بڕیاردەرە. بۆیە باشترین خزمەت کە حەمە بە مێژووی خۆی بکات، داخستنی ئەو دوکانە و خانەنشینبوونی یەکجارییە بۆ ئەوەی خەڵک بە ڕێزەوە یادی بکەن.
پەیامی کۆتایی: مەترسیی بوون بە"کارەکتەری میم" Meme (meemihenkilö).
لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیادا، مەترسیدارترین قۆناغ بۆ هەر سیاسییەک ئەوەیە کە لە "بڕیاردەر"ەوە بگۆڕێت بۆ "کارەکتەری میم" (Meme Character). کاتێک گەنجان تەنها بۆ پێکەنین و لاساییکردنەوەی خواردن و قسە نامۆکانی سەیری حەمە دەکەن، ئەمە پەیامی کۆتاییە؛ واتە شکۆی سیاسیی تۆ هەرەسی هێناوە. بوون بە "میم" زەنگی مەرگی سیاسییە. کاکە حەمە، پێش ئەوەی مێژوو بەتەواوی لێت تووڕە بێت، جانتاکەت کۆبکەرەوە و ماڵاوایی بکە؛ چونکە ئەم یاریگایە چیتر پێویستی بەو "یاریزانە ماندووانە" نییە کە تەنها بۆ پێکەنین دەردەکەون.