
لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاوکرایەوە، هەڵایەکی گەورەی نایەوە. کاتێک میدیایەکی نزیک لە حزبەکەی بڵاویکردەوە کە باخچەلی گوتوویەتی: "نەورۆز لە جوگرافیای گەورەی کورددا، هێمای یەکڕیزی و ئاشتییە."
ئەم لێدوانە بووە هۆی نان بڕاوکردنی بەرپرسی ماڵپەڕەکە، چونکە لە جیاتی وشەی "تورک" وشەی "کورد"یان بەکارهێنابوو. بەڵام ئەگەر بە وردی تێبفکرین، ئەو میدیاکارە تەنیا ڕاستییەکی گوتووە کە پێویست ناکات کەس پاساوی بۆ بهێنێتەوە.
ئێ خۆ ڕاستی فەرمووە، هەڵەکە تەنیا لەوە دابووە دەبوو لە شوێنی کورد بیگوتایە گەلی کوردستان، چونکە لە کوردستان زیاتر لە گەلێک دەژین ئێمەی کورد وەک ئەوان نەتەوەپەرستی چاو تەنگ نین چاومان هەر نەتەوەی خۆمان ببینێت.
ئەو لێدوانەی باخچەلی کە لە میدیایەکی نزیک لە مەهەپە بڵاوکرایەوە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسی ئەو ماڵپەڕە لەسەر کارەکەی دووربخرێتەوە ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی گوایە لە شوێنی تورک ناوی کوردی بەکارهێناوە.
قسە ڕاستەکە ئەوەیە کە بڵاوبۆتەوە، بۆیە نەکەس نان بڕاو بکەن، نە پاساویش بۆ قسەکەی دەولەت باخچەلی بهێنەوە.
یادکردنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ 2026 بەشداری ملیۆنان کەس لەو یادە لە شارەکانی باکووری کوردستان و گەورە شارەکانی تورکیا گەواهی ئەو ڕاستیەیە کە لە هەر جوگرافیایەک کە کوردی لێ بژیت هێماکانی یەکڕیزی و ئاشتی دەبینرێت.
ئەمساڵ لە نەورۆزی ئەستەنبۆل یەکێک لە پەیامنێری تەلەفیزیۆنێک لە ژنێکی بەتەمەنی کوردی پرسی:
-هەستت چیە کە هاتووی بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئەستەنبۆل دەکەی؟
ئەو ژنە لە وەڵامی ئەو پەیامنێرە گووتی:
" لە ماڵباتی خۆمان خاوەنی پێنج شەهیدم نامەوێت شەڕ بەردەوام بێت هاتووم داوای ئاشتی بکەم"
ژنێکی دیکە گووتی: "با دایکانی سەرباز و گەریلا چیتر جەرگیان نەسووتێت، خاکی کوردستان بگووشرێت خوێنی کوردی لێ دەچۆڕێت بۆیە شەڕ بەسە".
بۆیە باخچەلی و میدیاکەشی بیانووی لێ بگرن یان نا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە گوتراوە؛ نەورۆز لەو جوگرافیایەدا هەر بە هێمای ئاشتی و یەکڕیزی دەمێنێتەوە، وەک ئەو دایکە شەهیدەی ئەستەنبۆل گوتی: "نامەوێت شەڕ بەردەوام بێت، هاتووم داوای ئاشتی بکەم."