کوچەباخ بۆنی قژتی گرتووە
بەو بۆنە مێشک و چاوم سڕ بووە
خونچەی پرتەقاڵ لەشێوەی تۆیە
بەو شێوەو بۆنە سەرم مەست بووە
.
دەم و لوت وردو پەنجە شمشاڵی
سەرتاپای باڵای لەعەیبا خاڵی
بۆنی باخانە ئەمڕۆ لەلای ئەو
دەروێش حەیرانە بۆ خەت و خاڵی
.
چاو برۆ مەست و نیگای سیحراوی
شەپۆلی سەماو ئەگریجەی خاوی
کەدەرئەکەوێ و لەنجەولار ئەکات
هەزاران عاشق کەوتۆتە داوی
.
دەروێش و فەقێ و مەلای خانەقا
ئەپاڕێنەوە خوایە زوو بگا
ئەو درەخشانی پەری ئاسمانە
حاڵمان لێ بێنێ و دڵمان شاد بکا
.
حەمید عزیز / سوید / ٢٠٠٣ / ٧