خوێندنەوەیەک بۆ دوا نامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ... عەبدوڵڵا ساڵح

خوێندنەوەیەک بۆ دوا نامەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ... عەبدوڵڵا ساڵح

ڕۆژی پێنجشەممە 27ی شوباتی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەلایەن ئەو شاندەی کە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردبوو، لە زیندانی تاکەکەسی خۆی لە دوورگەی ئیمرالی، ئەمەش دوای ڕفاندن و دەستگیرکردنی  لە وڵاتی (کینیا – شاری نایروبی )وە لە شوباتی ساڵی 1999 لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیا بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA، بەرە و تورکیا و لەوێش سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو وە دواتر گۆڕا  بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی.

 نامەکەی ئۆجەلان، لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەدا، لەلایەن ئەندامێکی شاندەکەوە خوێندرایەوە. ناوەڕۆکی نامەکە بانگەوازێک بوو بۆ لایەنگرانی خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و دانانی چەکیان لێدەکا. لە هەمان نامەشدا دەڵێت: "ئەو بەرپرسیارێتی مێژوویی لەم بانگەوازەدا هەڵدەگرێت".

ئەم نامەیە دوای ئەوە هات کە (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) لە مانگی ئۆکتۆبەری 2024 داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بێت لە پەرلەمانی تورکیا وتارێک پێشکەش بکات و داوا لە پارتەکەی بکا چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە. 

ئەمە یەکەمجار نییە؛ بەڵکو شەشەمین هەوڵە لەلایەن هەردووک لا بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ململانێ وناکۆکییەکانیان، ململانێیەک کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە. هەر پێنج هەوڵەکەی پێشوو شکستیان هێنا و دەرئەنجام و توندوتیژی دەستی پێکردەوە. سەبارەت بە دوایین بانگەوازی ئۆجەلانیش، ئەوە سێیەم بانگەوازە لەو جۆرە کە ئاراستەی لایەنگرانی کردبێت بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی تورکیا. پێشتریش لە مانگی ئازاری 2013 و دیسانەوە لە مانگی ئازاری 2015 داوای لە لایەنگرانی کردبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕابگرن و دانوستان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستپێبکەن. ئەوەی جیاوازە لەمجارەدا ئەوەیە کە دەستپێشخەری و بانگەوازەکە لە خودی تورکیاوە هاتوە، بە تایبەتی لە سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) کە هەڵگری مەیلێکی فاشیستیە و لەهەمان کاتدا  هاوبەش و شەریکە لە دەسەڵاتدا لەگەڵ ئەردۆغان. ئەم حیزبە پێشتر بەتوندی دژایەتی هەر پرۆسەیەکی دانوستانی دەکرد لەگەڵ( PKK).

 خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بۆ کاتی ڕاگەیاندنی ئەم پەیامە ئاماژەیە بۆ ئەو پێشهات و گۆڕانکاریانەی کە لە ئاستی جیهانیدا ڕوویانداوە، لەوانەش سەرهەڵدان پێشڕەوی فاشیزمی نوێ لەجیهاندا بەتایبەتی لە گەورە زلهێزی دنیا ئەمریکا – ترامپیزم - فاشیزمێک کە ناکۆکی نییە لەگەڵ دەسەڵاتی تاکڕەوی و سەرکوتگەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ناوخۆدا، بەڵکو ڕێک لەگەڵیدا دێتەوە. هەروەها پێویستی پاراستن و بردنەپێشی بەرژەوەندی سیستمی سەرمایەداری لە تورکیا وپەیوەندی ئەم سیستمە بە بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانی لە ناو ئەم گۆڕانکاریانەی هاتونەتە پێش لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهان.

 

ئەمەش بەشێکە لەو پێداویستیانەی وای لە تورکیا کردوە دەستپێشخەر بێ بۆ ئەم پرۆسەی دانوستانە لە کاتێکدا  ناوچەکە بە قۆناغێکدا تێپەڕدەبێ کە هێزەکانی "هیلالی شیعە"ی لایەنگری ئێران یەک لە دوای یەک توشی شکستی سەربازی پشتشکێن دەبن، سەرەتا بە داڕمانی سیستەمی سەربازیی (حیزبوڵڵا )لە لوبنان ، دواتر ئەو گۆڕانکاریانەی  لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و فەلەستینییەکان بە گشتی ڕوویدا و لەئەنجامدا ڕووخانی ڕوو لە کۆتایی دەسەڵات وتوانا سەربازیەکانی (حەماس)ی بەدوایخۆیدا هێنا و دواجار ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا لەسەر دەستی هێزێکی ئیسلامی نزیک لە تورکیا، کە ئەمەش خۆی بۆشاییەکی لە ناوچەکەدا دروستکردوە، بۆشایییەک کە تورکیا زۆر بە چڕی هەوڵی پڕکردنەوەی دەدات و دەیەوێ ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا بگێڕێت، هەرچەندە ئەم سیاسەتەی تورکیا لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ناکۆکە، بەڵام ئەم سێ وڵاتە سیاسەتێکی ستراتیژی درێژخایەنیان هەیە کۆیاندەکاتەوە، بەو پێیەی سەر بە هەمان جەمسەری سەرمایەداری جیهانین. 

 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان کە بە بڕوای من زیاتر لایەنی شکست لەخۆی هەڵدەگرێ تا سەرکەوتن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان زیاتر لە 25 ساڵە لە گۆشەگیرییەکی،تا ئەندازەیەک، تەواودا دەژی، دوور لە ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکان. بۆیە ئەم گۆشەگیرییە وایکردوە هەر بڕیارێک بیدات جێگەی پرسیاربێ!؟ چونکە ڕەنگە لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست لە دۆخی ئێستای تورکیا و ناوچەکە وجیهان نەبێت، یان دەربڕینی دیدێکی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە نەبێت. پڕۆسەی چەکداماڵینی ئەو حیزبە و بەم شێوەیە هەڵوەشاندنەوەی، بابەتێکی سادە و ئاسان نییە، تەنانەت ئەگەر کارەکە بەو ئاقارەشدا بڕوا کە ئەردۆغان دەیەوێت. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە کاتێکی تاڕادەیەک دوور ودرێژە ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییە سیاسیانەی کە بێشک دێنە بەردەم ئەم پرۆسەیە و دەرگای ئاڵۆزتر لەبەردەمیدا دەکەنەوە، کە خۆی بە پێچەوانەی ئەوەیە  هەندێک لایەن چاوەڕێ دەکەن . 

 

بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە تەنیا پشتبەستن بە کاریگەریی و هەژمونی ئۆجەلان لەناو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردا بەس نییە، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی حاشا هەڵنەگرەی بوونی کاریگەریی بەرفراوان و بەهێزی (پەکەکە) لەناو باڵی چەپی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردا، بەتایبەتی لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا، جگە لەوەش ئەم حیزبە خاوەنی بنکەیەکی بەهێزی ئابووری و کۆمەڵایەتییە، ئەمەش وای لێدەکات، بە جۆرێک لە جۆرەکان، توانای بەردەوامبوونی هەبێ لەگۆڕەپانی کاری سیاسیدا کاتێک پروسەی چەکداماڵین و ئاشتی سەربگرێ. 

ئەم پەیامە کاریگەرییەکی جیاوازی لەسەر باڵە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بۆرژوازی کورد هەبوو. هەندێکیانی تووشی شۆک کرد و بە تەسلیمبوونێکی بێ مەرجیان لەقەڵەمدا و  ئاماژەیاندا بەو پەندە کەدەڵێ : "چۆن دەتوانی دانوستان لەگەڵ تیمساحێک بکەیت لەکاتێکدا کەلەسەرت  لە دەمیدایە؟" هەندێکی تر هەوڵیان دا پاساوی بۆ  بدۆزنەوە، بەڵام کەمپی شۆکبووەکان فراوانتربوو. 

لە کاتێکدا عەبدوڵڵا ئۆجالان و پارتەکەی کاری سیاسی و سەربازیان بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردزمانی تورکیا کردوە، بەڵام ئەو چارەسەرەی، لەو ڕێڕەوەدا ، بەدوایدا دەگەڕێن، لە چوارچێوەی چارەسەرێکی بۆرژوازیانەی مەسەلەکە تێناپەڕێت، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستانی عێڕاق دەیبینین ....

بزووتنەوە چەکدارە نەتەوەییەکانی کورد، بە درێژایی مێژووی ئەم سەردەمە، چەکەکانیان ئەوەندەی بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگا بوە و بردنی بەو ئاقارەدا کەخۆیان نەخشەیان بۆ کێشاوەو دەیانەوێ ، ئەوەندە دژی دەسەڵاتە چەوسێنەرەکان نەبووە ، کە ئەمەش لەدوا شیکردنەوەدا ئاوێکە دەڕژێتە ئاشی سیستمی زاڵی سەرمایەداری، بەم پێیە و بەگوێرەی ئەم شیکردنەوەیە، چەکدانانی ئەم بزوتنەوانە و رزگاربوونی کۆمەڵگا لەم بزوتنەوە چەکداریانە، ئاسۆیەکی فراوان بۆ گەشەکردن و بەرەوپێشچونی وشیاری و ئاگاهی سۆشیالستی  دەکاتەوە،  بەم جۆرەش ئەم بانگەوازە وئەم پرۆسەی ئاشتیە خاڵێکی ئەرێنی یە لەڕێڕەوی خەباتی چینایەتیدا و یارمەتیدەرە بۆ وەلانانی بارگرانیەکی (وەهمە - خۆشخەیاڵی) قەومییەکان لەسەر شانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و کەش و هەوایەک و زەمینەیەکی گونجاوتر دێنێتە ئاراوە بۆ بەرەو پێشچونی خەباتی چینایەتی و هاوچارەنوسی لەدەروونی ئەم چینەدا بە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی بوون و هاوڕەگەزبوون. 

 

10 – 3 -2025