
په‌روه‌رده و فێرکردن له ووڵاته پێشکه‌وتووه‌کان گرنگی زۆری پێده‌رێت، له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌ی مامۆستایان وه‌ک توێژێکی گرنگی کۆمه‌ڵگه هه‌وڵ و خه‌بات و تێکۆشانیان له پێناو ڕۆشنکردن و پڕ زانستکردنی کۆمه‌ڵگه په‌ره‌پێده‌ده‌ن، لێره‌دا به پێویستی ده‌زانین ئاماژه به وته‌یه‌کی راوێژکاری ئه‌لمانیا خاتوو (ئه‌نجلا مێرگل) بده‌ین، که توێژی ئه‌ندازیاران و پزیشکان سه‌ردانی ڕێزدار (مێرگل)یان کردبوو، داواکاری ئه‌وه‌بوون که مووچه‌کانیان هاوتای مووچه‌ی مامۆستایان بکرێت، خاتوونی به‌ڕێز به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامی دابوونه‌وه، به‌کام لۆژیک داوای ئه‌وه ده‌که‌ن، که مـووچهکهتان هاوتای مووچه‌ی مامۆستایان بکرێت، که خۆتان و هه‌موو چین و توێژه‌کان په‌روه‌رده‌ی به‌رده‌ستی مامۆستان، ئه‌مه لۆژیکی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه، هه‌ر گه‌لێک ئه‌وه ئایدیا و بیروڕای ڕابه‌رو پێشه‌واکانی بێت، ئه‌و گه‌ل وسیسته‌م و ووڵاته له پێشه‌نگدایه، هه‌رچه‌نده مامۆستایانی کوردستان هه‌وڵ و کۆششیان له پێناوی به سیستهماتیکردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردن به شێوازێکی زانستیانه و سه‌رده‌میانه که له‌گه‌ل میتۆدی ئه‌مڕۆی جیهان یه‌کانگیر بێت له تێکۆشاندایه، هه‌ر له پێناوی یه‌کانگیری و کۆکردنه‌وه‌ی تواناکان، خۆیان له ڕێکخراوێک به‌ناوی مامۆستایان ڕێکخستووه، سه‌ندیکای مامۆستایان له پێناوی زامنکردنی مافه پیشی یه‌کان و یه‌کخستنی تواناکان و به‌رزوپیرۆز ڕاگرتنی که‌سایه‌تی مامۆستا سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام له گردبوونه‌وه‌ی ئه‌و دواییه‌ی مامۆستایان یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ڕه‌نگ و یه‌گرتوو نه‌بوون، بیری ته‌سکی حزبایه‌تی ئه‌و توێژه گرنگه‌ی کۆمه‌ڵگاشی به‌ره‌و په‌رته‌وازه‌ی بردبوو!! هه‌رچه‌نده یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان له هه‌ڵ و مه‌رجی دژواری کوردستان، وێڕای ده‌یان کاره‌سات و مه‌ینه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری و کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵاتییه‌کان، هه‌میشه هه‌نگاویان به‌ره‌وپێشه‌وه هه‌ڵهێناوه، ده‌یان که‌سایه‌تی خاوه‌ن قه‌له‌م و ئه‌کادیمی و زانستی و که‌سایه‌تی سیاسی له‌سه‌رده‌ستی مامۆستا په‌روه‌رده‌کراون و خراونته خزمه‌تی گه‌ل و نیشتیمان.
مامۆستایان ئه‌و پێشه‌نگ و ڕابهرهن هه‌میشه هه‌وڵ و خه‌باتیان له پێناوی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌کی هوشیارو پڕ زانست و پێشکه‌وتوو به‌رهه‌م هێناوه، وه هه‌روه‌ها له ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌یی ونیشتمانیهکان داینه‌مۆی شۆڕه‌ش و به‌رخودان و بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی بوون له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان، به‌ده‌ستێک چه‌کیان له‌شان بوون بۆ به‌رگریکردن له خاک و نیشتیمان، به ده‌سته‌که‌ی تر قه‌له‌م و زانست بۆ گۆشکردن و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کان، دیاره مامۆستا وه‌ک توێژێکی ڕۆشنبیر هه‌رگیز باوه‌ڕی به له‌ده‌ستدانی مرۆڤه‌کان نه‌بووه، به‌ڵام له پێناوی چاره‌سه‌ری نیشتیمانی و به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌ی خۆنوسین و خه‌باتی شۆڕه‌شی ڕزگاریخوازی کوردستان، ئه‌و چوارینه‌یان په‌یڕه‌و کردووه، که ده‌لێت (چه‌ک قه‌له‌م دوانه‌ی خه‌باتی هاوژینم. . له چاویاندا ڕێگای ئازادی ده‌بینم)، ئه‌گه‌ر ئه‌وه تێڕوانین و ڕێباز‌و په‌یڕه‌ویان بێت، به کام لۆژیک و کام میتۆد ئه‌و توێژه ڕۆشنبیره نادیده بگیرێن وژیان و گوزه‌رانیان هه‌ره‌سان بکرێت، به‌هه‌موو پێوه‌رو شێوازێک بێت مامۆستایان ده‌بێت پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان پارێزراو بێت و بژێوی ژیانیان له زۆربه‌ی پیشه‌وه‌رانی تر باشتر بێت، چونکه مامۆستایان ڕۆلێکی کاراو کاریگه‌ر له ڕێنمایی و ڕێنیشانده‌ری گۆمه‌ڵگه ده‌گێرن، بۆیه ئه‌و توێژه گرنگه‌ی کۆمه‌ڵگه پێویستیان به ژیانێکی شایسته‌و فه‌زایه‌کی ئارام هه‌یه، تاکو بتوانن ئه‌رکه‌کانیان به میتۆد و ڕه‌هه‌ندێکی سه‌رده‌میانه درێژه پێبده‌ن، له دیدگای ئێمه‌وه مامۆستایانی کوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌باشی ئهنجاومداوه، پشتیوانیه‌کی به‌هێزی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی بوون له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئاماژه به هه‌ندێک هه‌ڵوێست و سه‌روه‌ریه‌کانی مامۆستایان ده‌ده‌ین.
*ئه‌ی مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی نه‌بوون له‌ساڵی 1974 که هاوشانی برا پێشمه‌رگه‌کان بار‌و باره‌گایان تێکناو به‌ره‌و ناوچه ئازادکراوه‌کان هاتن له قه‌ڵادزێی لانه‌ی به‌رخودان و شۆڕه‌ش گیرسانه‌وه‌و درێژه‌یان به پرۆسه‌ی زانست و فێرکردن‌دا، دوای زۆربه‌یان خه‌لتانی خوێن کران و شهیدبوون.
ئه‌ی مامۆستایانی کوردستان نه‌بوون، له گوند‌و ناوچه ئازاد کراوه‌کان له ژێر ئه‌شکه‌وت و تاشه به‌رده‌کانی کوردستان له ژێر گرمه‌ی تۆپ و فرۆکه‌ی دوژمن درێژه‌یان به پرۆسه‌ی خوێندن ده‌دا و سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب و ئه‌ی شه‌هیدان له نێوا کێو و دۆل و شیوه‌کانی کوردستان ده‌زرینگایه‌وه.
*ئه‌ی مامۆستایانی کوردستان نه‌بوون، له دوای کشانه‌وه‌ی دام و ده‌زگاکانی ڕژێمی گۆر به گۆرچوو، سه‌ری به‌رزیان بۆ مووچه نه‌وی نه‌کرد و درێژه‌یان به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن‌دا، چونکه له‌و کاتدا ژیان و گوزه‌رانی هه‌موومان وه‌ک یه‌کبووین، نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستا له کوردستان ده‌گوزه‌رێ، هه‌ندێکیان به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری به‌ره‌و که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک هه‌نگاو ده‌نێنن و چین و توێژه‌کانی تر، به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری ژیانیان سه‌خت و ئاسته‌نگ ده‌بێت، بۆیه هه‌ندێک له مامۆستایان به‌هۆی سه‌ختی ژیان، هه‌وڵی له‌ناوبردنی خۆیان ده‌ده‌ن!!
*ئه‌ی مامۆستایانی کوردستان نه‌بوون، له پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی یه‌که‌م په‌رله‌مانی کوردستان بوونه پێشره‌و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ره‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان چوون.
* ئه‌ی مامۆستایانی کوردستان نه‌بوون، له کاتی شه‌ری نه‌گریسی ناوخۆ وێڕای ئایدیه جیاوازه‌کان درێژه‌یان به پرۆسه‌ی خوێندن و فێرکردن‌دا.
*ئه‌ئ مامۆستایانی کوردستان نه‌بوون، له‌کاتی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره یه‌که‌م ڕێکخراوی پیشه‌یی بوون هه‌ولی یهکگرتنهوهیاندا، ئه‌گه‌ر ئه‌وه کار‌و کردار‌و هه‌لوێستی مامۆستایانی کوردستان بێت، بۆچی به‌رپرسانی حوکمڕانی کوردستان مامۆستایان برسی و هه‌راسان ده‌کات؟!!
هاتنه ده‌نگی ئه‌م جاره‌ی مامۆستایان بۆ ئه‌وه‌بوو، وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی جارانیان ببن به پێشه‌نگی کۆمه‌ڵگه بۆ چاکسازی بنه‌ڕه‌تی، چونکه یه‌کێ له په‌یامه‌کانیان ئه‌وه‌بوو، ئهگهرپێشمهرگه له سه‌نگه‌ری به‌رگری، هه‌وڵ و خه‌باتیان بۆ ئارامی و ئاسایشی کوردستان بێت، ئه‌وه مامۆستایانیش له‌ڕێگای ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه داوای چاکسازی بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی و دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن، لێره‌وله‌وێ هه‌ندێک شتی نابه‌جێ له‌سه‌ر ئهوگردبوونهوهیه ده‌بیستین، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستایان، وه‌ک ده‌ستکه‌وتی هه‌نگاونان به‌ره‌و چاکسازی ئه‌ژمار بکرێت، ده‌کرا به‌ڕێز وه‌زیری په‌روه‌رده و ستافی وه‌زاره‌ت له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کان بوونایه، بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ماف و داخوازی مامۆستایان، نه‌وه‌ک داوا له مامۆستایان بکات، پاشگه‌زببنه‌وه له خواست و داواکاریه‌کانیان!!هه‌ر له ڕێگای ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه یاداشتێکی ئاراسته‌ی حکومه‌تی هه‌رێم بکردبایه، بانگه‌وازێکی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده و فێرکردن بکردایه، که هه‌میشه له‌گه‌ل خواست و داوایهکانیاندایه، هه‌رله‌گه‌ل داواکاریه‌کان داوای له حکومه‌تی هه‌رێم بکات، به‌زووترین کات داواکانی مامۆستایان جێ به‌جێ بکرێت و هه‌وڵی سازکردن و ڕێکخستنی کۆنفرانسێک بدات، بۆ پشتگیرکردنی داواکاری مامۆستایان و گرنگیدان به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن له هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ی گۆڕینی سیسته‌می په‌روه‌رده له کوردستان، بۆ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن و شێوازه‌کانی فێربوون، بۆ باشترکردن و فراوانکردنی بینای خوێندگاکان، بۆ ڕێکخستنی به‌رنامه‌کان، بۆ شیوازی وانه ووتنه‌وه، بۆ دابینکردنی پێداویسته ته‌کنه‌لۆژیه‌کان و هۆیه‌کانی فێرکردن، بۆ چۆنیه‌تی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندی نێوان خوێندگا و خێزان و مامۆستا و خوێندکار، بۆ گۆڕینی سیسته‌می نێو ده‌زگای په‌روه‌رده، نه‌وه‌ک ببێته به‌شێک له کهپکردنی ده‌نگه‌کان!!
له‌و کاتهوساتهدا به پێویستی ده‌زانین داوا له مامۆستانی کوردستان بکه‌ین، به هه‌موو ئایدیه جیاوازه‌کان چۆن له ڕابردوو پێشه‌نگ و دینه‌مۆی شۆڕه‌ش و ڕاپه‌رینه‌کان بوونه، ئا له‌و کاته بۆ هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخی ئارامی کوردستان، هه‌وڵ و توانای خۆیان بخه‌نه‌گه‌ر بۆ ئاشتی و برایه‌تی و ئارامی و پێکه‌وه ژیان، ڕێگا نه‌ده‌ن هیچ که‌س و لایه‌نێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ئارامی و ئاسایشی کوردستان بشێوێن و ناوی پیرۆزی مامۆستا له‌که‌دار بکه‌ن. .
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا /لاهای
