سیاسه‌ت گه‌ر به شێوه زانستییه‌که‌ی لێی بڕوانین، ئه‌و زانسته‌یه که په‌یوه‌ندی به سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و ژیانی گشتی رۆژانه‌ی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، له‌و سۆنگه‌یه‌وه مافی ته‌واوی خه‌ڵکه ئاگاداری شێوازی دروستکردنی بڕیار‌و چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی بێت.
له هه‌مانکاتدا سیاسه‌ت ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ته بۆ هێنانه ئارای کۆده‌نگی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، چونکه له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگادا جیاوازی دید و بۆچوون هه‌یه، ئه‌و جیاوازیانه له کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتووه‌کاندا سروشتی بوونی کۆمه‌ڵگان، که‌واته سیاسه‌ت له جیهانێک بوونی نیه، که مرۆڤه‌کان وه‌ک یه‌ک بیربکه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده له سه‌رجه‌م ووڵات و کێشوهران سیاسه‌ت پیشه‌ی که‌مینه‌یه‌که، به‌ڵام ئه‌رکی هه‌مووانه، له کۆمه‌ڵی کورده‌واریدا، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه به‌رجه‌سته کراوه، چونکه سیاسه‌ت له پێناسه سه‌ره‌کییه‌که‌ی خۆی لایداوه، بۆته ده‌روازه‌یه‌ک بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و پارێزگاریکردن له به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تییه‌کان، نه‌وه‌ک بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی و شه‌فافیه‌ت و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و سه‌قامگیری ووڵات!!.
ئه‌وه‌ی ئێستا له نێو یه‌کێتی ده‌گوزه‌رێ ناوی ده‌نێن چی؟ دروست نیه به ته‌نگژه‌یه‌کی کاتی ناودێر بکرێت، ڕه‌هه‌ندێکی فراوانتری هه‌یه، له‌وه‌ی له ڕکابه‌ری دوو که‌س سنووردار بکرێت، له چه‌ند ساڵی ڕابردوو سه‌رکرده‌و ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی حزب، ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان به کێشه‌و ململانێ ناوخۆیه‌کان سه‌رقاڵکردووه، نێو ئه‌وه‌نده کاریان بۆ پته‌وکردنی ڕیزه‌کان و گه‌شه‌پێدانی یه‌کێتی نه‌کردووه!!
هیچ یه‌کێک له‌و سه‌رکردانه‌ی له‌و ڕاگه‌یاندن و ئه‌و ڕاگه‌یاندن لێدوان ده‌ده‌ن، نه‌یانتوانیوه هه‌ستی په‌یوه‌ستبوون به یه‌کێتی، که خه‌بات ده‌کات بۆ سه‌قامگیرکردنی ئاشتی و ته‌بایی و پته‌وکردنی به‌هاکانی ئازادی و دیموکراسی و یه‌کسانی و لێبورده‌یی به‌رجه‌سته بکات، ڕێبازی راسته‌قینه‌ی چه‌پکه گوڵه‌که‌ی یه‌کێتی بخاته ڕوو، ته‌نیا پێداگری له بوونی ناکۆکی نێوانیان کردۆته‌وه، هه‌وڵیانداوه ڕه‌وایه‌تی بده‌ن به ته‌واوی کاره‌کانی خۆیان و ئه‌وانی تر نابووت بکه‌ن، رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کان پرفرۆش بکه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت، هه‌ریه‌که‌و ده‌یه‌وێ خۆی له‌و به‌رپرسیاره‌تیه دوور بخاته‌وه، له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی به‌رۆکی یه‌کێتی گرتووه، ئه‌و چه‌له‌حانێیه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان دوو هه‌ڤاڵی دیاری یه‌کێتی له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
په‌نابردن بۆ زمانی هه‌ڕه‌شه‌و چه‌له‌حانێی بێ ناوه‌ڕۆک، قسه ههڵبەستن و فرێدانی بێ دۆکیمێنت، گوێنه‌دان به پله‌وپایه‌و پۆست، ڕه‌چاونه‌کردنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی کۆمه‌ڵگاو یه‌کێتی، قه‌یران و بارگرژی ناوخۆ، ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن بۆ نه‌یارانی یه‌كێتی که ئه‌و چه‌له‌حانێیه، وه‌ک کارتی فشار به‌کار بهێنن له کاتی پێویست، ئه‌و شێوازه ههجووهی نێوان هه‌ڤاڵه باڵاکانی حزب گوێ بیستی ده‌بین، کارێکی قێزه‌ون و ناشیاوه، ڕه‌خنه‌و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن باوبووه له نێو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا، به‌ڵام گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، شه‌ڕێکه جگه له ناشیرنکردنی خۆیان و تۆمارکردنی مێژوویه‌کی ڕه‌ش بۆ حزبه‌که‌یان هیچی تری لێ سه‌وز نابێت، ته‌نها نادیده‌گرتنی سه‌روه‌ریه‌کان و ئازاردانی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و به فیرۆدانی ماندوبوون و شه‌ونخونی پێشمه‌رگه‌و ڕێکخستنه دێرینه‌کان و هه‌ڵواسینی خۆڕاگری زیندانه سیاسییه‌کانه، ڕووشاندنی گه‌وره‌یی و شهکۆی یه‌کێتیه، یه‌کێتیه‌کان سه‌ربه‌رزبوون که ئه‌ندامی یه‌کێتین، چونکه یه‌کێتی حزبی شه‌هیدان و سه‌روه‌ریه‌کان و ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و به‌رگری و داکۆکیکاری کوردستان و ڕاگرو پارسه‌نگی دیموکراسی کوردستانه، له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه یه‌کێتی له‌وه گه‌وره‌ترو پیرۆزتره بکرێته چه‌قی ململانێی نێوان هه‌ڤاڵه ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی حزب، ئه‌و چه‌له‌حانێیه گه‌مه‌یه‌کی نالۆژیکه له‌سه‌ر سه‌روه‌ریه‌کانی یه‌کیتی ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌گه‌ر ده‌روازه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ته‌نگژه‌کان نه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وه باهۆزی گۆڕانکاری کورسی ژێره‌وه‌تان له‌ق ده‌کات و به‌ره‌و چاره‌نووسێکی نادیارتان ده‌بات!!
ده‌بێ هه‌نگاوه‌کان به‌و ئاقاره بێت، دیالۆگ و دانیشتن و لێکتێگه‌یشتن و لێبوورده‌یی هه‌بێ، نه‌وه‌ک لایه‌نێک بێ، لایه‌نی تر بسڕێته‌وه‌و ناو‌و پێگه‌و شهکۆی به‌ڕێز مام جه‌لال به‌کار بهێنیت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له تاراوگه ئه‌نجامیاندا، ده‌نگه ڕه‌سه‌ن و په‌رۆش و دڵسۆزه‌کان په‌ڕاوێزخران و تهکەتولچییهکان بۆ ده‌سه‌ڵات!! چه‌مک و تێز‌و تێڕوانینی مام جه‌لال بۆ سیاسه‌ت، له چه‌پکه گوڵ سه‌رچاوه‌ی گرتووه، نه‌وه‌ک تاکه گوڵ، هه‌مووان بۆ یه‌کێتی و یه‌کێتی بۆ هه‌مووان بێت. .
هۆڵه‌ندا / لاهای
