نووسەرەناسراوەکان

وڵاتی کوبا، خەونێک لە واقیعدا - بەشی پێنجەم .... یاسین بانیخێڵانی

 
.
دوای شاری سانتا کلارا بڕیارماندا بەرەو نیمچە دورگەی 'ڤارادێرۆ' کە دەکەوتە سەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و نزیکەی دوو سەت و سی کیلۆمەتر لە سانتا کلاراوە دوور بوو بکەوینە ڕێ. ئەڵبەتە نیمچە دورگەی ڤارادێرۆ نزیکترین خاڵی کوبایە لە ئەمەریکاوە و بەتایبەتیش شاری میامی.
وەک ئەو زانیارییەی وەرمانگرتبوو کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ لە ترمیناڵەوە پاس هەیە، بەڵام کاتێک گەشتینە ترمیناڵ گوتیان ڕۆژی یەک پاس هەیە و کاتژمێر هەشتی بەیانی دەردەچێت، ئیتر ناچاربووینەوە پەنا بۆ تەکسی ببەین. تەکسییەکانیش کێشەیەکی تایبەت بە خۆیان هەبوو، لەبەرئەوەی هەر تەکسییەک دەیتوانی بەتەنها لە پارێزگاکەی خۆیدا کار بکات و بۆی نەبوو بچێتە پارێزگاکانی تر. شۆفێری تەکسییەکە کوڕێکی گەنجی ڕۆح سوک بوو، پێی گوتین ئەو ناتوانێت بچێتە ناو شارەوە و لە گوندێک، کە ناوی 'سانتا مارتایە' کە نزیکەی سێ کیلۆمەترێک لە شارەوە دوورە دامان بەزێنێت و لەوێوە دەبێت بە تەکسییەکی تر بەرەو شوێنی نیشتەجێکەمان بڕۆین. ئەو شۆفێرە چونکە ئێمەی بە نا یاسایی دەبرد ناچار بوو هێڵی خێرا (ئۆتۆبان) بەکار نەبات، بۆیە بەناو گوند و شارۆچکەکاندا بردینی. ئەڵبەتە ئێمە سەرەتا کەمێک دوودڵ بووین لە ڕێگاکە بەڵام دواتر ئەوەندە گوند و شارۆچکەی جوانمان بینی دوو دڵییەکەمان ڕەوییەوە و لەهەرشوێنێک پێمان بگوتبا بوەستە، دەوەستا و چاوەڕوانی دەکردین. سەفەرکردن بەناو گوند و شارۆچکەکاندا چێژێکی تایبەتی هەبوو.
نزیکەی کاتژمێر پێنجی ئێوارە گەشتینە گوندی 'بۆکۆ دێ کاماریکۆ' گوندێکی بچوکی دڵگیر، خانوویەکی جوان و پاک هەر دووسەت مەترێک لەکەناری دەریاکەوە دووربوو.
خاوەنی خانووەکە ژنێکی تا بڵێیت میهرەبان و دڵسۆز. کاتێک بە تەکسییەکە گەشتینە بەردەم خانووەکە ئەو لەبەردەگا چاوەڕوانی دەکردین.
دوای ئەوەی کلیلی خانووەکەمان وەرگرت و زانیاری لەسەر ناوچەکە وەک چێشتخانە، دوکانی شت کڕین و کافێ پێداین من پەلەم بوو پێش ئەوەی هەتاو ئاوا بێت بڕۆمە کەنارەکە و سەیری ئاوابوونی خۆر بکەم.
بە زۆری لەکەنار دەریا من دوو کات چێژی لێ دەبینم، یەکەم: خۆرهەڵاتن، دووەم: خۆرئاوابوون. ئەوەی ئێوارەیەک لەکەنار دەریا دانەنیشێت و لەو ڕەنگە زەرد، پرتەقاڵی، ئەو تیشکە ئاڵتونی و سوورانە ڕانەمێنێت نازانێت ئەو چێژە چ وزەیەک بە ڕۆح دەبەخشێت!
پاش خۆرئاوابوون وەک پێیان گوتبووین، بەناو دوو سێ کۆڵاندا ڕۆشتین تا گەشتینە سەر ئەو پردەی، کە لەوبەرییەوە دوکان و چێشخانەی لێبوو. لەوەتەی لە کوبا بووین، ئەوە یەکەمجار بوو چێشتخانەی ڕاستی ببینین، واتە چێشتخانەیەک لە ژوورەوە و دەرەوە جێگای دانیشتنی هەبێت. ئەم چێشتخانە هەموو خواردنێکی هەبوو، ئەو چەند ڕۆژەی لەوێ بووین هەر لەوێ نانمان دەخوارد، خواردنەکانیشی زیاتر گیانەوەری دەریایی بوون، وەک: ماسی، هامەر (جۆرە قرژاڵێکی گەورەیە) و ڕۆبیان، بە ڕاستی ئەو چەند ڕۆژە کەمێک بووژاینەوە و تێر بەسکی خۆمان نانمان خوارد.
یەکێک لەو هۆکارانەی ڤارادێرۆ جیاوازتر بوو لە شارەکانی تر، ئەوەبوو زیاتر جێگایەکی گەشتیاری بوو، زۆربەی گەشتیارەکان بۆ پشوو دەهاتن بۆ ئەوێ، ئەمەش بەهۆی جوانی دورگەکە و کەنار ئاوە سەوز و پاکەکەی، کە نزیکەی بیست کیلۆمەترێک لمێکی سپی نەرمی هەبوو، جگە لەوەی هۆتێلێکی زۆری تێدابوو لەگەڵ شەقامێک، کە هەمووی یانەی شەوانە و چالاکی سەما و گۆرانی تێدا ئەنجام دەدرا. بە کورتی ئەم نیمچە دورگە زۆربەی هەرەزۆری گەشتیار بوو، کە بەڕۆژ کاتەکانیان لەکەنار دەریاکان بەسەر دەبرد و شەوانیش لەسەر شەقامەکان.
ئێمە لە گوندی 'بۆکۆ دێ کاماریکۆ' سێ شەوی زۆر شاهانەمان بەسەر بردو و دواتر گواستمانەوە بۆ گوندێکی تر بە ناوی 'سانتا مارتا' لە نزیکی شاری ڤارادێرۆ، چونکە ئێرە بۆ ئێمە هەم نزیکتر بوو، هەم خاوەن ماڵەکە بۆ هەر کوێ بمانویستایە بێ بەرامبەر بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی دەیبردین، جگە لەوەش خانووەکەی هەر لەناو چەقی گوندەکەدا بوو، دەمانتوانی بە پێ بڕۆینە سەر دەریا و ناو شار.
ڤارادێرۆ بە جیاواز لە شارەکانی تر مۆڵێکی لێ بوو، کە چەندین بازاڕی تێدابوو، بەڵام چونکە زیاتر بۆ گەشتیار درووستکرابوو بەتەنها مامەڵەیان بە دۆلار دەکرد و پارەی کاشیشیان وەرنەدەگرت، هەردەبوو بە کارتی بانکی پارە بدەیت. لەم بازاڕانەدا دەتوانیت هەموو شتێکت دەست بکەوێت، بەڵام نرخەکانیان زۆر گران بوون. بۆ نمونە: ئەو شامپۆی من لە سویسرا بەکاری دەهێنم نرخەکەی نزیکەی سێ دۆلار و نیوە، بەڵام لەوێ هەمان شامپۆ نرخەکەی دە دۆلار بوو، واتە سێجار لە سویسرا گرانتر.
شەوانی ئەم شارە لە پەسن کردن نایەت، بە تایبەتی شەقامی ٦٢ کە هەر هەمووی یانەی شەوانە بوون، لایڤ موزیک، سەما و شانۆی تێدا نمایش دەکران، مرۆڤ ئەگەر شەوێک لەبەردەم سەمایەکی زیندووی وەک فلامینکۆدا دابنیشێت، ئینجا لەو وتەی نیتشە تێ دەگات، کە دەڵێت: " دەمەوێت بە تەنها بڕوا بە خودایەک بکەم، کە سەما بزانێت". سەما و مۆزیک بە تەنها بەشێک نین لە کولتوری کوبییەکان، بەڵکو بەشێکی گەورەیە لە ژیانیان.
شەوێک هەروا بە ناو شەقامێکی جەنجاڵدا پیاسەمان دەکرد، وەک زۆربەی جارەکان من خەیاڵم ڕۆشتبوو، لە دواوە هاوسەفەرەکەم بانگی کردم، منیش ئاوڕم دایەوە گوتی: ئەو پۆلیسە چەنێکە بانگت دەکات دەڵێت: ماسک ببەستە، منیش ماسکەکەم لە گیرفانم دەرهێناو خەریک بوو بیبەستم، پۆلیسێک بە بۆڵەبۆڵ هەڵمەتی بۆ هێنام، لە دڵی خۆمدا گوتم: تەواو تازە لە ژێر چنگی دەرناچم. ئەو هەڵمەتەی بۆی هێنام زۆر مەترسیدار بوو، منیش هەروەستابووم، کاتێک گەشتە بەردەمم بە تووڕەییەوە دەستی بە قسە کردن کرد و بەربووە دەم و چاوی خۆی، بە هەردوو چەپۆکی ئەیکێشا بە ڕوومەتی خۆیدا، هەر خۆی کوشت، خۆ ئێمە لەبەر پێکەنین خەریک بوو دەبچڕاین، ئەوەی لە قسەکانی تێگەیشتین وەک بڵێت: عاسمانەکە بۆ ماسک نابەستی، برا ڕۆ بۆ ماسک نابەستیت! ئیتر ئێمە بەدەم پێکەنینەوە ئەوێمان بەجێ هێشت.
دوای شەش ڕۆژ مانەوە لە بەهەشتی ڤارادێرۆ دەمانویست بگەڕێینەوە بۆ هاڤانا و لەوێوە سەردانی شارێکی تر بکەین، کە بە کێڵگەی توتن ناوبانگی هەیە.
بەیانییەکەی خاوەن ماڵەکە بردینی بۆ ترمیناڵ تا بلیتی پاس بۆ سبەینێ بکڕین، چونکە وەک گوتم: ئەگەر ڕۆژێک پێشتر بلیت نەکڕیت ئەوا بەختی دەستکەوتنی جێگات نابێت. ژنێک لە ترمیناڵەکە گوتی: سبەی کاتژمێر دە وەرەوە.
بۆ سبەینێ خۆمان پێچایەوە و خاوەن ماڵەکە، کە پیاوێکی تا بڵێیت؛ دڵسۆز و میهرەبان بوو لەگەڵ خێزانەکەیدا قاوەڵی بەیانی بۆ ئامادە کردین و دواتر گەیاندینییە ترمیناڵ.
نێوان شاری ڤارادێرۆ و هاڤانا نزیکەی سەت و پەنجا کیلۆمەترە، بلیتی پاس بۆ هەر نەفەرێک بە دە دۆلارە. بڕیاربوو پاسەکە کاتژمێر یانزە و نیوی پێش نیوەڕۆ دەربچێت، بەڵام کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ گەیشت. ترمیناڵ جمەی دێت لە گەشتیار، هەر هەموو چاوەڕوانین. جانتاکانمان بار کرد و بەشەڕەشەق جێگای خۆمان کردەوە، بەڵام هێشتا خەڵک زۆرمابوو سوار ببێت. دوای پانزە خولەکێک ئێمە و چەند کەسێکی تریان داگرت، کەوا ئەوانەی تر پێش ئێمە بلیتیان بڕیوە، دەبێت ئێمە چاوەڕوانی پاسی دووەم بکەین، کەوا پانزە خولەکی تر دەگات. پانزە خولەک بۆ بە کاتژمێر.
ئێمە لە دەی بەیانییەوە لەوێین، ئێستا دووی پاشنیوەڕۆیە هێشتا چاوەڕوانین. نیو کاتژمێرێکی تر چاوەڕوانمان کرد، لە پڕێکدا ژنەکە گوتی: بەداخەوە ڕەنگە پاسەکە کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێری تر دوابکەوێت. ئەوە بوو دوای مشت و مڕ لەگەڵ چەند گەشتیارێکدا ڕێکەوتین تەکسییەکی هاوبەش بگرین. ئێمە دوان و کچێکی لاتینی و کوڕێکی بەلژیکی پێکەوە تەکسیمان گرت و بەرەو هاڤانا بەڕێکەوتین، ئەگەر پێشتر ئەم فکرەمان هەبوایەت، نرخی تەکسییەکە هەر هەمان نرخی پاسەکەی دەکرد.
.
یاسین بانیخێڵانی

Related Articles