.
دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە هاڤانا بە پێی پلانی سەفەرەکە دەبوو بەرەو شاری سانتا کلارا بکەوینە ڕێ. شاری سانتا کلارا دەکەوێتە ناوەڕاستی کوبا و پایتەختی پارێزگای ڤیلا کلارایە. دانیشتوانی ئەم شارە سەروو دووسەت هەزار کەسە و لە ساڵی ١٦٨٩ بنیات نراوە.
لە مێژووی شۆڕشی کوبادا ئەم شارە گرنگترین شاری کوبایە، چونکە لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٨دا ئەم شارە بە ڕێبەرایەتی چێ گیڤارا کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری 'فولگێنسیۆ باتیستا' دەهێنێت، کە بە هاوکاری ئەمەریکا حکومی ئەو وڵاتەی دەکرد.
شاری سانتا کلارا نزیکەی سێ سەت کیلۆمەتر لە شاری هاڤانای پایتەختەوە دوورە، هەرچۆنێک بێت بۆ گەیشتن بەم شارە بەتەنها دوو ڕێگات لەبەردەمدایە! یەکەمیان: بە پاس، دووەمیان: بە تەکسی. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکدا دووجار پاس بۆ ئەم شارە هەیە و بەلای کەم دەبێت ڕۆژێک پێش ئەوە تۆ بلیتت کڕیبێت ئەگینا بەختی دەستکەوتنی جێگات نییە، بۆیە تۆ ناچاریت ڕێگای دووەم هەڵبژێریت.
لەگەڵ شۆفێرێکی تەکسی ڕێککەوتین بە سی دۆلار بمانگەیەنێت. ئەوەبوو دوا نیوەڕۆ بەڕێ کەوتین، ئەگەرچی لە ڕێگادا خەریک بوو سەرمان بە فەتارە بچێت!
تەکسییەکی هایۆندای نوێ بوو، شۆفێرەکە شۆفێرێکی تری هاوڕێی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، هەموو کاتژمێرێک جارێک لە ڕێگا دەوەستان و جێگاکانیان دەگۆڕییەوە.
ڕەنگە کاتژمێرێک کاتمان مابووبێت بگەینە سانتا کلارا، سەکنەکە خەوی لێکەوتبوو، ئێمەش لە جامی ئۆتۆمبیلەکەوە سەیری ئەو سرووشتە سەوزو جوانەمان دەکرد، لە پڕێکدا سەکنەکە باوەشی کرد بە سوکانی شۆفێرەکەدا، ئیتر ئۆتۆمبیلەکە بە خێرایی دوو ئەمبەر و ئەوبەری کرد و خۆی لەناوەڕاستی شەقامەکەدا گرتەوە. یەکێک لەو هۆکارانەی توشی ڕوداو نەبووین شۆفێرکە زوو دەستی هاوڕێکەی لە سوکانە کردەوە، دووەم؛ ئۆتۆمبیل لە کوبا زۆر کەمە، چونکە بە درێژایی سێ سەت کیلۆمەتر لەسەر هێڵی خێرا لێ دەخوڕیت توشی سی ئۆتۆمبیل نابیت.
بەهەرحاڵ تا ماوەیەکیش ئێمە هەر دڵمان بە خێرایی لێی دەدا چۆن ئەو ئۆتۆمبیلە وەرنەگەڕا.
بە درێژایی ئەو ڕێگا جگە لە سەوزایی و دارستان، بەتایبەتی دارمۆز، ئاناناس، پاپایا و قامیشی شەکر هیچی تر نابینیت، کەچی لە سەیرکردنی تێر نابیت.
دەمەو ئێوارە گەشتینە ترمیناڵی سانتا کلارا و لەوێ بەرەو شوێنی نیشتەجێ بوونەکەمان ڕۆیشتین. خانە خوێکە ژنێک بوو ناوی ئیلیانا بوو، ژنێکی بەڕێز و ڕووخۆش. دیاربوو ئەو دەسەڵاتداری ماڵەکە بوو، چونکە پیاوەکەی تەنها وەک پاسەوانێک بەدوایەوە بوو. دوای ئەوەی شوێنی نووستن، ئاشپەزخانە و ڕێگای چوونە دەرەوە و ئەوانەی نیشان داین ئێمە پرسیاری هەندێ شوێنی ئەو شارەمان کرد وەک مۆنومێنیتی چێ گیڤارا. لەوەڵامدا: بانگی کردین و بردینە حەوشەی ماڵەکە و لەوێوە گردێکی نیشان داین، کە ئەوە یەکێکە لە مۆنومێنتەکان و دووانی تریش هەیە لەناو شارن.
بۆ ئێوارەکەی هەروا بە پیاسە ڕۆشتینە سەنتەری شار و پیاسەیەکمان لەناو شاردا کرد، ئەوەی ئەم شارەی لە هاڤانا جیا دەکردەوە خەڵکەکەی بوو، دیارە ئەمەش ئاساییە، چونکە هەمیشە شارە گەورەکان و بەتایبەتی پایتەختی وڵاتان کەمتر خەڵکی ڕەسەنی تێدایە، بەڵام دیاربوو خەڵکی ئەم شارە خەڵکێکی ڕەسەن بوون و هەموو یەکتریان دەناسی، خەڵکێکی داخراو نەبوون بەهەمان شێوەی خەڵکی هاڤانا کراوە و ڕووخۆش بوون، بەڵام کەمێک هەستت بە خۆپارێزی تیاندا دەکرد. شتێکی تر، کە لە هاڤانای جیا دەکردەوە کەمی ئۆتۆمبیل بە تایبەتیش تەکسی بوو، زۆربەی خەڵکەکەی هێشتا بە ئەسپ و عارەبانە هاتووچۆیان دەکرد، بۆیە لەهەر کۆڵان و شەقامێکەوە دەڕۆشتیت بۆنی تەرسی ئەسپ دەچزا بە لووتدا.
وەک لەگەڵ خاتوو ئیلیانا ڕێککەوتبووین هەشتی بەیانی قاوەڵتیمان بۆ ئامادە بکات بۆ ئەوەی ئێمە زوو فریای ئەو جێگایانە بکەوین، کە پلانمان بۆ دانابوو.
لە کاتی خۆیدا قاوەڵتییەکەی هێنا، بە شێوەیەکی گشتی قاوەڵتی لە کوبا هەمیشە مۆز، ئاناناس، پاپایا و شەربەتی ئاناناس و پاپایا دادەنرێن. جگە لە میوەکان خاتوو ئیلیانا سوراحییەک قاوە و دوو قاپ هێلکەوڕۆنیشی لەسەر مێزەکە دانا بوو.
دوای نان خواردن خاتوو ئیلیانا شەربەتەکانی بۆ کردینە ناو دبەی بەتاڵی ئاوەوە و گوتی: بۆ ڕێگا سوودی لێ دەبینن.
یەکەم جێگا، کە دەبوو بۆی بڕۆین سەر گردەکە بوو، چونکە لە ماڵەوە نزیک بوو، هەر بیست دەقەیەک بەپێ دوور بوو، بەڵام سەرکەوتن بۆسەر گردەکە کەمێک پشووی دەویست.
لە ڕێگادا توشی کچێکی گەنج بووین و پرسیارمان لێ کرد، کە ئایا ئەم ڕێگا هەڵە نییە بۆ لای مۆنومێنتەکە! بە ڕوویەکی خۆشەوە وەڵامی داینەوە و ڕێگاکەی بۆ ڕوونکردینەوە. لێرەدا دەتوانم بڵێم؛ کچانی سانتا کلارا جوانییەکی سیحراوییان هەبوو، هەموو جوانییەکەشیان لە چاوەکانیاندا بوو، هەر کە سەیرت دەکردن ورشە، بریسکەیەک لە نیگاکانیانەوە دڵتی دەخستە خورپە و وەک سیحرت لێ کرابێت تا ماوەیەک ئەو نیگا لەخەیاڵت نەدەهاتە دەرەوە.
پاش ئەوەی بە ڕێگایەکی خۆڵی پێچاو پێچدا گەشتینە سەرگردەکە، ئیتر هەموو شاری سانتا کلارا وەک فەرش لەبەردەمتدا ڕاخرابوو، شارێکی جوان و دڵگیر، زنجیرە چیاکانی ئێسکامبرای لە باشوورەوە، ئەو زنجیرە چیایانەی لانکەی شۆڕشگێڕەکانی کوبا بوون. گرنگی ئەم گردە ئەوە بوو، کە چێ گیڤاراو هاوڕێکانی لە ناو دارستانە چڕەکانەوە بۆ ژێر ئەم گردە تونێلیان لێدابوو، لێرەوە ئیتر دوا بزماریان لە تابوتی دەسەڵاتی دیکتاتۆری باتیستا دا.
دوای ئەوەی بەسەر گردەکەدا هاتینە خوارەوە و بە دوو سێ کۆڵانی قوڕاویدا خۆمان گەیاندە سەر شەقامێکی گشتی لە دوورەوە هێلیکۆپتەرێکی گەورەی کۆنی سپی دیاربوو، کە بە ڕەنگی شین لەسەری نووسرابوو 'کوبانا'. کاتێک گەشتینە لای هێلیکۆپتەرەکە دەبینین فڕۆکەیەکی جەنگی کۆنیش هەر لەوێ لەگەڵ هەندێک چەکی کۆن وەک مۆزەخانەیەکی بچوک دانراون.
بە تەکسییەک خۆمان دەگەیەنینە لای مۆنومێنتە مەزنەکەی چێ گیڤارا، کە بە مەیدانی شۆڕش ناسراوە، لەوێ پەیکەرێکی بەرزی لە برۆنز درووستکراوی گیڤارا بەسەر مۆنومێنتەکەوەیە، لە ژێرەوە مۆزەخانەیەکی لێیە، کە زۆربەی کەرەستە پزیشکی، جەنگی و تایبەتییەکانی چێ گیڤارا پارێزراون، لەبەرامبەر مۆزەخانەکەشدا لە گۆڕستانێکی داخراودا، گۆڕی چێ گیڤارا و هەژدە هاوڕێی، کە لە ساڵی ١٩٦٧ دا لە بۆلیڤیا کوژراون هەیە. ئەم مۆنومێنتە لە دوای ئەوەی ساڵی ١٩٨٨ بە ڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە، ساڵانە ملیۆنەها گەشتیار لەسەرانسەری جیهانەوە سەردانی دەکەن.
دوای ئەم سەردانە بە پیاسە بە ژێر درەختە سەوزەکاندا بەرەو ناو شار دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی لە شوێنێکدا پشوویەک بدەین و پلان بۆ سەفەری داهاتوومان دابنێین.
.
.
یاسین بانیخێڵانی