نووسەرەناسراوەکان

وڵاتی کوبا، خەونێک لە واقیعدا - بەشی شەشەم و کۆتایی ... یاسین بانیخێڵانی

.
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم ڕای خۆم بەبێ لایەنانە لەسەر تەواوی گەشتەکە و کوبا بدەم.
کوبا لەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ٢٦یونی ١٩٥٣ کە دواتر بە شۆڕشی کوبا دەناسرێت و سەرەتای ساڵی ١٩٥٩ کۆمونیستەکان دەسەڵات دەگرنە دەست و کۆماری کوبای سۆسیالیست دادەمەزرێنن، ئیتر لەو کاتەوە بە هۆی گەمارۆی ئابووری جیهانەوە کەنارگیر دەکرێت، بۆیە کاتێک سەردانی کوبا دەکەیت، هەست بەوە دەکەیت، کە تۆش هێشتا لە ساڵی پەنجا و شەستەکاندا دەژیت.
دانیشتوانی کوبا سەروو یانزە ملیۆنە و زۆربەیان وەک ئایین کاتۆلیکین. ئەوەی زۆر سەیرە لە دوای شۆڕشی کوباوە ئایینی ڕەسمی دەوڵەت ئاتایستی (بێ خوایی) بوو تاساڵی ١٩٩٢ دەستکاری دەستووری دەوڵەت کراو گۆڕیان بۆ سێکولار (علمانی) بەڵام هێشتا ئەو خەڵکە بە شێوەیەک دیندارن، مرۆڤ سەری دەسوڕمێت! لەوەش سەیرتر شەوێک لە هاڤانا لە ماڵێک ماینەوە خاوەن خانووەکە ژنێک بوو ناوی نانسی بوو، هەموو ماڵەکەی کردبوو بە چاوەزار، لە هۆڵی دانیشتنەکەدا چەندین چاوەزاری کولتورە جیاوازەکانی هەڵواسیبوو.
لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، خەڵکی کوبا ژیانێکی ئاساییان هەیە، بەڵام هەژاری وەک هەژاری ڕەها لەو وڵاتەدا بوونی نییە، چونکە تا ڕادەیەکی زۆر هەموو لە یەک ئاستی بژێوی ژیاندان. هەموو پێداویستییەکانی ژیان لە لایەن حکومەتەوە بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت، وەک: کارەبا، ئاوی سارد و گەرم، نەخۆشخانە، دەرمان، چارەسەر، خوێندن و هەموو پێداویستییەکانی ڕۆژانە بە بێ بەرامبەر لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێن. ڕاستە لەوێ کۆشک و تەلاری بەرز، ئۆتۆمبیلی گرانبەها و تەلەفزیۆنی فلات و سەتەلایت هەر زۆر کەمن، بەڵام کەس خەمی بژێوی ژیانی نییە. لەوێ کەسێک نییە شەو بە خەمی ئەوەوە بخەوێت، کە سبەینێ پارەی شیری مناڵەکەی ، یان توانای کڕینی داو دەرمانی نەبێت.
لە کوبا کاتێک لێیان دەپرسین خەڵکی کوێین؟ دەمانگوت: کوردین، بە دەگمەن کەسێک هەبوو ناوی کوردی بیستبێت، بەڵام کاتێک دەمانگوت: عێراق، یەکسەر خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕی و خەڵکی عێراقیان خۆش دەویست، ئەمەش پەیوەندی بە دۆستایەتی سەدام حسێن و فیدڵ کاسترۆوە هەبوو، چونکە جگە لەپەیوەندییە دپلۆماسییەکان سەدام و کاسترۆ هاوڕێ بوون. سەدام حوسێن زۆر سەرسامی کاسترۆ بوو، سێجار سەردانی کوبای کردووە و کاسترۆ پێشوازی گەرمی لێ کردووە، دوا سەردانی سەدام حسێن وەک سەرکۆک کۆماری عێراق بۆ کوبا ساڵی ١٩٧٩ بوو، کە کاسترۆ بە ئۆتۆمبیل بەناو شاری هاڤانادا گەڕاندی.
لە کوبا کەمتر خەڵک بە کاسترۆ سەرسامە و زۆرجار هەست دەکەیت خۆشیشیان ناوێت، بەڵام چێ گیڤارا وەک مەسیح ناو دەبەن، کەم جێگا هەیە لە کوبادا وێنە چێ گیڤارای تیا هەڵنەواسرابێت. لە دوای چێ گیڤاراوە خۆزێ خولیان مارتی وەک سومبولی نیشتیمانی ناو دەبرێت، وەک دەڵێن: کاسترۆ بۆ بنیاتنانی سیستەمە سۆسیالیستییەکەی پشتی بە هزرەکانی ئەو بەستووە.
کوبا لەدوای سەردانە مێژژویەکەی باراک ئۆباما ساڵی ٢٠١٤ و کردنەوەی سەفارەتی ئەمەریکا ساڵی ٢٠١٦ لە هاڤانای پایتەخت جموجوڵێکی نوێی بەخۆوە بینیوە، کە من لەو بڕوایەدام لە چەند ساڵی داهاتوودا کەرتی تایبەت بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە دەسێنێت، ئەگەرچی ئێستا سنووردارە، بەڵام ئێستا لە ڕێگای کۆچی پێچەوانەی هاوڵاتییە کوبییە ئەمەریکییەکانەوە، کە سەرقاڵی زەوی، خانوو کڕین و کردنەوەی هۆتێل و چێشتخانەن لە داهاتوودا ئەم کوبا نامێنێت. چونکە دەوڵەت لە قەیرانێکی دارایی خراپدایە (ئەمە ڕای خۆمە)
لە کۆتاییدا منیش هاتمەوە و هیچیان نەداپێم😄
.
یاسین بانیخێڵانی

Related Articles