

لەکاتێکدا زارا محمەدی بۆ گەشەپێدانی زمانی کوردی مل لە چەقۆ دەسوێ و دەست لەچاوی دوژمن ڕادەکات، سەربەرزانە لەبەردەمی زینداندا هاوار دەکات: (قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەنەی هیوای بەبەندیخانەیە)، کەچی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئیمە هەر بە نۆکەرایەتی زمانی بێگانە قایلن و بەردەوام خۆیان بە ملکەچ دەزانن، تەنانەت بەرپرسە گەورەکانیش ئەوانەی خۆیان بەڕابەرو شۆشگێڕو خەباتگێڕی گەلێک دەزانن تا ناوی عەرەبی هەبێ ناوی کوردی لە منداڵەکانیان نانێن. تەنیا ئێمەی نووسەرانین کە پەرۆشی زمانەکەمانەودەمانەوێ بیپارێزین و بەپاکی بیهێڵینەوە. ئیمەین کە بەلامانەوە گوناهێکی گەورەیە ناوی بێگانە لە منداڵ و لە کتێبەکانمان و بەرهەمە ئەدەبیەکانمان بنێین . کەدەڵێێن ناوی بیانی واتە زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی و فەرەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و...سەرتاپا زمانی دونیا
ئەو (توافق)ەی رۆژانە مێشکی منداڵی کوردی پێ کون دەکەن ، ئایا ناکرێ ئاورێک لە زمانە شیرینەکەی باب و باپیریان بدەنەوەو بەرامبەرەکەی بدۆزینەوە کە ئیشێکی یەجگار ئاسانە.
(اتفاق) واتە رێکەوتن.
(توافق) یش واتە پێکهاتن. پێکهاتن
کەدەلێی حکومەتی تەوافقی واتە حکومەتی پێکهاتن
واتە هێزە ناکۆکەکان لەسەر دروست کردنی حکومەت پێکدێن .
دەبا ئیدی وشەی توافق یش وەک ئەوانی دی جێ بە وشەی (پێکهاتن) لەق نەکات و نەوەکانمان ئەم وشە ڕەسەنەیان لەبیر نەچێتەوە، وەک (صوت) و (اداء) و (زواج )و (سقف) و (استنساخ) و (حضانە) و (روضە) و زۆریك لە وشەی ناقوڵای دیکە کە خەریکە بەتەواوی جێی وشە ڕەسەکانی زمانەکەمانی دەگرنەوە.
توافق : پێکهاتن
حکومەتی توافقی : حکومەتی پێکهاتن.
دڵنیام کەس گوێمان لێ ناگرێ و ئاسنی ساردە دەیکوتین!