نووسەرەناسراوەکان

تێکستی نوێ - چواردە (دایکی شەهید) .... قوبادی جەلیزادە

پار،
ئەو ژنانەی خۆشمدەویستن، وردە وردە ژمارەیان زۆر کەم بوەوە
هێندێکیان ،
لەکایەی فیمینیستیدا، ئەوەندە ڕۆچووبوون، بۆنی پیاوێکی دڵڕەقیان لێ دەهات.
هێندێکی دیکەیان،
ئەوەندە لە سیاسەت کردن و حیزبایتیدا، قاڵ بوون بوون، ڕەنگی سەرۆک حیزبەکانیان گرتبوو.
بەشێکیان،
هەڵگری خەسڵەتی چۆلەکە بوون، هەر ساتە بەسەر لقی زەلامێکدا، دەنیشتنەوە.
بەشێکی تریان،
هەر کەسێک ناوی پایزی لەلا هێنابان، دەستبەجێ دەبوون بە دارستان و
بۆی ڕووت دەبوونەوە.
بەرەبەرە ژمارەیان دای لەکەمی..
تاقمێکیان ،
دوای ئەوەی چەند مانگێک گوم دەبون، فیلەرو بۆتۆکس، ئەوەنە ڕوخساری دەشێواندن نەتمدەناسینەوە، ئاخر دواجار هەموویان لەیەکتری دەچوون.
تاقمێکی تریان،
ناوی هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێک و شووشە عەترێک و بڕاندی هەموو پۆشاکێکیان دەزانی،
لێ،
کەلێت پرسیبان "نالی" دەناسن، دەیانگوت، وابزانین جۆرە باڵندەیەکە لە دارستانەکانی ئەمەزۆن دەژی.
لەساڵی تازەدا و
لەساڵی دواتروو
لەساڵەکانی دواتریش،
لەهەموو ئەو ساڵانەی کە دادێن.
تەنیا تۆم تێدا خۆشدەوێ..
تۆو
ژنە گەریلاو
ژنە پێشمەرگەو
ژنە شەڕڤان و
دایکی شەهید.
-----------
(لارا) ی کچەزام چرکاندوویەتی

Related Articles