
1
هەڕەشەی لێکرد
پاشان پەلاماریداو بەسەریدا قیژاندی:
دایکەنە!!
لەترسا ،
دەستەکانی کەوتە لەرزین و
یەکەیەکە جلە زەردەکانی داکەندو
فڕێی دایە بەر پێی.
وای ،
بەڕووتی چەندە دڵگیرتری.
-ئەوەی هەڕەشەی دەکرد پیاو نەبوو، پایزبوو
ئەوەی ڕووتیش بوەوە،
درەخت بوو ژن نەبوو.
2
گوتی شووم پێ بکە،
شەرمن بوو هیچ وەڵامێکی نەدایەوە
بەڵام ئەو چاوەڕێی وەڵامی نەکرد و جلی بووکێنی کردە بەری و هەر ئەوشەوە،
گواستییەوە.
سەرەتا،
کڵاوێککی سپی
کراسێکی سپی
دەستەوانەیەکی سپی
کەوش و گۆرەوییەکی سپی
جانتایەکی سپی.
ئەوەی جلی بووکێنی کرایەبەری، بووک نەبوو،
شۆڕەبییەک بوو.
جلە کانی لەقوماشی بەفر بوو،
زاواکەش زستان بوو.
-3
شەوێکی درەنگی کانونی دوەم، ڕووت و قووت ،هاتبووە بەر پەنجەرە،
داروو بەرد تەزی بوو.
وەک دادوەری لێکۆڵینەوە پێمگوت:
ناوت چییە،
تەمەنت چەندە
خەڵکی کوێی
هاوسەرگریت کردوە
منداڵت هەیە
بۆ تەنیای،
بۆ جلکێکت لەبەردا نییە.
وەڵامی هیچ پرسیارێکی نەدامەوە.
لە مۆبایلەکەمەوە، پارچە مۆزیقایەکی موجتەبام بۆ لێداو وێنەیەکیم گرت.
زانیم برسیەتی، قاپێک قەرەخەرمان، بە پەراسوێک گۆشتی بەرخەوەم، خستە بەردەمی،
لێ دەمی بۆ نەبرد.
زانیم سەرمایەتی،
تراکسوودە شینە تۆخەکە، کەتازە خوشکێکم بەدیاری بۆی ناردبووم ، بۆ درێژ کرد،
کەچی نەیکردە بەری.
گوتم وەرە ژوور ،پەنجە سڕەکانت لەبەر ئەم هیتەرە کارەباییەدا، گەرم کەرەوە،
بەڵام بەگوێی نەکردم.
خەوم هات و لەناو نوێنێکی گەرم و نەرمدا، نوستم.
بەیانی،
کەهەستام لەوێ نەما بوو..
نااااا..
ئەوەی هاتە بەرپەنجەرەکە، حەسەن زیرەک نەبوو؛
مانگ بوو.