ناوت لە قەدی درەخت ونێوچاوانی بەردو
لەسینگی دیوارا ،
هەڵناکۆڵم.
ناوت،
لەسەر
سمتی با،
مەمكی ئاو،
ناولەپی بەفر و
پشتەدەستی باران، هەڵدەکۆڵم
لەسەر،
یاڵی ئەسپ ،
كلكی سمۆرە،
چاوی بۆق و
ڕانی پەپولە.
لە؛
پەنجەی گیا،
شانی شەونم،
لێوی شنە و
كەمەری سپێدە.
لە؛
خوڕەخوڕی موزیك،
بڵقەبڵقی تیشك،
خشەخشی تریفە و
لەسەر قاقای ئەستێرە.
لە هەموو جێگایەك،
لەسەر هەموو شوێنێك،
ناوت هەڵدەكەنم.
لەسەر
كوڵمی قەڵا و
ناوقەدی منارەی چۆلی.
لەسەر سێبەری خۆمدا،
هەڵدەکۆڵم
_هەتاوت.