ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

زمانی کوردی (پێشکەشە بە پێشمەرگەی زمانی دایک، زارا محەمەدی) ... قوبادی جەلیزادە

١
رۆژی زمانی دایکە؛
بەکوردی دەگمێنێ - کۆتر
هێشوە وشەی کوردی گرتووە- مێو
پڕن لە وردە چەوی پیت- کانی
جلی کوردی لەبەردایە – گوڵەگەنم.
٢
بۆ فێربوونی زمانی کوردی
خولێکمان بۆ؛
کەروێشک و
کەوو
کۆتر و
گورگ کردەوە؛
تەنیا گورگ؛
فێری زمانەکە نەبوو.
٣
بەرەبەیان
لەرۆژی زمانی دایکدا
خۆر بە کوردی بە پەنجەرەی ماڵەکانی گوت:
بەیانیتان باش.
٤
نێرگز بە زمانی کوردی
نامەیەکی بۆ رێواس نارد؛
درەنگە هەستە،
سەرت لەبن بەفری بنار بێنە دەرێ.
رۆژی زمانی دایکە
٥
لەرۆژی زمانی دایکدا
پیفۆک،
دەفتەرێکی لەسەر ڕانی داناو
بەپیتی کوردی،
بیرەوەریەکانیی دەنوسییەوە.
٦
چۆلەکە چووە سەر دارتێکی کۆڵانەکەمان و
بە منداڵی گەڕەکەکەمانی گوت؛
لەسەر بەرگی کتێبەکانتان بنووسن؛
هەنگوین و شەکرە زمانی کوردی
٧
مێرولە
لە دیوانەکەی حاجی قادرەوە
پیت پیت شیعری؛
(لەکوردی حەز نەکا کوردێ..).
دەگوازێتەوە شارەکەیان.
٨
لەرۆژی زمانی دایکدا
پشیلە ئاڵایەکی سپی بەدەستەوە بوو و
بەزمانی کوردی
بە پۆلە مشکێکی دەگوت:
رۆژی ئاشت بوونەوەیە ئازیزان.
٩
لەناو هەموو دلۆپە بارانێک
پیتێکی کوردی.
گوڵ بوو بەچەپکێک وشەی؛
کەسکو سوور.
١٠
لەرۆژی زمانی دایکدا
با- شەڕی بە باخچە نەفرۆشت و
گوتی:
ئەمرٶ رۆژی پشوودانە.
١١
لەرۆژی زمانی کوردیدا
ڕەنگاڵە
دەنووکی بە بەفر شت
زمانی لەپیت و وشەی بێگانە،
پاککردەوە.
١٢
ڕاوکەرەکان
قەفەسەکانیان شکاند و
کەوەکانیان ئازاد کرد
رۆژی زمانی دایکە
١٣
لەرۆژی زمانی دایکدا
کۆرپەکان
بەناوی کوردی ناو دەنێێن و
بەو ناوانەش دادەچینەوە،
کە کوردی نین.
١٤
لاڵەکان ؛
زمانیان دەکرێتەوە
لەرۆژی زمانی دیکدا
١٥
لەرۆژی زمانی دایکدا
خودا،
رانکۆچۆغەیەکی شینکی کردەبەرو
کڵاشێکی هەورامی کردە پێێ و
بەکوردی
فریشتەکانی خۆی دواند
١٦
لەرۆژی زمانی دایکدا
لقێکی دار هەرمێکە ،
کتیبەکەی ئەمین باڵداری بەدەستەوە بوو؛
(ئەلف و بێی کوردی)
-------------------------
سەرچاوە: کتێبی ؛ لەگەڕەکی باڵندانە ماڵەکەم.