
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(١١)
کێبرکێ وململانێی ئەمريکا لەگەڵ چين، بە براورد بە ململانێکانی تری ئەمريکا لەگەڵ هێز ودەوڵەتەکانی تر، تايبەتمەندی خۆی هەیە وجياوازييەکی بنەڕەتی هەیە.
بۆ نموونە بەهێزترين نەياری ئەمريکا لە مێژووی ئەمريکادا، بريتی بوو لە یەکێتی سۆڤيەت، لە دوای جەنگی دووەمی جيهانی تا ساڵی ١٩٩٠ ئەو دوو هێزە لە جەنگی سارد بوون، ململانێکانيان سياسی وئايدۆلۆژی وئابووری و کێبرکێی هەژموون بوو، ئەو پەيوەندييە پڕ لە کێشە وململانێيە، کاری کردبووە سەر بازرگانی وپەيوەندی ئابووری نێوان ئەو دوو زلهێزە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٥٨ قەبارەی بازرگانی سۆڤيەت لەگەڵ ئەمريکا تەنها 0.5%ی کۆی قەبارەی بازرگانی دەرەکی سۆڤيەتی پێکدەهێنا، هەر وەها قەبارەی بازرگانی ئەمريکا لەگەڵ سۆڤيەت لە هەمان ساڵدا تەنها 0.01%ی کۆی قەبارەی بازرگانی دەرەکی ئەمريکای پێکدەهێنا. لە ساڵانی هەفتا وهەشتاکانيش بازرگانی نێوان ئەم دوو زلهێزە هەر لە دەورەوبەری 1% پێکدەهێنا لە تێکڕای بازرگانی دەرەکيان، واتە بە گشتی پەيوەندی ئابووری وبازرگانی ئەو دوو زلهێزە لە ئاستێکی زۆر نزم ولاواز بووە، بە تەواوی کەوتبووە ژێر کاريگەری پەيوەندييە سياسی ودبلوماسيەکانيان. ئەم نموونەیە بۆ ململانێی ئەمريکا لەگەڵ دەوڵەتە نەيارەکانی تريشی ڕاستە، وەک عيراقی کاتی سەدام وئێران...
بەڵام کاتێک تەماشای ململانێی ئەمريکا وچين دەکەين، ئەوا دۆخەکە تەواو جياوازە. لە ساڵی ٢٠١٨ قەبارەی بازرگانی نێوان ئەمريکا وچين گەيشتە ٦٦٠ مليار دۆلار، بە پێی داتاکانی هەمان ساڵ، ئەمريکا بە گەورەترين بازاڕ دادەنرێت بۆ شمەکی چينی، چين بە سێهەم گەورەترين بازاڕ دادەنرێت بۆ شمەکی ئەمريکی، واتە پەيوەندی بازرگانی وئابووری ئەم دوو زلهێزە، لە بەرزترين ئاستدایە.
چين بە پێچەوانەی زۆربەی رکابەر ونەيارەکانی ئەمريکا، نايەوێت بە ئامرازی سەربازی وئايدۆلۆژی شەڕی ئەمريکا بکات، چونکە دەزانێت دۆڕاو دەبێت (بە تايبەت لە ئیستا وتا ئايندەی نزيک ومامناوەند). بۆیە چين تا ئێستا، هەوڵدەدات ئامرازی سەرەکی لەو ململانێەدا، تەنها ئابووری بێت، ئەويش ئابووريەک کە بگونجێت لەگەڵ سيستەمی سەرمایەداری جيهانی. واتە چين دەيەوێت لە ناو ئابووری وسيستەمی کەپيتاليستدا شەڕی ئەمريکا بکات. چين دەزانێت لە دەرەوەی سيستەمی سەرمایەداری، شەڕی ئەمريکا ناکرێت، چونکە ئەو سيستەمە پاڵپشتی دەکرێت لە لایەن زۆربەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جيهان ورۆژئاوا، واتە ئەگەر چين ئەو کارە بکات، ئەوا چارەنووسی وەک سۆڤيەت دەبێت. هەر بۆیە چين بانگەشەی گۆڕينی سيستەمی جيهانی وئابووری جيهانی ناکات، بەڵکو دەيەوێت بەشدار بێت وگەشە بدات بەو سيستەمە ئابووري وجيهانيەیی کە ئەمريکا بە دامەزرێنەری سەرەکی دادەنرێت. چين دەيەوێت بە ئامراز وکەرەستەکانی ئەمريکا، شەڕی ئەمريکا بکات. هەر بۆیە ئەمريکا پاساوی لاوازی بەدەستەوەیە بۆ دروستکردنی هاوپەيمانيەکی ڕۆژئاوایی دژ بە چين، بۆ نموونە تا ئێستا ئەوروپا وتەنانەت دەوڵەتانەی عەرەبی کەنداويش، ئامادە نين بچنە بەرەی ئەمريکا بۆ دژایەتی چين، چونکە چين بە پێوەری قازانج وپارە وئابووری مامەڵە دەکات لە جيهاندا. سياسەتی ناوخۆی چين، جياوازە لە سياسەتی دەرەوەی، لەو ڕووەوەی، کە چين لە ناوەوە زۆر ستەمکار وتوندە، لە دەرەوە ماسکێکی تر دەپۆشێت وزیاتر باس لە هاودەنگی وهاوکاری وبەرژەوەندی گشتی.. دەکات.
لێرەوەیە چاوەڕوان دەکرێت ململانێی ئەمريکا بەرامبەر بە چين، لە ئايندەدا ئاڵۆزتر وقوورستر بێت بۆ ئەمريکا بە براورد بە رکابەر ونەيارەکانی تری، چونکە چين دەرەفەت نادات بە ئەمريکا وبۆشایی بۆ درووست ناکات، تا ئەمريکا بيکاتە هەلێک بۆ درووستکردنی کۆدەنگيەکی جيهانی دژ بە چين وگۆمارۆی بدات و سزای قوورس ونێودەڵەتی بەسەر ئابووريەکەيدا بسەپێنێت.
هەردوو دەوڵەت مەبەستيانە خۆيان لە ئەگەری شەڕی سەربازی وجەنگ بپارێزن، چونکە ئەنجامێکی کارەساتاوی دەبێت بۆ هەردوولا وجيهانيش، بۆیە هێشتنەوەی پەيوەندی بازرگانی بەو ئاستە بەرزە، ڕێگرييەکی باشە بۆ هەر بڕيارێکی هەڵە لەبارەی جەنگ وئامرازی سەربازی. دابەزين وکەمکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، هەنگاوێ زیاتر بەرەو ئامرازەکانی سەربازی وهێزی ڕەق دەچن. لەبەر ئەوەی هەردوو دەوڵەت مەبەستيانە پەيوەندييە بازرگانييەکانيان بەو شێوەیە بمێنیتەوە، جگە بۆ سوودی ئابووری، سوودێکی تری ئەوەیە کە هەبوونی پەيوەندی بازرگانی، یەکێکە لە ئامرازەکانی ڕێگرتن لە جەنگ. (لە بەشەکانی داهاتوو ئاماژە بەو سيناريۆیانە دەکەم لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە نێوان ئەمريکا وچين).
ماویەتی...