نووسەرەناسراوەکان

گرنگی خاڵی سنووری پێشخابوو- سێمالکا... ڕەنج نەوز

ئەم خاڵە سنووييە تاکە دەروازەی هاتوچۆیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ساڵی ٢٠١٣ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا بڕياریاندا ئەو خاڵە سنوورييە بکەنەوە لە نێوان هەردوو پارچەی نيشتيمان. ئەو دەروازەیە بۆ ڕۆژئاڤا گرنگيەکی لە ڕادەبەدەری هەیە، دەروازەی سەرەکی ڕۆژئاوایە بۆ جيهانی دەرەوە. زۆربەی هەرە زۆری پێداويستی ڕۆژئاوای کوردستان لەو خاڵە سنوورييەوە پێيان دەگات. داخستنی ئەو خاڵە سنوورييە رۆژئاڤا دەکاتە بەردەم دوو مەترسی؛ کارەساتێکی مرۆیی و برسێتی و گرانی، یاخود سازش کردن بۆ بەشار و ڕووسيا بۆ ئەوەی لە سوورياوە هاوکاری وپێداويستيەکانيان پێبگات، ئەمەش واتە لەناوچوونی رۆژئاڤا و لەدەستدانی پشتگيری ئەمريکا. لێرەوەیە، بە هيچ پاساوێک و لەژێر هيچ فشارێکدا نابێت هەرێمی کوردستان ڕێ بەداخستنی ئەو خاڵە سنوورييە بدات. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە کە ئەو دەروازەیە کراوەتەوە، تا ئێستا، چەندين جار لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە داخراوە. هەر چەن هەميشە داخستنەکان کاتی بووە یا بە تەواوی دانەخراوە، ئەوەش وەک هەڕەشە بووە لە پەکەکە، یا لەژێر فشاری تورکيا بووە. ئەو خاڵە سنوورييە لە ديوی باشووری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی پارتيە.
ئەو دەروازەیە مایەیی نيگەرانييەکی گەورەیە بۆ هەر چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە و ڕووسيا. هيچ کام لەو چوار دەوڵەتە داگيرکەرەی کوردستان نايانەوێت خاڵێکی سنووری لەو شێوەیە هەبێت لە نیوان دوو پارچەی کوردستان و لەژێر کۆنتڕۆڵی کورد بێت. رۆژئاڤا بە هۆی هەبوونی ئەو دەروازەیە، ژیانی ئابووری وپێداويستييە خۆراکی وتەندروستی وکەرەستەکانی پيشەسازی وبيناکردن لە هەرێمی کوردستانەوە پێیدەگات، واتە ژیانی رۆژئاڤا پشت بە باشووری کوردستان دەبەستێت، نەک بە یەکێک لەو چوار دەوڵەتە داگيرکەرانە. هەر بۆیە هيچ کام لەو چوار دەوڵەتە نايانەوێت ئەو خاڵە سنوورييە بە کراوەیی بمێنێتەوە، یاخود دەيانەوێت بجێتە ژێر دەسەڵاتی هەر یەک لە عيراق و سووريا، چونکە بە پێی ئەو یاسایەیی کە کوردستانی پێداگيرکراوە، تەنيا سووريا وعيراق دەتوانن ئەو خاڵە سنوورييە کۆنتڕۆڵ بکەن.
ڕووسياش لەو ڕووەوە هەڵوێستی نزيکە لە چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە، چونکە دەيەوێت سووريایەکی یەکگرتوو درووست بکاتەوە وئەمريکا بکاتە دەرەوەی سووريا، هەژموونی ئەمريکا لە سووريا، لە ڕێگەی رۆژئاوای کوردستانەوەیە. ئەگەر ڕۆژئاڤا خاڵی سنووری نەبێت لەگەڵ باشووری کوردستان، ئەوا ناچارە پەنا بباتە بەر خاڵە سنوورييەکانی سووريا، واتە ڕووسيا. یا پەنابردن بۆ سنووری تورکيا، کە ئەمەیان هەر نابێت، تورکيا چەندين جار، بە بێ هيچ پاساوێک مووشەکبارانی ناوچەی پێشخابوو-سێمالکا ی کردوە وەک فشارێک بۆ داخستن وتێکدانی هاتوچۆکردن لەو دەروازەیە. بەمەش ڕووسيا مەرجەکەی ئەوە دەبێت کە رۆژئاڤا بێتە دەرەوەی بەرەی ئەمريکا و بەتەواوی ببێتەوە بە سووريا وئەسەد بکاتەوە بە دەسەڵاتداری یەکەم لە رۆژئاڤا، واتە کۆتای هاتنی ڕۆژئاڤا.
هەرێمی کوردستان یاخود پارتی، کاتێک ئەو دەروازەیە دادەخات، هۆکارەکەی بۆ هێرش وسەرئێشەکانی پەکەکە دەگەڕێننەوە. بێ گومان، دەکرێت بە فشاری ئێران وسووريا، پەکەکە هانبدرێت کێشە درووست بکات لەو سنوورە. بۆ نموونە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابوردوو، گروپێک نزيک لەپەکەکە، لەو ناوچەیە خۆپێشاندانيان کرد وبە بەرد ودار پەلاماری هێزی پێشمەرگەی باشوورياندا لەسەر سنوور. پاساوی پەکەکە ئەوە بوو کە چوار گەريلایان شەهيدکراوە لە لایەن تورکياوە لە باشووری کوردستان و گوایە تەرمی شەهيدەکانيان لە هەرێمی کوردستانە وحکومەت ڕادەستيان ناکاتەوە. واتە تورکيا گەريلای شەهيد کردوە، پەکەکە پەلاماری پێشمەرگەی باشوور دەدات لەسەر سنوور لە بری ئەوەی پەلاماری بکوژەکان بدەن کە تورکەکانن. پاشان شوێن نەما بۆ خۆپێشاندان ئەو دەروازە سنوورييە هەستيارە نەبێت؟! کە ژیانی رۆژئاڤای پێوە بەندە. دوو هۆکار هەیە بۆ ئەو هەڵوێست وکارانەی پەکەکە؛ فەرمانی ئێران، هەر وەها بە شەيتانکردنی پارتی لە رۆژئاڤا ولای هەموو ئەندامانی هەسەدە، ئەوەش لە ترسی ئەوەی نەکو پارتی هەژموونی زیاد بکات لە رۆژئاڤا. بەڵام پەکەکە بە حوکمی دۆخەکەی و شێوازی داخراو و توندی بيرکردنەوەیان، بێ سوودە گلەیی وڕەخنەکانمانی ئاڕاستە بکەين، چونکە ئەو هێزە ئەستەمە لە ئێستادا بتوانێت بێتە دەرەوەی بەرەی ئێران، تا ڕادەیەکی زۆر سەروەری وئيرادەی لەدەستداوە. ئەوەی کە پێويستە ڕەخنە و گلەیی ئاڕاستە بکرێت پارتی و هەرێمی کوردستانە کە لە دۆخێکی زۆر جياوازتر وئارامترن.
پێويستە پارتی بزانێ کە هەبوونی سنوورێکی هەرێمی کوردستان بە پارچەیەکی تری کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە، بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. ئەگەر دوور مەودا وستراتيژی بڕوانين، ئەوا ئەگەر هيوایەکی زۆر بچوک هەبێت کورد نزيک بێتەوە لە دەريا، ئەوا لە ڕێگای رۆژئاڤاوە دەبێت. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستان، بە تايبەت لە هەندێ دۆخی وەک دوای ريفراندۆم کە عيراق وتورکيا وئێران هەڕەشەی داخستنی سنوورەکانيان دەکرد، ئەوا هەبوونی سنوورێکی وەک رۆژئاڤا، گرنگيەکی گەورەی دەبێت. ئەوەی تا ڕادەیەک مایەیی دڵخۆشيە، ئەمريکا لەبەر بەرژەوەندييەکانی خۆی و مانەوەی لە سووريا و ململانێکانی لەگەڵ ڕووسيا پێی باشە ئەو خاڵە سنوورييە بە کراوەی بمێنێتەوە و دانەخرێت، هەر بۆیە ئەمريکا زۆربەی کات فشار دەکات لە هەرێمی کوردستان و لە هەسەدە کە دەبێت ئەو سنوورە بەکراوەیی بمێنێتەوە. چونکە ئەمريکا دەزانێت ئەو سنوورە دابخرێت ڕۆژئاڤا بەرەو بەرەی ڕووسيا و ئەسەد دەچێت بۆ بەدەستهێنانی پێداويستييەکانی ژیانی.
تورکيا کە دژی ئەسەدە، هەر وەها سووريا، تورکيا بە داگيرکەری هەندێ ناوچەی سووری دەزانێت، کەچی تورکيا پێی باشە ئەسەد ئەو سنوورە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە لە ديوی ڕۆژئاڤاوە. ئيتر لەمەوە تێدەگەين گرنگی و سوودی ئەو خاڵە سنوورييە چەن گەورەیە بۆ کورد. زۆر کات بە هۆی نەزانی و جاشێتی و بێ ئاگایی و دووبەرەکی کورد، خودی کورد نازانێ چی بۆ خۆی باشە و چی خەراپە! بۆیە پێويستە لە ڕێگەی هەڵوێستەکانی تورکيا و ئێرانەوە بزانين چی باشە بۆ کورد و چی خەراپە. بۆ نموونە کاتێک تورکيا و ئێران پێيان باشە ئەو سنوورە دابخرێت، کەواتە ديارە ئەو سنوورە بۆ کورد سوودێکی گەورەی هەیە. لە کاتی ريفراندۆم دەبوو بەوەیا بزانين کە ئەو پرۆسەیە لە بەرژەوەندی کوردە، چونکە هەر چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە بە تەواوی دژی بوون. ئەم ميتۆدە تا ڕادەیەک گونجاوە بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی ئيرادە تێکشاو ومێشک بەنجکراو، کە بزانێ بەرژەوەندييەکانی چين، زۆر کات تورکيا و ئێران پێمان دەڵێن بەرژەوەندييەکانمان کامانەنن.
بۆیە پارتی و بە تايبەت مەسعود بارزانی ( کە بڕياردەری سەرەکی بوو لە کردنەوەی ئەو خاڵە سنوورييە)، لە بری ئەو هەموو تەکتيک و سياسەتەی بەکاری دەهێنن بۆ بەدەستهێنانی سەرۆک کۆمار وناردنی کەسێکی خۆیان کە دەست بە قورئانا بدات بۆ پارێزگاری کردن لە داگيرکاری عيراق بەسەر کوردستاندا، نيوەی ئەو سياسەت و تەکتيکە بەکاربهێنن بۆ خۆ دزينەوە لە فشارەکانی تورکيا ولە شەڕ فرۆشتنەکانی پەکەکە کە نەبنە مایەیی داخستنی ئەو خاڵە سنوورييە. پاشان پارتی پێويستە بزانێ، شەڕفرۆشتنەکانی پەکەکە لەو خاڵە سنوورييە، بە فەرمانی پاسدارانە، باشترين وەڵام بۆ پەکەکە وپاسداران ئەوەیە کە لە ژێر هيچ فشار و ئيستفزازێکدا ئەو سنوورە دانەخرێت ئەگەر بۆ یەک رۆژيش بێت. بە گشتی دوو هۆکار هەیە بۆ داخستنی ئەو سنوورە لە لایەن پارتييەوە؛ فشار وفەرمانەکانی تورکيا، پاشان هاندانی خەڵکی ڕۆژئاڤا دژ بە پەکەکە وڕێ خۆشکردن بۆ زیادکردنی هەژموونی پارتی لە رۆژئاڤا. لە ڕاستيدا ئەمريکا پشتگيری پارتی دەکات لەو سياسەتەيدا.
بۆچی پارتی و هەرێمی کوردستان سەبری ئەيوبيان هەیە لەگەڵ داگيرکاری و مووشەکباران و دەستتێوەردان و کارە هەواڵگرييە بەردەوامەکانی تورکيا و ئێران لە هەرێمی کوردستان، با نيوەی ئەو سەبرەیان هەبێت بەرامبەر بە پەکەکە. پاشان خودی چالاگيەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی سياسەتی ئێرانە دژ بە باشووری کوردستان. بۆچی دەبێت بەرامبەر بە ئێران بەو ڕادەیە نەرم بن و بەرامبەر بە پەکەکە ئەوەندە توند. لەبەر بەرژەوەندی گشتی باشوو و رۆژئاوا وکورد بە گشتی، پێويستە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەکەکە هەموو ڕێگایەکی دبلۆماسی و دانوستان تاقی بکاتەوە، یاخود با هەر وەک دەستتێوەردانەکانی تورکيا و ئێران تەماشای بکات و کاردانەوەی توندی نەبێت.
بە کورتی ئەو خاڵە سنوورييە ئەگەر جارێک بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بێت، دەیان جار بۆ رۆژئاڤا گرنگە، سەدان جار بۆ نەتەوەی کورد گرنگە کە دەراوزەیەک هەبێت لە نێوان دوو پارچەی کوردستان بە بێ کۆنتڕۆڵی چەکدارانی پاسداران وجەندرمە وحەشد وبەعس. لە ئێستادا گرنگترين شت کە پارتی وهەرێمی کوردستان بيکەن ئەوەیە کە پلان وبەرنامەیەکيان هەبێت بۆ هێشتنەوەی ئەو دەروازەیە بە کراوەیی و دانەخستنی لە هيچ بارودۆخ ولە ژێر هيچ فشارێکی تورکی-سووری-ئێرانی-ڕووسی.

Related Articles