
دەستەواژەی دەرەوەی نزيک (Near Abroad) ئەو دەستەواژەیەیە کە بەکاردەهێنرێت بۆ وەسفی تێڕوانينی ڕووسيا بۆ ئۆکرانيا و بۆ ئەو دەوڵەتانەی تر کە لە یەکێتی سۆڤيەت جيابوونەوە و دراوسێی ڕووسيان لە ئێستادا. واتە ئەو دەوڵەتانە لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆن و لە دەرەوەی نەخشەی ڕووسيان، بەڵام لە ڕووی ئەمنی و سياسی و بەرژەوەندی و مێژوویی... هەر نزيکن لە ڕووسيا و، هەر گۆڕانکارييەک لە (دەرەوە) ڕووبدات کاريگەرييەکانی نزيک و ڕاستەوخۆ دەبن بەسەر ناوەوەی ڕووسيا. بۆیە ڕووسيا دەبێت ڕاستەخۆ دەستتێوەردان بکات لەو (دەرەوەیە) و نابێت وەک دەرەوە تەماشای بکات بەڵکو لە ڕووی ئەمنی و بەرژەوەندييەوە، دەبێت وەک ناوەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا سەبارەی بە ئۆکرانيا، بە براورد بە دەوڵەتە دراوسێکانی تر، فراوانتر و قووڵترە. چونکە ڕووسەکان وەک نيشتيمانی لە دەستچوو (The Lost Homeland) تەماشای ئۆکرانيا دەکەن. ئەو نيشتيمانەی کە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی، ڕووسەکان لە خەياڵ و تێڕوانينياندا وەک بەشێک لە نيشتيمانی خۆیان سەيری ئۆکرانيا دەکەن کە لە دەستيان داوە، لە جيوپۆلەتيکی هاوچەرخدا، دەستەواژەی (Geopolitical Imagination) بۆ ئەم دۆخە بەکاردەهێرنێت. بەڵگە نەويستە ئەو نەتەوە ودەوڵەتەی کە بەشێک لە نيشتيمانی خۆی لە دەست دەدات، چاوەڕێی هەلێک دەکات کە بەهێز بێتەوە و ئەو نيشتيمانە لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە. ئۆکرانيا بە درێژایی چەندين سەدە، زۆربەی کات، لەگەڵ ڕووسيا یەک وڵات و یەک نيشتيمان بووە، پێش سۆڤيەت بەشیک بووە لە ڕووسيای قەيسەری، پاشان خۆی و ڕووسيا دەبنە بەشێک لە سۆڤيت، ئەم یەکبوونە بەردەوام دەبێت تا ڕووخاندنی سۆڤيەت و لە ساڵی ١٩٩١ دەبێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆی. هەر بۆیە پوتين دەڵێت ڕووسيا و ئۆکرانيا بران، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانيا وەڵامی دایەوە و وتی ڕاستە بران، بەڵام دوو برای وەک قابيل و هابيل! بە دەستهێنانەوەی ئۆکڕانيا لە لایەن ڕووسياوە، بە دوو ڕێگا ئەنجامدەدرێت، یا ئەوەی لە ئۆکرانيا حوکم دەکات، دەبێت لە ژێر هەژموونی ڕووسيا بێت، ئەگەر نا ڕووسيا ئامادەیە بە هێزی سەربازی ئۆکڕانيا بهێنێتەوە بۆ ژێر هەژموونی خۆی بە تايبەت ئەگەر مەترسی ئەوە هەبێت کە ئەو نيشتيمانە لە دەستچووە، ئەمريکا کۆنتڕۆڵی بکات و لە دژی ڕووسيا بەکاری بهێنیت. ئەم تێڕوانينەی ڕووسيا، بۆ بيلارووسياش هەر گونجاوە.
لە دوای سەربەخۆیی ئۆکڕانيا دوو بەرەی سەرەکی درووست بوون لە ناو ئەو وڵاتە؛ بەرەیەکی پێیوابوو کە پێويستە ئۆکڕانيا نزيک و دۆستی ڕووسيا بێت، بەرەکەی تر پێی وابوو پێويستە ئۆکڕانيا بەرەو ئاڕاستەری ڕۆژئاوا و یەکێتی ئەوروپا و ئەمريکا بڕوات. بەرەی یەکەم هەر لە سەربەخۆیی ئۆکرانياوە تا ساڵی ٢٠١٤ لە دەسەڵات بوون، پاشان لە ڕێگەی خۆپێشاندانێکی فراوانەوە ئەو بەرەیە لابرا وبەرەی دووەم دەسەڵاتی سياسيان گرتە دەست تا ئەمرۆ. ئەو خۆپێشاندانە بەپێی ڕووسيا کودەتایەک بوو بە هاوکاری ڕۆژئاوا. پاشان ئەو دوو بەرەیەیی ناو ئۆکرانيا کەوتنە شەڕی یەکتر وشەڕی ناخۆ لە ئۆکڕانيا دەستی پێکرد و تا ئەمرۆش ناو بە ناو بەردەوامە، بەرەی نزيک لە رۆژئاوا حکومەت وسوپای ئۆکڕانين، بەرەی نزيک لە ڕووسيا بريتين لە گرووپە جوداخوازەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانيا بە تايبەت لە هەرێمی (دۆنباس).
وەک لە سەرەوە ئاماژی پێکرا، ئەگەر دەسەڵاتی سياسی ئۆکڕانيا لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسيا نەبێت، ئەوا ڕووسيا لە ڕێگەی سەربازييەوە دەيەوێت ئۆکڕانيا بهێنێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و دووریبخاتەوە لە ڕۆژئاوا، هەر بۆیە لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک لایەنگرانی ڕۆژئاوا دەسەڵاتيان گرتە دەست لە ئۆکڕانيا، ڕووسيا پەلاماری دا و نيمچە دوورگەی (قرم)ی داگيرکرد و کردی بە بەشێک لە ڕووسيا، هەر وەها هاوکاری جوداخوازەکانی هەرێمی دۆنباسی کرد لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و لەو هەرێمە دوو کۆمار ڕاگێنرا و جيابوونەوەی خۆیان لە ئۆکڕانيا ڕاگەياند. نزيکەی ٣٩٪ی دانيشتووانی ئەو هەرێمە سەر بە نەتەوەی ڕووسن، بەڵام زۆرينەی دانيشتوانەکە بە کولتور و زمان ڕووسن. ئەو هەرێمە لە ئێستادا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسيایە و تەنانەت ڕەگەزنامەی ڕووسی دەدات بە دانيشتووانەکەی.
یەکێک لە هۆکارەکانی توندبوونەوەی ململانێی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەم ماوەیەیی دوایی، بريتييە لەوەی کە ڕووسيا پێی وایە حکومەتی ئۆکرانيا دەيەوێت بە هاوکاری ڕۆژئاوا، هەرێمی دۆنباس بهێنێتەوە سەر ئۆکرانيا، ڕووسيا بە پاساوی بەرگری کردن لە کەمينەی رووسی و زۆرينە زمان ڕووسيەکەی ئەو ناوچەیە ماف بە خۆی دەدات کە دەستتیوەردان و تەنانەت سوپا بنێرێت بۆ بەگری کردن لەو ناوچەیە. ڕووسيا لە ڕێگەی گرووپە چەکدارييە جوداخوازەکانی ئەو ناوچەیە، چەندين ئامانج دەپێکێت: بەدەستهێنانی پاساو بۆ دەستێوەردانی سياسی و سەربازی لە ئۆکڕانيا، ڕێگری درووستکردن بۆ حکومەتی ئۆکرانيا بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، چونکە ئۆکرانيا نايەوێت دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت و بێ ئەو ناوچەیە هەوڵی بە ئەندام بوون لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بدات، بەڵکو ئۆکرانيا دەيەوێت بە هاوکاری ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا ئەو ناوچانە بەدەست بهێنێتەوە، ناتۆ ویەکێتی ئەوروپاش نايانەوێت دەوڵەتێک بکەنە ئەندام بەو هەموو کێشە و قەيرانەوە، ئۆکڕانيا خۆشی ناتوانێت ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. یەکێ لە مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە ناتۆ بريتييە لەوەی ئەو دەوڵەتە یەک سوپای فەرمی هەبێت و ميليشيا و گروپی چەکداری نەبێت لە ناوخۆی وڵاتەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و سوپای فەرمی. هەر بۆیە بايدن پێشتر ڕایگەياند کە ئۆکڕانيا مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە ناتۆی نييە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕووداوێکی هاوشێوە ڕوويدا، کاتێک جۆرجيا کە دراوسێی ڕووسيایە، بە هاندانی ئەمريکا داوای بوون بە ئەندامی دەکرد لە ناتۆ، بۆ ئەو مەبەستەش دەيويست هەندێ ناوچەی جۆرجيا کۆنتڕۆڵ بکات کە لە ژێر دەسەڵاتی سەربەخۆيخوازەکان بوون، سوپای جۆرجيا پەلاماری ئۆسيتيای باشووری دا. ڕووسيا بە پاساوی پاراستنی کەمينەی ڕووسی لەو ناوچەیە سوپای ناردە ناو جۆرجيا و شکستی بە سوپای جۆرجیا هێنا، بەوەش کەيسی بوون بە ئەندامی جۆرجيا لە ناتۆ پەکخست. بە هەمان شێوە ئەو ناوچەیە سەربەخۆیی ڕاگەياند و ڕووسيا دانی پێنا تا ئەمرۆش بنکەی سەربازی وهەژموونی ڕووسی لەو ناوچەیەدا ئامادەیە. بە گشتی ئەو وڵاتانەی کە لای ڕووسيا بە دەرەوەی نزيک دادەنرێن، ڕووسيا ئامادەیە سوپا بجوڵێنێت بۆ ڕێگری کردن لەوەی ئەو وڵاتانە بکەونە ژێر هەژموونی ئەمريکا و دژ بە ڕووسيا بەکاربهێنرێن. ئەو کاتەی کە لاتيڤيا و ليتوانيا وئەستۆنيا وپۆڵەندا بوون بە ئەندام لە ناتۆ و چوونە بەرەی دژ بە ڕووسيا، ئەو کات ڕووسيا ئامادەیی و توانای پێويستی نەبوو بۆ ڕێگری کردن و ئەنجامدانی چالاگی سەربازی. ساڵی ٢٠٠٨ لە پرسی جۆرجيا، ڕووسيا لە دۆخێکی تر بوو و خۆی تاقی کردەوە و سەرکەوتووش بوو. لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئۆکرانيا هەمان چالاگی کرد، ئەمەش متمانەی زیاتری بە پوتين بەخشی و لە ٢٠١٥ دوور کەوتەوە لە سنوورەکانی خۆی و بەرەو سووريا سوپای جوڵاند.
بە گشتی هۆکارە سەرەکيەکانی ئەم دۆخەی کە لەسەر سنووری ڕووسيا-ئۆکرانيا دەگوزەرێت بريتييە لە: ترسی ڕووسيا لەوەی ئۆکرانيا هەنگاوی زیاتر وجدی بەرەو ئەندامبوون لە ناتۆ و لە یەکێتی ئەوروپا بنێت، هەر وەها ڕووسيا دەڵێت جموجۆڵ و چالاگی سەربازی ناتۆ لە نزيک سنوورەکانی ڕووسيا زۆر بووە، دەنگۆی ئەوە هەیە گوایە ناتۆ بە نيازە مووشەکی ئەتۆمی لە پۆڵەندا جێگير بکات، ئەگەر ئەوە ڕووبدات، ڕووسياش بە نيازە مووشەکی ئەتۆمی لە بيلارووسيا جێگير بکات. لەسەر ئەو بنەمایە ڕووسيا داوا دەکات، کە هيچ دەوڵەتێکی تری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ئيتر نەبیتە ئەندام لە ناتۆ، کەمکردنەوەی چالاگيە سەربازييەکانی ناتۆ لە نزيک سنووری ڕووسيا، لابردن مووشەکەکانی ناتۆ لە نزيک سنوورەکان. ئەمريکا هەموو ئەو داواکاريان ڕەت دەکاتەوە و پێيوایە ڕووسيا کە ئەندام نييە لە ناتۆ چۆن دەبێت فەرمان بە ناتۆ بکات لەوەی چ چالاگيەک بکات وچ وڵاتێک وەربگرێت بە ئەندام.
ڕووسيا دڵنيایە لەوەی، ئەگەر بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە ڕێگری درووست نەکات بۆ ئۆکڕانيا، ئەوا هەر وەک چۆن دەسەڵاتی سياسی لە ئۆکڕانيا لە دۆستی ڕووسياوە گۆڕا بۆ دژی ڕووسيا، ئاواش ئەمريکا، ئۆکڕانيا دەکاتە ئەندام لە ناتۆ و بنکەی سەبازی و مووشەکەکانی خۆی دەباتە ئۆکرانيا، ئەو کات ڕووسيا زیاتر گەمارۆ دەدرێت بە بنکە سەربازييەکانی ناتۆ. لە ئێستادا لە رۆژئاوای ڕووسيا، تا ڕادەیەکی زۆر گەمارۆ دراوە بە ناتۆ. هەر وەها ئەگەر ئۆکڕانيا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا دوبارە پرسی ئەندامبوونی جۆرجيا جدی دەبێتەوە، ئەو کات دەبێت ڕووسيا چاوەڕوانی ئەوەش بکات کە دەسەڵاتی سياسی بيلارووسيا، هاوشێوەی ئۆکڕانيا، لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتێکی نزيک لە ئەمريکا. بەوەش ڕووسيا بە تەواوی سنۆرەکانی بە ئەوروپاوە گەمارۆ دەدرێت بە ناتۆ. هەر بۆیە لە ئەگەری هەنگاونانی زیاتری ئۆکڕانيا بەرەو ئەمريکا و رۆژئاوا (ناتۆ) ئەوا ئەگەری ئەوەی ڕووسيا هاوشێوەی ٢٠١٤ دەستتێوەردانی سەربازی بکات لە ئۆکڕانيا، ئەگەرێکی زۆر نزيک دەبێت.
هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا و ئەمريکا بەرامبەر بە پرسی ململانێی ڕووسيا-ئۆکرانيا لەگەڵ ئەوەی بە فەرمی و بە گوتار نزيکە لە یەکترەوە و وهەردوو لا پشتگيری ئۆکڕانيا دەکەن و، داوا دەکەن کە ڕووسيا هێرشی سەربازی ئەنجامنەدات، بەڵام دەکرێت جياوازييەکی بنەڕەتی هەبێت لە نێوان ويستی هەردوو لا. دەشێت ترسی ئەمريکا ئەوە بێت کە ڕووسيا تەنيا پەلاماری رۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا بدات و داگيری بکات، ياخود ناوچەی زیاتر بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی جوداخوازەکانی رۆژهەڵات و پاشان بکشێتەوە و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنیت. ئەمەش جەنگێکی ئاسانتر دەبێت بۆ ڕووسيا و ڕووبەڕووی بەرگرييەکی گەورە نابێتەوە، چونکە لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانيا، گرووپە چەکدارەکان سەر بە ڕووسيان و دانيشتوانەکەشی بەشێکی ڕووسن زۆرينەی بە زمان و کولتور ڕووسين. ڕەنگە ئەوەی ئەمريکا بيخوازێت ئەوە بێت کە ڕووسيا پەلاماری کيف و رۆژئاوای ئۆکرانياش بدات واتە کۆی ئۆکڕانيا، بەوەش ڕووسيا ڕووبەڕووی جەنگێکی ئاڵۆز و قوورس دەبێت، تەنانەت ئەگەر کۆی ئۆکرانياش داگير بکات، ئەوا شەڕی ناو شارەکان و بەرخودان درێژە دەکێشێت، ئەمريکا چەندين گروپی بەرخودان درووست دەکات و پڕ چەکيان دەکات. هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوويدا دژ بە سۆڤيەت. ژەنەراڵێکی سەربازی ئەمريکا پێيوایە ئەو هاوکارييانەی کە ئەمريکا پێشکەشی گرووپە جيهادييەکانی دەکرد لە ئەفغانستان دژ بە سۆڤيەت، هيچ نييە بە براورد بەو هاوکاريانەی کە ئەمريکا بە نيازە پێشکەشی ئۆکرانيای بکات لە ئەگەری پەلاماری ڕووسيا.
لێرەوەیە دەکرێت جياوازييەکی بنەڕەتی هەبێت لە نێوان تێڕوانينی ئەوروپا و ئەمريکا بۆ ئەو پرسە. ئەوروپا بە هۆی نزيکایەتی جوگرافی لەو جەنگەوە، کە کاريگەرييەکانی ڕاستەوخۆ و گەورە دەبن بەسەر یەکێتی ئەوروپا، هەر وەها لە ئەگەری ڕوودانی ئەو جەنگە، ئەوا وزەی ڕووسی (غازی سروشتی و نەوت) چاوەڕوان دەکرێت بوەستێنرێت. ئەمەش لێکەوتەی خەراپی دەبیت بۆ سەر لایەنی ئابووری و سياسی یەکێتی ئەوروپا. چونکە دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێت و گرانی زیاتر ڕووبکاتە ئەوروپا، ئەمەش سەر بکێشیت بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری. بە تايبەت بە هۆی کۆرۆناوە پاشان بە هۆی ئەم دۆخەی سەر سنوری ڕووسيا-ئۆکرانيا، گرانييەکی زۆر درووست بووە لە ئەوروپا.
پوتين ئاگادارە لەو پيلانەی ئەمريکا کە مەبەستيەتی ڕووسيا تێوەبگلێنێت بە شەڕێکی ئاڵۆز و ماوە درێژ، هەر وەها ڕووسيا کێشەی ئابووری و گوزەرانی هەیە لە ناوخۆ، دەزانێت تێوەگلان بە جەنگێکی لەو شێوەیە زیانی گەورەی دەبیت، بە تايبەت جارێ پرسی سووريا یەک لا نەبووەتەوە. هەر ماوەی پێشوو بوو سەرئێشەیەکی بۆ درووستکرا بە هۆی خۆپێشاندانەکانی کازخستان، کە دەکرێت ئەو جۆرە فشار و پەيامانەی ئەمريکا زوو زوو دووبارە ببنەوە. لە دۆخێکی وادا ڕووسيا دەکرێت تەنيا لە ڕێی گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا ڕێگری و کێشە بۆ حکومەتی ئۆکڕانيا درووست بکات، ئەگەر نا چاريش بکرێت کە هێرشی سەربازی بکات بۆ ڕێگرتن لە ئۆکرانيا لە هەنگاونانی زیاتر بەرەو بەرەی ئەمريکا و ڕۆژئاوا، ئەوا دەکرێت تەنيا پەلاماری رۆژهەڵاتی ئۆکڕانيا بدات و هەندێ ناوچەی تری نوێ بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی ئۆکرانيا کە سەر بە ڕووسيان. هەر چەن ئەوە جۆرە هێرشەش دەکرێت زیانی گەورە بە ئابووری ڕووسيا بگەيەنیت، بە تايبەت ئەگەر فڕۆشتنی وزەی ڕووسی بە ئەوروپا بوەستێنرێت، کە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی رووسيایە، جگە لەوەی دەکرێت بەو هێرشە سنووردارەی ڕووسيا، سەر لە نوێ شەڕی ناوخۆی ئۆکڕانيا بە توندی سەرهەڵبداتەوە (لە ئیستادا سەرەتاکەی دەستی پێکردوە)، ئەو کات ڕووسيا ناچار دەبیت بەردەوام هاوکاری گرووپە چەکدارەکانی دۆنباس بکات.