
چەن سەرنجێک لەو بارەیەوە...
(١٠)
پەيوەندی نێوان ئەمريکا وچين زۆر کات دەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی کێبرکێ وزیاتر پەيوەندييەکی ململانێ ئاسایە، چاوەڕوانيش دەکرێت لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی چين، ململانێکە توندتر بێت. بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی زۆرێک لە جەنگە گەورەکان، دەردەکەوێت هەڵگيرساندنی جەنگ لە نێوان هێز ودەوڵەتەکان زۆر کات چاوەڕواننەکراو وپێشبينی نەکراوە، زۆر کاتيش بڕيار بەدەستانی وڵاتی شەڕکەر، دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکان، پەشيمانی دەردەبڕن لە جەنگەکان، ئەمە زۆر بە ڕوونی لە هەردووی جەنگە جيهانيەکە دەردەکەوێت، بۆیە هەڵگيرساندنی جەنگی نێوان ئەمريکا وچين، هەر چەن بە براورد بە جەنگەکانی تر لەوانەیە ئەگەری ڕوودانی کەمتر بێت، بەلام مەحاڵ نييە.
بە تايبەت کە ئەمريکا دەوڵەتێکی شەڕکەر وعاشقی جەنگە. بە پێی هەندێ ڕاپۆڕت وتوێژينەوە، لە کاتی سەربەخۆیی ئەمريکاوە ١٧٧٦ تا ساڵی ٢٠١٧، ئەمريکا ١٨٨ جەنگ وشەڕی گەورە وبچوکی ئەنجامداوە وبەشداری تيا کردوە، دەوترێت ئەمريکا لە مێژووی خۆيدا تەنيا ١٧ ساڵ لە دۆخی شەڕ وجەنگدا نەبووە، واتە لە شەڕ وجەنگدا بووە بە درێژایی ٩٣٪ی مێژووی خۆی، تەنيا لە ٧٪ی مێژووی ئەمريکا بێ شەڕ وچالاگی سەربازی بووە. هۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بۆ هەڵکەوتەی جوگرافی ئەمريکا دەگەڕێتەوە کە زۆر دەيپارێزێت، دەتوانێت دەيان جەنگ بکات بە بێ ئەوەی خاکی ئەمريکا ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، هاوکات لەگەڵ ئەم بەختە جوگرافييە، خاوەنی بەهێزترين هێزی سەربازی وئابووریيە لە مێژووی مرۆڤایەتی. (لە بەشەکانی داهاتوو لەم بارەیەوە زیاتر دەنووسم).
سيستەمی جيهانی لە سيستەمی ئەمريکەوە، ساڵانێکە، بەرەو سيستەمێکی تر دەچێت، جارێ ئەو سيستەمە تەواو ڕوون نەبووەتەوە، ئایا سيستەمی دوو جەمسەری ئەمريکی وچينی دەبێت، یا فرە جەمسەری ئەمريکی-چينی-ڕووسی- یەکێتی ئەوروپا (یا فەرەنسا بە تەنيا)- لەوانەشە بەريتانيا لە دوای دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا تێڕوانينێکی نوێی هەبێت بۆ پێگەی خۆی لە جيهاندا، هيندستان وبەرازيل لە ئايندەیەکی دوورتر لەوانەیە لە چوارچێوەی ناوچەی جيوپۆلەتيکی خۆیان هەمان مەراميان هەبێت.. دەشکرێت سيستەمێکی فرە جەمسەری بێتە ئاراوە، کە هەر ناوچەیەک، دەوڵەتێک تيايدا هەژموونی سەرەکی هەبێت وجەمسەر بێت، بەڵام لە سەر ئاستی جيهان، هەر ئەمريکا وەک بەهێزترين دەوڵەت بمێنیتەوە. واتە سيستەمێکی فرە جەمسەری، ئەمريکا تيايدا بە هەژموونترين جەمسەر بێت. بەڵام هەر چيەک بێت، سيستەمی تاک جەمسەری ئەمريکی کە لە دوای ڕووخاندنی سۆڤيەتەوە تا چەن ساڵێک پێش ئێستا وتاڕادەیەکی کەمتر تا ئێستاش بەردەوامە، ئەو سيستەمە گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، وا دەردەکەوێت، چين وئەمريکا ڕازی نەبن بەوەی هەر یەکێکيان لە ناوچەی جيوپۆلەتيکی خۆی، ببێتە جەمسەر، هەردووکيان تەماحی ئەوەیان هەیە لە هەموو جيهاندا هەژموونيان هەبێت، ئەمريکا دەيەوێت پێگەی خۆی بپارێزێت ولە هەموو کيشوەر وئۆقيانووسەکاندا هەژموونی هەبێت وەک ئێستا، چين دەيەوێت پێگەیەکی نوێی هەبێت، کە لە هەموو جيهاندا لە ڕێگەی ئابووری وبازرگانيەوە ئامادەیی هەبێت، کە دواجار دەبێتە ئامادەیی سياسی وسەربازی. ڕووسيا لەگەڵ ئەوەی هەوڵی شتێکی وا دەدات، بەڵام توانا ئابووريەکەی ڕێ بەوە نادات وەک ئەمريکا وچين کار بۆ ويستەکانی بکات.
ئايا بۆ کورد چ سيستەمێکی جيهانی باشترە؟ لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جيهانی تا ئەمرۆ، لە ماوەی ئەم سەد ساڵە، ئەوەی دەردەکەوێت کورد زیاتر لە سەردەمی هەژموون وسيستەمی جيهانی ئەمريکيدا قازانجی کردوە. بۆ گەڕانەوە بۆ دوای جەنگی جيهانی یەکەم، کاتێک هەل وباسکردنی دەوڵەتی کوردستان دێتە ئارا، لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس ١٩١٩ وسيڤەر ١٩٢٠، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەمريکا رۆڵی هەبووە لەو نزيکبوونەوەیەیی کورد لە دەستکەوتێکی مێژوویی. پێش جەنگەکە وتا ساڵی ١٩١٧ش ئەمريکا سياسەتێکی گۆشەگيری هەبووە، کەمتر دەستی لە هاوکێشە سياسيەکانی جيهان وەرداوە بە تايبەت لە ئەوروپا. لە کاتی هەڵگیرساندنی جەنگی یەکەم ئەمريکا بەشدار نەبوو، پاشان (ناچارکرا) بەشدار بێت بە هۆی شەڕفرۆشتنەکانی ئەڵمانيا، ئەمريکا کە بۆ ماوەی چەن ساڵێکی کەم هاتە دەرەوە لەو گۆشەگيرييەیی خۆی وبەشدار بوو لە کۆتاييەکانی جەنگەکە، یەکێ لە ديارترين دەرکەوتنەکانی ئەمريکا لە دوای جەنگی یەکەمی جيهانی بريتی بوو لە چواردە پڕنسيپەکەی وردرو ويڵسنی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمريکا، کە لە دوو خاڵیدا باس لە پێويستی پێدانی مافی چارەيخۆنووسين دەکات بە گەلانی ئەوروپا لە ژێر دەسەڵاتی ئيمبراتۆری نەمسایی وگەلانی نا تورکی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی. ئەم بانگەشەیە بۆ سەربەخۆیی گەلان، ئەو کات پشتگيری وپاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ کورد وگەلانی تريش بۆ داواکردنی سەربەخۆیی، لێرەوەیە ئەمريکا ڕۆڵێکی هەبووە لە هەردوو ڕێکەوتننامەی فێرسای وسيڤەر کە پرسی سەربەخۆیی کورد تيايدا ئامادە بوو وڕێگەی پێدرا باس بکرێت. دوای ماوەیەکی کورت لە جەنگەکە، ئەمريکا ديسانەوە گەڕایەوە بۆ سياسەتی گۆشەگيری خۆی، ئەم گۆشەگيرييە بەردەوام بوو تا جەنگی دووەمی جيهانی. ئەم گەڕانەوەیەیی ئەمريکا بۆ گۆشەگيری، لەوانەیە هۆکارێک (ئەگەر هۆکارێکی لاوەکيش) بێت بۆ شکستپێهێنانی جێبەجێ کردنی ماف ويستەکانی کورد لەو دوو ڕێکەوتنامەیەدا.
دەستکەوتێکی تری گەورەی کورد بريتييە لە هەرێمی کوردستان، کە ديسانەوە لە سەردەمی تاک جەمسەری ئەمريکا کورد بەدەستی هێنا، چ لە ساڵی ١٩٩١ کە پەلامارەکانی ئەمريکا بۆ عيراق لە کوێت کە ڕێگەی خۆش کرد بۆ کورد لە ژێر دەسەڵاتی سەدام بێتە دەرەوە وچ لە ساڵی ٢٠٠٣ کە ئەو هەرێمە بە یاسایی ودەستووری کرا، ئەوەش بە ڕەزامەندی ئەمريکا بوو. هەر لەسەردەمی تاک جەمسەری ئەمريکا وڕەزامەندی ئەمريکا، کوردەکانی رۆژئاوای نيشتيمان، توانيان هەندێ دەستکەوتی سياسی ونەتەوەیی وکولتووری باش بەدەست بهێنن، لە ئیستاشدا ئەو دەستکەوتانە پەيوەستە بە پشتگيری ئەمريکا. هەر لە سەردەمی سيستەمی جيهانی ئەمريکيدا، کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوويدا توانی لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ديموکراسيدا بە ريفرادندۆم داوای سەربەخۆیی بکات، هەر چەن ئەمريکا پشتی لێ کردين وهاوکار نەبوو، بەڵام گرنگ ئەوەیە ڕێگری جدی لێ نەکردين. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانيش، ئەگەر ويستێک هەبێت بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران، ئەوا ديسانەوە هی ئەمريکا دەبێت، چونکە نە ئەوروپا ونە چين نە رووسيا نايانەوێت ڕژێمی ئێران بڕوخێت، عەرەب وسوونەش ناتوانن. ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوا هەر ئەمريکا دەيروخێنێت، لەگەڵ ئەو ڕووداوەش، کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت دەستکەوتی گەورە بە دەست بهێنن.
هەموو ئەوەی باسکرا، مانای ئەوە نييە ئەمريکا کوردی خۆش دەوێت یا کورد وەک هاوپەيمان ودۆستی خۆی دەبينێت... بەڵکو لەبەر چەن هۆکارێکە:
١-ئەمريکا لەبەر ئەوەی لە ناوخۆ هيچ کەمينە وگروپێکی دياری نييە داوای سەربەخۆیی وجيابوونەوە بکەن لە ئەمريکا، ئەمەش وا دەکات ئەمريکا زۆر هەستيار نەبێت بەرامبەر بە مافی نەتەوەکان بۆ سەربەخۆیی، لە کاتێکدا چين وڕووسيا وئەوروپا ئەو ترسانەیان هەیە.٢-ڕێکەوت وهەر وەها تێڕوانينی سياسی کورد بە گشتی وای خواستووە، کورد نەچێتە بەرەی دژە ئەمريکا یا کورد بەوە نەناسراوە کە دژە ئەمريکایە.٣-بوونی کێشە لە نێوان ئەمريکا ودەوڵەتانی داگيرکەری کوردستان، بۆ نموونە کێشەی ئەمريکا وعيراقی بەعس، کێشەی ئەمريکا وسووريا، لەوانەیە کێشەی ئەمريکاو ئێرانيش هەمان ئەنجامی هەبێت، وا دەکات ئەمريکا کوردەکان وەک کارتێک بەکار بهێنێت بۆ لاوازکردنی ئەو دەوڵەتانە وئامادەبوونی هەژموونی خۆی لەو دەوڵەتانە لە ڕێگەی کوردەوە، ئەمەش سەرباری زيانەکانی، سوودی بۆ کورد هەبووە. ٤- پەيوەندی کورد وئيسرائيل، ئەگەر دەوڵەتی کوردستان درووست بێت، ئەوا دەبێتە تاکە دەوڵەتی ناوچەکە، کە لەسەر ئاستی حکومەت ولەسەر ئاستی کۆمەڵگەش، ترس وڕقیان نابێت بەرامبەر بە ئيسرائيل وهەڕەشە نابن بۆی، ئيسرائيل ڕاستە زۆربەی حکومەتە عەرەبەکانی دەستەمۆ کردوە، بەڵام دەزانێت لەسەر ئاستی جەماوەر، زۆرينەی عەرەب ڕقيان لە ئيسرائيلە. لەگەڵ چەندين هۆکاری تر...
هاوکات لەگەڵ ئەوەی باسکرا، هەر ئەمريکایە بە هۆی پەيوەندييە باشەکانی لەگەڵ تورکيا، کوردانی باکوور کە زۆرترينی کورد پێکدەهێنن، بە پاساوی پەکەکە، ئەمريکا لەبەر ويستی تورکيا زۆربەی جموجۆڵی کورد لە باکور بە تيرۆر دادەنێت یا پشتگوێی دەخات، دوورکەوتنەوەی تورکيا لە ئەمريکا چەن ساڵێکە هەستی پێدەکرێت لەسەر هەندێ ئاست، ئەم دوورکەوتنەوەیە زیاتر گەشە بکات، بۆ کوردی باکور باشترە، دەکرێت ئەمريکا ديسانەوە کوردەکانی ئەوێش وەک کارتێ بەکار بهێنێت دژ بە تورکيا، ئەمەش ئەگەر کورد خۆی لێی بزانێت، دەتوانێت سوودی لێ ببينێت. کەواتە پەيوەندی ئەمريکا بە کوردەوە، بە براورد بە پەيوەندی زلهێزەکانی تر، باشترە، نەک لەبەر خۆشەويستی ئەمريکا بۆ کورد، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا ئەوە دەخوازێت، واتە پرسەکە تەواو سياسی وواقعی وبەژەوەندييانەیە، بەڵام بۆ کورد سوودی هەبووە ودەشتوانين سوودی زیاتری لێ ببينين.
ئەگەر سيستەمی جيهانیی ئەمريکی خۆری ئاوا بێت وسيستەمی جيهانی چينی شوێنی بگرێتەوە، ئەوا دەکرێت کارەساتێک بۆ کورد بخوڵقێت. چين جگە لەوەی دەوڵەتێکی نا ديموکراتە وسيستەمی سياسی وکۆمەڵگە وجيهانبينيەکەی زۆر جياوازترە لە هی ئەمريکا، دەوڵەتێکە ترس وحەساسيەتێکی گەورەی هەیە بەرامبەر پرسی سەربەخۆیی ومافی نەتەوەیی گەلان، دەوڵەتێکە لە ناوخۆ چەندين قەيرانی لەو جۆرەی هەیە، وەک تايوان وهۆنگ کۆنگ وپرسی موسوڵمانە ئۆ`يگۆرييەکان وتيبت... چين لەو دەوڵەتانەیە زۆربەی کات پشتگيری ناوەند وسەروەری دەوڵەت ویەکپارچەیی دەوڵەت دەکات، لەبەر ئەوەی نا ديموکراتيشە، ئەوا ستەمکارانە وخوێناويانە دژی هەر جوڵەیەکی سەربەخۆيخوازی وجوداخوازييە... واتە بە بێ گومان چين یا پشتگيری چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکەی کوردستان دەکات لە تاوانەکانيان بەرامبەر بە کورد، یا بێ دەنگ دەبێت وپشتگوێی دەخات.. لە کاتێکدا کوردستان بە هەر چوار پارچەکەوە، دەکەوێتە ناوچەیەکەوە، کە چين زۆر بە گرنگی دەزانێت وبەشێکی سەرەکی ڕێگە ئاوريشمەکەی دەبێت، دوو دەوڵەتشيان کە ئێران وسووريان، بە هاوپەيمانی چين هەژمار دەکرێن، دەشيەوێت لە ڕیگەی ئابووريەوە، تورکيا لە خۆی نزيک بکاتەوە ودووری بخاتەوە لە ئەمريکا ورۆژئاوا، هەوڵێکی هاوشێوەشی هەیە بۆ عيراق، بە تايبەت لە ڕێگەی ئێرانەوە... کەواتە ئەگەر چين شوێنی ئەمريکا بگرێتەوە، ئەوا دەکرێت زەرەرمەندترين لایەن، کورد ونەتەوە بێ دەوڵەتەکان بن.
سەبارەت بە ڕێگای ئاوريشم هەندێ پێيانوایە دەکرێت لە ڕووی ئابووری وژێرخانەوە سوودی بۆ کورد هەبێت، بەڵام کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، لەوەشدا ئەستەمە سوود ببينێت، چونکە دەکرێت بە ئامرازێکی بچوکی ئابووری چينی، نەک وەک بەشداربوویەک لەو پڕۆژەیەیی چين رۆڵ بگێرێت، بەتايبەت کە چەندين دەوڵەتی سەربەخۆ هەن لە ئیستادا چين لە ڕووی ئابووری وژێرخانەوە خەريکە داگيريان دەکات وتا ئێستاش ئەو دەوڵەتانە نەک سووديان نەبينيوە، بەڵکو لە ڕووی ئابووريشەوە هەر زیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە، چين مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکات لە ڕێگەی چوار ناوەندی دژ بە کوردەوە، ئەنقەرە،تاران، بەغداد، ديمەشق.
ئەوەی ئاشکرایە، کورد نە دەتوانێت ڕێگری بکات لە هاتنی سەردەمی چينی، نە دەتوانێت ڕێگری بکات لە کۆتایی هاتنی سەردەمی ئەمريکی، بەڵام ئەوەی دەتوانێت ئەنجامی بدات وهەوڵی بۆ بدات، ئەوەیە کە لە ئێستاوە پلان وتێگەيشتنی هەبێت بۆ ئەو ئەگەرە، پێويستە کورد بزانێت لە سەردەمی چينيدا نەتەوە بێ دەوڵەتەکان وەک گروپێکی بێزارکەر ولادەر وکێشە تەماشا دەکرێن وپێويستە سەرکوت بکرێن، هەر وەها ئەگەر لە سەردەمی ئەمريکيدا هەندێ کات ئەمريکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی فريای کورد کەوتبێت وسنورێکی بۆ تاوانەکانی چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکە دانابێت، ئەوا لەسەردەمی چينی، زلهێزەکەی جيهانيش هاوشان لەگەڵ ئەو چوار دەوڵەتە داگيرکەرە دەکرێت کورد سەرکوت بکات.
ئەوەی زۆر گرنگە کورد لەوە تێبگات، چارەنووسی لە ئايندەدا ديار نييە، لەوانەیە خۆری ئەمريکا ئاوا بێت ولەوانەیە وا نەبێت (خۆم پێموایە خۆرئاوابوونی ئەمريکا ئەگەرێکی دوورە، لە بەشەکانی داهاتوو ئەرگۆمێنتی زیاتر دەخەمەڕوو لەو بارەیەوە)، بەڵام هاتنی سەردەمی چينی یەکێکە لە ئەگەرەکان، بۆیە کورد پیويستە تا پێش هاتنی ئەو سەردەمە، هەنگاوێکی جدی ویەک لاکەرەوە بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە وقەيرانەکانی، ئەگەر نەتەوەييانە وگشتگيرانە تەماشای دۆزی کورد بکەين، ئەوا کورد یەک کێشەی هەیە، کە دەوڵەتی نييە، یەک چارەسەريشی هەیە، کە دەوڵەتێکی هەبێت. کێشە سياسی وئابووری وکۆمەڵایەتی ودەزگایی وگلەییەکانی تر... کاتێک کێشەن، کە بەربەست درووست دەکەن بۆ گەيشتن بە سەربەخۆیی، ئەگەر نا کورد وەک نەتەوە قەيرانەکەی بێ دەوڵەتيە، تاکە چارەسەری ئەو قەيرانەش لەدايک بوونی دەوڵەتی کوردستانە. کەواتە ئەگەر کورد بيەوێت خۆی بپارێزێت لەو تەمومژەی کە بەردەم ئايندەمانی گرتووە، پێويستە لە ئیستاوە هەوڵێکی جدی بدات بۆ چارەسەرکردنی قەيرانەکەی (بەتايبەت باشوور ورۆژئاوای کوردستان دەکرێت دەست بەو هەوڵانە بکەن). بێ گومان هەموو دەوڵەتێک، هاووڵاتی و مرۆڤەکانی خۆی ناپارێزێت، بەڵام باشترە لەوەی کە ئەو چوارچێوە یاساييە هەر نەبێت، پاشان هەر هەنگاوێک بۆ پاراستن ومانەوەی کولتور وشووناس لە ئايندەدا، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکەوە باشتر ئەنجامدەدرێت، چاکسازی وشەفافيەت وئابووري وسوپایەکی بەهێز وخۆشگوزەرانی... ديسانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا ئاسانتر وباشتر وتۆکمەتر ئەنجامدەرێت ودێتە دی.
ماويەتی...