ئەمرۆش وەکو رۆژانی دیکە سارد بوو، هێشتا قەراخ جادەکان بەفریان تێدا کەڵەکە بووە، لە هەمووی ناخۆشتر لە هەندێک شوێندا بەستوویەتی و بووە بە شەختە، لە هەسان سافترە، بە ئاستەم پێت هەڵبئەنگوێت حسابت رۆیشتووە. جا بەم رۆژە ساردە، خۆت بکەیت بە یەکێک لە هۆڵە گەرماکانی شارداو پڕ بێت لە کەسایەتی جوانی شارەکە، چ لەوە باشترە کتێبێکی ناوازەش بە دیاری وەربگریت کە سەدان نامە و وێنەی تایبەتی لەخۆی گرتبێت.
کتێبەکە بەرگی پێنجەمی بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکە، ئەویش کاکە حەمەی حاجی مەحموودە، کاتێک پرسیاری سیاسی لێ دەکەن، کاکە حەمە دەڵێت: “کاکە خۆ من سیاسی نیم، کە پێی دەڵێن مێژووت نووسیوەتەوە دەڵێت بە خوا مێژوونووسیش نیم”، بەڵام کە ورد دەبیتەوە کاکە حەمە لە زۆر لەو سیاسیانەی کە یاداوەریان نووسیوەتەوە راستگۆترە، بە بەڵگەوە قسەکانی دەسەلمێنێت، هەر هیچ نەبێت لەو بەشەی کە لە دووتوێی کتێبەکانیدا تۆماری کردوون. لەبەر ئەوەی کتێبەکەم نەخوێندۆتەوە بۆیە ناتوانم هیچ لە بارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە بڵێم، بەڵام بەوەی کە بەخێرایی چاوێکم بە چەند لاپەرەیەکیدا خشاند، لەرووی نووسین و رێنووس و ئەو کوردییەی پێی نووسراوە زۆر جیاوازترە لە چوار بەرگەکەی پێشوو.
من لە خزمەت چەند کەسایەتیەک لە دەوری مێزێک دانیشتبووم، یەکێک لەو بەرێزانە بە چرپە بۆی گێڕامەوە: کاتێک کاکە حەمە خەریکی نووسینی بەرگی یەکەمی کتێبەکەی بوو، پێیگوتم با بچین سەردانی مام جەلال بکەین و باسی ئەم کتێبەی لەگەڵ بکەم نەوەک تووشی گۆڵمەزێک بم. مام جەلال وەکو هەمیشە زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین و گوتی: “کاکە حەمە چی تازە هەیە؟
کاکە حەمە: وەڵا مام جەلال بەنیازم یاداوەریەکانم بنووسمەوە؟
مام جەلال: بەراستی کارێکی باش دەکەیت.
کاکە حەمە: دەمەوێت پێت بلێم کە هەندێک وێنە و نامەی تێدا بڵاو دەکەمەوە کە هی تۆیشی تێدایە.
مام جەلال: جا چی لەوە باشتر دەبێت، لێی مەوەستە.
کاکە حەمە: ئاخر هەندێک لە نامەکانت بە توڕەییەوە نووسیوە و قسە بە خەڵک دەڵێیت.
مام جەلال: گوێ مەدەرێ ئەوە مێژووە. ”
کاکە حەمە پیاوێکی زیرەکە و دەیەوێت هەویرەکە بە باشی بشێلێت بۆیە بە مام جەلال دەڵێت: حەزدەکەم جەنابتان پێشەکی بۆ بنووسن. مام جەلالیش لە وەڵامدا دەڵێت بە چاوان، بەڵام وادەکەوێتەوە مام جەلال مەجالی نووسینی پێشەکیەکەی نابێت و کتێبەکە چاپ دەبێت.
ئەو برادەرە گوتی کە چوینەوە بۆ لای مام جەلال و نامەکانی خۆی بینی بوو، کەمێک رووی گرژبوو، منیش گوتم: ئەی مامە تۆ خۆت بە کاکە حەمەت نەگوت چی بڵاو دەکیتەوە بیکە؟
مام جەلال دەیزانی تازە کار لە کارترازەوە و قسەکانی بڵاو کراونەتەوە، کورد گوتەنی تازە چوونەتە نێو کتێبەوە، خەتی خۆیەتی و کەڵکی ئەوەی نییە، پەشێمان بێتەوە، لە وەڵامدا دەڵێت: قەت بڕوام نەکردووە کاکە حەمە ئەو هەموو ساڵە بەم شاخ و کێوانەوە ئەو نامانەی هەڵگرتبێت. ئەگەر بمزانییایە لە نامەکاندا چیم نووسیوە، بێگومان هەر هیچ نەبێت رێگەیم لە یەک دوانێک لەو نامانە دەگرت و دەمگوت ئەوانە بڵاو مەکەرەوە.
ئەم بەسەرهاتەم بۆیە گێڕایەوە هەم یاداوەریەکی مێژووییە، هەمیش زیرەکی کاکە حەمە دەردەخات کە هەندێک پێیان وایە نەخواێندەوارە، بەڵام بە هەڵگرتن و کۆکردنەوەی ئەو هەموو بەڵگانە ئیسپاتی کردووە کێ زیرەک و خەمخۆری مێژووە.
کاکە حەمە باسی ئەوەی کرد کە سێ بەرگی دیکەی کتێبەکەی ئامادەیە، بەو حسابەی ئەو بێت دەبێت بە هەشت بەرگ، وەکو خۆی دەیگوت کاکە خۆ من مێژوونووس نیم بەڵام فەرموو ئەوە کەرەستەی خاوم خستۆتە بەردەست، فەرموو مێژوونووسەکان با قۆڵی لێ هەڵبماڵن و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن.
هەموو جارێک بە کاکە حەمە دەڵێم، ئەرێ ئەمجارە خاتری کەست گرتووە؟
بە پێکەنینەوە دەڵێت: دەزانم حەزت لەو بەزمەیە، بەڵام کردبێتیشم، ئەم بایە لەم کونەوە بێت، لە دەستم دەرناچن.