
کاتێک بە نێو وێنە کۆنەکانتدا دەگەڕێیت، دەبینیت هەریەکەیان تام و چێژی پڕ لە یادەوەری خۆیان هەیە و پەلکێشت دەکەن بۆ ئەو رۆژانەی کە وێنەکەی تێدا گیراوە. لەبەر ئەوەی ئێمە بە سروشتی ژیانمان خۆمان لە ماڵە هەژارەکان بووین، بۆیە رەنگە کەمترین وێنەمان هەبێت، بەڵام ئەو وێنە کەمانەی کە هەمانە دەکرێت ببن بە هەوێنی چیرۆک و تەنانەت رۆمانیش، چونکە ئەوە تەنیا ئێمە نین کە لەوێنەکەدا دەردەکەوین، بەڵکو ئەوە مێژووی نەتەوەیەکیشە کە سەدانە ساڵە عەوداڵی ئازادییە، ئازادی و سەربەخۆیش دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاون، یەکتری تەواو دەکەن یانیش بە نەبوونی یەکێکیان تای تەرزوەکە لاسەنگ دەبێت. خۆ من ئەوە دەزانم و تێدەگەم کە بەهۆی چاوچنۆکی و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە و نانەتەوەییانەی هەندێک لە بەرپرسانەوە زۆربەی بیرەوەریە جوان و وێنەکانمانیان وا تەڵخ کردووە کە هەندێکجار تەنیا پیش دەخۆینەوە و تەنانەت وایان کردووە کە نەتوانین ئەو مێژووە پرشنگدارەی کە هەمانە بگێڕینەوە. ئێمە خوێنی خۆمان دەکردە کاسەوە بۆ ئەوەی دژایەتی بەعس بکەین، کەچی خەڵکانێک هەن ئێستا دەیانەوێت بمانگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمە، هەموو ئەو خەتایانە دەخمە سەر شانی چاوچنۆکەکان کە نەیانتوانی نەتەوەسازی بکەن، نەیانتوانی دادپەروەربن.
من کاتێک باسی مێژووی ئەم وێنەیە دەکەم، لورەی ئوتۆمۆبیلەکانی بەعس کە لاوانیان راپێچ دەکرد دێتە گوێم، ترس و دڵەخورپەی دایکم و نەنکم و دەیان دایکی دیکە هەست پێ دەکەم کە دڵیان لە مشتیاندا بوو، هاکا موسەلەحەکانی پڕ لە موغاویر و جاش و خۆفرۆشەکان دایان بەسەر گەرەکدا، هاکا گەرەک لە خوێندا بگەوزێنن کە خەڵکەکەی زۆربەیان ژیانێکی هاکەزایی دەژیان و ئاگایان لەوە نییە کە لەو دیو پەنجەر و دەرگای ماڵەکەمانەوە پێشمەرگەمان حەشارداوە، بەدەستی خۆمان بەرمیلە باروتێکمان لە ماڵەکەماندا شاردۆتەوە کە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکە، ئەگەر روویبدایە شاری دەهەژاند، بۆیە دەستەودوعا دەبوینەوە کە هیچ روونەدا، هەتاوەکو شەو دادێت و پێشمەرگەکان ئازایانە و ئازادانە یەکێک لە بارەگاکانی بەعس بەگیر بهێنن و بڵێن: ئەوە ئێمەین، فەرموو ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.
رۆژ و مانگەکەیم لەیاد نییە بە تەواوەتی، بەڵام دەمەو بەهار بوو، ئەوەی چاوەڕێمان نەدەکرد میوان بوو، میوانی درەنگ وەخت، میوانێکی خۆشەویست بەڵام پڕ دەردیسەر، میوانێکی برسی بۆ ماڵێکی هەژار، بەڵام سەربەرز و برواپێکراو. بەڵێ، شەو سەعات یانزدەی تێپەڕاندووە، ساڵ ١٩٨٤، رژێم لەوپەڕی بەهێزی و دڕندەیی خۆیدایە، ئەگەرچی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و حکومەت بوو، بەڵام پێشمەرگەی لایەنەکانی دیکە لە تەق و تۆقی خۆیان نەکەوتبوون، ئەوەش سەر ئێشەیەک بوو هەم بۆ یەکێتی و هەم بۆ حکومەت چونکە تەقاندنی هەر فیشەکێک بەرەو رووی بەعس، ریسەکەی گفتوگۆی یەکێتی دەکردەوە بە خوری، ئاخر عێراق بۆیە گفتوگۆی دەکرد کە پێشمەرگە بە شاخەوە نەمێنێت، بەڵام ئیدی قەدەری میللەتی کوردە کە هەریەکە و لە ئاشێک دەکات. لێدانی دەرگا لە نیوە شەوی بەهاری ساڵی ١٩٨٤ ی سلێمانیدا کەمجار هەبوو نوقڵانەی خێری بەدەمەوە بێت، کە دەرگا دەکەینەوە، چوار چەکدار دەموچاوی خۆیان بە چمکی جامانەکانیان هەڵپێچاوە، هێشتا ئێمە نازانین کێن و فەرموومان لێنەکردوون ئەوان بە پێڵەوەکانیانەوە گەیشتنە ژوورەکەی دواوە، کە خۆیان دەکەنەوە ئێمە سەرەتا خاڵم رەوف بناویلەیی و کاک جەمال لە ئامێز دەگرین، چونکە دوو پێشمەرگەکەی دیکە بۆ ئێمە نەناسراو بوون، شەهید کەمال سابیر و کاک فازیلی رەوف کە دواتر ئێمە بە فازیلی مەلیح ناسیمان.
زۆرشت هەیە لەسەر ئەو میوانە ناوەختانە کە چەندین جار دووبارە بوونەوە، با بمێنێت بۆ کاتی خۆی. دەبوو هەموو شتێک بە نهێنی بمێنێتەوە و کەس نەزانێت ئەو میوانانە کە بۆ ئێمە خۆشەویست و بۆ دووژمن رەزاتاڵ بوون لە ماڵێکی هەژار لە گەرەکێکی هەژاری شاردا خۆیان مەڵاس داوە و چاوەڕێی شەو دەکەن تا بتوانن دەست لە دووژمن بوەشێنن.
کە رۆژ بووەوە، ئێمە وەکو رۆژانی دیکە لەبەر خۆرەتاوی دوانیوەڕۆکەی لە حەوشەکەدا خۆمان هەڵدەخست، جیاوایەکە ئەوەیە، ئەم وێنەیەمان گرت کە شایەتی بۆ رۆژگارێک و مێژوویەکی گرنگ دەدات، بەلێ ئەوکاتە بەعس خۆی بە قوللەی قاف دەزانی، بەڵام ئێمە پێمان باش بوو بەگژ قوللەی قافدا بچینەوە چاکە.
جا لە هەمووی خۆشتر ئەوە بوو کە بەیانی دەچووم بۆ مەکتەب، ئێمە ئەوکاتە لە مەکتەبی ئازادی بووین، چەند برادەرێکم هەبوو کە لە رێکخستنەکانی یەکێتیدا کاریان دەکرد و جێگای متمانەی یەکتری بووین، یەکێک لەوانە کاروان بوو کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر براین، سیقەم پێ دەکرد، گوتم کاروان ئەمشەو سەعات هەشت تەقە دەبێت! پێی سەیر بوو، دەیگوت دەبڕۆ فشەکەر، مەگەر لەو دیوو سنوورەوە بەدووربین سەیری یەکێتی بکەن. منیش دەمگوت: خۆ تەقە لە یەکێتی ناکەن، تەقە لە حکومەت دەکەن، کوڕە دەعەجانی خاڵم هاتۆتەوە! یەکسەر بروای کرد، چونکە پێش ئەوەی خاڵم بچێتە دەرەوە لە دارۆغا چەند جارێک بینیبووی و خۆشی دەویست.
دەوربەری سەعات هەشت، کاروان هەروا گوێ قوڵاخ دەبێت، باوکی دەپرسێت: ئەوە چییە هەتیوو دەڵێی جیوەت تیایە؟
ئەویش دەڵێت بابە ئێستا تەقە دەبێت! لەم قسەو باسانەدا دەبن و یەکەم گوللەی ئاربیجی دەنرێت بە قەڵای بەعسیەکانەوە لە تووی مەلیک کە بەناوی عوسمان فایەقەوە بەعسیەکان ناویان نابوو “شەهید عوسمان”، ئەو پیاوەی ساڵی ١٩٧٦ لە بەغدا لەلایەن هەڵۆی سوور و کۆمیتەی شەهیدانەوە کوژرا.
تا دەنگی تەقە بەرزتر دەبێتەوە، باوکی کاروان مامۆستا محەممەد زیاتر ترس دایدەگرێت و بە کوڕەکەی دەڵێت: وەرە سەگباب بزانم ، چیت لەژێر سەردایە، تۆ چۆن دەزانی تەقە دەبێت؟ ئیتر وەکو لێپرسینەوەی زیندان، بەبێ ئەوەی هیچ ئەشکەنجەیەک بدرێت، بۆ ئەوەی باوکی لە کۆڵ خۆی بکاتەوە دەڵێت خاڵی کاوە هاتۆتە ناوشار، ئەوە ئەوانن تەقە دەکەن و دەستیان خۆش بێت. باوکی کەمێک دڵی ئاو دەخواتەوە و ترسەکەی دەڕەوێتەوە، بۆیە بەبێدەنگی دەڵێت: پیاوی چاک بە ئیتر لەگەڵ ئەوە هەتیووە سیسەیا (کاوە) مەگەڕێ، سەرتان بەفەتارتدا دەبات.
بەڵام رۆژی دوایی کە چووم بەدوای کارواندا پێکەوە بچین بۆ قوتابخانە، مامۆستا بەهەمان میهرەبانی جارانەوە و بە روویەکی خۆشەوە بەیانی باشی لێکردم و ئێمەش وەکو هەموو دنیا هی ئێمە بێت بەرەو قوتابخانەی ئازادی پێمان پێوەنا، بەڵام بەپێ.
تێبینی: لە وێنەکەدا (نەنە گوڵچین، خۆم، نیروان و سیروانی برام و دایکم بەهێ خان و کاک هیوای خاڵۆزام کوڕی شەهید رەوف).