نووسەرەناسراوەکان

حەسۆ: ئەگەر دەمزانی ئەوەندە خۆشە ... کاوە ئەمین

 
 
کاک ئیسماعیل هاورێیەکی زۆر خۆشەویستم بوو، خەڵکی هەولێرە، لەگەڵ کاک حەکیم کاکەوەیس سەردەمانێک رۆژ نەبوو یەکتری نەبینین و باسی گەڕانەوە بۆ کوردستان و باس خواسی کورد و غەریبایەتیمان دەکرد، کە شەڕی کورد و کوردیش دەبوو، بە هەموویاندا دەهاتینە خوارەوە. بەداخەوە ماوەیەکە ئاگام لە کاک ئیسماعیل نەماوە و کاک حەکیمیش چووە بەر دلۆڤانیا خودێ.
کاک ئیسماعیل زۆرجار قسەی خۆشی بۆ دەکردین و دەیگوت کاکە خۆ ئێمەی هەولێریش قسەی خۆش دەزانین، بەڵام وەکو ئێوەی سلێمانی نایکەین بە تەپڵ، فەریقە کوێر گوتەنی ئێمەش بۆی دەخەناینەوە. کاتی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەددامەوە، هانی هانی ئەوە هەبوو ئەمریکا لە عێراق دەدات و دوایی بە هەموویاندا دێتە خوارەوە و ئێران و سوریا و تورکیاش بەگیر دەهێنێت و دەوڵەتێکی کامل مواسفەتمان بۆ دروست دەکات. ئیدی رۆژانە باس باسی لێی دەدا و لێی نادا بوو.
کاک ئیسماعیل گێڕایەوە، کاک عەلیەک هەبوو ئازەری بوو، بەڵام کوردییەکی چاکی دەزانی و لەناو مەنگوڕان گەورە ببوو، هۆشیاریەکی چاکی سیاسی هەبوو، درکی بە شتەکان دەکرد. رۆژێک رادیۆیەکی لۆکاڵی بانگی کاک عەلی دەکەن، بۆ ئەوەی شیکردنەوە بۆ رووداوەکان بکات و قسەیەکیش لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئەمریکا لە عێراق دەدات و پاشان بە جەماعەتیشدا دێتە خوارەوە یان نا؟
کاک عەلیش بەسەرهاتێکی خۆشیان بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ئێستا ئەمریکا لە دۆخی حەسۆ دایە، دەزانن چۆن؟ لە یەکێک لە گوندەکانی مەنگوڕان، کوڕێکی کەمێک گێلۆکە هەبوو ناوی حەسۆ بوو، باوکی ژنی بۆ دەهێنێت و دەبێت بە دەهۆڵ و زوڕنایەک هەر مەپرسە، حەسۆ وەزعەکەی بەدڵ دەبێت! رۆژی پاش بە زاوا بوونی، ژنانی ئاوایی کۆدەبنەوە و دەیانەوێت بە حەسۆ رابوێرن، حەسۆ بە فیزێکەوە لەماڵ دێتە دەرەوە، شا بە سەپان نازانێت، یەکێک لە ژنەکان بە تەنزەوە بە حەسۆ دەڵێت: ها شێتە گیان خۆش بوو؟
حەسۆش بزەیەک دەیگرێت و روویان تێدەکات و دەڵێت: بەزاتی خوا بمزانیایە ئەوەندە خۆشە، هەمووتانم دەگا!
کاک عەلی بەو پەندە وەڵامی کاکی بێژەر دەداتەوە و دەڵێت: ئەگەر ئەمریکا وەکو حەسۆ بۆی بلوێت، لە عێراق بدات و سەرکەوتوو بێت، ئیشکالی بۆنەیەتە پێش، قسەی تیانییە لە هەموو ئەو وڵاتانە دەدات.
ئێستا قسەکەی کاک عەلی بۆ پووتینیش راستە، ئەگەر ئەمەی ئوکرانیایی بۆ بچێتە سەر، ئەوا بەکاوەخۆ بەرودراوسێکانی تا دەگاتە سنووری ئەڵمانیا، هەموویان هین دەکات.
داوای لێبووردن دەکەم، خۆم لە شیکردنەوە پرۆفشیناڵەکان هەڵقورتاند.

Related Articles