د. موحەممەد گەڵاڵەیی لە پەیج و ئەکاونتی خۆی وتارێکی پڕ لە زانیاریی سەبارەت بە یادی ١٨٣ ساڵەی ڕاگەیاندنی مەرگی میر محەمەد پاشای ڕواندوز بڵاو کردووەتەوە و منیش بە پێویستم زانی لای خۆم شەیری بکەم و ئەم چەند سەرنجەی بۆ زیاد بکەم:
کتێبی "کورد و بەرخوادانەکانی لە ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانیدا ١٨١٧-١٨٦٧" لە نووسینی سینان هاکان و لە وەرگێڕانی نووسەری ئەم چەند دێرە، هەر ئەوە نییە کۆمەڵێک زانیاریی پێشتر نەزانراو سەبارەت بە مێژووی میرنشینەکانی کوردستان دەخاتە بەرچاومان، بەڵکو بە بڕوای من سەرەداوی گرنگیش پێشکەش بە شارەزایانی مێژوو دەکات بۆ ئەوەی لە هەندێک بابەتی ناو کتێبەکەدا زیاتر قوڵ ببنەوە و تیشکی زیاتر بخەنە سەر ئەو بڕگەیە لە مێژووی کورد و خاکەکەی.
ئەگەر شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ بە دەستپێك و ساڵی ١٨٤٧ وەک ساڵی ڕووخاندنی دوایین میرنشینەکانی کوردستان وەك مێژووی بەکۆتاهاتن دابنێین، بۆمان دەردەکەوێت میرنشینە ئۆتۆنۆمەکانی ناو پێکهاتەی دەوڵەتی عوسمانی ماوەی نزیکەی ٣٣٣ ساڵ بەردەوام بوون. بەڵام لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەوڵەتی عوسمانی لەژێر کاریگەریی دەوڵەتانی فەرەنسا و بەریتانیادا فەرمانی "تەنزیمات"ی ڕاگەیاند و لە ساڵی ١٨١٧دا بەناوی جێبەجێکردنی فەرمانی "تەنزیمات"ەوە دەستی کرد بە هێرش بۆ سەر میرنشینەکانی کورد و دوای شەڕێکی ٣٠ ساڵە توانی هەموویان بڕووخێنێت و هەندێک لە میرەکان لە زێدی خۆیان دوور بخاتەوە.
بەدرێژایی ڕووداوەکانی ئەو ٣٠ ساڵە سێ ناو زۆر لەبەرچاو بوون و بزوێنەر و بگرە زۆر جاریش خوڵقێنەری ڕووداوەکان بوون؛ میر محەمەدی ڕەواندزی، بەدرخان بەگی جزیرەیی و مەحموود خانی میری مویکویس. بەدرخان بەگ دوای دەستگیرکردنی و دوورخستنەوەی بۆ دوورگەی کریت، دواجار بەر لێبووردنی سوڵتان دەکەوێت و پلەی بەرز دەکرێتەوە. بەڵام دەوڵەتی عوسمانی هەرگیز لە میر محەمەدی ڕەواندزی و مەحموود خانی میری مکویسی لای وان خۆش نەبوو، چونکە ئەم دوو زاتە بە کردەوە هەوڵیان داوە بۆ یەکگرتنی گەلی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی. مەحموود خانی میری مکویس دوور خرایەوە بۆ ناوچەی ڤارنای بولگارستان و دەوڵەتی عوسمانی هەرگیز لێی خۆش نەبوو و مۆڵەتی گەڕانەوەی پێ نەدا تا لە ٤ی ١٢ی ١٨٦٦ لە قەزای ڕوسچووکی سەر بە شاری ڤارنا سەری نایەوە.
لەم لایشەوە فراوانبوونەوەی قەڵەمڕەویی میر محەمەدی ڕەواندزی هەردوو دەوڵەتی و عوسمانی و ئێرانی و میرە کوردەکانی تری تۆقاندبوو و وەک لە سەرچاوە مێژوویییەکانەوە دەردەکەوێت، هەمووان لە هەلێک گەڕاون بۆ لە ناوبردنی. گەیشتنی دەسەڵاتی میر محەمەد بە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لەو هۆکارانە بوو کە دەوڵەتی ئێران و دەولەتی عوسمانی بە نهێنی و ئاشکرا پیلان لە دژی میر محەمەد بگێڕن. خاڵێکی تری زۆر گرنگ کە پێویست دەکات بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی یەکلایی بکرێتەوە، یەگەری هەبوونی پەیوەندیی نهێنییە لە نێوان میر محەمەدی ڕەواندزی و محەمەد عەلی پاشای میسردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی عوسمانی، بەتایبەتی ئەگەر بزانین سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەو دوو زاتە لە ڕووی کاتەوە هاوتەریبە و محەمەد عەلی پاشا ساڵی ١٨٣٢ دوای داگیرکردنی شاری قۆنیا لەوەدا بووە بەرەو ئیستانبوڵ بەڕێ بکەوێت، بەڵام دەوڵەتانی ئەوروپایی فریای دەوڵەتی عوسمانی دەکەون و سوپای میسر لە ئاکامدا تێک دەشکێت.
سەرئەنجام بە سەرنجدان لە کۆی ڕووداوەکان، ئەگەری بەهێز ئەوەیە میر محەمەدی ڕەواندزی تیرۆر کرابێت، نەک بە مەرگی ئاسایی مردبێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەگەر دەوڵەتی عوسمانی بە مەبەستی کوشتن میری بۆ ئیستانبوڵ بانگهێشت کردووە، ئەدی بۆچی لەلایەن سوڵتانەوە خەڵات کراوە و دواتر بەڕێ کراوە؟ من وای بۆ دەچم ئەوە پیلانێک بووبێت بۆ ونکردنی بەڵگەکانی لەناوبردنی میری ڕەواندز، چونکە لەوانەیە عوسمانییەکان ترسی ئەوەیان هەبووبێت ئەگەر بە ئاشکرا لەناوی ببەن، ئەوا لەوانەیە شۆڕش و پەشێوی لە وڵات بقەومێت.
دروود بۆ گیانی میر محەمەدی ڕەواندزی و مەحموود خانی میری مکویس و گشت ئەو کەسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە خەیاڵیاندا هاتبێت هێلانەیەک بۆ ئەم میللەتە دێرین و پەرتەوازەیە دروست بکەن.