ئێرە ئارشیفی ساڵی ٢٠١٢ یە، لە ڕێگای مینوی سەرەوە دەتوانیت تەواوی بابەتەکان بدۆزیتەوە. یان لەڕێگەی 

گەڕانەوە دەتوانیت بابەتی دیاریکراو بدوزیتەوە. لەگەڵ ڕیزمدا.

ڕاوێژکارانی دژ بە سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەرێمی بجا لە ڕۆژهەڵاتی سودان ...بەکر شوانی 

ئێمە لە منداڵیماندا وا فێر کرابووین کە سودان دەوڵەتێکی عەرەبییە و هەموو سودانییەک عەرەبە، بەڵام دوای کرانەوەی پەنجەرەی جیهان بە ڕووماندا بۆمان دەرکەوت دەیان نەتەوەی ناعەرەب لەو وڵاتەدا دەژین و هەرکامیان بەشی خۆی لە جەور و ستەم و جینۆساید بەرکەوتووە.
گەلی باشووری سودان دوای خەباتێکی سەخت بە سەربەخۆیی گەیشتن و دەوڵەتی خۆیان دامەزراند.
گەلی دارفور و چەند هەرێمێکی تری ناعەرەبی سودان لەسەر هەمان ڕێگە دەڕۆن و خوازیاریی ئۆتۆنۆمیی بەرفراوان یان سەربەخۆیین.
یەکێک لەوان گەلی "بجا"یە لە ڕۆژهەڵاتی سودان. بجاییەکان گەلێکی دێرینی ئافریکایین و بە ئاین موسڵمانن، بەڵام خاوەن زمان و کولتوور و مێژووی تایبەت بە خۆیانن. نزیکەی ٣ ملیۆنیان لە ڕۆژهەڵاتی سودان کە خاکی خۆیانە و ٢٠٠ هەزاریان لە میسر و ١٠٠ هەزاریان لە ئەریتریا دەژین. ناوچەکانی گەلی بجا لە ڕۆژهەڵاتی سودان لە هەژارترین و فەرامۆشکراوترین ناوچەکانی سودانن. بۆیە ئێستا دەنگی سەربەخۆییان بەرز کردووەتەوە و داوای بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان دەکەن (سەرچاوە: بڕوانە کۆمێنت!)
لەم ڕۆژانەدا بەدەم قاوە خواردنەوەوە ئەم بابەتەم بۆ کوردێکی سەربەخۆییخوازی باکوری باس دەکرد کە زۆر بەداخە لە هەر حزب و تاکێکی کوردی دژ بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت. پاش تەواوکردنی قسەکانم، ئاخێکی قوڵی هەڵکێشا و گوتی: "خۆت دەزانیت من تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەکار ناهێنم و سۆرانیش باش نازانم، بۆیە تکات لێ دەکەم ئەم پەیامەم بگەیەنیت بە هەموو کوردانی دژبەری سەربەخۆیی: فریا بکەون دەستەیەکی ڕاوێژکاران لە کوردستانەوە ڕوو لە هەرێمی بجا بکەن و هەوڵ بدەن ئەو گەلە دەستبەرداری داخوازی دەستنیشانکردنی مافی چارەنووس ببن و ئامۆژگارییان بکەن باوی دەوڵەت نەماوە و با بۆخۆیان هەتاهەتایە بە هەژاری و فەرامۆشکراوی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عەرەبیی خەرتوومدا بمێننەوە و چاوەڕێ بکەن تا شەپۆلی جینۆساید ڕوویان تێدەکات!"